پەژاک: بۆ پشتیوانی لە گەلەکەمان لە رۆژئاوا و سوریا راپەڕن

5
0
هاوبەشی :

پەژاک وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشە قڕکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر رۆژئاوا رایگەیاند: ” بۆ پاراستنی رۆژئاوای کوردستان و ئایندەی ئازاد و دیموکراتیک لە بەرامبەر پلانی قڕکاری دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، دەبێت جارێکی دیکە راپەڕین”.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لەبارەی هێرشی گروپە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوا و سوریا بە تایبەتی حەڵەب و شەهبا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:

“هێرشەکانی گروپە چەتەکانی سوریا بە پشتیوانی تەواوەتی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوا و سوریا بە تایبەتی حەڵەب و شەهبا لە ئێستادا بە ئامانجی جینۆسایدی گەلانی ئەو وڵاتە بە تایبەتی کوردەکان ئەنجام دەدرێت. ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بە توندی ئەم هێرشانە شەرمەزار دەکات.

بە هێرشی گروپە چەتە و تاوانکارەکانی تورکیا بە تایبەتی گروپەکانی قاعیدە و داعش و گروپەکانی دیکە لە وڵاتانی ئاسیایی سەلمێندراوە کە ئەنقەرە پلانی بەربڵاو و مەترسیداری بۆ کۆمەڵکوژی گەلان لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان داڕشتووە. ئەردۆغان بە کۆکردنەوە گروپە چەتەکان لە وڵاتانی جیاجیاوە هەوڵ دەدات خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی رۆژئاوا و باکور و رۆژئاوای سوریا لەناو ببات، چونکە دەزانێت کە دەبێتە مایەی ئازادی گەلانی هەرێمەکە. بێدەنگی کۆمەڵگەی جیهانی بەتایبەتی هێزە هەژموونگەراکان دەرخەری پشتیوانی و گڵۆپی سەوزیانە بۆ درێژەدان بە شەر و کۆمەڵکوژی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. رۆژئاوای کوردستان وەک قەوارەیەکی دیموکراتیک ئەزمونێکی گەورەیە بۆ گەلانی ناوچەکە و جیهان، بەڵام دەووڵەتی تورک و هەندێک لە پشتیوانانی چاویان بەو پێشکەوتنە مرۆییانە هەڵنایات. ئەم هێرشانە هێندەی بۆ کوردەکان جێگەی مەترسی و قڕکارییە، بۆ گەلانی عەرەب، سوریانی، کلدانی و هتد لە سوریا بە تەواوەتی مایەی مەترسییە.

پێشتر کۆمەڵگەی جیهانی لە رەوتی بەرخودانی کۆبانێدا درکی بە بەهاکانی شۆڕشی رۆژئاوا و سوریا کردبوو، هەر لە بەر ئەمەش ئازادیخوازان و دیموکراسیخوازان لەسەرتاسەری جیهانەوە پشتیوانییان لێکرد. ئەمڕۆش پێویستە کە هەمان حیماسەی کۆبانێ بۆ سەرتاسەری رۆژئاوای کوردستان و گەلانی سوریا کە بەرەوڕووی قڕکردن و کۆمەڵکوژی مەترسیدارترن، لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی بە تایبەتی لە ئەوروپا دووبارە بکرێتەوە. بڵێسەدارتربوونی ئاگری شەڕی جیهانی سێهەم لە سوریا بە هۆی پێشڕەوی گروپەکانی قاعیدە و داعشی سەر بە تورکیا بە دڵنیاییەوە بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مایەی مەترسی دەبێت. هەربۆیە پێویستی بە هەڵوێستوەرگرتنی نێونەتەوەیی هەیە.

ئەو شەڕەی تورکیا لە سوریا هەڵیگیرساندووە و هەوڵ دەدات حەڵەب لە بری رەقای جاران بکاتە شوێنی زیادکردنی هێزی تەحریر شام و گروپە چەتەکانی دیکە، نەک هەر بە تەنیا لە دژی کوردەکان ی رۆژئاوای کوردستان و سوریا، بەڵکوو سەرجەم گەلەکەمان لە هەر چوار بەشی کوردستان رووبەڕوو کۆمەڵکوژی دەکاتەوە. گۆرینی دیموگرافیا، کوشتاری بە کۆمەڵ و لەناوبردنی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوای کوردستان سەرەکیترین ئامانجەکانی ئەم پەلامارانەن. هێز و دەوڵەتانی هەژمونگەرا هەوڵ دەدەن جارێکی دیکە لە دیزاینکردنەوەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کوردەکان بکەنەوە قوربانی، کە ئەگەر گەلەکەمان وشیار بێت و پشتیوانی لە بزوتنەوەی ئازادیخوازی خۆی بکات، دەتوانێت جارێکی دیکە ئەو سیناریۆیانە تێکبشکێنێت. پشت بەستنی گەلەکەمان بە ئیرادەی خۆی سەرکەوتن لەم تێکۆشانە یەکلادەکاتەوە. یەکڕیزیی ویەکگرتوویی گەلەکەمان لە هەر چوار بەشی کوردستان هەر وەک رابردوو، سەرکەوتنێکی دیکەی هاوشێوەی ئازادی کۆبانێ لە دژی چەتەکانی قاعیدە و داعشی سەر بە دەوڵەتی تورک تۆمار دەکەن.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشەکانی گەلەکەمان لە دژی گروپە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوا و باکوری سوریا، پشتیوانی تەواوەتی خۆی لە گەلەکەمان لە رۆژئاوا و گەلانی قوربانی شەڕ لە سوریا رادەگەیەنێت. داوا لە تەواوی گەلەکەمان لە هەر چواربەشی کوردستان و ئەوروپا دەکەین کە لە تەواوی گۆڕەپانەکاندا بۆ پشتیوانی لە گەلەکەمان لە رۆژئاوا سوریا راپەڕن. پاراستنی قەوارە و ستاتۆی کوردەکان لە رۆژئاوا و باکوری سوریا بۆ ئایندەی ئازاد و دیموکراتیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکجار گرنگییەکی ژیانی و مێژوویی هەیە. پێویستە جارێکی دیکە بەرنامەی فاشیستی تورکیا بۆ لەناوبردنی ئەوم قەوارەیە پوچەڵ بکرێنەوە و بڕوامان وایە کە جارێکی دیکە گەلەکەمان هاوشێوەی هەموو کات توانای خوڵقاندنی وەها حەماسەیەکی هەرێمایەتی ونێونەتەوەیی لە کوردستانەوە تا ئەوروپا هەیە”.

هاوبەشی :