قەسەدە تەقینەوەكەی منبجی شەرمەزار كرد

9
0
هاوبەشی :

لە ڕۆژ نیوز وەرگیراوە

قەسەدە تەقینەوەكەی ئەمڕۆی منبج شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، ئاشكرایە كە كەلتووری تەقینەوە و درووستكردنی شەڕی ناوخۆ و ئاژاوە لەلایەن دەوڵەتی داگیركەری توركەوە پەرەی پێدراوە.

هێزەكانی سووریای دیموكرات (قەسەدە) سەبارەت بە تەقینەوەكەی ئەمڕۆی منبج و شەرمەزاركردنی بكەرانی ئەو تەقینەوەیە، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئیدانەی تەقینەوە تیرۆرستییەكەی ئەمڕۆی منبج دەكەین، ئاشكرایە كە كەلتووری تەقینەوە و درووستكردنی شەڕی ناوخۆ و ئاژاوە لەلایەن دەوڵەتی داگیركەری توركەوە پەرەی پێدراوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەمە ستراتیژییەكی بەردەوامە، كە دەوڵەتی تورك پەیڕەوی دەكات، بۆ ترساندنی خەڵك و ڕێگریكردنیان لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو بارودۆخە خراپەی لە منبج تووشی دەبوون، كە لەلایەن چەتەكانەوە دزی و تاڵانی ئەنجام دەدرێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، هێزەكانمان ئەزموونی بەرفراوانیان هەیە لە دۆزینەوەی تاوانباران، ئەزموونی خۆیان دەخەنە بەردەم ئیدارەی دیمەشق بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە و دۆزینەوەی تاوانباران.

لە كۆتاییدا باس لەوەكراوە، ئەو لایەنانەی كە هەوڵی پەردەپۆشكردنی تاوانەكانیان دەدەن، لە ڕێگەی درووستكردنی تۆمەت، بەتایبەت دژی هێزەكانمان.

جێگەی ئاماژەیە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆتۆمبیلێك لە منبج تەقییەوە بەهۆیەوە ئۆتۆمبیلێكی كرێكاران بەر تەقینەوەكە كەوت، بەهۆیەوە ١٥ كەس گیانیان لەدەستدا و چەندین كەسی دیكەش بریندار بوون.

هاوبەشی :