ئێراق نمونەی فیدراڵی سوریا دەسپێکی ئاڵوگۆڕ

38
0
هاوبەشی :

نوسینی عادل عوسمان

٢٠٢٤/١٢/٧

قۆناغی شەڕی سوریا هەرچی دەچێت بەگوڕتر دەبێت. وا پێدەچێت سەری ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد بخوات و کۆتایی بە حکومەتە یەک ڕەنگیەکەی بێت. ئەم گۆڕانکاریەی دوای ٢٢ ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعسی سەدامی هەر لە خۆوە نییە و بێ پەیوەندیش نییە. ئەمە بەیاری ئەو دۆمینەیە دەچێت کە پولی یەکەم دەخەیت ئەوانی تر بەدوایدا دەکەون. هەر بۆیە شەڕەکانی کەنداوی یەک دەستپێکی گۆڕانکاری لە ناوچەکە بوو ئەوا لە ناو٤ دەیەدا ژانی لە دایکبوونی گۆڕانکارییەکی پڕ خوێن و ئازار بۆ گەلانی ناوچە و وێرانی بۆ ناوچەکە بەردەوامە و کەڵەکەی سەرمایە و بازاڕی بازرگانیش بۆ هێزە جیاوازە ناکۆکەکانی سەرمایە و دەوڵەمەندبوونیان فراوانتر دەبێت و بووە.
تەماشای ئاماری سەرمایە و شێوازە جیاوازەکانی پارە و هەڵگرتنی لە ٤دەیە لە مەوپێش و ئێستە بکە. نەختینە جیاوازەکانی پارە و ئاڵتوون هەبوون، لە ئێستەدا ژمارەی زۆری سەرمایە بەشی نەختینە دراوییە جۆراو جۆرەکان ناکات و بووەتە حسابی ئەلکترۆنی! ئەمە دەری دەخات کە بە چ خوێن و ئازارێک سەرمایە کەڵەکە دەکرێت. ئەگەر پەیوەستی بکەینەوە بە شەڕە چەند دەیەییەکەی ئەم سەردەمە و ژمارەی کوژراو و وێرانکاریە گەورەکان و گەشەکردنی پێکدادان و بیرە توندئاژۆکان. ئەوا تێدەگەین کە مرۆڤایەتی، خاک و ژینگە تووشی چ بەڵایەک بووە، بە دەست سەرمایەدارییەوە.
هەر بۆیە شەڕەکانی ئەم سەردەمە لە هەناوییدا، گۆڕانکاری و ناکۆکی دەست بەسەرداگرتنی هێڵ و کارتێلە ئابوری، سیاسیەکانی سەرمایە و هەروەها ناکۆکی و پێکدادانەکانی کۆمەڵگەی سرووشتی و گەلانی ئازادیخوازی لە هەناوییدا جێگە کردووەتەوە. ئەگەر یەکلایەنە وەک شەڕەکانی سەرمایەداری شیکردنەوەی بکەین، کورت بینی و نەبینینی حەقیقەتی ڕاستینەی شەڕ و گۆڕانکاریەکان دەستمان ماچ دەکات و تووشی سەرە گێژەی ڕووداوەکان دەبین و نازانین وەک کورد و ئازادیخوازان چیمان دەوێت.
لە کاتێکدا گۆڕانکارییەکان قەیرانی ناوخۆیی سەرمایە جۆراوجۆرەکانە گۆڕانکارییەکانیشیان بۆ سەرەتاکانی ٩٠ی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، کە لە ئێراقەوە دەستی پێکرد. بەڵام تووشی ئاستەنگی و لە دژ وەستانەوە بوو. ئەوەی کە بۆچی ئێراق و دژ وەستانەوەکان دیارکەری ئەو شەڕ و کوشتار و کۆمەڵکوژییانەیە کە لە ئێراقدا کرا جێی سەرنجە. شەڕەکانی لێدانی ئێراق و هێشتنەوەی ڕژێمی سەدام و کۆمەڵکوژییەکانی سەر شیعەکان و ڕاگرتنی هاوسەنگی هێزە کوردیەکان لە ژێرپەردەی ناوچەی پاراستنی هێڵی ٣٦ و دەست ئاواڵایی تورکیا بۆ لێدانی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد و کەوتنە خزمەتی هێزە کوردیەکانی باشور بە سەر لێشێواوی بۆ خزمەتی دەوڵەت نەتەوە داگیرکەر و قەوارە پارێزەکان و لە دواییدا ڕووخانی ڕژێمی بەعسی سەدامی و دروستکردنی کۆماری فیدراڵی ئێراق و قەوارەی دەستوری حکومەتی هەرێم، جێگەی سەرنج و زانیاری دەبێت. بۆ تێگەیشتن لەم دۆخە و پێشکەش کردنی ڤێرژنی نوێی سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری ئەم سەردەمە لە ژێر ناوی هێنانی دیموکراسی بۆ ئەم ناوچەیە و بە فیدراڵیتە کردنی شێوازی حوکمڕانیەکەی.
ئێراق ڕۆڵی یەکەم ڤێرژنی شێوازی ئاڵوگۆڕەکانی حوکمڕانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە. بۆیە ئەو کۆمارەی دامەزرا لە ئێراقدا بە دەستورێکی نیوە و ناچڵ باسی پێکهاتە جیاوازەکانی کورد ـ عەرەب و عەرەبیشی کردە شیعە و سووننە و ناوی نا کۆماری فیدراڵی. ئەوەی پرسی ئێمەیە، تێگەیشتنە لەوەی ئەم دەستپێکە لە ئێستەدا بە کوێ گەیشتووە و گۆڕانکارییەکان چین و کورد لەم دۆخەدا بەچی دەگات.
دروستبوونی هەرێمێکی کوردی لە ئێراقدا کە کورد بەڕێوەی دەبات، بۆ کورد جێگەی هیوا و ئاوات بوو. بەڵام بە هۆی دۆخی گرێدراو بوونی هێزە کوردیەکان و خراپ بەکارهێنانی ئەو دەسکەوتە و بەستنەوەی بە بەرژەوەندی تایبەت و داگیرکەرانی ناوچەکەوە گەیشتە ئاستی نەفرەتی خەڵک و سیستەمی جیهانی زلهێزانی دنیا. ئەو قەوارەیەی کە دەتوانرا بۆ هاوکاری و بەشداری پێشەنگی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد بەکاربهێنرایەت و ڕۆڵی چارەسەری دۆزەکەی لە ناوەندە فەرمی، سیاسی و نێودەوڵەتی و نێونەتەوەییەکاندا بگێڕایەت. پێچەوانە بوو.
هێزە کوردیەکان لە بری ئەوەی خۆیان بکەنە فیگەری گۆڕانکارییەکان و لەو شەڕ و گۆڕانکارییانە تێبگەن. کەوتنە ناو داوی دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچەکە و بە تایبەت داگیرکەرانی کوردستانەوە. داگیرکەرانی کوردستان، کە بە پێی پڕۆژە نوێیەکەی سەرمایەی فینانس دەبوایەت بڕۆیشتنایەت و بکەوتنایەتە خزمەتی مۆدێڕنیتە نوێیەکەی سەرمایەدارییەوە. بەڵام بە هۆی پێگە ئابوری و جیۆپۆلەتیکە دەوڵەمەندەکەی کوردستانەوە، نەیاندەتوانی دەستبەرداری ئەو قازانج و نیشتیمانە پڕ خێرەی کوردان ببن و دان بە بوون و ناسنامەی کورددا بنێن. هەربۆیە بۆ پاراستنی دەوڵەت نەتەوە یەک ڕەنگەکانیان کەوتنە دژایەتی ئەو کۆمارە فیدراڵیەی ئێراق و حکومەتە هەرێمیەکەی کورد.
لێرەوە دوو هێڵی خاوەن پڕۆژە بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە:
١ـ پڕۆژەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەی ئەمریکا بوو.
ئەویتریان پڕۆژەی؛ نەتەوەی دیموکراتی، کوردی ئازاد بوو.
کە تەواوی ژیانی حوکمڕانی، سیاسی، فەرمی و کۆمەڵایەتی ناوچەکەی دەگۆڕی، بونیان هەیە.
هەر بەو پێیەش حکومەتە خۆجێیەکەی کورد لە هەرێمی کوردستاندا. کەوتە دژایەتی هەر دوو پڕۆژە کوردییە کلتوریی و سەرمایەی فینانس و خۆی گرێدا بە هەوڵەکانی دەوڵەت نەتەوە قەوارە پارێزەکانی ناوچەکە و بووە بەشێک لە شەڕی داگیرکەران، بۆ ئاسانکاری بەردەوامی شەڕ لە دژی کورد و هێشتنەوەی داگیرکەری کوردستان و سیاسەتی نکوڵی کردن لە کورد. ئەو گۆڕانکارییانە لە ٤ دەیەدا دەرهاویشتەی نوێی لەگەڵ خۆی هێنا. گەورەبوون و بە هێزبوونی تێکۆشانی ئازادی کورد و دەرکەوتنی زلهێزی جیهانی نوێی وەک ڕوسیا و چین و گرنگی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێکدادانەکان و پێویستی گۆڕانکارییەکانی چەندان قات کردەوە.
تەشەنەکردنی شەڕەکان لەم سەردەمەدا و هەوڵی شێوە پێدان و یەکلاکردنەوەی کێشەکان ناوچەکەی دوچاری شەڕێکی وێرانکەر کردووە کە نەک هەر مرۆڤ دەکوژرێت، بەڵکو ژینگە و ماڵ و شارانیش وێراندەکرێت. کۆمەڵکوژی، جینۆساید و گۆڕینی دیموگرافی بوونەتە سیمای شەڕەکانی ئەم سەردەمە. گۆڕانکارییەکانی سوریاش بەردەوامی ڤێرژنی پێشکەش کراوی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریە. ئەگەر بە “سەر پەڕاندنی سەدام، مەرگی دەوڵەت نەتەوە لێدرا” ئۆ🌺جە🌹لان، ئەوا بە “ڕوخانی بەشار، خستنە چاڵی دەوڵەت نەتەوە” دەبێت. هەر بۆیە تەواوی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان کەوتونەتە خۆیان و هاوارییان لێ هەستاوە و بە تایبەت هاوارییانە کە ئێراق تێکەڵی ئەم شەڕە نەکرێت.
لە کاتێکدا ئێراق ڤێرژنی پێشکەش کراوی یەکەمینی ئەم گۆڕانکارییە بووە و چەقی کۆکراوەی ناکۆکی و هێڵە جیاوازەکان و بەریەککەوتنیانە، چۆن دەکرێت تێکەڵ نەکرێت. هەروەها دوو شێوازی بەڕێوەبەری کوردان هەیە کە کاریگەری لەسەر لایەنی ئەرێنی و نەرێنی ئاڵوگۆڕەکان دەکەن. کە بە دوو هێڵی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد و پشت بەستە بە هێزی ڕێکخراوی گەلەکەی، ڕۆڵی کاریگەر دەبینێت لە ئاڵوگۆڕ و هاوسەنگییەکاندا. هەروەها هێڵی خیانەت و تەسلیمییەت کە خۆی لە حکومەتی هەرێم و کۆمەڵێک هێزی چەکدار و بازرگانیدا دەبینيتەوە کە نەرێنیانە وەک بەشێک لە شەڕی داگیرکاری، قەوارەی هەرێمە کوردییەکەی خستوەتە خزمەتی داگیرکەران و بەتایبەت داگیرکەری تورکەوە و لە هەرچی هاوبەندی و پێکەوەبوونی هێزە شەڕکەرە وێرانکارەکاندا ئاسانکاری فەرمی و یاساییان بۆ دەکات و وەک پێش لەشکری هێزی مەعنەوی فەرمی پێگەکانی حکومەتی هەرێم و سمبولەکانی کوردایەتی ساختە بۆ خزمەتی ئەو کۆمەڵکوژکەرانە و داگیرکەرانی کوردستان بەکاردێنێت.
هەر بۆیە ئەرکی کۆمەڵگەی کوردییە لە باشور، خۆی دابڕێنێت لەم سیاسەتە خییانەت و تەسلمیکارییەی بەڕێوەبەرانی حکومەتی هەرێم و جارێکی تر پەیوەستی خوێندنەوەی دروستی دۆخی گۆڕانکارییەکان ببێت و خۆی پەیوەستی هێڵی تێکۆشانی ئازادی بکاتەوە و خۆی بە ڕێکخستن بکات لە ڕێکخستنە جەماوەری، پیشەیی، ڕەگەزی، ژینگەیی و پاراستنیەکاندا و ببێتە هاوکار و هێزی وەرچەخانەکانی ناوچەکە بە ئاراستەی دەسکەوت بۆ گەلی کوردی ئازاد و بە ناسنامەی فەرمی گەیاندنی تێکۆشانی گەلی کورد و خۆبەڕێوەبردنی. لە دەرەوەی چارەسەری دیموکراتی و نەتەوەیی کورد، هیچ ئاڵوگۆڕێکی ئارامبەخش دروست نابێت و بە ئەنجام نەک ناگات، بەڵکو ناوچەکە هەر وەک گۆمی خوێن دەهێڵێتەوە.
گەلی کوردیش لە باشور ئیتر پێویستە خۆی بکاتە خاوەن هێز و ئیرادە و کۆتایی بە سیاسەتی خزمەتکاری بۆ هێزە بەرژەوەند پارێز و هێڵ و خێڵە بەکرێگیراوەکان بێنێت و ببێتە خاوەن ئیرادەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگەکەی و هەرێمە فەرمیەکەی باشور و خۆبەڕێوەبەرییەکەی شەنگاڵ و ڕۆژئاوای کوردستان بۆ پێکهێنانی یەکیەتی نەتەوەیی و سەرکەوتنی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراتی گەلی کورد بەکاربێنێت و ببێتە پێشەنگی تێکۆشانی ئازادی گەلان. گۆڕانکارییەکانی سوریا مژدەی سەرکەوتنی گەلی کوردی تێدایە. ئەو سەرکەوتنەش بە تێکۆشان، ڕێکخستن و جەنگاوەری بەدەست دێت و جێگیر دەکرێت. هەر بۆیە هەرگیز پشتێنی لێ مەکەنەوە و خۆ مەدەنە دەست هێزە باڵادەستەکان بەڵکو بچوکترین هێزی کۆمەڵایەتی گەورەترین دەسکەوت بۆ کۆمەڵگە و ئازادی و سەرکەوتن بەدەست دێنێت.
جیاوازی چەمک و تێگەیشتن بۆ کورد و تاکی کورد گرنگە. لە دۆخی شەڕی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کە توندوتیژی، خوێنڕشتن و نکوڵی کردن لە ناسنامەی کورد هەیە. هێنانە زمانی “هەر سەردەکەوین” ئەوپەڕی سیاسەتی خەمساردانە و تەسلیمیەت و پاکتاوکاری (تەسفیەچی)و چاوەڕوانییە، کە هیچ ئەنجامێک بۆ کورد بەدەست ناهێنێت، جگە لە کۆمەڵکوژی بەردەوامی داگیرکاری و لە ناوبردن. هەربۆیە گەلی کورد بە هێز و بڕواوە دەبێت خۆی بە ڕێکخستن بکات و پەیوەستی ڕێکخستنە پاراستنیەکان ببێت، لە تاکێکەوە تا هەر دەستە و تاقم و حیزب و کۆڕو کۆمەڵێک. وازهێنان لە تێکۆشانی بە ڕەنج هێشتنەوەی خۆ لە دۆخی چاوەڕوانیدا، بەردەوامی سیاسەتی داگیرکاری و خیانەتە بە خەون و خەیاڵەکانی ئازادی کوردان.
هەربۆیە، تێکۆشان، پاراستن و بەرخۆدان ژیانە و تەسلیمییەت مردنە.

هاوبەشی :