بۆ گەلی کورد لە هەر جێیەکی جیهان، هاونیشتمانییانی کوردستان، دامودەزگا نێوخۆیی و بیانییەکان،
بۆ گەلی کورد لە هەر جێیەکی جیهان،
هاونیشتمانییانی کوردستان،
دامودەزگا نێوخۆیی و بیانییەکان،
خەڵکی ئازادیخوازی نەتەوەپەروەری کورد، بە درێژایی مێژووی نزیک و دوور، هەمیشە قوربانی گەورەیان لە پێناو دۆزە ڕەواو خاکە پیرۆزەکەیاندا داوە و بێ پسانەوە دووچاری هێرش و پەلامار و داگیرکاریی و کوردکۆست و دەستدرێژی ناڕەوا بوونەتەوە. لە ئێستادا، هەلومەرجە هەرێمی و جیهانییەکان، زەنگی ئاژاوە و ئاڵۆزی زیاتر لێدەدەن، دەوڵە داگیرکارەکانی ناوچەکەش، بەردەوامن لە دژایەتی و پیلانگێڕی دژ بە کوردان؛ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆڵبەر و گەنجان و هەڵسووڕاوان، دووچاری کوشتن و لەسێدارەدان و گرتن دەبنەوە، لە باکوور ڕێز لە ئیرادەی گەل ناگیرێت و پەرلەمانتار و کەسایەتی و شارەدارەکان، دەگیرێن، هەروەک شێوازی ناڕەوای قەیوم لە دژیان پەیڕەو دەکرێت. لە ڕۆژئاڤا بەردەوام پەلامار و پیلانگێڕیی دەوڵەتانی داگیرکار، بە هاوبەشی تیرۆریستان و داعش و هاوبیرەکانیان لەپەرەسەندندایە.
ئێمە لە گروپی کۆشان، بۆ پرسە نیشتمانی و مرۆییەکان، داواکارین لە هەموو لایەک، کە:
چیدیکە پرسی مووچە و بژێوی خەڵک بە سیاسی نەکرێت و گەل سزا نەدرێت، بەرپرسیارێتی ژیان و مووچەی خەڵک لە لایەن حکومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ، لەئەستۆ بگیرێ. هەروەها پێویستە لە کاتی خۆیدا مافی خەڵک بدەن، لە بری ناکۆکی و گەندەڵی، پەنا بۆ یەکڕیزی نەتەوەیی و نیشتمانی ببرێت و ئامادەسازی بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئەگەرەکان بکرێت، سوپا و دامەزراوەکان بە نیشتمانی بکرێن و گەل خاوەنداریان لێبکات.
وەک ئاشکرایە ئەو شەڕو ئاڵۆزی و پێشهاتە سیاسی و سەربازیانەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی و لە سووریا بەتایبەتی ڕووئەدەن، ئاماژەن بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی ناوچەکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هێزە جیهانی و هەرێمییەکان، بۆ ئەوەش پاراستنی دەستکەوتە بەدەست هاتووەکانی گەلی کورد، دەکەونە بەردەم مەترسی و هەڕەشەی جدییەوە، بۆیە پێویستە لەو دۆخە هەستیارەدا، لەهەر چوار بەشی کوردستان، لە یەک سەنگەردا بن و هێز بدەنە یەکتر، لەو سۆنگەیەوە
بەگرنگیی دەزانین بەپێی پێداویستی قۆناغەکە، پشتیوانی مادی و مەعنەوی گەلەکەمان بین و لەکاتی پێویستدا پشتیوان و هاوکاربین،
هەروەها لەم دۆخەی ئێستای خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاڤا، داوای پشتیوانی و بە هاناچوونیان دەکەین لەلایەن تەواوی گەلی کورد و حکومەتی هەرێم و دەوڵەتانی دنیا و رێکخراوە مەدەنی و مرۆڤدۆستەکان، تا کارەساتی مرۆیی و تاوانی جەنگ، سیاسەتی کوردکۆست و لەناوبردنی کوردان کۆتایی پێ بهێنرێت، بە هەموومان کۆمەکی هەمەلایەنیان پێ بکەین، لەڕێگەی لقەکانی (مانگی سوری کوردستان) و ژمارە بانکیەكانی، چونکە ئەوان لە پیناو دۆزی ڕەوای کورد و گەلان و مرۆڤایەتیدا دەجەنگن و قوربانی دەدەن، کەئەمەش هەڵویستێکی کوردانە و ئایینی و ئاکاری مرۆڤانەیە.
گروپی کۆشان بۆ پرسە نیشتیمانی و مرۆییەکان
ڕانیە ٢٠٢٤/١٢/٧