دووەمین دیدار و پێشبینی زیاتر
سەردار ستار ( لە ڕۆژ نیوز وەرگیراوە )
بۆ جاری دووەم لە ٢٢-١-٢٠٢٥ شاندی دەم پارتی (پەروین بوڵدان و سڕی سوریا ئۆندەر)، چوونەوە ئیمرالی و دیداریان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا. بەگوێرەی زانیاری شاندی ناوبراو کۆبوونەوەکەیان چوار کاتژمێری خایاندووە و زۆر خاڵی گرنگیان گفتوگۆ کردووە.
لە ئەنجامی کۆبوونەوەی یەکەم ٢٨-١٢-٢٠٢٤، شاندی ئیمرالی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پارتەکەیان، حەوت خاڵیان وەک مانفێستی قۆناغەکە ڕاگەیاند. بەڵام ئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیە وەک سەردێڕی سەرەکی چەند خاڵێک ڕاگەیاندران، بەشێکی لەبەر ڕووداوی سووتانی ئوتێلی شاری بۆلوو بوو، کە ٨٠ کەس گیانیان لەدەستدا. بەڵام بەگشتی ئەوە سەردێڕانەی ڕاگەیاندران، هەوڵ و کۆششی ڕێبەر ئاپۆن بۆ بەرەوپێشبردنی قۆناغەکە، وادیارە ئەمجارە بە پیلان و پرۆژەی زیاتر و وردتر لەسەر بەرەوپێشبردنی قۆناغەکە ڕاوەستەی بکات.
شاندی دەم پارتی کە هەمان ئەو کەسایەتییانەن لە ڕابردووش هەمان ڕۆڵیان بینیوە، بۆیە لەجاران زیاتر ئەوانیش بەهەستیارییەکی زیاتر نزیکی قۆناغەکە دەبنەوە. ئەوانیش بەرپرسیارێتی مێژووییان لەسەرشانە و نایانەوێت هەڵەیەک بکەن کە ببێتە هۆکاری لەدەستدانی دەرفەتەکە. بۆیە وەک ساڵانی ڕابردوو، ورد و درشتی هەموو دیدارەکەیان بۆ ڕایگشتی ڕاناگەیەنن، ئەمەش تەدبیرێکە، دەبێت هەتا قۆناغەکە دەگات بە ئاستێک کە مەترسی لەسەر نەمێنێت، بەوشێوەیە هەڵسوکەوت بکەن. چونکە لە قۆناغەکانی ڕابردوو، دەزگا سیخوڕی و لایەنە خێرنەخوازەکان کاری زۆریان کرد بۆ ئەوەی دەرفەتەکان لەباربەرن.
لەبنەمادا ئەوەی گرنگە بزاندرێت، ڕێبەر ئاپۆ چۆن دەیەوێت قۆناغەکە بەڕێوەببات، ئامادەکارییەکانی چۆن دەکات و هەڤاڵانی زیندانی (حاملی و عومەر و وەیسی) دەتوانن هاوکار و یارمەتیدەری بن؟ چونکە لە ڕابردووش ڕێبەر ئاپۆ داوای هەبوونی سکرتاریەتێکی کردبوو بۆ یارمەتیدانی لە نووسین و خوێندنەوە و وەڵامدانەوەی نامە و ڕاپۆرتەکانی دەگەنە دەستی. بۆیە لە ئێستاش پێویستە، ڕێبەر ئاپۆ دەستی کراوەبێت، بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغەکە.
بەگوێرەی زانیاری شاندی دانووستان، ڕێبەر ئاپۆ خەریکی ئامادەکاری نووسینی بەڵگەیەکە، تاکو لە ماوەی داهاتوو ڕایبگەیەنێت، وەک پرەنسیپ دەزانرێت کە پاکێجێک بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان ئامادە دەکات، بە لەبەرچاو گرتنی بارودۆخی سیاسییان. لەوبارەشەوە خاڵە سەرەکییەکان چین دەزانرێن، بەڵام لەلایەنی کرداری هێشتا نازانرێت لەکوێوە دەستپێدەکات و چۆن قۆناغەکە هەڵدەسوڕێنێت؟ ئەوەی ڕای گشتی کوردستانیش بەتامەزرۆییەوە چاوەڕێیەتی و دەیەوێت بزانێت ئەو خاڵەیە، چونکە گومان لە تەڵەکە و فرت و فێڵی دەوڵەتی تورکیا دەکەن. بەواتایەکیتر گەلی کوردستان و ئازادییخوازان دەیانەوێت گۆشەگیریی لەسەر ڕێبەر ئاپۆ نەمێنێت و بە جەستەیی ئازاد ببێت، تاکو ئەوانیش لە نزیکەوە چاودێری قۆناغەکە بکەن و بتوانن ئەو دەرفەتە بخەنە خزمەت دۆزە ڕەواکەیان، لەم لایەنەش مافدارن. هەڵبەت گفتوگۆی تەندروست لەژێر ستەمی داگیرکەری و زیندانی تاکەکەسیدا ناکرێن. بۆیە پێویستە هەڵومەرجی ژیانی ڕێبەر ئاپۆ بگۆڕدرێن و بە جەستەیی ئازادببێت، ئەمە لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە.
دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا وەک دیاردەبێت هێشتا بەتەواوی نیازی نازانرێت، یان وەک بەردەوام بەشێوەی تاکتیکی نزیکی قۆناغەکە دەبێتەوە و دەیەوێت بەهەوڵی کورد خۆی ڕزگار بکات؟ یان ئەوەتا لەناوخۆیان لەناو دووبەندی و چەند سەری جیاوازن؟ هێشتا ئەردۆغان و دەستەکەی (ئەردۆغان، فیدان، گولەر) بە پشتیوانی بارزانییەکان دیارە بەهەر باجێک بێت، دەیانەوێت شەڕ قووڵتر بکەنەوە و تاکتیکیانە نزیک دەبنەوە و خۆیان بۆ قۆناغەکە ئامادە نەکردووە!! هەرچی دەوڵەتی قووڵە کە باخچەلی نوێنەرایەتییان دەکات، مەترسییان بۆسەر قەوارەکەیان و هەبوونی تورکیا هەستپێکردووە. دەزانن کە بەشەڕ ناتوانن پێش لە هەژموونی ئەمریکا-ئیسرائیل بگرن، بۆیە خۆیان ڕاستەوخۆ هاتوونەتە مەیدان. دیار نییە ئەگەر ئەردۆغانییەکان پێداگریی لەسەر ئەو هەڵوێستە شەڕانی و نالۆژیکییەیان بکەن، ئەنجام بە فەوتانی سەری خۆیان تەواو دەبێت. چونکە ئەردۆغان لە خەمی دەسەڵاتی خۆیەتی، نەک داهاتووی تورکیا، فیدانیش چاوی بڕیوەتە شوێنی ئەردۆغان و وەک ئەردۆغان خۆی بە ڕزگارکەری قۆناغەکە دادەنێت، بەڵام پرۆژەکەی فیدانیش شەڕ و نکوڵیکردن و لەناوبردنە، لەئێستا گولەر یاری دەستی ئەردۆغانە.
دەوڵەتی تورکیا هێشتا خۆی یەکلا نەکردووەتەوە و نازانن لەم قۆناغە چیاندەوێت، بۆیەش ناوێرن ناو لەقۆناغەکە بنێنن و پرۆژەی خۆیانیشیان ڕانەگەیاندووە. وەک بەردەوام دەستی یەکەمیان ئاشکرایە، واتا فریودان و لەخشتەبردنی تەڤگەری ئازادیی کوردستانە. بەڵام ئەوانیش و سەرجەم جیهانیش ئەوە دەزانێت، تەڤگەری ئازادیی کوردستان و ڕێبەرەکەی، ئەو قۆناغانەی دەرباز کردووە و پەنجا ساڵە فریوی نەخواردووە. ئێستا کە لە تەواوی هێز و باوەڕیدایە و دەستی کراوەیە بۆ سیاسەت کردن، لەیەک کاتدا دەتوانێت لەگەڵ دەوڵەتانی هەرێمی و دەوڵەتە هەژمونگەراکانی جیهانیش لەپەیوەندیدابێت. بۆیە وەک ئەردۆغانییەکان بیردەکەنەوە، باری کورد و تەڤگەرەکەی لار نییە. هەمانکات ڕێبەرەکەشی ٢٦ ساڵە لە بەرخودانی و هێز و ئیرادەیەکی بەشکۆدایە، ئەوان بەناچاری چوونەتە بەردەستی و داوای دیدار و چاوپێکەوتنیان کردووە. بۆیە پێویستە دەوڵەتی تورکیا ئەو ڕاستییە بزانێت، ئەگەر بەڕاستی نزیکی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان و تەڤگەرە شۆڕشگێڕەکەی و ڕێبەرەکەی نەبێتەوە، دەبێت چاوەڕێی هەموو ئەگەرێکی خراپ ببێت، ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادیی بە پەیوەستبوونیان بە پێوانە ئەخلاقی و سیاسییەکانیان، نابن بە داردەستی خراپی و لەناوبردنی دەوڵەتی تورکیا، وەک فاشیست و کۆنەپەرستەکان چاوەڕێی دەکەن، بەڵام دەبێت بزانن ئەوە تا شوێنێک وادەڕوا، ئەگەر ڕاست نزیکی قۆناغەکە نەبنەوە، ئەوا کارلەکار دەترازێت، چونکە تورکیا چیتر بەدار شەق ناتوانێت بڕوات بەڕێوە.
هێشتا مەکینەی شەڕی تایبەت لەکار نەکەوتووە، لەگەڵ ڕاگەیاندنە تورکییەکان، بەشێک لە ڕاگەیاندنی عەرەبی و هەروەها ڕاگەیاندنەکانی پاراستن-میت لەباشوور، خاوەن ڕۆڵە خراپەکەن. لەلایەک نایانەوێت شەڕ و ئاشوب لەناوچەکە کۆتایی پێبێت کە خۆیان هۆکاری سەرەکیین، لەلای دووەمیش وەک پیشەی هەمیشەیان، وادەزانن ئەگەر پەکەکە و ڕێبەرەکەی سەرکەوتوونەبن، ئەوا ئەردۆغان دەستخۆشییان لێدەکات!!! نازانن خودی ئەردۆغان و دار و دەستەکەی گلۆلەیان کەوتووەتە لێژی، وەکوتر هیچ دەرەتانێکی نییە بۆ ڕزگاربوون.
چارەسەری دۆزی کورد لە باکوور، سەرجەم پارچەکانی کوردستان پەیوەستدار دەکات، بەو بەرپرسیاریەتییەش ڕێبەر ئاپۆ وەک ئەرکی مێژوویی خۆی، پرۆژە و پیلانسازییەکانی پێشکەش بە ڕای گشتیی کوردستان و جیهان دەکات. لەسەر خەڵکی کوردستانیش پێویستە پشتگیریی و یارمەتیدەربێت، بۆ ئەوەی گەلی کوردستان لەم قۆناغە بەسەرکەوتووی دەرکەوێت. بەتایبەت لەوبارەیەوە ڕاگەیاندنەکان و ڕۆشبیران و خەڵکی وڵاتپارێزی باشوور، ئەرکی زۆرتریان دەکەوێتە سەرشان. چونکە ئەگەر لە باکوور و تورکیا کێشەی کورد چارەسەر نەبێت، باشوور لەم چەقبەستن و دزی و گەندەڵی و بنەماڵەگەریەتی و مەیدانی داگیرکەریی ڕزگاری نابێت. بۆیە بە قەد باکوور و ڕۆژئاوا، ئەرکی کۆمەڵگەی باشووریشە کە بەدەم قۆناغەکەوە بچێت و گوێ لە ڕێنمای و فەرمایشتەکانی ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادیی بگرێت و ئەرکەکانی جێبەجێ بکات.