دوو سیناتۆری ئەمریكی پڕۆژە یاسایەكیان لەژێر ناوی “یاسای بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژی تورکیا ٢٠٢٤” ئامادە كردوە بۆ سزادانی توركیا.
ستێرك تیڤی
لیندسی گراهام سیناتۆری کۆمارییەکان کە نوێنەرایەتی ویلایەتی کارۆلینای باشوور دەکات و کریس ڤان هۆلن سیناتۆری دیموکراتەکان کە نوێنەرایەتی ویلایەتی میریلاند دەکات، لەبارەی ئامادەكردنی كۆمەڵێك سزا دژی دەوڵەتی تورك بەمجۆرە زانیارییان خستەڕوو.
بەگوێرەی بەیاننامەی هاوبەشی هەردوو سیناتۆرەکە، پڕۆژە یاساکە لەژێر ناوی “یاسای بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژی تورکیا ٢٠٢٤” ئامادە كراوە.
ئەو دوو سیناتۆرە ڕایانگەیاندووە، پێویستە ئەمریکا ڕێگای دیپلۆماسی لەگەڵ تورکیا بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی “کاربکات بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەستێکی بەردەوام بەدرێژایی سنووری نێوان تورکیا و سوریا، بەتایبەتی لە شاری کۆبانی.
ئاماژە بەوە شکراوەە ئەم هێرشانە مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعشیان لەگەڵ خۆیان هێناوە و ئەم دۆخە مەترسی لەسەر بەرژەوەندییە ئەمنی و نەتەوەییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە درووستکردووە.
دەشڵێن، لەم هەفتەیەدا بە تەلەفۆن لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات قسەیان کردووە و نیازی خۆیان گەیاندووە کە ئەگەر تورکیا ڕەتی بکاتەوە ئاگربەست درێژ بکاتەوە، ئەوا پڕۆژە یاسای سزاکان لە دژی توركیا پێشکەشی كۆنگرێسی وڵاتەكەیان دەكەن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات -قەسەدە پێشنیاری دروستکردنی ناوچەیەکی داماڵراو لە چەکی لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ئەمریکادا کردبوو لە کۆبانی.