جەمیل بایک: تا زهنیەتى تورکیا نەگۆڕێت پرسى کورد چارەسەر نابێت

12
0
هاوبەشی :

Screenshot

 

جەمیل بایک، هاوسەرۆکى کۆنسەى بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە لە میانى بەشداریکردنى لە بەرنامەى (ڕۆژەڤ)ـى کەناڵى کەى ئێن ئێندا کە شەوی ڕابردوو بڵاوکرایەوە، باسی لە دیدارەکەى ئیمراڵى و ڕۆڵى ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە چارەسەرکردنى پرسى کورددا کرد.

جەمیل بایک ڕایگەیاند، تا زهنیەتى تورکیا نەگۆڕێت پرسى کورد چارەسەر نابێت. جەختیش دەکاتەوە کە تورکیا هەوڵدەدات ئەو سیستمەى لە ڕۆژئاواى کوردستان دامەزراوە، تێکى بدات، سوپاسى هەڵوێستى بزوتنەوەى گۆڕانیشى کرد لە چارەسەرى پرسى کورد و بە گەورە و پیرۆز ناوى برد.

ئاماژەی بەوەکرد، لە بنەمادا دەسەڵاتدارانی تورکیا دەیانویست ڕێبەر ئاپۆ بخەنە دەرەوەی هاوکێشە سیاسییەکانی گەلی کورد و ئەویش بەردەوام ویستویەتی لەبەرانبەر پرسی کورد دا بیرکردنەوە و زیهنیەتی سیاسی دەسەڵاتدارانی تورکیا بگۆڕێت.

دەشڵێت: ڕێبەر ئاپۆ لە دیارەکەیدا لەگەڵ شاندى دەمپارتى ئامادەیی خۆى دەربڕیوە بۆ بەرەوپێشبردنى پرسى کورد ئەگەر بێتو تورکیا زەمینە بۆ ئاشتى برەخسێنێت و ویستى ئەویشى بۆ چارەسەرى پرسى کورد بەڕێگەى سیاسیى و دیموکراسى راگەیاندوە و جەختى کردوەتەوە کە تا زیهنیەتى دەسەڵاتدارانى تورکیا نەگۆڕێت، پرسى کورد چارەسەر ناکرێت.

وتیشی: تائێستاش بۆ هیچ لایەنێک ڕوون نییە کە ئایا تورکیا بەجددی دەیەوێت پرسی کورد چارەسەر بکات یاخود نا.

باس لەوەش دەکات، تورکیا ئەوانى ناچار کردووە بۆ پاراستنى خۆیان و گەلەکەیان چەک لەشان بکەن ئەگەرنا ئەوان عاشقى چەک نین وسیاسەت دەکەن، هەرکاتێکیش داواى ئاگربەستیان کردبێت، تورکیا زیاتر هێرشى کردوەتەسەریان، جەختیشى کردەوە کە تا ئێستا هیچ پەیامێکی ڕێبەر ئاپۆیان لەبارەی پرسی دانانی چەک یاخود هەر داواکاریەکی دیکەیان بۆ نەچووە.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا باسى لە هەرێمى کوردستان کرد و وتى: گەلى ئێمە لە باشوور پێویستە ئامانجەکەیان دیاریبکەن و لەسەر بنەمای ئەو ئامانجە تێبکۆشن.

ئەوەشی خستەڕوو، کە گەلى کورد لە ڕۆژئاوادا گەلێکی قارەمانن و گوزارشت لەئیرادەی خۆیان دەکەن، خەباتى ئەوانیش لە ڕۆژئاوا بۆ ئازادی و دیموکراسییە و دژی داگیرکەر و کۆنەپەرستییە و کورد و قەسەدەش بەرگرى لە خۆیان دەکەن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

ئەوەشی خستەڕوو، پلان و ئامانجی تورکیا ئەوەیە بەو چەکدارانەی کە شەڕی بۆ دەکەن ئەو مۆدێلەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوورەیادا هەیە لەناوی ببات و تەواوی سوریا بخاتە ژێردەسەڵاتی خۆیەوە.

لە کۆتاییشدا، هەڵوێستەکانى بزوتنەوەى گۆڕانى لە پرسە نەتەوەییەکان بەرز نرخاند و وتى: هەڵوێستە نەتەوەییەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى چارەسەرى پرسى کورد بە پیرۆز و گەورە دەبینین و لە ئێستادا دەبێت هەمووان کاربکەین بۆ دروستکردنی یەکێتییەکی نەتەوەیی.

جەختیشى کردەوە، پێویستە پەرلەمانی کوردستان بەیەک دەنگ دژ بەداگیرکارییەکانی تورکیا هەڵوێست بنوێنێت و گوزارشت لەیەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد بکات.

هاوبەشی :