ئاڵوگۆڕی ڕاستەقینە لە حکوومەتی ئێران ، دەبێت بە هاوکاری خەڵكی ئێران ئەنجام بدرێت”.
ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئوترۆپی نۆروێژی، ئامەژەی بەوە کرد کە ئێستا کاتی ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە و جەختی لەوە کردەوە کە “ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوا خوازیاری ئاڵوگۆڕی ڕاستەقینە لە حکوومەتی ئێران ، دەبێ بە هاوکاری گەل ڕووبدات”.
ئەو پرسە سەرەکیانە لە چاوپێکەوتنەکەی هاوسەرۆکی پژاک لە لەگەڵ ئەم ڕۆژنامەیەدا وروژێنراون:
-پژاک بۆ ئازادی و یەکسانی هەموو گەلانی ئێران تێدەکۆشێت و نەک هەر ئازادیخوازانی کورد بەڵکو لە ئازادیخوازانی گەلانی دیکەی جوگرافیای ژێۆپۆلیتیکی ئێرانیش لەم دۆزەدا پێشوازی دەکات.
-بە لەبەرچاوگرتنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەری گۆڕینی ڕژێم لە ئێراندا هەیە و ئەمەش شتێکە کە پژاک سەرنجی خۆی لەسەر ورد کردۆتەوە.
-ئێران لە شەڕی دژ بە پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ تورکیە هاوکاری دەکات. ئێران و تورکیە لە ڕێگەی هاوبەشکردنی وێنەی مانگی دەستکرد و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چاودێری چالاکییەکانی پژاک لە چیاکانی کوردستان دەکەن.
-سەرکوت کردنی چالاکڤانانی کورد لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە چڕتر بووەتەوە؛ ساڵی ڕابردوو چەند چالاکوانێکی ژن لەوان پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.
-دیکتاتۆری لە ئێران دەسەڵاتی خۆی لەدەستداوە. ڕژیم ناتوانێت کۆتایی بەو بزووتنەوەی کۆمەڵایەتییە بهێنێت کە داوای دامەزراندنی دیموکراسی لە وڵاتدا دەکات.
– ئێمە خوازیاری گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بنەڕەتی و دیموکراتیکین
-لە ئێراندا ئێمە شاهیدی بزووتنەوەیەکی جەماوەری بۆ دێموکراتیزەکردن بە پێشەنگایەتی ژنانین .بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ناوچەکەدا، پێویستە ئەم بزووتنەوەیە لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە فەرمی بناسرێت.
-ئێمە هێزە ڕۆژئاواییەکانی کە لایەنگری گۆڕانی ڕێژیمی ئێرانن هان دەدەین بۆ ئەوەی لەگەڵ بزووتنەوە دێموکراتیکە جەماوەرییەکان لە ناوخۆی وڵاتدا هاوکاری بکەن، ئەگەر خوازیاری گۆڕانی ڕاستەقینەی حکومەتن، دەبێت بە هاوکاریی خەڵک ڕووبدات.
-سەقامگیری و ڕێوەبەری دیموکراتیک لە ناوچەکەش لە بەرژەوەندی ڕۆژئاوادایە. دەبینین کە ڕەوەندی پەنابەران ، هێرشی تیرۆریستی و پەرەسەندنی ڕادیکالیزم و دەمارگرژی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر وڵاتانی ئەوروپا هەیە.
-پژاک وەک حیزبێک هەرگیز مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دروست نەکردووە. ئەمریکا بە خستنی پەژاک بۆ لیستی ڕەش، پەیامی ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران ناردووە. هیوادارین دەوڵەتی ئەمریکا بڕیارەکەی خۆی بگۆڕێت چونکە ئەوە لە هاوکاری لەگەڵ بزووتنەوەی دیموکراتیک لە ئێران دا ئاستەنگی دروست دەکات