لە ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی بەرفراوان لە هەرێمی دێرەزوور ٧٩ تۆمەتبار قۆڵبەست كران بە بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیەوە
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە هەرێمە خۆبەڕێوەبەرە دیموکراتییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا-رۆژاڤا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی بەرفراوان لە هەرێمی دێرەزوور ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هێزە هاوبەشەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی سوریای دیموکرات،هەسەدە، بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئەم ئۆپەراسیۆنەیان دەست پێکردووە. ئۆپەراسیۆنەکە دوای ١٥ ڕۆژ هێشتا بەردەوامە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی ڕژیمی سوریا و هاوکارەکانیان بووە، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی شانەکانی نووستووەکانی گروووپی چەتەکانی داعش بووە.
بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە لە میانەی ئۆپراسیۆنەکەدا تا ئێستا ٧٩ کەس کە تۆمەتبار بوون بە هەوڵی نانەوەی پشێوی و ناسەقامگیریی ئەمنی دەستبەسەر کراون و بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیشیان لێ گیراوە.
ئەو چەک و تەقەمەنیانەی لەو تۆمەتبارانە گیراوە ئەمانەی خوارەوەن:
٨ دەمانچە
٥٥ کڵاشینکۆڤ، ٧٥٠٠ فیشەک و ١٦١ خەشاب
چوار بی کەی سی و زیاتر لە ٣ هەزار فیشەک
شەش تفەنگی برنەۆ
یازدە تاپڕ
٨ نارنجۆکی دەستی
٢١ جلیقەی سەربازی
یەک تفەنگی SLR
یەک لاپتۆپ
دوو کامێرای سی سی تی ڤی بە ئامێری DVR
سێ بۆمبی دەستی کە لە دوورەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت
دوو لانچەر (RPG یان هاوشێوەی)
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاڤا جەختیان کردۆتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ناوچەکە بە تەواوی لەو تاقمانە هەڕەشە لە ئاسایشی هەرێمەکە دەکەن پاکدەکرێتەوە.