چارەسەری بە تێکۆشانی ئازادیی هێزە شۆڕشگێڕەکان و ژنان دەستەبەردەبێت!
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە جەمیل بایک باسی لەوەکرد کە تاکە رێگەی رزگاربوون لە قەیرانی نەتەوە-دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەریی نەتەوەی دیموکراتیکە و وتی، “چارەسەری بە تێکۆشانی ئازادیی گەلان، ژنان و هێزە شۆڕشگێڕەکان دەستەبەر دەبێت”.
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە جەمیل بایک لە بەشی دووەمی دیدارە تایبەتەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) لە چوارچێوەی پرسی کورد، ئێران، تورکیا و ئیسرائیل و پێشهاتەکانی ساڵی ٢٠٢٤ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوورنماکانی چارەسەری، هەڵسەنگاندنی خستەڕوو.
بەشی دووەمی دیدارەکەی هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە جەمیل بایک بەم جۆرەیە:
هاوسەنگیە کۆن و لە مێژینەییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوخێن و قەوارەکان هەڵدەوەشنەوە. هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری چ ئایندەیەک بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وێنا دەکەن و چ پلانێکیان بۆ دیزاینکردنەوەی داڕشتووە؟ ئەو هێزانەی پێشەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دەکەن کامانەن؟ لەو رووەوە ئامانجی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس، حزبوڵا، ئێران و هێزەکانی دیکەی ژێر کاریگەری ئەوان چییە؟ ئەو پەرەسەندنەی لە ٢٧ی تشرینی دووەمەوە هاتە ئاراوە و بە رووخاندنی دەسەڵاتی ئەسەد کۆتایی هات، لە کوێی ئەو لێکدانەوانەدابوو؟
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا کاتێک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شێوەی پێبەخشرا، دوو ئامانج و پێشبینی هەبوو، یەکەمیان هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دامەزراندنی نەتەوە- دەوڵەت لە جێگەکەی. دووەمینیش دامەزراندنی نەتەوە دەوڵەتێکی جوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، کە دواتر کردیانە هێزی سەرەکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو دەوڵەتەی دواتر بە ناوی ئیسرائیل راگەیەندرا، لە بنەڕەتدا پڕۆژەیەکە کە بەریتانیا بەرەوپێشی برد. لەسەر ئەو بنەمایە دەستیان بە دیزاینکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد. بەڵام هەندێک گەشەسەندن هەبوو کە پێشبینیان نەکردبوون و ئەوەش وایکرد کە هەندێک گۆڕانکاری بەسەر بەرنامەکانیاندا بهێنێنن. یەک لەو گەشەسەندنانە شۆڕشی ئۆکتۆبەری روسیا بوو. کاتێک شۆڕشی ئۆکتۆبەر روویدا، شەڕی یەکەمی جیهانی بەردەوام بوو و روسیا لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنسا لە شەردا بوو. بەڵام دوای هاتنەئارای شۆڕشەوە لێنین رووسیای لە شەڕەکە کشاندەوە. پەمانی سایکس-پیکۆ لە نێوان رووسیا-بەریتانیا وفەرەنسا، ئاشکرا کرا. بە ئاشکراکردنی ئەو پەیماننامەیە لەلایەن لنینەوە هەموو جیهان زانی کە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕی یەکەمی جیهانی و ئامانجەکانی چی بوون. لە رێگەی سایکس-پیکۆوە ئەوە دیاری کرابوو کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چ جۆرێک دیزاین بکرێت و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزەکان بە چ شێوەیەک دەبێت. ئەو پەیماننامەیە لەو سۆنگەوە کە نیشانی دەدات شەڕی یەکەمی جیهانی شەڕ بوو لە سەر باڵادەستبوون لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە.
دوای کشانەوەی روسیا بۆشاییەک سازبوو. بزوتنەوەی کەمالیست سودی لەو بۆشاییە وەرگرت. وەک دەزانرێت لە کاتی شەڕدا رووسیا بۆ ماوەیەک تا بەدلیس ناوچەیەکی داگیرکردبوو. لە کاتی کشانەوەی رووسیا لە شەڕەکەدا ئەو ناوچانەشی جێهێشت کە داگیری کردبوون. لەوێ هێزە کوردییەکان کۆبوونەوە، گەیشتنە ئاستی بە رێکخراوبوون. بزوتنەوەی کەمالیست ئەوەی بینی و رووی کردە کوردستان. لەوێوە هێزی بەدەستهێنا. دووەم؛ لەگەڵ شۆڕشی ئۆکتۆبەر پەیوەندی سازکرد و پشتیوانی ئەوانی بەدەستهێنا. پشتی بە هەردووکیان بەست و کاریگەری سیاسی و سەربازی خۆی زیاتر کرد. لەو شەڕەدا سەرکەوت کە لەگەڵ یۆنان ئەنجامیدا و لە ئاناتۆلیدا باڵادەست بوو. لە کاتی شکستی یۆناندا، پەیمانی سیڤەر جێبەجێ نەکرا. لەبەر ئەوە بەریتانیا بە پلانەکەیدا لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چووە و هەندێک گۆڕانکاری کرد و لەگەڵ بزوتنەوەی کەمالیست پەیمانی لۆزانی واژۆکرد. بەم جۆرە بە بەشداربوونی تورکیا دیزاینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەواو کرا.
ئەو کاتەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیزاین دەکرا دوو ئەرکی بنەڕەتی بە تورکیا درا. رۆڵی ئیسرائیلییان پێگێڕا. لە بنەڕەتدا تا ئیسرائیل دامەزرا و بۆ ئەوەی دواتر ببێتە هێزی سەرەکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو ئەرکەیان بە دەوڵەتی تورک سپارد. بەو جۆرە دەوڵەتی تورک وەک مۆدێلی دەوڵەت نەتەوە پلانی دروستکردنی دانرا. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەم لەپێناو پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و هەمیش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری رۆڵی گێڕا. رێبەر ئاپۆ لەبەر ئەو هۆکارە دامەزراندنی دەوڵەتی تورک وەک پرۆتۆ-ئیسرائیل ناودێر دەکات.دووەم ئەرکیش، گەمارۆدان و ئاستەنگکردنی سۆڤیەت بوو لە باشورەوە. وەک دەزانرێت لەو چوارچێوەدا دواتر تورکیایان بردە ناو ناتۆوە. ئەو پڕۆژەیەی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری پەرەیان پێدا لە هەمان کاتدا،بناغەی قڕکردنی کوردانی ساز دەکرد. کوردیان وەک دوژمنی سەرەکی دەوڵەتی تورک دیاریکرد کە ئەو دەوڵەتە لەسەر بنەمای نەژادپەرستی و فاشیستی دامەزرابوو. دەوڵەتی تورک ئەو دوژمنایەتیەی گرتەبەر و بووە ئەو هێزەی زیاتر لە هەمووان بە گوێرەی پلانەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەجوڵێتەوە و خزمەت دەکات. ئەو سوڕ و بازنەیە بە بێ ئەوەی تێکبچێت، بە قووڵایی لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامە.
ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیزانێکی نوێ لە ئارادایە. کاتێک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دیزاین دەکرێتەوە، فۆڕمی نەتەوە-دەوڵەتیش تێدەپەڕێندرێت. بێگومان سەرلەنوێ دیزاینکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قۆناغێک نییە کە ئەمڕۆ دەستیپێکردبێت. لەگەڵ رووخانی ریال سوسیالیزم کەوتە بەرباس. لەلایەکی دیکەوە ئەو قۆناغە زۆر بە ئازارە. بێگومان بناغەکەی بەرکەوتنی بەرژەوەندییەکانە. هەم لە نێوان هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا بەرکەوتنی بەرژەوەندییەکان دێتە ئاراوە، هەمیش لە بنەڕەتدا هێزە جیهانییەکان و هێزە ستاتۆپارێزەکان رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. ئەوەش وادەکات کە هەم پرۆسەکە درێژە بخایەنێت. ئەمەش وادەکات کە هەم پرۆسەکە درێژە بکێشێت و هەمیش پێکدادانەکان تێپەڕن. وەک دەزانرێت لە چوارچێوەی دیزاینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکەم دەستوەردان لە عێراق ئەنجامدرا و رژێمی بەعسی عێراق رووخا. رێبەر ئاپۆ وتی، بە کەوتنی سەدام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەتەوە-دەوڵەت رووخا. پەرەسەندنەکان وتەی رێبەر ئاپۆیان پشتڕاست کردەوە، دواتریش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رژێمەکانی نەتەوە-دەوڵەت یا رووخان یاخود بوونە ناوەندی پێکدادان. ئێستا ئەو پرۆسەیە بەرەوپێش دەچێت و بەردەوامە. وەک دەزانرێت لەم دواییەدا لە سوریاش رژێمی بەعس کە نوێنەرایەتی نەتەوە-دەوڵەت دەکات، رووخا.
لە چوارچێوەی دیزاینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فۆرمی نەتەوە-دەوڵەت تێدەپەڕێندرێت و لە بری ئەوەش بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی سەرمایەی گەردونی و مۆدێلە خوازراوەکانی پێشدەخرێن. لە سەرەتای سەدەی ٢٠ەمدا و بۆ ئەوەی ئیمپراتۆریەکانی ئەڵمانیا، نەمسا و عوسمانی هەڵوەشێنەوە فۆرمی نەتەوە دەوڵەت بە گوێرەی بەرژەونەدییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریبوو. بەڵام ئێستا مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە لە قۆناغی جیهانیبووندایە، گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە زیانبەخشە. لەبەر ئەوە لە بری نەتەوە-دەوڵەت دەیانەوێت پێکهاتەی فیدڕاڵی بچوکتر و نەرمتر پەرەپێبدەن. بەمەش دەیانەوێت سوڕی سەرمایەی گەردونی و قازانجەکەی بپارێزن. بێگومان وەک ئەوەی لە دامەزراندنی نەتەوە-دەوڵەتدا پێشخرا، لە تێپەڕاندنی نەتەوە-دەوڵەتیشدا، دیسان تووشی دابەشکردن و پەرت کردنیان دەکەن بۆ ئەوەی بەڕێوەیان ببەن. سیاسەتی پەرت بکە و زاڵ بە، بەرکارترین رێبازی ئیمپریالیزمە.
ئەوەی زۆر لەم پرۆسەیەدا نیگەرانە دەوڵەتی تورکە. ئەمەش دوو هۆکاری بنەڕەتی هەیە. یەکەم، پێش هەمووشتێک خۆی دەبینێت، کاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاوسەنگییەکان لە دەرەوەی دەوڵەت-نەتەوە سەرلەنوێ بونیاد دەنرێتەوە، ئەوا ناتوانێت وەک پێشوو قڕکردنەکانی لەسەر کورد بەڕێوەبەرێت. هەرخۆی کورد لە هەرێمەکەدا بوون بە خاوەنی هێزێکی کاریگەری گرنگ. ئەوەی دووەم، ئێستا بۆ سەرلەنوێ دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵی ئەکتەری سەرەکی دراوە بە ئیسرائیل. پێشتر ئیسرائیل ئەوەندە پێش نەکەوت. لە ئێستادا ئەوەی لە پێشەوەیە ئیسرائیلە. وە لەگەڵ ئیسرائیلیشدا سعودییەی عەرەبی هەیە. پیشتر ڕۆڵ بە تورکیا دەدرا، بەڵام لە ئێستادا وانییە. لە ڕاستییدا کۆتایی بەو ڕۆڵە هاتووە کە دەدرا بە تورکیا. بێگومان بەتەواوەتی نەخراوەتەوە دەرەوە، لە لایەن سیتەمەوە وەدەرناخرێت. بەشێوەیەک تورکیا بەشدار بە پلانەکان دەکرێت، یان وا دەخوازرێت بەشدار پێ بکرێت. بەڵام وەک پێشوو ڕۆڵی سەرەکی نادرێت بە تورکیا. هەم نەبوونی سۆڤێت، هەم هەبوونی ئیسرائیل کۆتایی بە پێویستبوونی تورکیا هێناوە. لە ئێستادا دەوڵەتی تورک زیاتر وەک هێزێک بەکاردهێنرێت. بەتایبەت تەیب ئەردۆغان وەک داردەستێک بەکاردەهێنرێت. لە دۆخی سووریادا ڕۆڵێکی لەو شێوەیان پێدا و دەرکەوت کە تەیب ئەردۆغان ئەم ڕۆڵەی گێڕاوە. بێگومان دەڵەتی تورکیش دەیەوێت خۆی بۆ بەکارهێنان پێشکەش بکات، بەم شێوەیە دۆخی خۆی بەهێز بکات و لەسەر ئەم بنەمایە لە پرۆسەیی نوێدا ئامانجی ئەوەیە کە درێژە بە پلانی قڕکردنی کوردان بدات. لەبەرئەوەی ئامانجی بنەڕەتی دەوڵەتی تورک قڕکردنی کوردە. لە پێناو ئەمەشدا دەتوانێ دەستبەرداری هەموو شتێک ببێت. هەرخۆی سەختی زۆری چەشتووە، هیچ سازش و پلانێک نییە کە جێبەجێی نەکردبێت.
کاتێک کە ئیسرائیل لە پرۆسەی نوێدا ڕۆڵی ئەکتەری سەرەکی وەرگرت، پێویستە ئەو قەوارانەی کە ڕێگری لە ڕۆڵی نوێی ئیسرائیل دەکەن و هەڕەشەن لە ئاسایشەکەی لە ناوببرێن. سەرەتا حەماس، دواتر حیزبوڵا و لە کۆتاییشدا لەسەر ئەم بنەمایە سووریا کرا بە ئامانج و ئیدی هەڕەشەیەک نییە بۆسەر ئیسرائیل. وەک دەزانرێت لە پشتەوەی ئەم هێزانەوە بەشێوەیەکی بنەڕەتی ئێران هەیە. بۆیە ئامانجی ئەم پلانە ئێرانە. هەرخۆی دیارە پلە بە پلە شەڕێک پەرە بە شەڕێک دەدرێت بە ڕووی ئێراندا. لە ئێستادا باس لەوەدەکرێت ئەم شەپۆلە دەپەڕێتەوە بۆ عێراق. گەر هاوشێوەی سووریا لە عێراقیشدا پێشهات لە دژی ئێران ڕووبدات، ئەوا ئێران تووشتی ئاستەنگی و زەحمەتی زۆرتر دەبێت.
لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی کاتێک دیزاینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرا، لەگەڵ تورکیاشدا ڕۆڵێکی سەرەکییان دابووە ئێران. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیزاینێک لەسەر بنەمای تورکیا و ئێران پێشخرا بوو. بۆیە نزیکەی ٦٠ ساڵ پارێزگاری لە ڕژێمی شای ئێران کرا. بەڵام لە ئەنجامدا ڕژێمی شا نەیتوانی خۆی ڕابگرێت و ڕووخا. لێرە بەدواوە بەبێ ئەوەی لەگەڵ ڕژێمدا بکەوێتە شەڕەوە، ناکۆکییەکانیان هەندێک نەرم کردەوە و ڕێککەوتن و لێکتگەشتن کرا. ئێرانیش سوودی لەوە وەرگرت و هەوڵییدا پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێزتر بکات. بەتایبەت لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن، پێگەی خۆی بەهێزتر کرد. لە ساڵی ٢٠١١شدا سوودی لە دۆخی سووریا وەرگرت. بەم شێوەیە ئێران لە دەرەوە ئەو هێزانەی درووستکرد کە لە بەرژەوەندی دەجوڵێنەوە. بەڵام لە ئێستادا لە قۆناغی سەرلەنوێ دیزایکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا لە باربردنی ئەم پێگەیەیی ئێران بووە بە کاری بنەڕەتی. چونکی ئا ئەو کاتەی ئێران ئەو پێگەیەیی هەبێت ئیمکانی هیچ بونیادنانێک نابێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا. هەربۆیە سەرەتا ئێران بە ئامانج دەگیرێت. پێدەچێت ئەوەی سەرەتا دەیانەوێت بیکەن ئەوەیە لە دەرەوە گورز لە ئێران بدەن و زیاتر ئێران لاواز بکەن. ڕوون نییە دوای ئەنجامدانی ئەم بەشە پلان و پێشکەووتنەکان چۆن ڕوو بدەن و ئاخۆ دەستوەردانێکی چۆن لە بەرانبەر دەگیرێتەبەر یان نا، یا ئێران زاشێکی زۆر دەدات و بەگوێرەی سیستەم دەجوڵێتەوە. بەڵام شتی ڕوون ئەوەیە ئێران لە پێگە بەهێزەکەی دەخرێت. هەرخۆی بە تایبەت گورزەکانی سەر حیزبوڵا و لاوازکردنی نیشانی دەدات کە ئێران پێگە بەهێزەکەیی لە دەستداوە. هەروەها لە دەستدانی سووریا بۆ بۆ ئێران خەسارەتێکی ستراتیژییە.
لە نێوان ئەم شەڕە گەرمانەدا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا دەکوڵێت و کارکردنی بۆ بوون بە خاوەنی هێڵیی نوێی وزە و سەرچاوەکانییدا، چ جۆرە پەیوەندییەک هەیە؟
بێگومان شەڕەکان پەیوەندییەکی زۆریان بە بەرژەوەندیی مادییەوە هەیە. لە شارستانێتی دەوڵەتپاریزدا هیچ پەیوەندییەک نییە پەیوەندی بە ئامانجی مادیی و بەرژەوەندی مادییەوە نەبێت. لە شارستانێتی دەوڵەتپارێزدا هەموو شتێک ماددەیە. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ ئەم شارستانێتییەی بە ‘شارستانێتی مادە’ ناوهێناوە. لە مێژووەوە تا ئێستا هەموو شەڕەکانی دەوڵەتپارێزی بۆ ئامانجی مادی بووە. مۆدێرنێتەی سەرمایەداری ئەو سیستەمە شارستانییەتەیە کە زۆرترین سوود و بەکاربردنی پەرە پێداوە. بۆیە گەورەترین شەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتی لە سەردەمی مۆدێرنێتەی سەرمایەدارییدا ڕوویانداوە. بە جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانیشەوە هەموو شەڕەکانی نێوان هێزەکانی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری بە ئامانجی بوون بە خاوەن سەرچاوە و ڕێگەکانی وزە دەستی پێکردووە. لە ماوەی تەواوی ١٥٠-٢٠٠ساڵدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوەندنی شەڕکان بووە، چونکی هەم سەرچاوەی وزە و هەمیش لەسەر هێڵی وزەیە.
لە سیستەمی مۆدێرنێتەی سەرمایەدارییدا سەرچاوەکانی وزە، بونیادنان و متمانە بە هێڵەکانی وزە بووەتە کێشەدارترین دۆخ. هەر دەسەڵاتێک کە دەیویست باڵادەست بێت، هەوڵی دەدا ببێتە خاوەنی سەرچاوە و هێڵەکانی وزە. ئەمەش بووەتە هۆکاری سەرەکی شەڕەکان. ئەم کێشانە تا ئێستا ماوەتەوە و هۆکاری شەڕەکانی ئێستاش لەمەوە سەرچاوە دەگرێت.
لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە کێشەی بنەڕەتی ئەورووپا بوون بە خاوەن سەرچاوە دەوڵەمەندییەکانی ئەفریقا و ڕۆژهەڵات (هندستان-ئێران-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) بووە. ئەم کێشەیە لە قۆناغی مۆدێرنێتەی سەرمایەدارییشدا بەردەوام بووە. بەم ئامانجە بەریتانیا پەرەی بە ڕێگەی دەریایی بۆ هیندستان پەرەپێدا. لە دژی ئەو هێزانە وەستایەوە کە هەڕەشەیان لە سەلامەتی و ئاسایشی بەرژەوەندییەکانی هەبوو. نمونەیەک بۆ ئاسایشی ڕێگەی هیندستان کاتێکی زۆر ئیمپراتۆرێتی عوسمانی پاراست. بەڵام کاتێک کە عوسمانی بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی نە دەجوڵایەوە و بۆئەوەی مەترسی بۆسەر هێڵی بەریتانیا درووستکات لەگەڵ ئەڵمانیادا هاوپەیمانێتی درووستکرد، بەریتانیا سیاسەتی خۆی گۆڕی و لە دوای شەڕ دەستبەجێ ئیمپراتۆرێتی عوسمانی هەڵوەشاندەوە. بەم شێوەیە وەک دەبینرێت لەسەر بنەمای هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی، پەرە بە دەڵەت-نەتەوە درا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بۆ مۆدێرنێتەی سەرمایەداری ئاسایشی ڕێگەی سەرچاوەکانی وزە بە بنەما گیرا.
بە کورتی، لەگەڵ ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، دوای کۆتایی هاتنی سیستەمی جیهانی بە دوو جەمسەر، دووبارە دابەشکردنەوەی سەروەت و سامانی جیهان یان کۆنترۆڵکردنی وەک پرسی بنەڕەتی بۆ جارێکی دیکە خریاوە ڕۆژەڤەوە. هەرخۆی ئەم پرسە هەموو کاتێک ڕۆژڤ بووە، چونکە هەرگیز چارەسەر نەکراوە. هێزەکانی مۆدێڕنیتە سەرمایەداری لەم بارەیەوە بە تەواوی نەگەیشتوونەتە کۆدەنگی. دوای کۆتاییهاتنی سیستەمی جیهانی دوو جەمسەری، گەڕان و کێبڕکێ بۆ ڕێگەی نوێ یان وزە زیادی کردووە. زۆر هێز پڕۆژەی بچووک و گەورەیان پەرەپێداوە، بەشێکیان جێبەجێ کراون. بەڵام ئەو هێزەی کە جددیترین پڕۆژەی لەسەر ئاستی گەورە و بەرفراوان پەرەپێداوە چینە. چین پەیوەندییەکانی لەگەڵ زۆرێک لە زلهێزەکان پەرەی پێداوە و پڕۆژەی هاوبەشی پەرەپێداوە، بەمەش هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەدات. جددیترین و واقیعیترینی ئەم پڕۆژانە هێڵی وزەی باکوور بوو کە چین و ئەوروپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لەوانەش وڵاتانی هیندستان و ئێران و ئاسیای ناوەڕاست. هەروەها پڕۆژەی چینی هێڵی ناوەڕاست و هێڵی باشووریش هەبوون. بەڵام ئەمریکا تا ڕادەیەکی بەرچاو ڕێگری لەم پڕۆژە چینیانە کرد. ڕووسیای ڕاکێشایە ناو شەڕی ئۆکرانیا و ڕێگای باکووری داخست. لەم دواییانەدا لە کۆبوونەوەی گروپی جی-٢٠ کە لە ئەیلوولی ٢٠٢٣ لە هیندستان بەڕێوەچوو، پڕۆژەی ڕێگای باشوور بە ناوی IMEC ڕاگەیەندرا. ئەم هێڵە وزە و بازرگانییە هێڵێکە کە هیندستان و کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی قوبرسەوە بە ئەوروپا دەبەستێتەوە. ئێستا پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئاسایشی ئەم هێڵە و بۆ لەناوبردنی ئاستەنگەکانی بەردەمیەتی. ئەم شەڕە بووە هۆی داڕمانی ڕژێمی بەعس. بەڵام دەتوانرێت بڵێین کە سنووردار نابێت بەمەوە، سێ بوار کە کێشەدارن بۆ سیستەمەکە دەکرێنە ئامانج و لە دۆخی کێشەدارەکەیان دوور دەخرێنەوە.