تیمەکان و تیپەکان

11
0
هاوبەشی :

نوسینی: ڕێباز كوردی

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکوڵێت، گۆڕانکارییەکان ئەوەندە گەورەن فریای ساتەکان ناکەویت. ئەگەر ستراتیژی بیرنەکەیتەوە لێشاوی گۆڕانکارییەکان ڕاتدەماڵێ. هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە چەقی گۆڕانکاریی و ڕاماڵکارییەکان بوونی هەیە. هەرێمی کوردستان بەشێکە لە تێکۆشانی نەتەوەیی گەلی کورد، لایەکی هۆکاری شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی باوەڕاست دۆزی کورد و کۆتاییهێنانە بە نەتەوەی کورد و دەسکەوتە نەتەوەییەکانی. گۆڕانکارییەکانی سوریا هاوسەنگیەکانی ناوچەکەی گۆڕیوە و کورد لە نێوان دوو ئەگەری مەترسی و نەترسیدایە، لە نێوان بەرداش و مەنگەنەی گۆڕانکارییەکاندایە.
کەچی ئەم حکومەتی هەرێمە کاربەڕێکەرە دەستبەسەردا گیراوە، دەڵێی نە بای دیوە و نە بۆران. سەرانی دەستبەسەرداگری ئەم حکومەتە کاربەڕێکەرە ملیۆنان دۆلار لە کۆڕ و کۆمەڵە دەرەکییەکاندا خەرج دەکەن بۆ ئەوەی لەسەر کورسیەکی بێ بنەما دانیشن و دوو وێنە بگرن و نیشان بدەن کە ئەوان لە کوێن. کاتێکیش سەیری سیمای کەسایەتیەکان دەکەیت، بە وێنەکەیدا تێدەگەیت لە چ کڵۆڵی و زیللەتێکدان!
ئەوە لە کاتێکدایە کە سێ مانگە مووچە، کە قوتی ژیانێکی مەمرە و مەژی خەڵکە نەدراوە! هۆکارەکەی چیە؟ دەیشارنەوە. خەڵکیش ڕاستییەکەی نازانێت و لە ناو کێشە و قەیرانێکی دروستکراوی نێوان بەغداد ـ هەولێردا شاراوەیە و سەریان لێشێواوە. ڕاستیەکەی بەغداد نییە! هەولێرە. لە بەرئەوەی سەرانی دەستبەسەرداگری هەولێر بەشێکن لە شەڕی داگیرکاری دەوڵەتی تورک، دەوڵەتی تورکیش لەشکرکێشیەکی داگیرکاری گەورەی کردوەتە سەر هەرێمی کوردستان و پێویستی بە دابینکردنی خەرجی ئەو لەشکرە مەغۆلییە داعشییەیە. هەربۆیە مووچەی ئەو خەڵکە دەچێتە؛
یەکەم: خەرجی ئەو لەشکرکێشیە داگیرکارییە قڕکەرەوە.
دووەم: دەچێتە خەرجی ئەو گەشت و بەرتیل و گەڕان و بەشدارییەی کۆڕ و کۆمەڵە بە پارە کڕدراوەکانەوە.
سێهەم: دەچێتە خەرجی ئەو هەموو دارودەستە دروستکراوە کۆیلە پیاهەڵخوێن و پیلانگێڕانەی کە پاڵەوانە شەونخونەکان! دروستدەکەن!
چوارەم: بۆ ئەو سیناتۆر و میناتۆرە بازرگانانە دەچێت کە دیانهێنن و لە کۆڕبەند و ڕاگەیاندنەکانیاندا بە دەسەڵاتە لەرزۆکەکەی بنەماڵەیاندا هەڵدەدەن. پارەی خەڵک دەدەن و خۆڵ دەکەنە چاوان!
هەربۆیە گەلی کورد لە باشوری کوردستان پێویستە لەو ساختەکاریەی هێڵی بنەماڵە خیانەتکارەکان خەبەربێتەوە و تێبگات، مووچەکان بۆ ئەو مەبەستە دژە کورد و بە تایبەت لەشکری داگیرکەری تورک خەرج دەکرێت و ڕێگری لێبکات.
گۆڕانکاریەکان گەورە و خێران، ڕاگەیاندنی چەواشەی داعشی هەرێمی کوردستان ئاوەژوی دەکاتەوە. خەرجی ئەو ڕاگەیاندنە چەواشانەش ملیۆنان دۆلارە و خزمەت بە داگیرکەر و بیرداعشیەکان دەکات. هەربۆیە گوێ لە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی خێڵ و هێڵی چەواشە مەگرن. ڕاگەیاندنی هێڵی تێکۆشانی ئازادی و قسەکەرانی گۆڕەپانەکانی شەڕی بەرەنگاری داگیرکەران هەیە. گوێ لەوان بگرن و لەوان ببیستن و ببینن. وە ڕێگە مەدەن مووچە و ژیان و گوزەرانی تاک بە تاک بەدەست هەژارییەوە بناڵێت و بکرێتە مژدە و دەسکەوت بۆ ماستاوچییان!
گوایە کارمەندێکی بەکرێگیراوی بنەماڵە پەیامی داوە کە شەونخونی وای کردووە لیستی مووچەی سێ مانگ بنێرنە بەغداد. بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێم، بە درۆی خستوەتەوە و پێی وتووە ئەوە ئیشی تۆ نییە و لە ڕێگەی تیمە تەکنیکیەکانەوە چارەسەری ئەم دۆخەی مووچە دەکرێت، کە لایەنی باوەڕپێکراو و ڕێگەپێدراوی حکومەتەکەیە. من بیستوومە تیپ تیپێن لە نێوان یاریچیەکاندا دەکرێت، بەڵام تیمی تەکنیکی و میکانیکی! چارەسەری دواکەوتنی مووچەم نەبیستووە. هەی وەش بەسەرمان بۆ پێشەنگانی “دەوڵەتی کوردیمان”!

هاوبەشی :