سەرژمێری وهەستی ووڵاتپارێزی خەڵک

15
0
هاوبەشی :

نوسینی: عادل عوسمان

کورد گەلێکی دێرین و مێژوویی ناوچەکەیە، کوردستانیبوونی خاک و نیشتیمانەکەشی سەلمێنراوە و پێویستی بە هێنانەوەی بەڵگە و مێژوو نییە! کاتێک سۆمەر، کلدان، ئاشوور، یونان، عەرەب، فارس و تورکەکان تاووتوێ دەکەیت و لاپەڕەکانی مێژووی جەنگ و ئاشتییان دەخوێنیتەوە پڕیەتی لە باسی جوامێری، ڕەشیدی، بوێری، جەنگاوەری، جوانی و شیرینی ئەم گەلە. هەربۆیە بە تاووتوێ کردنی مێژوویی هەڵسەنگاندن ناکەین. بەڵکو لە ڕوویی ئەکتێکەوە ئەنجامە ئاکارییەکانی ئەم هەبوونە و خاوەنداری لە نیشتیمانەکەی سەرنج دەدەیین، ئەویش ئەم سەرژمێرییەی کە ئەمڕۆ(١٩/١١/٢٠٢٤) بەڕێوەدەچێتە.
سەرژمێری لە نەخشەسازی بوون و هەبوونی هەر ووڵاتێکدا یەکێک لە تەوەرە بنچینەییە تەندروستییەکانی بەڕێوەبەرێتییەکی جوانە! هەربۆیە دەکرێت سەرژمێری تەنیا بۆ ژمارەی کەس و مرۆڤەکان نەبێت. بە حساب ئەم سەرژمێرییەش، جۆرێکە لەو سەرژمێرییانە. هەرچەندە کۆمەڵێک کێشەی نەتەوەیی، ئایینی، ڕەگەزی و نیشتیمانی لەم ناوچەیە و ووڵاتەدا هەیە، بەڵام ئێمە ناچینە ناو ئەم لایەنە نەرێنییەوە. لەوێوە قسە دەکەین، کۆمەڵگەی کوردی سەرەڕای فشار و دەستێوەردان و کوشتار و گۆڕینی دیموگرافی نەتەوەیی و نیشتیمانییەکەی، چۆن لە دەرەوەی ویستی دەسەڵات و دەوڵەت و هێزە خراپکارە دەرەکی و ناوخۆییەکانی پاراستنی خۆی و نیشتیمانەکەی دەکات.
ووڵاتارێزی ڕەگێکی قولی مێژوویی و نیشیمانی هەیە. هەربۆیە کورد ووڵاتپارێزییان وەک کلتورێکی نەتەوەیی لا ڕەگداکوتراوە و ناتوانن لە ژێر هیچ بیانوویەکدا وازی لێبێنن. هەربۆیە دووای ٣٠ و چەند ساڵ لە دەسەڵاتی کوردی، دوای ٧٠ ساڵ لە دەسەڵاتی بەعسییەکان و دوایی سەد ساڵ لە دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەی ئێراق و دوای ئەو هەموو دەستێوەردان و گۆڕینی دیموگرافی و هێنانی خەڵکانی نەتەوەکانی تری عەرەب و هۆزە تورکمانەکان بۆ کەرکوک و دەرکردن و ئاوارە کردنی کوردەکان، یان گۆڕینی باری کەسێتی و نەتەوەییان. کەچی بینیمان لەم سەرژمێرییەی ئەم سەفەرەدا چۆن هەموویان دوور لە خواستی دەسەڵاتە جیاوازەکانی ئێراق، بە کورد و عەرەبەوە، بە لێشاو گەڕانەوە بۆ کەرکوک و ناوچە کوردستانییە کێشە بۆ دروستکراوەکان!
ئەم ئەکتە بووە هۆکاری نیشاندانی چەند پرسێک؛
یەکەم: کورد لە ژێر هەر هەلومەرجێکدا ئەگەر ناچاربکرێن و دەربکرێن، بەڵام لە فرسەتێکدا خاوەنداری لە بوونی نەتەوەیی و پێگەی نیشتیمانەکەیان دەکەن کە کوردستان و ناوچە کوردستانییە کێشە بۆ دروستکراوەکان و بە تایبەت تر کەرکووکە.
دووەم: سەرەڕای هەوڵەکانی دەوڵەتی شۆڤێنیستی عەرەب و داگیرکەرانی تری کوردستان بۆ گۆڕینی دیموگرافی و بۆ سەپاندنی ئەو دۆخەی دەوڵەت. کورد لە ئاکتێکدا هەمووی هەڵدەوەشێنن و دەیدەن بەسەر یەکدا.
سێهەم: دەوڵەتی ئێراق و دەسەڵاتە کوردی و هێزە تورکمانییەکان، هەرچەندە هەوڵ دەدەن مێژوویی ئەم ناوچەیە بگۆڕن و دموگرافیەکەی دەسکاری بکەن و بە ناوی ئێراقی بوونی بچوککراوەوە ئەم شارە لە کوردستانی بوونی دابڕن. بەڵام کورد بە ئاکتێک یان کردەوەیەکی مێژوویی هەموو ئەو هەوڵانە پووچ دەکەنەو….
قاڵبی دەوڵەت بە بەری کورد ناکات، لەبەر ئەوەی کورد کۆمەڵگەیەکی سروشتی و کۆمەڵایەتییە و وەک نەتەوەکانی تورک، عەرەب، فارس دەوڵەت دروستی نەکردوون. بەڵکو کورد بوونێکی مێژوویی کلتورییە و خاوەنداری لە بەهاکانی مێژوویی، کلتوری، نەتەوەیی، نیشتیمانی و ڕەگەزی خۆی دەکات. هەربۆیە هێزەکانی دەوڵەت چەندە ڕێککەوتن دەکەن لەسەر جێبەجێکردنی نەخشەکانی خۆیان کورد نەک قبوڵی ناکەن و ئەگەر بێدەنگیەکیش هەڵدەبژێرن، ئەوا لە کردەوەیەکی مێژووییدا وەڵامی کۆمەڵایەتی خۆیان دەدەنەوە بە خاوەنداری لە بەها کلتورییە مێژووییەکانیان.
هەربۆیە لە سەرژمێری ئەمجارەدا، گەڕانەوەیەکی بە لێشاوی خەڵکی ناوچە کۆچپێکراو و کۆچکەرەکانمان بینی بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بۆسەرژمێری. بەهۆکاری ناکۆکی و چاوتێبڕینە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و بێخەمی ناسیونالیزمی خێڵەکی کورد لە چارەسەری کێشە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان، تئەم کردەوەیە تورکمانەکانی گرێدراو بە هێزە دەرەکییەکانی تووڕە و نیگەران کردووە! کە دەبوایەت وا نەبونایەت و ئەزموونیان لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی پەیوەندی دۆستانەی کورد و تورکمان وەرگرتایەت و بۆ پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی وەک بوونێک لەسەر خاکی کوردستاندا، پێکەوەژیانیان لەگەڵ کوردەکان و عەرەبەکاندا هەڵبژاردایەت. نەک تووشی هستیریای دژە کوردی و فاشیزم و شۆڤێنیزم ببن و بڵێن ( ئێمە لەگەڵ دەوڵەتتدا ڕێککەوتین کە کوردستانی بوونی کەرکوک ڕۆیشت) ئاخر بامنیش پێت بڵێم؛ کورد دروستکراوی دەوڵەت نییە و لە کارگەکانی دەوڵەتتدا بەرهەمنەهێنراوە تا چۆن بیانەوێت و لە چ بازاڕێکدا بخوازن هەڕاجی بکەن. کورد بوونێکی کۆمەڵایەتی ئاشتەوایە، ئەگەر هێزی بەسەر هەموو شتەکاندا بشکێت، هیچ بوونێکی تر ناسڕێتەوە. ئەگەریش هەزارەها کوشتار و فشاری لە سەر بکرێت و پیلانگێڕی لە دژ بکرێت نە قبوڵی دەکات و نە تەسلیمیشی دەبێت. بۆیە تورکمان و عەرەبەکانی ناوچە کوردستانییەکان پێویستە؛ لە چوارچێوەی پێکەوەژیان و سیتەمی خۆبەڕێوەبەریدا، شێوازێکی ژیانی نوێ هەڵبژێرن و هێندە نەبنە هۆکاری قەیران، شەڕ و کۆمەڵکوژی و دەستێوەردانی دەرەکی.
هاتنی داعش هۆکارەکەی ئەو تێگەیشتنە خراپ و دەستێوردانە دەرەکییە بوو کە بە چەند ئازار و خوێن لە ئەنجامی کاری پێکەوەییدا توانرا ناوچەکە لە مەترسییەکانی داگیرکاری و توندڕەوی توندئاژۆکان ڕزگار بکرێت. هەر ئەوەندە بکەنە بناغەی ئەزموونێکی نوێی مێژوویی و وەک شەنگاڵ سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەر بنیات بنێن، کە هەر پێکهاتەیەکی نەتەوەیی وەک کورد و عەرەب و ئەتنی وەک تورکمان و کلدۆ ئاشور تێیدا بە ئارامی گوزارشت لە خۆیان بکەن و ببنە هۆکاری سەقامگیری و ئاشتەواییەکی پێکەوەیی کە خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی بۆ ناوچەکە بێنێت و ببێتە نمونەی چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە و کۆتایی بە دەمارگیری، ڕەگەزپەرستی و توندئاژۆیی بێنێت. هەربۆیە ئەوەی دەتوانێت کۆتایی بەم ڕەوشە دژبەرییە و هستیریا دژە کوردە بێنێت، قبوڵکردنی کورد و نەترسانە لێیان لە لایەن نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی ترەوە و پێشەنگی کوردەکانیشە بۆ بنیاتنانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری و پێکەوەژیانی ئازاد و قبوڵکردنی جیاوازییەکان و گوزارشت کردنی ئازادانەی هەر نەتەوە و پێکهاتەیەک لە خۆی.
چارەسەری دۆخی کێشە و قەیران و کۆمەڵکوژییەکان بە قبوڵکردنی یەکتر و بە تایبەت داننان بە کورد و خاوەندارییە کلتوریەکەیدا دەبێت. چونکە کورد دەست لە بەها نیشتیمانی و نەتەوەییەکانیان بەرنادەن و لە هەر دەرفەتێکدا ڕیسی داگیرکەران دەکەنەوە بەخوری. هەربۆیە ژیانێکی ئاشتەوا دوور لە ڕک و کین بە پێکەوە ژیان و دوور کەوتنەوە لە سایکۆلۆژیای ناسیونالیزمی کوردی، شۆڤێنیزمی عەرەب و فاشیزمی تورکدا دەگوزەرێت. قاڵبە دەوڵەتگەراییەکان ناتوانێت کورد لە قاڵب بدات. چونکە کورد بونێکی کۆمەڵایەتی و کلتوریین. بۆ ئەوەش بوونەتە پێشەنگی ڕێکخراوی بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک.

٢٠٢٤/١١/١٩

هاوبەشی :