لە نێوان ١ تا ١٦ی فێبریوەری داهاتوو، دەم پارتی لە زیاتر لە ٤٠ شاری باكووری كوردستان و توركیا کۆبوونەوەكانی ئاشتی و كۆمەڵایەتی و ئازادی بەڕێوەدەبات
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) بڕیاری داوە لە زیاتر لە ٤٠ شاری باکووری کوردستان و تورکیا کۆبوونەوە و چالاکی جۆراوجۆر بۆ “ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئازادی” ڕێک بخات. ئەم بڕیارە دوای دوو دیداری نوێنەرانی پارتەکە لەگەڵ سەرۆک عەبدوڵڵا ئۆجەلان هاتووە.
بەپێی ڕاگەیاندنی دمپارتی لە نێوان ١ تا ١٦ی فێبریوەری داهاتوو، کۆبوونەوە و چالاکی جۆراوجۆر لە شارەکانی باکوور و دەیان شاری دیکەی تورکیا بەڕێوە دەبات. هاوسەرۆکانی پارتی دەم، تولای حاتەم ئۆغڵو و تونجەر باکرهان، بەشداری لەم کۆبوونەوانە دەکەن.
هەروەها دەمپارتی سێ ڕێپێوانی گەورە لە شارەکانی ئیستانبوڵ، ئامەد و مەرسین بەڕێوەدەبات. یەکەم ڕێپێوان لە ٢ی فێبریوەر لە ئیستانبوڵ و دواتر لە ٨ی فێبریوەر لە ئامەد و ٩ی فێبریوەر لە مەرسین ئەنجام دەدرێت.
هەروەها لە نێوان ١٢ تا ١٤ی فێبریوەر، سەردانی دوکانداران دەکرێت، بڵاوکراوە دابەش دەکرێت و دیداری دایکانی ئاشتی و کەسوکاری زیندانیان ئەنجام دەدرێت. لە ئیستانبوڵیش کۆبوونەوە لەگەڵ ئەکادیمیست و ڕۆشنبیران بەڕێوە دەچێت