گولەچ: پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ پەیوەندی بە چارەسەرنەکردنی پرسی کوردەوە هەیە
ANF
سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد عەبدولقادر گولەچ باسی لەوەکرد کە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا زۆر خراپە و ئەوەی خستەڕوو کە پێشێلکردنی مافەکان پەیوەندی بە پرسی کوردەوە هەیە.
سەرۆکی نوسینگەی پارێزەرانی ئامەد عەبدولقادر گولەچ رایگەیاند، کە پرسی کورد سەرچاوەی پێشێلکردنی مافەکان و رایگەیاند، کە دەبێت پرسی کورد بە رێبازی دیموکراتیک و ئاشتیانە چارەسەر بکرێن. گولەچ بەبیری هێنایەوە کە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان پەسەند کراوە، نەخشەڕێگەیەکی کە مافەکانی ژیان مسۆگەر دەکات. گولەچ سەرنجی بۆ سەر پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکانی شەڕ راکێشا و ئەوەی خستەڕوو کە دەبێت کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی زیاتر لە سەر ئەو پرسە هەستیار بێت. گولەچ سەرنجی بۆ سەر کردەوەکانی پێشووی ئەو گروپانە راکێشا کە دوای رووخاندنی رژێمی سوریا هاتنە سەر حوکم و وتی، ” هێرش دەکەن سەر ماڵ و گیانی گەل. هیوادارین کۆمەڵگەی نێونەتوەیی و هێزە رۆژئاواییەکان بە شێوەیەکی جددی مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە بکەن و بۆ ئەوەی زیان بەر کەسانی مەدەنی نەکەوێت هەنگاوی پێویست هەڵبگرن”.
‘مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێن’
گولەچ ئەوەی خستەڕوو، کە دەوڵەتێکی وەک تورکیا ئەندامی ئەنجومەنی ئەوروپایە و پەیماننامەی مافەکانی مۆڤی ئەوروپای واژۆ کردووە و دانی بە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپادا ناوە، بەڵام لە گرتووخانەکانیدا کێشەی گەورە زەق هەیە و وتی، “٦٥٠ زیندانی نەخۆش تائێستاش لە زینداندا راگیراون. لە بری ئەوەی دەستبەجێ ئازاد بکرێن، مافەکانیان لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری تەندروستی ئاستەنگ دەکرێت. ئەگەر مافی دەستڕاگەیستن بە خزمەتگوزاری تەندروستیان نەبێت، هێرش دەکرێتە سەر مافی ژیانیان. بە تایبەتی گوشارەکان لە سەر پاڕێزەرەکان چڕبووەتەوە و گرتن و دادگاییکردنیان بەردەوامە. لەلایەکی دیکەوە لە رووی ئازادی راگەیاندنەوە کێشەی گەورەمان هەیە. لە دژی رۆژنامەوانان گوشار و ئۆپراسیۆن لە ئارادایە. ژمارەیەکی زۆر دەستبەسەرکراون. ئەو مامەڵەیە بێزارمان دەکات. بەڵام بەداخەوە دادگا سەربەخۆ نییە، دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ نییە”.
‘تورکیا لە رووی مافەکانی مرۆڤەوە شکستی هێناوە’
گولەچ دەستنیشانی کرد کە تورکیا لە بواری پێشێلکردنی مافەکاندا شکستخواردووە و بەم جۆرە بەردەوام بوو: “تورکیا بە گوێرەی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مافی مرۆڤی ئەوروپا ناجوڵێتەوە. ئەوەش دەریدەخات کە تورکیا شکستی هێناوە. نامەوێت تورکیا لە بواری مافە گەردوونییەکاندا سزای بەسەردا بسەپێندرێت، بەڵام دەبێت داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێن. هەر لێرەوە دەمانەوێت بانگەوازێک ئاراستەی ئەنجومەنی ئەوروپا بکەین؛ لەبارەی ئەو پێشێلکارییانەوەدەبێت هەستیارانە مامەڵە بکەن. دەبێت لە بەرامبەر ئەو دەوڵەتانەی بڕیارەکانی دادگا بەجێناگەیەنین، لە پێناو جێبەجێکردنی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپادا رێکاری پێویست بگرنەبەر. بەداخەوە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا لە دۆخێکی زۆر خراپ دایە”.
پرسی کورد
گولەچ هێمای بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا کرد و ئەوەی خستەڕوو، کە راستەوخۆ ئەو پێشێلکارییانە پەیوەندییان بە پرسی کوردەوە هەیە و بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: “دەتوانین بە ئاسانی بڵێین کە چارەسەرنەکردنی پرسی کورد دەبێتە مایەی پێشێلکاری زەوی مافەکانی مرۆڤ. ئەگەر رۆژنامەوانان لە زیندانن، ئەوە لێکەوتەی ئەوەیە. ئەوە راستەوخۆ لە رێگەی سەپاندنی سیاسەتی گۆشەگیری لە زیندانەکان بەڕێوەدەچێت و بە چارەسەرنەکردنی پرسی کوردەوە بەستراوەتەوە. بۆ ئەوەی پێشێلکارییەکانی مافی لەئارادا نەمێنێت دەبێت سەرەتا پرسی کورد بە رێگەی دیموکراتیک و ئاشتیانە چارەسەر بکرێت. رێگە و رێبازی ئەوەش دیارە”.