ئەگەری بڵاوبوونەوەی پەیامێکی ڕێبەر ئۆجالان لە ١٥ی فێبریەی ئەمساڵ

8
0
هاوبەشی :

 

ڕۆژنامەی ئیتالیایی “ئیل مانیفێستۆ” لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا باسی لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی پەیامێکی ڕێبەر ئۆجالان لە ١٥ی فێبریەی ئەمساڵ کردووە. بە گوێرەی ڕۆژنامەکە: “ئەم پەیامە، کە ڕەنگە بە شێوەی ڤیدیۆیی بڵاوبکرێتەوە، هاوکاتە لەگەڵ دانوستانەکانی کورد لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و هەروەها لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئێل‌ مانیفێستۆ، مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، قەسەدە، پشتڕاستی کردۆتەوە کە پەیامێکی نوێی ڕێبەر ئۆجالان لە ڕێگادایە. عەبدی بە ڕۆژنامەکەی گوتووە: پێمان وایە ئەم پەیامە شتێک لەبارەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە خۆدەگرێت.عەبدوڵڵا ئۆجالان رێبەرێکی گەورەیە و پەیوەندییەکی زۆری بەم ناوچەیەوە هەیە.”

ئەو دانوستانانەی لە پاییزی ساڵی ڕابردووەوە لە دوورگەی ئیمرالی دەستی پێکرد، شوێنی زیندانی‌بوونی ڕێبەر ئۆجالان بەڕێوەدەچێت، سەرەڕای قسەوباسی زۆر لەبارەیەوە، بەردەوامن.

ڕۆژنامەکە هەروەها بڵاوی کردۆتەوە کە ئەم پێشهاتانە تەنیا بە باکووری کوردستانەوە سنووردار نابن و کاریگەریی لەسەر چارەنووسی ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریاش دەبێت.

هەر لەو پێوەندییەدا مەزلووم عەبدی بۆ یەکەمجار لە ١٦ی ژانویەی ٢٠٢٥ لەگەڵ مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە هەولێر کۆبووەوە. تەوەری ئەم دیدارە هەوڵێک بوو بۆ بەهێزکردنی هاوکاری نێوان لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.

لە لایەکی دیکەوە واشینگتۆنیش لەم دانوستانانەدا ڕۆڵی هەیە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی ئێل‌مانیفێستۆ، ڕۆژی ٢٤ی ژانویە، ئەمەریکا میوانداریی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژاڤا، ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان کردووە، کە تیایدا پرسی هاوکاریی هاوبەشی نێوان ئەو لایەنانە وروژێندراوە.

سێ ڕۆژ پێش ئەم دیدارە، سکۆت بۆولز، نوێنەری ئەمریکا لەگەڵ حەمید دەربەندی، نوێنەری تایبەتی مەسعوود بارزانی بۆ ڕۆژاڤا و سووریا، لە حەسەکە لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆبووەوە.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا باس لە گفت‌وگۆکانی کورد لەگەڵ حکوومەتی کاتیی نوێی سووریا کراوە. مەزلووم عەبدی لەو بارەیەوە جەختی لەوە کردۆتەوە کە دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق بەردەوامە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا-رۆژاڤا گەرەنتی دەوێت؛ لەوانەش داڕشتنی دەستوورێک کە مافەکانی هەموو سووریەکان بە تایبەت ژنان و کەمینەکان مسۆگەر بکات.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا، ئێل مانیفێستۆ ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم دانوستانانە لە چەند ئاستێکدا بەڕێوەدەچن: لەسەر ئاستی سووریا، گرنگی بە یەکخستنی هەڵوێستی لایەن و پارتە کوردییەکان دەدرێت لە دانوستان لەگەڵ دیمەشقدا.

ئەم پێشهاتانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە کورد لە قۆناغێکی گرینگی دانوستانی سیاسی و ستراتیژیکدایە و پەیامی شیمانەکراوی ڕێبەر ئۆجالان دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر داهاتووی ئەو وتووێژانە هەبێت.

هاوبەشی :