قەسەدە بانگەواز لە هەموو گەنجانی کورد و عەرەب و ئاشوور و ئەرمەن و تورکمان و جەرکەسی هەرێمەکە دەکەین، بە ئەرکی مێژوویی خۆیان هەستن و لە سەنگەرەکانی بەرخۆدان جێ بگرن

9
0
هاوبەشی :

قەسەدە ڕایگەیاند، “لەنێو ئەم هەفتەیەدا هێرشێکی زۆر بەرفراوان دەقەومێت و گۆڕانکاری بنەڕەتی ڕوودەدەن، هێزەکانی ڕژێمی دیمەشق لە زۆر هەرێم و بەتایبەت لە حەلەب شکاون.”

ئاماژەی بەوەشدا، بێگومان ئەم هێرشە ڕاستەوخۆ لەلایەن داگیرکەری تورکەوە، بەڕێوەدەبرێت و ئامانجیشی داگیرکردنی تەواوی خاکی سوریایە، بەڵام بە تایبەتی هەرێمەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کردووەتە ئامانج. بەم شێوەیە نایانەوێت گەلی هەرێمەکە بە کورد و عەرەب و تەواوی پێکهاتەکانەوە لەناو ئاشتییدا بژین. بۆیە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر هەرێمەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەیە.

هەروەها پلانێکی قڕکردنی بەرفراوان لە دژی گەلەکەمان لە شەهبا و حەلەب هەیە. ئەم ڕەوشە بۆ هەموو گەلی سوریا و بەتایبەتی بۆ هەرێمەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی، ڕەوشێکی مێژوویی و ژیانییە. ئامانج لەم هێرشانە تەنیا هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی قەسەدە نییە، بەڵکو داگیرکردنی سەرتاسەری خاکی سوریایە. واتە دەیانەوێت تۆڵە لە هەموو گەلانی هەرێمەکە بکەنەوە.

ئەمە چەندین ڕۆژە شەڕڤانەکانمان لە بەرەی منبج و بەرەی ڕۆژئاوای فورات، بەرخۆدان و شەڕێکی مەزن و بێ وێنە دژی هێرشەکان دەکەن.

بێگومان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، چۆن لە ڕزگارکردن و پاراستنی هەرێمەکەدا تا ئێستە بە ئەرکی خۆی هەستاوە و ڕۆڵی گێڕاوە، لەمەودواش بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆی جێبەجێ دەکات، باجەکەی هەرچییەک بێت، بەرامبەر ئەم هێرشانە دەوەستێتەوە. بە ئەرکە مێژووییەکەی بۆ پاراستنی هەرێمەکە و گەلی سوریا هەڵدەستێت. لەم ڕووەوە، با کەس گومانی نەبێت. بەڵام ئەم شەڕە، شەڕێکی مێژووییە و دەبێت گەلەکەمان بە شێوەیەکی چالاک لەم شەڕەدا جێی خۆیان بگرن. دەبێت لەسەر بناغەی سەفەربەریی گشتی بجووڵێتەوە و لەگەڵ هێزەکانی پاراستنی خۆیان قەسەدە بێت یان ئاسایش، کاری هاوبەش بکەن.

لەم ڕۆژە مێژووییانەدا، بانگەواز لە گەلەکەمان دەکەین، بۆ پاراستنی گوند و شار و هەرێمەکانیان، سان بە شانی بەرەکانی پاراستن لە چوارچێوەی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی بە ئەرکی خۆیان هەستن.

بەتایبەت بانگەواز لە هەموو گەنجانی کورد و عەرەب و ئاشوور و ئەرمەن و تورکمان و جەرکەسی هەرێمەکە دەکەین، بە ئەرکی مێژوویی خۆیان هەستن و لە سەنگەرەکانی بەرخۆدان جێ بگرن و بەشداری ڕیزەکانی قەسەدە و یەپەژە_یەپەگە بکەن.

ئێمە دەڵێین ئەمە شەڕی شەرەف و مرۆڤایەتییە. شەڕی شکۆی گەلانە، شەڕی هەموو بەها و بنەماکانی مرۆڤایەتی و ئازادییە. شەڕی ڕووناکی و سەرفرازییە دژی تاریکی زیهنیەتی داعش و ئەردۆگانییەکان. شەڕی سەرکەوتنی مەزن و مسۆگەرکردنی ژیانی هاوبەشی خوشک و برایەتیی گەلانە.

هاوبەشی :