یەبەشە: پێویستە بۆ هەر مەترسییەک ئامادەبین و شەڕ بکەین

13
0
هاوبەشی :

لە ڕۆژ نیوز وەرگیراوە

یەبەشە سەبارەت بە هێرشی چەتەکانی “تەحریر شام” بە هاوکاریی و سەرپەرشتی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر حەلەب و هەروەها پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، پێویستە بۆ هەر مەترسییەک کە هەیە ئامادەبین و شەڕ بکەین.

فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال-یەبەشە، سەبارەت بە هێرشی چەتەکانی “تەحریر شام” بە هاوکاریی و سەرپەرشتی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر حەلەب و هەروەها پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

یەبەشە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا، کۆمەڵکوژیی ٣ـی ئابی ٢٠١٤ـی بەبیرهێنایەوە و بانگەوازیی بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی کرد و ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی سیناریۆی ساڵی ٢٠١٤ دووبارە نەبێتەوە، پێویستە کۆمەڵگە لە هەموو ڕوویەکەوە ئەو هەنگاوانە باش بخوێنێتەوە و بۆ هەر مەترسییەک کە هەیە ئامادەبین و شەڕبکەین.

ڕاگەیاندراوەکەی فەرماندەیی گشتیی یەبەشە بەم شێوەیە؛

وەک زانراوە ماوەیەکە شەڕ و ململانێ لە ناوچەکەدا هەیە و ڕۆژانە ئەم شەڕە بەرفراوانتر دەبێت، بە تایبەتی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا دەریدەخەن کە ئەم شەڕە ناوەستێت.

بێگومان ئەم شەڕە وەک هێز و کۆمەڵگا کاریگەریی لەسەر ئێمە هەیە، ئەوەی ئەمڕۆ لە حەلەب و دەوروبەری ڕوودەدات، سیناریۆی ساڵی ٢٠١٤ـمان بیردەخاتەوە، بۆ ئەو کەسانەی کە لەو پێشهاتانەی ڕوودەدەن خۆیان بێبەری کردووە، هەڵەن و بە هیچ شێوەیەک ڕاست نییە، پێویستە دەستبەجێ دۆخی خۆمان وەک هێز و کۆمەڵگا هەڵسەنگێنین و لە هەموو لایەک و بەپێی هەر بارودۆخێک کە ڕووبدات ئامادە بین، نابێت لەبیرمان بچێت کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەوەی ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیی بوینەوە لە ساڵی ٢٠١٤ ئەوە بوو کە باوەڕمان وابوو هەندێک هێزی جیاواز دەمانپارێزن، بەڵام ئێستا ئەزموونمان هەیە و بێگومان نرخی ئەمەش ئاسان نەبووە و کۆمەڵکوژییەکی قورس بوو.

دەوڵەتی تورک دوژمنی خەڵکی ناوچەکە و بە تایبەتی کۆمەڵگای ئێزدیمانە، لە پێناو بەدیهێنانی خەونەکانی داگیرکردنی “عوسمانی نوێ” و ڕێکخستن و دیزاینکردنی ناوچەکە بەپێی خواست و بەرژەوەندییەکانی، چەتەکانیان هێناوە و دەیانەوێت لە هەموو شوێنێک شەڕ دەستپێبکەن و ناوچەکە بکەن بە گۆڕەپانی جەنگ، بێگومان لەناو ئەمەشدا چاوی ئەو لەسەر هەرێم و خاکی ئێمەیە.

لەسەر ئەم بنەمایە بانگەوازیی کۆمەڵگاکەمان دەکەین، کە وریا بن و جددیەت و هەستیارییەکی گەورە سەبارەت بەم دۆخە نوێیە نیشان بدەن، بە تایبەت عەشیرەت و ڕیشسپییەکانمان ئامادەبن، بەهەمان شێوە داوا لە هێزە جیاوازەکانی ئێزدی دەکەین کە هەست بەم ساتە مێژووییانە بکەن و بەو پێیەش شانبەشان بن بۆ پاراستنی خاک و شەرەفمان ببین بەیەک، بۆ هەر مەترسییەک کە هەیە ئامادەبین و شەڕبکەین.

دووبارە داوا لە گەنجانمان دەکەین، کە بە ئەرکی ئێزدایەتی خۆیان هەستن و بۆ پاراستنی شەرەفیان ڕووبکەنە ناو ڕیزەکانی یەبەشە و یەژەشە.

بێگومان ئێمە ئامادەین نەک تەنها بۆ پاراستنی شنگال، بەڵکو بۆ پاراستنی هەموو بستێک لە خاکی عێراق و خاوەنی ئەو هێز و ئەزموونەین.

هاوبەشی :