قەرەیلان: لێکەوتەو دەرەنجامەکانی تاکتیکی گوشار بۆ سەر رێبەرایەتی دژوار دەبن

15
0
هاوبەشی :

 

 

 

 

 

 

فەرماندەی بڕیارگەی نەپەگە موراد قەرەیلان بە بۆنەی ٢٧ی تشرینی دووەم پەیامێکی ئاراستەی گەریلاکان کرد و وتی، ئەگەر سیاسەتی گوشاری دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لە دژی رێبەر ئاپۆ کۆتاییان پێنەهێندرێت، لێکەوتەکانی دژوار دەبن.

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی پاراستنی گەل (نەپەگە) موراد قەرەیلان باسی لەوەکرد، کە بۆ سەرکەوتن دەبێت هەمووان دەستی رێبەر ئاپۆ بەهێز بکەن و ئەوەشی خستەڕوو: “ئاشکرایە کە لەوێ هەندێک دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ رێبەر ئاپۆ دەکرێن، بەڵام دوای دیدارەکە وەک دەزانرێت بۆ ماوەی ٣ مانگ قەدەغەی دیدار لەگەڵ بنەماڵەکە بڕایەوە؛ دواتریش بۆ ٦ مانگ قەدەغەی دیدار لەگەڵ پارێزەران دەرچوو. لە دژی شارەوانییەکان هێرشی قەیوم ئەنجام درا. روونە کە هەموو ئەوانە بە ئامانجی گوشارسازکردن جێبەجێ دەکرێن. لەو رێگەیە ناگەنە ئەنجام. بەر لە هەموو شتێک دەبێت دەوڵەت دەست لەو رێبازەی ئەنجاموەرگرتن لە رێگەی گوشار و توندوتیژی هەڵبگرێت. مامەڵەیەکی لەو چەشنە ئەخلاقی نییە، یاساییش نییە، بە تەواوەتی متمانە لەباردەبات و شێوازێکی مامەڵەکردنی نامرۆڤانەیە. دەبێت کۆتایی بە گوشارخستنەسەر رێبەرایەتیمان بهێندرێت. با بزانن، ئەگەر کۆتایی بەوە نەهێندرێت، دەرەنجام و لێکەوتەکانی دژوار دەبن”.

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل موراد قەرەیلان بە بۆنەی ٤٦ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە بانگەوازێکی ئاراستەی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان کرد. قەرەیلان جگەلە بابەتی گرنگی و واتای پەکەکە بۆ گەلی کوردستان و گەلانی ناوچەکە، بابەتە سەربازی و ئایدۆلۆژییەکانیشی هەڵسەنگاند. قەرەیلان سەرنجی بۆ سەر بابەتە گەرمە سیاسییەکانیش راکێشا:

ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە پیرۆز بێت

سڵاو و رێز بۆ هەموو هەڤاڵان. لەسەر ناوی فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی ٤٦ەمین ساڵیادی پارتەکەمان، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە هەموو هەڤاڵان پیرۆز دەکەین. بە ناوی سەرجەم گەریلاکانی ئازادیی کوردستانەوە ٤٦ەمین ساڵیادی پارتەکەمان پارتی کرێکارانی کوردستان لە رەنجدەری گەورە و دامەزرێنەر رێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین. سڵاو و رێز و وەفاداریمان پێشکەش دەکەین. جارێکی دیکە ساڵیادی پارتەکەمان پارتی کرێکارانی کوردستان لە تەواوی گەلانی کوردستان، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دۆستانمان، لە دایکانی شەهیدان، لە تەواوی لایەنگران، خەباتکاران، لە تەواوی کادرەکانی پەکەکە پیرۆز دەکەین. بۆ ساڵی ٤٧ەمین هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووانیان دەخوازین.

لەم ساڵیادە پیرۆزەدا، سەرجەم شەهیدانی شۆڕشی کوردستان لە کەسایەتی یەکەم شەهیدمان هەڤاڵ حەقی کارەر و گیانبازانی ئەم دواییە ئاسیا عەلی و رۆژگەر هێلین بە بیردەهێنینەوە، لە بەرامبەر یادی ئەوان سەرمان دادەنەوێنین و ئەو بەڵێنەی بەوانمان داوە جارێکی دیکە دووبارەی دەکەینەوە. ئێمە تا سەر رێبوار و شوێنکەوتووی رێبازی ئەوان دەبین، لە بەگوڕترکردنی تێکۆشانی ئازادیی رێبەرایەتی و ئازادی کوردستاندا یادیان بە زیندوویی رادەگرین، لە هەموو هەلومەرجێکدا خاوەنداری لە سوێند و پەیمانی هەڤاڵێتی دەکەین.

دامەزراندنی پەکەکە، بڕیاری بەرخۆدانێکی نەتەوەییە

لە ساڵی ١٩٧٠دا تاریکی باڵی بەسەر کوردستاندا کێشابوو. بە تایبەت لە ساڵی ١٩٢١ەوە تا چلەکانی هەمان سەردەم قڕکردنی جەستەیی و کۆمەڵکوژی لە ئارادابوو. لە چلەکانەوە قڕکردنی سپی دەستپێکرد. ئیدی وای لێهاتبوو هەبوونی گەلی کورد، کەوتبووە ژێر پرسیارەوە. بێ-هیوایەکی گەورە هەبوو. سیستەمی کۆڵۆنیالیستی و قڕکەر کۆیلایەتی لەسەر گەلەکەمان سەپاندبوو. لە بارودۆخێکی لەم شێوەیەدا ڕێبەر ئاپۆ لەسالێ ١٩٧٣دا ڕێپێوانەکەی دەستپێکرد. لە سەرەتادا دامەزراندنی فکر و ئایدۆلۆژی پێشخست. لە ساتێکی وادا تەڤگەر و کۆمەڵەی بە ڕێکخستن کرد. هێشتا لە دامەزراندنی خەباتی ئایدۆلۆژیای گروپیدا بوو، دووژمن هەستیپێکرد و بە دەستی گروپێکی کۆنترا هێرشەکانی پێشخست. لە ١٨ی گوڵانی ١٩٧٧دا هەڤاڵ حەقی کارەریان شەهید کرد. جارێکی دیکە لە ساڵوەگەڕی شەهیدکردنی حەقی کارەردا بە دەستی دەربەگ و خاینانی کورد، کۆنترا و فاشیستان لە حیلوان هەڤاڵ خەلیل چاڤگونیان شەهید کرد. ئەو گرووپە کۆمەڵەیەکی ئایدۆلۆژیی بوو کە خەباتی کورد و کوردستان بەڕێوەدەبرد. بۆیە دووژمن بە تەواوی هێزە تایبەتییەکانیەوە، بە نۆکەرانی کوردەوە هێرشی کردە سەر ئەو گرووپە. بەرخۆدان لە حیلوان لە دژی سیستەمی دەرەبەگایەتی بەم شێوەیە دەستیپێکرد. دوای ئەوەی بەرخۆدانە پەرەی سەندە و هەنگاوی بەرەو سەرکەوتن هەڵگرت، بە کۆبوونەوە لە گوندی فیس کۆنگرەی دامەزراندنی پەکەکە ئەنجامدرا. ئەو بڕیارەی لەوێ درا، ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، چەندە بڕیاری دامەزراندی پارتێک بوو، ئەوەندەش بڕیاری بەرخۆدانی نەتەوەیی بوو. دووژمن ملکەچبوون دەسەپێنێت، بۆیە یان تۆ تەسلیم دەبیت یان دەبێت خەبات بکەیت و ڕێگە لە لەناوچوونی گەلی کورد بگریت. ئەم بڕیاری پارتیبوونە لە بناغەدا بڕیاری بەرخۆدانی نەتەوەییە. بۆئەوەی بەرخۆدان بەڕێوەببرێت، حزب پێویست بوو. پەکەکە بۆ بەڕێوەبردن دامەزرێندرا. لەو سەردەمەوە تا ئێستا، ٤٦ ساڵە پەکەکە ئەم بەرخۆدان و شەڕە بەڕێوەدەبات.

مێژوومان پڕە لەسەرکەوتنەکانی کادری خاوەن ئیرادەی پۆڵایین

وەک دەزانین پەکەکە پارتێکی ئاسایی نیە. پارتی ڕێبەربوونە. بە مانایەکی دیکە ڕێبەرێک سەریهەڵداوە، فکری داهێناوە، رێباز و فەلسەفەیەکی سازکردووە و لەسەر هەموو ئەمانە بەشداربوون دروستبووە، پارتیبوون دروستبووە. ڕێبەر ئاپۆ هەر لە سەرەتادا کارەکتەری نەیاری باش شیکاری کردبووەوە. تاکو کەسێک بە بڕیار، فیداکار، خۆبەختکەر نەبێت، ناتوانرێت لە بەرانبەر ئەم نەیارە دووژمنەدا تێکۆشان پێش بکەوێت. دەستنیشانکردن و نرخاندنی سەرەتا بەو شێوەیە. بۆ ئەوەش ڕێبەر ئاپۆ لە ئایدۆلۆژیدا قوڵایی، ڕوونی و بڕیاربوونی دروستکرد، لە سەر هەموو ئەوانە پەروەردەی کرد و کادری خوڵقاند. گەر لە سەرەتاوە بەم شێوەیە تێکۆشان بەڕێوەنەبرایە، لە بەرانبەری ئەو ستەمەی زیندانی ئامەددا ئیمکانی ئیرادەی پۆڵاینی مەزڵومەکان، کەمال پیرەکان، خەیری دورموشەکان دەستەبەر نەدەبوو. لەبەرئەوەی کادری فیدانی خوڵقێندرابوون، هەر لە سەرەتاوە بەرخۆدان، باوەڕ، پەیوەستبوون، دەیتوانی هەموو شتێک بکات لە پێناو دۆزەکەی و ئازادییدا. بە بەرخۆدانی کادران لە زینداندا قۆناغی ١٥ی تەمموزیان ئافراند و تێکۆشانیان گەیاندە ئێستا.

گەلەکەمان ٢٦ساڵە لە دژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لە تێکۆشاندایە

ڕوونە، لە ساڵی ٢٠هەمینی پەکەکەدا، یانی لە ساڵی ١٩٩٨دا لە لایەن هێزە نێونەتەوەییەکانەوە دەستوەردان کرا. لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا، لە دژی تەڤگەرمان پیلانگێڕیی نێونەتەوەی ئەنجامدرا. ئامانجی ئەم پیلانگێڕییە بەتەواوەتی لەناوبردنی هێڵێ ڕێبەرێتی بوو. لەسەر ئەم بنەمایە پیلانگێڕی پێکهێنرا و پرۆسەی لەنابردنی تێکۆشانمان خرایە پراکتیکەوە. بەڵام لە دژی ئەمە ڕێبەر ئاپۆ زۆر بە دانایی هەڵوێستی گرتەبەر، پێشکەوتنی پێکهێنا و پارادایمی نوێی پێشخست. پیلانگێڕی تێکشکاند و نەیهێشت بگات بە ئەنجام. تێکۆشان گەورەتربوو و بە بڕیارداریترەوە درێژەی بە رێگەکەی دا. لەسەر بناغەی فیداکاری کادری و فیداکاری گەلەکەمان، تەڤگەرمان ٢٦ ساڵە لە دژی پیلانگێڕی لە تێکۆشاندایە.

ئیرادەی پەکەکە ئیرادەی سەرکەوتنە

هەر لەسەرەتاوە دەوڵەتی تورک هیچ کاتێک بە تەنها شەڕی لە دژمان نەکردووە. هەمووکاتێک ناتۆی لە پشت بووە، خیانەتکارانی کوردی لەگەڵ بووە و زۆرجاریش دەوڵەتانی هەرێمی هاوکارییان کردووە. بەم شێوەیە دەوڵەتی تورک شەڕی لە دژمان بەڕێوەبردووە، لە ئێستاشدا هەروایە. لە بنەمادا ئیرادەی پەکەکە کە ڕێبەر ئاپۆ ڕابەری کرد، ئیرادەی سەرکەوتنە. ناتوانن رێگری لێبکەن. بۆ ئەوەش بەو پشتگریییە ناوخۆی و دەرەوەییەکان و بە هەوڵدانەکانی نمونەی پیلانگێڕی نێونەتەوەییش بە شێوەیەکی بەردەوام هەوڵی پێشلێگرتن دەدات.

بە تایبەت لەم ٩ ساڵەی کۆتاییدا، وەک دەزانرێت دەوڵەتی تورک بە کۆنسێپتێکی نوێ و دیسان بەو پشتگیریانەی لە دەرەوەی وەرگرتووە، بووە بە خاوەنی هەموو جۆرە تەکنیکێک و جگە لە تەکنیک و هەواڵگری بە ڕێگەی هاوکاری خاینانی کوردیشەوە لە دژمان شەڕێکی بەرفراوانی ڕاگەیاندووە. بۆئەوەی بە تەواوەتی تەڤگەرمان لەناوبەرێت ماوەی نۆ ساڵە شەڕی کۆنسێپتی نوێ بەڕێوەدەبات. بۆ ئەوەی لەم شەڕەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت هەموو جۆرە رێگەیەک بەکاردەهێنێت. لە هێزی دەرەوە هاوکاری وەرگرت؛ لە هاوکاری خاینانی کورد پشتیوانی وەرگرت؛ لە گازی کیمیاوییەوە تا چەکی ئەتۆمی بە کارهێنا. بە کورت و پۆخت هەموو جۆرە ڕێگەیەکی تاقیکردووەتەوە. بەڵام وەک بنەما ویستییان ئەم شەڕە نوێیە بە سیستەمی ئیمراڵی پرکتیزە بکەن. لە ئیمراڵی ئەشکەنجەیەکی دەروونی و گۆشەگیری سەختییان گۆڕاوە بۆ شەڕی قڕکردن. بەو سیستەمەی لە ئیمراڵیدا بەڕێوەدەبرێت ویستییان ڕێبەر ئاپۆ بێ کاریگەر بکەن و هەنگاوی کشانەوەی پێ هەڵگرن. بەم شێوەیە ئەو ڕێبازەیان بە هەموو کوردستان و تورکیادا بڵاکردەوە. لە هەمان کاتدا ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپە بۆ لەناوبردنی گەریلا ئەوەی لەدەست هاتووە کردوویەتی و هەموو ڕێبازەکانی تاقیکردەوە. دیسان بەسەر سیاسەتی یاسایی کورد و هێزە سۆسیالیستەکانی تورکیادا لەناوبردنیان سەپاند. لەسەر ئەم بنەمایە گرتن و هەموو جۆرە ڕێبازێکی شەڕی تایبەتیان بەکارهێنا.

بەڵام لە دژی هەموو ئەم هێرشانە، لە سەرووی هەموویەوە هەڵوێست و بەرخۆدانێک کە ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمرڵیدا گرتوویەتیەبەر؛ دیسان بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادی کوردستان و گەلی کورد لە هەموو باکووری کوردستان، هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و هەموو پارچەکانی کوردستان، ڕێگەیان لە ئامانجی دووژمن گرتووە. دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر رۆژئاوا؛ هێرشی کردە سەر باشوور؛ هێرشی کردە سەر هێزەکانی ڕۆژهەڵات؛ لە هەموو ئەیالەتەکانی باکوور ئۆپراسیۆنی بەرفراوانی بەڕێوەبرد؛ لەم ٩ ساڵەدا لە دژی تەڤگەری ئازادی کوردستان هەموو جۆرە ڕێبازێکی بەکارهێنا، بەڵام ڕابەرایەتی بەرخۆدان کرا و ڕێگری لە ئامانج و خواستەکانیانی کردووە. ڕاستە؛ ڕەنگە هەندێک جێگەیان داگیرکردبێت، بەڵام تەڤگەرمان سنوری بنەڕەتی خۆی پاراستووە.

ئەم دۆخە دووژمنی خستە زەحمەتییەوە. گەر دەوڵەتی تورک سەرکەوتایە، دەستی بەهێز بووایە ئەوا بەر ئەم زەحمەتییە نەدەکەوت. بەڵام لەبەرئەوەی سەرنەکەوت و ئەنجامی دەستنەخست، تەڤگەرمان بە سەربەرزییەوە خۆی ڕاگرتووە، ناکۆکییەکانی دەوڵەتی تورک زیاتر قوڵبووەتەوە. لەبەرئەوەی ڕژێمی ئێستا هەموو داهاتی تورکیایی خستووەتە خزمەتی شەڕەوە. سوپایەکی نوێی بە پارە دامەزراند کە لە سەدان هەزار کەس پێدێت و ویستی بەم شێوەیە بەمە ئەنجام بەدەستبهێنێت. بەڵام لەبەرئەوەی ئەنجامی دەستنەهێنا ئابووریان هەڵوەشاوەتەوە. وێڕای ئەوەی تورکیا خاوەنی خاکێکی زۆر دەوڵەمەندە، وە وێڕای ئەوەی خاکی کوردستان خاکێکی بە بەرهەم و دەوڵەمەندە لەمڕۆدا خەڵکی تورکیا لە سنوری برسێتییدا دەژین. لەبەرئەوەی دەسەڵاتداری ئێستا هەموو ئابووری تورکیا لە شەڕدا بەکاردەهێنێت. ئەم دۆخە قەیرانی قوڵی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری لەگەڵ خۆیدا هێناوە. هەربۆیە ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپە لە تەنگەژەدایە. گەر گەیشتبایەتە ئامانجەکانی، لە زەحمەتییەکی لەم شێوەیەدا نەدەبوو. بەڵام بێ ئامانج مانەوە، سەرنەکەوتن و قەیرانەکان لە ناو سیستەمەکەدا قوڵ بوونەتەوە.

پێشهاتە هەرێمییەکان وای لە دەوڵەتی تورک کرد هەوڵی جیاواز بدات لە بابەتی پرسی کورددا

لە لایەکی دیکەوە شەڕی سێهەمی جیهانی کە ناوەندەکەی ڕۆژهەڵاتی ناویینە تابێت گەورەتر دەبێت. شەڕەکە بە تایبەت لە دژی گەلانی لوبنان و فەڵەستین بە شێوەیەکی بێرەحمانە و کوشتنکارییەوە تێدەپەڕێت. هەرخۆی لە شەڕی هەرێمەکەدا بەشێوەیەکی بەردەوام رێبازی قڕکردن سەپێندران. بە تایبەت حەماس ڕێگەیەکی لەوجۆرەی گرتەبەر؛ دواتر دەوڵەتی ئیسرائیل ئەم ڕێگەیی قوڵترکردەوە. ئەم شەڕە ساڵێک زیاترە بەردەوامە و هێزە نێونەتەوەییەکانی سەرمایەداری دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم شەڕەوە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ داڕێژنەوە. لە ئێستادا تابێت شەڕەکە بڵاودەبێتەوە و ڕوونیشە زیاتر پەرە دەسێنێت. وە لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا لە هەرێمەکەدا دیزاینێکی نوێ دەخرێتە ڕۆژەڤ. تەڤگەری ئازادی کوردستان خاوەنی ئەو هێزە، دەرفەت و بارودۆخەیە کە ئەم دەرفەتانە بەکاربهێنێت و هەناوێکی گەورە ببڕێت. بە کورتییەکەی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە نیگەرانە لەم دۆخەی ئێستا و دەترسێت. یەکەم ئەوەیە نەیتوانی تەڤگەر لەناوبەرێت و تەڤگەر پێگەی خۆی پاراست؛ دووەم ترسی لەو ئەگەرەیە کە تەڤگەر دەتوانێ سود لەو دەرفەتانەی ئێستا وەربگرێت کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئارادایە و ئەگەری قۆناغی نوێیە. شتی هەرە گرنگە ئەوەیە کە تەڤگەری ئازادی پەیوەست بەم بابەتەوە خاوەنی ئەڵتەرناتیڤی جیاواز و خاوەنی هێز و دەرفەتێکە کە بتوانێ هەنگاوێ نوێ بنێت. ئەمەش دەسەڵاتداری زیاتر تەنگەتاو کردووە و دەبنە هۆکارێک بکەونە ناو ترس و نیگەرانییەکی گەورەوە. بۆ ئەمەش لە ئێستادا بۆ ڕێگریکردن لە پێشهاتەکانی لەم شێوەیە و ئەوانەی لە ئارادان، لە ناو هەوڵداندایە. ئەرێ؛ تا ئێستا لە ناو هەوڵدانی سەربازییدا بوون. بەڵام لە ئێستادا بە ڕێبازی جیاواز دەیانەوێت ڕیگری بکەن.

پەیوەست بەم ‘پرۆسەیەوە’ هیچ هەنگاوێکی دەوڵەتی تورک نییە

ئەو بانگەوازییەی لە لایەن دەوڵەت باخچەلییەوە دەکرێت یەکێکە لەم ڕێبازانە. لە دوای ئەم بانگەوازییەوە هەندێک کەس و لایەن شۆک بوون. لەبەرئەوەی تا ئێستا باخچەلی بەشێوەیەکی توند لە دژی تەڤگەری ئازادی دەرکەوتووە. لەم شەڕەدا نوێنەرایەتی لایەنی نەتەوەپەرستە توندڕەوەکانن دەکات. ئەم لایانە لەوجۆرانەن کە هیچ دانبەخۆگرتنێکیان لە بەرانبەر بەکارهێنانی وشەیەکی کوردییدا نییە. بەڵام بانگەوازی لە ڕێبەرێتیمان کرد. بۆیە ئەم دۆخە سەرچاوەی تەنگەتاوبوونی سیستەمی تورکیایە. دەبێت زۆر بە باشی ئەمە ببینرێت و لێی تێبگەین. یانی گەر دەوڵەتی تورک ئەوەندە تەنگەتاو نەبوایە لە لایەن باخچەلییەوە بانگەوازییەک نەدەکرا. لە بەرانبەر ئەم کارانەی باخچەلییدا تەڤگەرمان، هەموو بەشەکانی تێکۆشانی ئازادی و دامەزراوە تێکۆشەرە جیاوازەکان لێدوانیان دا و ڕایانگەیاند کارەکتەری سەرەکی چارەسەری ڕێبەر ئاپۆیە. گوتییان: “پشتیوانی دەدەین بەو پرۆسەیەیی لە لایەن ڕێبەر ئاپۆوە پێشخراوە.” تەڤگەرمان ئەمەی بەشێوەیەکی ئاشکرا ڕاگەیاند. بەڵام دەوڵەتی تورک لە دوای هەموو ئەمانەوە هیچ هەنگاوێکی نەنا. تەنها یەک دوو جار ئەوەی دەربڕی کە پشتگیری دەدەنە بانگەوازەکەی باخچەلی. هیچ شتێکی دیکەی نەکردووە. هەندێک لایەنی ڕاگەیاندن و قەڵەمبەدەستی نزیک لە دەسەڵاتداری هەواڵی درۆییان خستە ڕۆژەڤەوە. گوتییان کە ‘چاوپێکەوتن هەیە’ گوتییان ڕێبەر ئاپۆ پەیامی بۆ پەکەکە ناردووە بەڵام پەکەکە قبوڵی نەکردووە. بەم شێوەیە بۆئەوەی لەناو کۆمەڵگەدا تێگەشتنێکی هەڵە و ناڕاست بسازێنن، لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتدا پروپاگەندەی لەم جۆرەیان دروستکرد. بەشێوەیەکی ڕوون دەسنیشانی دەکەین: تا ئێستا جگە لەو پەیامەی کە لە دوای چاوپێکەوتنەکەی ڕێبەر ئاپۆ کە لە ڕێگەی عومەر ئۆجالانەوە بۆ ڕای گشتی بڵاوکراوەتەوە، هیچ پەیامێکی ڕێبەرێتی نەگەیشتووە بە تەڤگەرمان؛ وە لەلایەن دەوڵەتی تورکیشەوە هیچ پەیامێک نە نێردراوە. بە کورتییەکەی هیچ شتێکی کۆنکرێتی بوونی نیە، بەڵام بە هەواڵی لەم شێوەیە وای نیشان دەدەن کە پرۆسەیەکی لەم شێوەیە هەیە. ڕاستە؛ وەک تەڤگەرمان واتامان دا بە بانگەوازییەکەی باخچەلی؛ لەبەرئەوە ئاشکرامان کرد پشتگیری دەدەینە پرۆسەیەک کە لە لایەن ڕێبەر ئاپۆوە بەڕێوەببرێت. بەڵام لە دوای بانگەوازییەکەی باخچەلی و لێدوانەکانی باخچەلییەوە هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی نەنرێنراوە و لەسەر ئەم بابەتە هەواڵی ناڕاست ئامادەکران. لە هەمانکاتدا ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆنیش بە شێوەیەکی درووست نزیکی ئەم بابەتە نەبووە. ئەویش دۆخی ڕێبەرێتی و تەڤگەرمان بە شێوەیەکی ناڕاست پێچەوانە دەکەنەوە.ئیدی با هەموو کەسێک زۆر باش بزانێت کە گەلی کورد لەناوخۆیدا ڕێبەرێکی دەرخستووە. ڕێبەرێتییەکی مێژووی دەرخستووە. ئیدی دامەزراوە سەربازییەکانی تێکۆشانی ئازادیش، دامەزراوەکانی دەرەوەی وڵاتیش، دامەزراوەکانی وڵاتیش، دامەزراوە فەرمییەکانیش بە کورتییەکەی هەموو کەسێک کە بۆ ئازادی کودستان تێدەکۆشن لەمڕۆدا ڕێبەر ئاپۆ وەک ئیرادەی خۆیان دەبینین. بێگومان ئەمە شتێکی نوێیە و بۆ گەلی کورد گرنگە. هیچ کەسێک ناتوانێت ناکۆکییەکی لەم شێوەیە دروستکات. لە ئێستادا هەموو هەوڵی ڕژێم لەسەر دروستکردنی ناکۆکییە لە ناو تەڤگەری ئازادییدا، لە دروستکردنی نادڵنیایی و پەرەپێدانی دووبەرەکییە. ئەم جۆرە هەوڵانە بێهودەن. هیچ ئەنجامێک لەم جۆرە هەوڵانەوە بەدەست ناهێنرێت. پێویستە هەموو کەسێک باش ئەمە بزانێت تێکۆشانی ئازادی کورستان بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز؛ هیچ کەسێک ناتوانێت لەڕێگەی شەڕی تایبەتەوە لە ئاستە کەم بکاتەوە.

بە قسە خوشک و برایەتی، بەڵام بە کردەوە هێرش و شەڕ

ئاشکرایە کە دەوڵەتی تورک وتەکانی باخچەلی وەک تاکتیکی شەڕی تایبەت لێی دەڕوانێت. بۆ وێنە لەلایەکەوە ئەو پەیامەیان دا کە بەو جۆرە نیشانی بدەن کە گوایە دەیانەوێت لەگەڵ کوردەکان چارەسەری بهێننە ئاراوە. وتیان، ‘کورد و تورک خوشک و بران؛ ئەو تورکەی کوردی خۆش نەوێت، تورک نییە؛ ئەو کوردەی تورکی خۆشنەوێت کورد نییە’. باسیان لە خوشک و برایەتی مێژوویی کرد. لەو بارەوە زۆر شتیان وت. بەڵام لەلایەکی دیکەوە، هیچ هەنگاوێکی کردارییان نەنا و لەسەر ئەوە بنەمایەش هێرشیان کرد. بۆ نمونە سیاسەتی قەیومیان هێنایە ئاراوە. دانانی قەیوم لەسەر شارەوانییەکان، هێرشێکە لە دژی ئیرادەی گەلی کورد. هەروەها هێرشەکان لە دژی گەریلا بەردەوامن. هەموو رۆژێک تەیب ئەردۆغان هەڕەشە لە رۆژئاوا دەکات؛ خۆیان بۆ هێرشێک لە دژی رۆژئاوا ئامادە دەکەن. ئاخۆ دەبێت ئێمە چۆن بڕوا بەوە بکەین کە بەراستی ئەوان چارەسەرییان دەوێت! ئاشکرایە کە شتێکی لەو جۆرە لە ئارادا نییە. پرسی کورد سەرەکیترین و جدیترین کێشەی تورکیایە. پرسێکی لەو جۆرە نییە کە بە هەندێک بانگەواز چارەسەر بکرێت. لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە بە بێ گۆڕانکاری ریشەیی و هەموارکردنەوە چارەسەرناکرێت. لەو رووەوە بە بێ هەنگاوی جدی و متمانەبەخش، بڕواپێکردن و بە گوێرەی ئەوە هەنگاونان ئەستەمە. مادام کە هیچ شتێکی لەو جۆرە لەکایەدا نیە، هیچ شتێکی وەک چارەسەریش بوونی نییە. بە پێچەوانەوە بەرفراوانکردنی کردنە ئامانج و هێرش لەئارادایە.

ئازادیی رێبەر ئاپۆ کەوتووەتە بەرباس؛ پاشەکشێ هەڵناگرێت

هەر ئامانجێکیان هەیە، با بیانبێت، دەوڵەت باخچەلی ئازادیی رێبەر ئاپۆی هێنایە بەرباس. ئەوە بابەتێکی گرنگە. ئەوە لەهەمان کاتدا دانپێدانانە. ئەمڕۆ لە راگەیاندنی تورکیادا، ئازادی رێبەر ئاپۆ مشتومڕی لەسەر دەکرێت. پێشتر تەنیا راگەیاندنی کوردی دەیخستەبەرباس؛ ئەمرۆ هەموو تورکیا و جیهان باسی دەکەن. گەڕانەوە بۆ دواوە و پاشەکشێ هەڵناگرێت. ئیتر کاتی ئازادیی رێبەر ئاپۆ هاتووە. ئەوە شتێکە تەنیا بە بانگەوازی باخچەلییەوە نەخراوەتەڕوو. ئەوە بەرەوپێشچوونێکە لەسەر بنەمای تێکۆشانێکی درێژخایەن هاتووەتە ئاراوە. بەتایبەتی لە ئەنجامی هەڵمەتی جیهانی ساڵی رابردوو و هەروەها بەرخودانی ساڵانی پێشوو، ساز بووە. ئەگەر تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و ئازادیی کوردستان و گەلانی هەڕێمەکە بەهێزتر بکەین، سەلمێنراوە کە ئەنجامی گەورەی بەدواوە دەبێت، هەڵبەت لایەنی بەرامبەریش بە وتەی بەم جۆرە دەیەوێت هەناسەیەکی بەبەردا بێتەوە و خۆی رێکبخاتەوە، بەڵام هێزەکانی شۆڕش دەبێت بە دڵنیاییەوە ئەم پرۆسەیە بە رێبازی دروست هەڵسەنگێنن.

دیدارەکە لەگەڵ رێبەر ئاپۆ مایەی دڵخۆشییە، بەڵام تائێستا گۆشەگیری بەردەوامە

لەم کاتەدا بۆ گەلەکەمان و بۆ هەموومان، ئەوەی مایەی دڵخۆشییە، دیداری پەرلەمانتار عەمور ئۆجالانە لەگەڵ رێبەر ئاپۆ. رێبەر ئاپۆ لە گۆشەگیرییەکی دژواردایە. سەبارەت بە تەندروستی ئەوەوە وتەی جیاجیا هەبوون و نیگەرانی جیاجیا هەبوون. هەربۆیە رۆیشتنی عەمور ئۆجالان بۆ لای رێبەر ئاپۆ، شتێکی باش بوو. هەڵبەتە ئەنجامدانی ئەو دیدارە بە واتای کۆتاییهاتنی گۆشەگیری نییە. گۆشەگیری بەردەوامە و رێبەر ئاپۆس لەو پەیامەیدا کە لە راگەیاندنەکانیشەوە بڵاوبووەوە، رایگەیاند کە گۆسەگیری بەردەوامە.

ڕێبەرایەتی لە پەیامەکەیدا باسی لەوەکردبوو، کە ئەگەر دەرفەتەکان بڕەخسێندرێن، ئەو هێزی پراکتیکی و ئایدیۆلۆژیی هەیە بۆ پەرەپێدانی چارەسەریی. جارێکی تر دەبینین کە ڕێبەر ئاپۆ هەڵوێستێکی زۆر واتادار و مێژوویی بە نوێنەرایەتی گەلەکەمانەوە تێکۆشانێکی زۆر گرنگ بەرێوەدەبات، شانی داوەتە بەر بارێکی قورس، ئەمە بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە. پێویستە هەمووان لەپێناو سەرکەوتندا دەستی ڕێبەر ئاپۆ بەهێز بکەن.

ئاشکرایە کە لەوێ هەندێک دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ رێبەر ئاپۆ دەکرێن، بەڵام دوای دیدارەکە وەک دەزانرێت بۆ ماوەی ٣ مانگ قەدەغەی دیدار لەگەڵ بنەماڵەکە بڕایەوە؛ دواتریش بۆ ٦ مانگ قەدەغەی دیدار لەگەڵ پارێزەران دەرچوو. لە دژی شارەوانییەکان هێرشی قەیوم ئەنجام درا. روونە کە هەموو ئەوانە بە ئامانجی گوشارسازکردن جێبەجێ دەکرێن. لەو رێگەیە ناگەنە ئەنجام. بەر لە هەموو شتێک دەبێت دەوڵەت دەست لەو رێبازەی ئەنجاموەرگرتن لە رێگەی گوشار و توندوتیژی هەڵبگرێت. مامەڵەیەکی لەو چەشنە ئەخلاقی نییە، یاساییش نییە، بە تەواوەتی متمانە لەباردەبات و شێوازێکی مامەڵەکردنی نامرۆڤانەیە. دەبێت کۆتایی بە گوشارخستنەسەر رێبەرایەتیمان بهێندرێت. با بزانن، ئەگەر کۆتایی بەوە نەهێندرێت، دەرەنجام و لێکەوتەکانی دژوار دەبن.

زۆر ئاشکرایە کە رێبەر ئاپۆ بە بەرپرسیارێتیەکی مێژووییەوە دەیەوێت خزمەت بە تورکیا و گەلانی هەرێمەکە بکات و لە رێگەی ئازادی و دیموکراسیدا رێگە لەبەردەم بەرەوپێشچوونەکان بکاتەوە، بارێکی قورس هەڵدەگرێت. دەبێت بە دروستی لەوە بگەین و لەبەرامبەر ئەوەدا ئێمە بەرپرسیارێتی خۆمان بەجێدەگەیەنین. ئەوەش تەنیا بە تێکۆشانێکی کاریگەر دەبێت. ئەو ئەنجامەی کە لەم قۆناغەدە دەبێت تێیبگەین ئەمەیە.

تا کۆتایی بە قڕکردن نەهێندرێت گەریلا دەست لە چەک هەڵناگرێت

دەردی دەوڵەتی تورک گەریلایە. دەیانەوێت گەریلا چەک دانێت یانی گەریلا بگوازنەوە بۆ ژیانی مەدەنی. گەریلا لە دژی سیاسەتی قڕکردن بەڕێکەوتووە. لە کوردستاندا سیاسەتی قڕکردن و جینۆساید تا ئێستا بوونی هەیە و گەریلاش لە دژی ئەوە دەرکەوتووە و چەکی هەڵگرتووە. تاکو لە کورستاندا سیاسەتی کوشتن و قڕکردن هەبێت، گەریلا دەبێت و چەکیش ئەبێت. تاکو دان بە مافی ناسنامەی نەتەوەی کورددا نەنرێت، تاکو مافە ئازادییەکانی گەلی کورد نەدرێت، هیچ ئیمکانێکی کشانەوەیی گەریلا نییە. گەریلا هێزی لەم شێوەیە. هێزی ئیرادەبوونی گەلی کوردە. هێزی ستراتیژی تێکۆشانی ئازادییە. گەریلا تاکە هێزی مسۆگەری سەرکەوتنە لە دژی هەموو هێرشەکانی سەر گەلەکەمان لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا.

بێگومان ڕێبەرێتیمان و ئێمە وەک تەڤگەر دەمانەوێت پرۆسەیەک پێشبخەین بەڵام دەبێت لە سەرەتادا ئەم سیاسەتە قڕکارییە نە‌هێڵدرێت. دەبێت قڕکردن و کوشتن بوەستێندرێت. مافی گەلی کورد، بەڕاستی وەک ئەوەی خۆیان باسییان کرد، پەیوەست بە خوشک-برایەتی گەلانەوە دابینبکرێت. دەبێت یەکسانی بێت. گەر بەم شێوەیە بێت ئەوکاتە پرۆسەیەک پێشدەکەوێت. بە کورتییەکی خاڵی گرنگی ئەم پەیامە بابەتی گەریلا و چەکە. چونکە لە ئابی ١٩٨٤ەوە تا ئێستا، ماوەی ٤١ ساڵە بۆ ئەوەی گەریلا لەناوبەرن هەموو جۆرە ڕێگەیەک تاقیدەکەنەوە. بەڵام ناتوانن بگەن بەم ئامانجە. هێشتا هەبوونی گەریلا بۆخۆیان وەک مەترسییەک دەبینن و دەڵێن با هەنگاوی نوێ بنرێت. بۆ ئەوەش هەموو جارێک چەکدانانی گەریلا وەک مەرجێک دادەنێنن. بەڵام نابێت بابەتی سەرەکی هەبوونی گەریلا و چەکدانانی گەریلا بێت. گەر ئاشتییەکی بە شکۆ و چارەسەرییەکی دادپەروەرانە پێشبکەوێت، چەکی دەستی گەریلا بۆ دۆستەکانی نابێتە مەترسییەک. بە پێچەوانەوە شتی گرنگ چەکهەڵگرتن نیە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لولەی چەک بەرەو ڕووی کێییە. لەبەرئەمە گەر لە دڵەوە نزیکی چارەسەری دەبن، ئەو کاتە دەبێت لە پێشدا گرنگی بدەنە یەکسانی، دادپەروەری و ئازادی.

گەریلا هێزی گەرەنتی هەموو گەلی کوردە

لە ئێستادا دەبینین؛ هەندێک لە کوردان وەک ئەوەی دووژمنی گەلی کوردن قسەکانیان دەکەن. بێگومان ئەمە شتێکی هەڵەیە. چونکە گەر گەریلا و تێکۆشانی چەکداری نەبێت، ئەوا دەوڵەتی تورک سڵاوێک ناداتە کوردان. گەر گەریلا نەبووایە ئەوە هیچ کاتێک دەوڵەتی تورک سیستەمی فیدراڵی باشووری کوردستانی قبوڵ نەدەکرد. بەڵام لەبەر هاوسەنگی لە نێوان سوپایی تورک و گەریلادا دەوڵەتی تورک ناچاربوو ئەم سیستەمە قبوڵ بکات. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٠دا کاتێک کە تەڤگەرمان شەڕکردنی ڕاوەستاند، دەوڵەتی تورک وای بیرکردەوە کە کۆتایی بە گەریلا هێناوە و پەیوەندیدانانی لەگەڵ ئیدارەی باشووردا وەک هێڵی سور دەبینی. بەڵام لە دوای قۆناغی گەریلا لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٤دا، هەمان دەوڵەت تەنگەتاو بووەوە، دوای تێکشکانی لە زاپ لە ساڵی ٢٠٠٨دا ناچاربوو ئەو هێڵە سورەی لابەرێت. بە کورتییەکەی گەریلا نەبێت، دەوڵەتی تورک هەرگیز ئیداری باشووری کوردستان قبوڵ ناکات؛ سڵاوێکش لە پەدەکە ناکات. لەبەرئەوەی دەبێت هەموو کەسێک باش لەمە تێبگات و بڕیاری خۆی بدات.

گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە هەرچوار پارچەی کوردستاندا هێزی پارێزەری و گەرەنتی گەلی کوردن. وەک هێزێکی نەبەز و شکستنەخواردوو رۆڵێکی سیاسی گرنگ دەگێڕێت. گەریلا بە تەنها هێزێکی چەکداری نییە. گەریلا بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیهنییەتی دواکەوتوو و فاشیست سەرنەکەوێت، لەسەر ناوی گەلی کورد، گەلی عەرەب و گەلانی دیکەی هەرێمەکە تێكۆشانێکی گەورەی ئازادی و دیموکراسی بەڕێوەدەبات. گەریلا خاوەن ئەرکێکی ئایدۆلۆژی، سیاسی و مێژووییە. لەبەرئەوەی چەندی ئەم مەترسیانە لەسەر گەلەکەمان بەردەوام بێت، ئەوا گەریلاش هەر ئەبێت. کەسانێک کە لەم بابەتەدا کەموکوڕ و هەڵە بیردەکەنەوە، دەبێت ڕاستییەکان ببینن. گەریلاکانی ئازادی کوردستان شەڕڤانی حەقیقەتن؛ لە بەرانبەری قڕکردن و فاشیستدا نوێنەرایەتی هێزی ئازادیخوازی و دیموکراسی دەکات. گەریلا خاوەنی ڕۆڵ و ئەرکێکی لەم شێوەیە.

چالاکی توساش لە لوتکەدابوو؛ هاوڕێ ئاسیا و ڕۆژگەر پێوانەمانن

لەم دوایانەدا لە ئەنقەرە لە دژی توساش چالاکی ئەنجامدرا. چالاکی هاوڕێیانمان ئاسیا و ڕۆژگەر لە دژی توساش لە ٢٣ی تشرینی یەکەمدا یەکێکە لە چالاکییە هەرە سەرکەوتووەکانی تێکۆشانمان. لە چالاکی ناو زیندانەکان تا چالاکی زیلانان و تا چالاکییە مێژوویەکانی سارا، ڕووکەن، ڕۆژهات و ئەرداڵەکان و تا چالاکیەکانی ئێستامان لە ناو هەموو ئەم چالاکیانەدا ئەم چالاکییەیی هاوڕێیانمان ئاسیا و ڕۆژگەر بووە چالاکییەکی هەر ئاستبەرز و لوتکەیی. وەک دەزانرێت لە تورکیادا شوێنێک کە زۆرترین پارێزگاری و پاسەوانی لێدەکرێت توساشە و وەک دڵی پیشەسازی بەرگری دەوڵەتی تورک پێناسەدەکرێت. هەموو ئامێرێک کە لەوێ بەرهەم دەهێنرێت لە کوردستان و هەرێمە جیاوازەکانی جیهاندا وەک ئامرازی قڕکردن بەکاردەهێنرێت. لەبەرئەوە ئامانجێکی زۆر گونجاوە.

بە تەنها یادیی هاوڕێیانمان ناکەینەوە، لە هەمانکاتیشدا پیرۆزییان دەکەین. نابێت هەر بە تەنیا هاوڕێیانمان ئاسیا و ڕۆژگەر یاد بکەینەوە؛ لەبەرئەوەی بەم چالاکییەیان بوونە فەرماندەی هەرە پێشەنگمان و گەیشتنە ئاستی نەمری. توانییان بە ئافرێنەری، ژیری، بوێری و ڕوحی سەرکەوتنی خۆیانەوە خۆیان بگەیننە ناوەندی دووژمن. بێگومان ئەمە چالاکییەکی ئایدۆلۆژییە و لە ڕووی سەربازییەوە چالاکییەکی ئاستبەرزە. چالاکیەکی سەرکەوتووە و هەڵوێستی هاوڕێیانمان ئاسیا عەلی و ڕۆژگەر هێلین لە هەموو ڕوویەکەوە پێوانەمانن. بە پراکتیکی خۆیان نیشانیاندا کە بە ئەڤینداری نزیکی تێکۆشان دەبنەوە. هەروەها لەڕووی سەربازییدا گورزێکی قورسی لە دووژمن وەشاند و زیانێکی زۆری بە دووژمن گەیاند. بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکانی دووژمن، هاوڕێیانمان ٧٤ خولەک بەرخۆدانیان کردووە و شەڕیان کردووە، بەم شێوەیە خۆیان گەیاندە ئاستی نەمری. ئەمەش لەڕووی ئایدۆلۆژی و هەڵوێستی ڕوحییەوە و لە ڕووی سەربازییەوە پێوانەیەکە.

دەبێت زیاتر لەسەر نامەکانی هاوڕێیانمان ئاسیا و ڕۆژگەر وردبینەوە کە هەریەکەیان وەک مانیفیستۆیەکە. دەبێت هەڵوێستییان بکەین بە تێکۆشان و تەرزی ژیانمان. ڕەنگە پێویست نەکات هەموومان چالاکی فیدایی ئەنجام بدەین، بەڵام پێویستە هەموومان بەهەمان هەڵوێستەوە نزیکی هەموو خەباتێکمان ببینەوە. فەرمانێک کە فەرماندەی پێشەنگمان، هاوڕێیانمان ئاسیا و ڕۆژگەر بەم چالاکییەیانەوە پێمانی دەدەن ئەمەیە.

هاوبەشی :