ئاسایشی سلێمانی، هەڵیکوتایە سەرچەندین ناوەند و بەبێ هەبوونی هیچ نووسراوێکی فەرمیی هەموویانی داخست.
پێش نیوەڕۆ ڕۆژی سێشەممە ٣١ گانونی یەكەم ٢٠٢٤، كۆتا ڕۆژی سال، لە یەک کاتدا ئاسایشی سلێمانی هەلیکوتایە سەر ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەریی، ڕێکخراوی مەرزییە بۆ دەرخستنی تواناکانی ژنان، ڕێکخراوی ڕژاک و بەبێ ئەوەی هیچ نووسراوێکی یاساییان پێ بێت بە فشار هەرسێ ناوەندەکەی داخست.
هەروەها ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، جارێكی دیكە ئاسایشی سلێمانی هەڵیکوتایە سەر کۆمپانیای “گزنگی بەربەیان”، کە بەرنامە بۆ کەناڵی ئاسمانی ژن تیڤی ئامادە دەکات و نووسینگەکەی داخست.
ئەمە لە کاتێکدایە، هەردوو ڕێکخراوەکانی “نوێگەر و مەرزییە” ڕێکخراوی ناحکومی و فەرمین و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتی فەرمییان پێ بەخشراوە و لەبواری هونەرییدا کارەکانی خۆیان دەکەن.
هەرچی ڕێکخراوی ڕژاکیشە، لە بواری تایبەت بە مافەکانی ژن، ئازادیی ژناندا کاردەکات و تا ئێستا لەگەڵ ڕێکراوەکانی دیکەدا دەیان کۆڕ و سیمینار و چالاکیی جۆراوجۆریان ئەنجامداوە و بەهەمان شێوە لەلایەن حکومەتەوە مۆڵەتی فەرمیان پێ بەخشراوە.