بایک: ئۆپۆزسیۆن بە مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ پرسی کورد دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی دەسەڵات

37
0
هاوبەشی :

 

جەمیل بایک رایگەیاند، لە تورکیا لەناو پارتە سیاسییەکاندا مامەڵەی پراگماتیستی لەگەڵ کورد و پرسی کورد تێنەپەڕێندراوە و وتی، بە مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ پرسی کورد دەتوانن ببنە ئەڵترناتیڤی دەسەڵات.

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە جەمیل بایک لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) لەبارەی پرسی ئۆتۆزسیۆن لە تورکیا و مامەڵەی لەگەڵ پرسی کورد قسەی کرد. بەشی سێهەمی چاوپێکەوتنەکەی جەمیل بایک بەم جۆرەیە:

لەلایەکەوە سیاسەتی قڕکردن لە دژی کوردان بەردەوامە، لەلایەکی دیکەوە لێدوانەکانی باخچەلی لەبارەی پرسی کوردەوە لەئارادان. بەوەوە سیاسەتی تورکیا لەبارەی پرسی کوردەوە گەیشتووەتە چ ئاستێک؟ بە گوێرەی روانینی پارتە دەسەڵاتدارەکان، ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتی جەهەپە بەرامبەر بە پرسی کورد چ گۆڕانکارییەکی بەسەردا هاتووە؟

پرسی کورد، گەورەترین پرسی تورکیایە. ئەگەر ئەو پرسە چارەسەر بکرێت، بەرەوپێشچوونی گەورە لە تورکیا دێتە ئاراوە، ئەگەر چارەسەریش نەبێت دەبێتە گەورەترین لەمپەر و بەربەست. لە دۆخی هەنوکەییدا پرسی کورد گەورەترین ئاڵنگاری و بەربەستە لە تورکیا. نکۆڵی و سڕینەوە وەک تاکە رێباز بەکارهێنرا. روونە کە ئەو رێبازە کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە و تورکیا دەخاتە ناو ئاڵۆزییەکی گەورەترەوە. سەرباری ئەوەی باسیش دەکرێت، بەڵام لە کۆمەڵکوژی و قڕکردنی کوردداندا پێداگرن. هەڵبەت ئەوە پەیوەندی قووڵی بە عەقڵیەتەوە هەیە. لەلایەکی دیکەشەوە ئەو گروپانە هەن کە لە سەر بنەمای چارەسەرنەکردنی پرسی کورد دامەزراون، سیاسەت دەکەن و ماڵ و سامان بۆ خۆیان پەیدا دەکەن.ئەوانیش چوونە ناو دەوڵەتەوە.

ئەگەر پرسی کورد بەو رادەیە قووڵ بووە و چارەسەر ناکرێت، بێگومان بەرپرسیارێ سەرەکی سیاسەتە. سیاسەت لە تورکیا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کێشەکان چارەسەر بکات، رێبازەکان بەرەوپێش ببات و بەرەوپێشچوون بخوڵقێنێت. عەقڵیەتێک کە تیایدا کۆمەڵگە ناوەند نییە، بەڵکوودەوڵەت ناوەندی سیاسەتە، بەردەوامە. ئایدۆلۆژیای نەتەوە-دەوڵەتی نەتەوەپەرستی و یەکپەرستی، سیاسەتی تورکیای دواکەوتوو و بێکاریگەر کردووە. لە تورکیا راستیەکی سیاسی بەو جۆرە بوونی هەیە کە کێشەیەکی گەورەی وەک پرسی کوردیش بە هەموو لایەنەکانیەوە قەبوڵ ناکات. کاتێک ئێمە لە رابردووەوە تا ئەمڕۆ چاوی پێدادەخشێنینەوە، دەبینین کە لە سیاسەتی تورکیادا گۆڕانکاری زۆر رووینەداوە. بەڵام مرۆڤ دەتوانێت بڵێت لە کۆمەڵگەی تورکیادا هەندێک گۆڕانکاری روویانداوە. سەرباری هەموو ئۆپراسیۆنەکانی شەڕی تایبەت و فاشیزم، گۆڕانکارییەک لە کۆمەڵگەی تورکیادا روویداوە. بە تایبەتی تێکۆشان و پاڕادایمەکەمان کاریگەری گرینگی لە کۆمەڵگەی تورکیادا سازکردووە. هەروەها لە گەڵ هەموو ئۆپراسیۆنە چەواشەکاریی و عەقڵیەتیەکانیش بەرەوپێشچوونەکانی رۆژئاوا کارتێکەرییان لەسەر کۆمەڵگەی تورکیا هەبووە. هەروەها دەبێت باس لە بەشداریی سیاسەتی دیموکراتیکیش بکرێت. لەو رووەوە کۆمەڵگەی تورکیا لە پێش سیاسەتەوەیە. ئەمە پارادۆکس و دژیەکیەکی بەرچاوە. دۆخێک کە لەگەڵ راستی سیاسەت دژیەکە و پێچەوانەیە لە ئارادایە. لە راستیدا دەبوایە سیاسەت لە پێشەوە بووایە.

گۆڕانکاری لە نزیکایەتی ومامەڵەی دەسەڵاتداریدا بوونی نییە. بە پێچەوانەوە، دەسەڵاتدای ئاکەپە-مەهەپە هەوڵ دەدات سیاسەتی قڕکردن قووڵتر بکاتەوە و بیگەیەنێتە ئەنجامێک. نیشانەی هەرە زەقی ئەوەش سیاسەتی دەسەڵاتدارییە لە بەرامبەر رۆژئاوا. کاتێک کە ئەو راستیە لە ئارادایە، لەسەر قسەکانی دەوڵەت باخچەلی، لێکدانەوەیەک کە گوایە گۆڕانکاری سیاسی هەیە، زۆر هەڵەیە. ئێستا قۆناغێک کە شەڕی تایبەت تیایدا زاڵە، بەڕێوەدەچێت. مامەڵەی دەوڵەت و دەسەڵات بەرامبەر رێبەر ئاپۆ و پرسی کورد، کۆنسێپت و چەکی شەڕی تایبەتی تێنەپەڕاندووە. لەبەر ئەوە مامەڵە و هەڵسوکەوتێکی نوێ لەلایەن دەوڵەت و دەسەڵاتەوە بەرامبەر بە پرسی کورد پێش نەخراوە.

دەبێت ئۆپۆزسیۆن لە ئاستی سیاسەتیدا بە دروستی مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد بکات و ئەوە گرنگە. ئەگەر دەخوازرێت لە تورکیا سیاسەت بکرێت، ئەگەر خۆی بەرامبەر بە دەسەڵات بە ئەڵترناتیڤێک دادەنێت، ئەمە بە تەنیا بە مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ پرسی کورد و داکۆکی لە چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد مسۆگەر دەبێت. ئەگەر ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا ناتوانێت سیاسەتێکی ئەڵترناتیڤ و جێگرەوە لە بەرامبەر دەسەڵاتدا پێشبخات، هۆکارەکەی ئەوەیە کە بە شێوەیەکی راست و دروست مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد ناکات. حەگەر سیاسەتی ئەڵترناتیڤ داکۆکی و تێکۆشان لە پێناو بنەما دیموکراتیکەکان بێت، لە تورکیا رێگەکەی بریتیە لەوەی بە شێوەیەکی راست مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد بکرێت و بەرگری لە چارەسەری پرسی کورد بکرێت. لەماوەکانی رابردوودا دەبینرێت کە هەندێک لایەنی ئۆپۆزسیۆن بەراورد بە رابردوو بە شێوەی ئەرێنیتر مامەڵە دەگرنەبەر. ئەگەر چی ئەرێنیش بێت، بەڵام تائێستا مامەڵەیەکی یەکدەست، پێداگرانە لەسەر بنەمای چارەسەری نەهاتووەتەدی. بە گشتی لەناو پارتە سیاسیەکاندا مامەڵەیەکی پراگماتیستی لە بەرامبەر کورد و پرسی کورد تێنەپەڕێندراوە. عەقڵیەتی نەتەوەپەرستی، یەکپەرستی لەسەر سیاسەت کاریگەری هەیە. ئەوەش ناهێڵێت لە بەرامبەر پرسی کورد مامەڵەیەکی دروست ساز بکرێت و بەربەستە لە بەردەم هەڵوێستی چارەسەری.

بۆ ئەوەی سیاسەتی تورکیا لە ژێر کاریگەری عەقڵیەتی نەتەوەپەرستی، یەکپەرستی و دەوڵەتپەرستی بێتەدەرەوە و لەسەر بنەمای همامەڵەیەک کە راستی کۆمەڵگە رەچاو دەکات، تێکۆشانێکی سیاسەتی دیموکراتیک لەئارادایە. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت کە ئەوە بە تایبەتی لەسەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان هەندێک ئەنجامی لێدەکەوێتەوە. وەک پێشتر هەدەپە و ئێستاش دەم پارتی هەم لە رووی تێکۆشانی سیاسی و هەمیش ستراتیژیی سیاسییەوە بەڕێوەی دەبات، کاریگەری دەکاتە سەر پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان لە تورکیا. لەم دواییەدا لە هەڵبژاردنی خۆجێییدا رێبازی رێککەوتنی شار بەکارهێنرابوو و ئەنجامی ئەرێنی بەدەستهێنابوو. ئەو مامەڵەیەی لەلایەن سیاسەتی دیموکراتیکەوە گیراوەتەبەر کاریگەری لەسەر شێوازی سیاسەتی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دادەنێت.

لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەدا جەهەپە ببووە حزبی یەکەم. لەبەر ئەوەی لە هەڵبژاردندا وەک حزبی یەکەم هەڵبژێردرا، لەم کاتەدا دەبێت لە پێناو چارەسەریدا زیاتر لەهەمووان ئەو بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ. کۆمەڵگەی تورکیا بە ئاشکرا چاوەڕوانییەکانی خۆی لە جەهەپە نیشانداوە. جەهەپەی کردە حزبی یەکەم وداوای لێکرد، کە کێشەی هەنووکەیی چارەسەر بکات. ئەگەر جەهەپە لەسەر بنەمای ئەو بەرپرسیارێتیە بجوڵێتەوە، باشتر و زیاتر پاڵپشتی کۆمەڵگە بەدەست دەهێنێت. بە گوێرەی ئەوە، پرسی کورد بناغەی هەموو کێشەکانە لە تورکیا، ئایندەی جەهەپەش بە مامەڵەی لەگەڵ پرسی کورد یەکلایی دەبێتەوە. ئەگەر وەک پێشووتر پرسی کورد پشتگوێ بخرێت و چارەسەریی دیموکراتیک بە بنەما نەگیرێت و وابیربکاتەوە کە دەتوانێت لە تورکیا کێشە هەنوکەییەکان چارەسەر دەکات، ئەمە خۆخەڵەتاندنە. لەم دۆخەدا ئەستەمە جەهەپە یاخود حزبێکی دیکەی ئۆپۆزسیۆن هیچ بەرەوپێشچوونێک ساز بکەن. بەڕێوەبەرانی نوێی هەدەپە لە بەرامبەر چارەسەری پرسی کورد مامەڵەیەکی ئەرێنییان گرتەبەر. بەراورد لەگەڵ پێشوو مرۆڤ دەتوانێت بڵێت جیاوازی لە هەڵسوکەوت و نزیکبوونەوەدا هەیە. ئەوە گرنگە کە لە بەرنامەیەکی دیموکراتیکدا بەڕێوەببرێت.

دوای هەڵبژاردنی خۆجێی، سیاسەتی قەیوم کاری پێکرایەوە. سیاسەتی قەیوم و گرتنی هاوسەرۆکانی شارەوانی ئەم جارە شارەوانییەکانی جەهەپەشی گرتەوە. ئایا عەقڵیەتی قەیوم تەنیا دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانە، دەبێت چۆن لە قەیوم تێبگەین و لە دژی ئەو عەقڵیەتە چ تێکۆشانێک بکرێت؟

دانانی قەیوم بە چ واتایەکە، بابەتێکە کە زۆر گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. ئەوەی گرنگە ئەوەیە وەستانەوە و هەڵوێستوەرگرتن و تێکۆشانە بەرامبەری. هەڵبەت قەیوم تەنیا دەستبەسەرداگرینی شارەوانییەکان نییە. لە رێگەی قەیومەوە ئیرادەی گەل دەستیبەسەردا دەگیرێت. ئێستا لە تورکیا سیستمێک و حکومەتێک کە ئیرادەی گەلی تێدا نییە، بوونی هەیە. لەبەر ئەوە ناڕەوا و نادیموکراتیکە. دەوڵەت بە دانانی قەیوم لە بەرامبەر شارەوانیەکان، بە دوورخستنەوەی ئەوانەی هەڵبژێردراون، گرتن و زیندانیکردنیان، دیموکراسی پێشێل دەکات. ئەو پێشێلکارییە کاری دەسەڵاتی ئاکەپە مەهەپەیە. لە رێگەی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەوە دیموکراسی نوێنەرایەتی کە دیموکراسی بورژوازیشی پێدەوترێت، ئەوەش نەماوە.

دانانانی قەیوم لەبەرامبەر شارەوانییەکانی جەهەپە لەلایەکەوە ئەو عەقڵیەتەی دەسەڵاتداری نیشان دەدات و لەلایەکی دیکەوە دەریدەخات کە دەیەوێت جەهەپە ئاراستە بکات. بەوە جەهەپە دەترسێندرێت و هەڕەشەی لێدەکرێت کە دەست لە پەیوەندییەکان لەگەڵ دەم پارتی هەڵبگرێت. لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە دەبینێت کە ئۆپۆزسیۆنێک کە پەیوەندی لەگەڵ کورد و هێزەکانی دیموکراسی تورکیا هەیە دەبێتە ئەڵترناتیڤێک لە دژی دەسەڵات و لەوەش ترساوە. بە سەپاندنی قەیوم دەیەوێت بەر بەو مەترسیە بگرێت.

بە دڵنیاییەوە سەپاندنی قەیوم، سەپاندنێکی بێ ئاکامە. سیاسەتێکی شکستخواردووە. لە هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئاداردا گەل وەڵامی پێویستی بە قەیوم و هەڵگرانی ئەو عەقڵیەتە دایەوە. بە وتنی گەل، قەیومەکان نێردرانەوە. بەڵام دەوڵەت و دەسەڵاتداری لەبەر ئەوەی پێداگرن لە سەر قڕکردنی کورد، دەستبەرداری ئەوە نەبوون. هۆکاری سەرەکی دانانی قەیوم کە لەلایەن گەلەوە دەرکراون، هەر ئەوەیە. لەبەر ئەوە سەرجەم ئەوانەی دژی دانانی قەیوم وەستاونەتەوە، دەبێت بەر لە هەموو شتێک بە شێوەی یەکگرتووانە، پێداگرانە و ئازایانە مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد بکەن.

لە تورکیا تێپەڕاندنی عەقڵیەتی یەکپەرستی، دیکتاتۆریەت، دواکەوتووانە و بەرەوپێشبردنی دیموکراتیکبوون تەنیا بە خاوەنداری لە چارەسەری پرسی کورد بە رێگەی دیموکراسی دەستەبەر دەبێت. تا لەو راستیە دووربکەونەوە، عەقڵیەتی یەکپەرستی، دیکتاتۆری و دواکەوتووانە هەنگاو بە هەنگاو بە تەواوی کۆمەڵگە و سیاسەتی تورکیادا بڵاودەبێتەوە و دەیخنکێنێت. دانانی قەیومەکان بۆ شارەوانییەکانی جەهەپە، ئەو راستیە بە شێوەیەکی روون نیشان دەدات.

لەلایەکی دیکەوە، بە سەپاندنی قەیومەکان دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە هەوڵ دەدات تۆڵەی هەڵبژاردنە خۆجێیەکان بکاتەوە. بەوەش بە ئاشکرایی گەل سزا دەدات. لەو دۆخەدا مرۆڤ دەتوانێت بڵێت توانی ئەنجامداوە. کۆمەڵگەی تورکیا و بەتایبەتیش گەلی کورد ئەو راستیە دەبینن و لە دژی ئەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن. کۆمەڵگە بەرامبەر سەپاندنی قەیوم و ئەو مامەڵەیەی دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە زۆر توڕە و بێزارە. هەوڵ دەدات ئەو ناڕەزایەتیەی نیشان بدات. بەڵام دەبێت ئەو ناڕەزایەتیەی کۆمەڵگە بە رێکخستن بکرێت و بگۆڕدرێت بۆ چالاکی. لە نمونەی وان بینرا کە ئەو کاتەی گەل خاوەندارییان لێکرد و پێشەنگایەتیان کرد، ناڕەزایەتی توند هاتەئاراوە و دەسەڵات ناچاربوو پاشەکشێ بکات. لەو رووەوە دەبێت خاوەنداری و هەڵوێستوەرگرتن بەهێزتر بێت.

لەگەڵ هێرشەکانی پاکتاوی سیاسی، هێرشەکانی شەڕی تایبەت لە دژی کۆمەڵگەی کورد، گەنجان و ژنان بەتایبەتی بەردەوامن. بەڵام سەرباری ئەوەش کۆمەڵگەی کورد، ژنان و گەنجان دەڕژێنە شەقامەکان و ناڕەزایەتی نیشان دەدەن. دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لە ساڵی ٢٠٢٤دا لە بەرامبەر گەلانی کوردستان چ جۆرە کۆنسێپتێکی بەڕێوەبرد؟ لە دژی ئەوە دەبێت گەلی کورد خاوەن چ هەڵوێست و هەڵسوکەوتێک و چ بەرخودانێک بێت؟

لە رێگەی پلانی رووخاندنەوە قڕکردنی گەلی کورد بە ئامانج گیرا. ئامانجەکە ئەوەبوو کە هەموو ناوەندەکانی بەرخودانی کۆمەڵگە لەناوببەن و قڕکردن بگەیەننە ئەنجام. بۆ سەرخستنی ئەو پلانە لەلایەکەوە لە دژی بزوتنەوە و گەریلا هێرشی لەناوبردنیان ئەنجامدا. لەلایەکی دیکەوە یاسا و دەستوریان پشتگوێ خست و بە توندوتیژییەکی دژوارترەوە کە ئەوەی ساڵانی پێشووتری تێپەڕاندووە هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد. لەلایەکیشەوە توندوتیژییەکی سەختی جەستەییشیان پێشخست. دانانی قەیومەکان، دەستبەسەرکردن، زیندانی کردن، گوشار، ئەشکەنجە، کوشتن و هەموو جۆرە هەڕەشەیەکیان بۆ چاوترساندنی کۆمەڵگە گرتەبەر. هێرشکردنە سەر ژینگە کوردستان پێویستە لە چوارچێوەی توندوتیژی جەستەیی هەڵسەنگێندرێت. هێرشێکی لەرادەبەدەر لە سەر ژینگە و سروشتی کوردستان هەیە و ئەم هێرشە بەشێکە لە قڕکردنی کورد. بەمەش جوگرافیای کوردستان هەم تاڵان دەکرێت و هەمیش دەگەیەنرێتە دۆخێک کە خەڵک نەتوانێت تیادا بژی. لە لایەکی ترەوە لەگەڵ شەڕی دەروونیدا ئامانجی داڕزاندنی کۆمەڵگا لەناوەوەبوو. هەموو جۆرە شێوازێکی وەک مادەی هۆشبەر و لەشفرۆشی و سیخوڕی بۆ خستنی کۆمەڵگە پەرەپێدا. بەشێوازی چەپەڵی تایبەت هەوڵدرا ژنان و گەنجانی کورد لەپێ بخەن. هەوڵیاندا ژن و گەنجان بکەنە ئامانج، بێکاریگەریان بکەن و ئامانجیان داڕزاندن و گەندەڵکردنی کۆمەڵگابوو. هەروەها لەم چوارچێوەیەدا کردەوەکانی چەواشەکاری و بەلاڕێدابردنی گەلەکەمان زیادیان کردووە. پێکهاتە میلیشیاییەکان، تەریقەتە داردەستە سیخوڕیەکان، مافیاکان، ژیتەم، ڕێکخراوەکانی کۆنترا، دانپێدانەرەکان، سەرباز و پۆلیسی تایبەت، میت و دامەزراوەکانی تر کە ئەم شەڕە دەروونییە تایبەتە دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، روویان لە کوردستان کرد. سیاسەتێکی دژوار کە ئەوەی ساڵانی ٩٠ی تێپەڕاندووە پەیڕەو دەکرێت. بەو هەموو هێرشە جەستەیی و دەرونیانە هەوڵ دەدرێت چۆک بە گەلی کورد دابدەن.بێگومان ئەو سیاسەتە سەرکەوتوو نەبوو، دەوڵەت نەیتوانی بەو ئەنجامە بگات کە بەدوایەوە بوو. گەلی کورد دەستبەرداری هەڵوێستی تێکۆشان، وڵاتپارێزی و ئازادی نەبوو. تەنانەت لە دژی ئەوە تێکۆشانی گەورەتر کردووە. لە رێگەی هەڵمەتی ئازادیی نێونەتەوەییەوە تێکۆشانی خۆی باشتر بە جیهان گەیاندووە و باشتر پشتیوانی جیهان و ژنانی وەرگرتووە. بەڵام دەبێت بزانین کە دوژمن لە بەرامبەرمان دەستبەرداری سیاسەتی لەناوبردن نەبووە، بۆ لەناوبردنمان درێژە بە هێرشی تایبەتی جەستەیی و دەرونی دەدات. دیسان دەبێت ئێمە بزانین کە هێرشەکانی شەڕی تایبەتی دەرونی لە هێرشی جەستەیی دژوارترن. بۆئەوەشە دوژمن قورسایی دەخاتە سەر شەڕی تایبەت. بە زانابوون ئەوە دەکات، پێویستە لە بەرامبەر شەڕی تایبەتی دوژمن وشیاری و رێکخستنبوون پێشبخرێت.

لەسەرتاسەری جیهان و بەگشتی خواستی شەڕ، توندوتیژی و دیکتاتۆریەت هەڵکشاوە، رێگەی لەبەردەم قەیرانی سیستم کردووەتەوە. قەیرانی مۆدێرنیتەی سەرمایەتی کاریگەر لەسەر ئەو کۆمەڵگایانەش دەکات کە گەشەیان کردووە. ژنان چۆن کاریگەری ئەو قەیرانەیان لەسەر دروست دەبێت؟ پەیوەندی زیادبوونی توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان لەگەڵ سیستم چییە؟ بەرخودانی ژنان لە دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” ئاستێکی جیهانی بەدەستهێنا، ئەمە بە چ واتایەکە؟

رەنگە پەیوەندییەک لە نێوان هەڵکشانی قەیرانەکە و پەرەسەندنی توندوتیژی گشتی، لەگەڵ توندوتیژی دژی ژنان بەتایبەتی هەبێت. بەڵام سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری سیستەمێکە کە خۆی کێشە و گوشار و چەوساندنەوە و توندوتیژی دروست دەکات. هەروەها قەیرانێک لە پێکهاتەی گشتی سیستەمەکەدا هەیە. بۆیە نابێت تەنها لە دۆخی قەیرانەکەیدا راوەستە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. لە لایەکی ترەوە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری سیستمێکە کە بە زۆرترین رێژە عەقڵیەتی پیاوسالاری قووڵتر دەکاتەوە. هەر بۆیە ئەو سیستەمە زۆرترین دژایەتی بەرامبەر بە ژنان هەیە. لەبەر ئەم هۆکارانە گەورەترین تێکۆشان لە لایەن ژنانەوە دژ بە سیستەم دەکرێت.

هەڵبەت کاتێک بابەتەکە لەسەر ژنان بێت دەبێت ئێمە رەخنە لە سیستم بگرین و ئیدانەی بکەین. بەڵام دەبێت بزانین کە ئەو توندوتیژیە لە رێگەی پیاوەوە لە دژی ژن دەکرێت. هەموو جۆرە توندوتیژیەک لە دژی ژنان لە لایەن پیاوانەوە دەکرێت. لەو رووەوە دەبێت پیاوان سەرەتا لێپێچینەوە لە خۆیان بکەن و خۆیان راست بکەنەوە. پرسی ئازادی ژنان تەنیا پرسی ئازادی ژن نییە. لە هەمان کاتدا پرسی گۆڕینی پیاوە. لەبەر ئەوەی ئەو کەسەی کێشەکە دەنێتەوە پیاوە. بە دەربڕینێکی دیکە عەقڵیەت و کولتوری سەردەستەیی پیاوە. لەم رووەوە گرنگە پیاوان کێشەی ئازادی چارەسەر بکەن و مامەڵە و هەڵسوکەوتێکی دروست نیشان بدەن. ئەگەر بمانەوێت ئازادیخواز بین، ببینە مرۆڤ، باش بین، پێویستە سەرەتا لەسەر بنەمای هێڵی ئازادی ژن لێپرسینەوە لە خۆمان بکەین و خۆمان راست بکەینەوە. تا ئەمە نەکەین تەنیا پرسیارکردن لە سیستەم و ڕەخنەگرتن و نیشاندانی وەک سەرچاوەی کێشەکە هیچ واتایەکی نابێت. سیستەم بە چ شێوەیەک بوونی خۆی لەسەر ئێمە بنیات دەنێت، لە بنەڕەتدا دەبێت ئەم ڕاستییە بخەینە ژێر پرسیار و لێکۆڵینەوەوە. ئەگەر ئەم کارە بکەین و تێیپەڕێنین، دەتوانین ئازاد بین و بگەینە دیدارێکی راست لە گەڵ ژنان.

تێکۆشانی ژنان کە بەرفراوان دەبێت گرنگە. چارەسەری پرسی ئازادی، بە ئازادی ژنان دەستەبەر دەبێت. بە تێکۆشانی ئازادی ژن تەنیا ژنان ئازاد نابن، کۆمەڵگە بە گشتیی ئازاد دەبێت. لەو رووەوە دەبێت هەموومان هاوپشتی تێکۆشانی ئازادی ژنان بین و بەشداری لەو تێکۆشانە بین و پاڵپشتیی لێبکەین.

دروشمی ژن، ژیان، ئازادی’ بۆتە هێمای تێکۆشان دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری. ئەمە گرنگ و واتادارە. ڕێبەر ئاپۆ گرنگی و بەهایەکی زۆری بە ژنان و ئازادی ژنان دا. خەباتێکی گەورەی بۆ ئازادی ژنان کرد. ئەو پەیوەندییە گەورەیەی نێوان ژن و ژیان بینی و ڕایگەیاند کە ژیان بەپێی ئەو پەیوەندییە بونیاد بنرێت. ئازادیشی وەک بەشداربوون لەو ژیانە و بەرەوپێشبردنی، سەرلەنوێ پێناسەکردەوە. لە سەر ئەو بنەمایە ئازادی ژن وەک هەنگاو و مەرجی یەکەم دانا. هەموو قاڵبەکانی عەقڵیەتی پیاوسالاری شکاند. لەبری قاڵبە دۆگماتیکەکان و شێوازی ژیانی سەردەست، پێوەرەکانی ئازادی و تێگەیشتن لە ژیانێکی ئازاد لەگەڵ ژنانی پێشخست. بەهۆی خۆشەویستی بەرامبەر بە ژنان و گرێدراوبوون بە ژن و ژیانەوە، لەسەر هێڵی ئازادی ژنان لێوردبوونەوە و بەدواداچوونی کرد. لە ئەنجامی ئەم بەدواداچوونانە چوارچێوەیەکی تیۆری داڕشت. ئەو چوارچێوە تیۆرییەی ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێدا، هێزێکی زۆری بە تێکۆشانی ئازادیی ژنان بەخشی. لەبەرامبەردا دەبینین ژنان خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەن و رێزی لێدەگرن.

ژنانی کوردستان لە تێکۆشانی ئازادی کوردستاندا، رووبەڕووی سیاسەتی شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورک و گروپە هاوکار-دواکەوتوەکانن. ژنانی کوردستانی هەم لەبەر کوردبوون و هەمیش لەبەر ژن بوون رووبەڕووی هێرشێکی سیستماتیک بوونەوە. لە دژی ئەوەش ژنان بە خۆپاراستن خۆڕاگری دەکەن. ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ژنانی کورد چۆن تێپەڕی؟ ئەو ژنانەی کە لە شۆڕشدا رۆڵی پێشەنگایەتی ستراتیژیک دەگێڕن، لە دژی هێرشەکان دەبێت بە چ شێوەیەک تێبکۆشن؟

هەڵبەت دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارانە لەلایەن هاوڕێیانی ژنەوە بدرێنەوە. دەتوانم ئەوە بڵێم کە هێزی ژن زۆر گەورەیە. سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و کۆلۆنیالیستی قڕکەر بۆچی ژنان دەکاتە ئامانج، لەبەر ئەوەی خاوەن هێزی بونیادنانە، خاوەن هێزی بەکرداریکردنی ئازادییە. ترسەکەی بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە، توڕەیی و هێرشەکانی لە دژی ژنان زیاتر کردووە.

هاوبەشی :