پشتگیریی حەوت ژنە زیندانیی سیاسی لە پەخشان عەزیزی؛ هاوکاریکردنی قوربانیانی شەڕ تاوان نییە
لە ئاریان تیڤی وەرگیراوە
حەوت ژنە زیندانی سیاسیی لە بەشی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاران، هاوبەندی پەخشان عەزیزی، ژنە ڕۆژنامەنووس و زیندانیی سیاسیی کورد کە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە گوشارەکانی سەر پەخشان و بنەماڵەکی داوای دەنگهەڵبڕینی چالاکوانان لەدژی ئەو گوشارانە دەکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:”چوون بۆ ناوچەکانی شەڕ و پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ژنان و منداڵانی قوربانیی شەڕ، سەرەڕای مەترسییەکانی مانەوە لەو ناوچانەی کە لەلایەن هێزەکانی داعشەوە گەمارۆ دراوە وەڵامەکەی سزای لەسێدارەدان نییە.”
ئەم بەیاننامەیە، کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ۱۴۰۳ (٧ی تشرینی دووەمی ۲۰۲۴) لە لاپەڕەی گۆڵڕوخ ئیرایی، زیندانی سیاسیی زیندانیکراو لە زیندانی ئێڤین، لە پلاتفۆرمی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاوکراوەتەوە، بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ قوربانیانی شەڕ تاوان نییە. بوون لە ناوچە شەڕلێدراوەکان و پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ژنان و منداڵانی قوربانی شەڕ و هەڵگرتنی مەترسییەکانی بوون لە ناوچەگەلێک کە لەلایەن هێزەکانی داعشەوە گەمارۆدرابوون، جێگەی دەستخۆشییە و وەڵامەکە سزای لەسێدارەدان نییە.
نزیکەی ساڵێکە پەیوەندیمان لەگەڵ پەخشان عەزیزی، یاریدەری کۆمەڵایەتیی و چالاکی بواری ژنۆلۆژی هەیە.
پەخشان عەزیزی دوای چەند مانگێک زیندانی تاکەکەسی و لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدان، هێنرایە بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین و لە مانگی پووشپەڕ (تەمموز)ـی ساڵی ڕابردوودا، لە دادگاییکردنێکی ساختە و فەرمایشی دا، بەبێ ئەوەی لە ڕۆژانی پێش دادگاییکردنەکەدا لەگەڵ پارێزەرێک کۆببێتەوە و بەبێ ئەوەی دەرفەتی هەبێت بەرگری لە خۆی بکات، بە تۆمەتگەلێکی ساختە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
نزیکەی پێنج مانگە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەرانی و بنەماڵەکەی بێبەش کراوە. ئێستاش کە دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە کراوە، لە مافی دیدار لەگەڵ پارێزەران و دەرفەتی ڕاوێژکردن لەگەڵیان بێبەش دەکرێت.
پەخشان ساڵانێکی زۆر لە تەمەنی خۆی لە کەمپەکانی ئاوارەکانی جەنگدا بۆ یارمەتی ئەو ژن و منداڵانەی کە لە شەڕی داعش ڕزگاریان بووە بەسەر بردووە، دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران و بۆ لای بنەماڵەکەی، لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی دەستبەسەر دەکرێن.
سەپاندنی سزای سێدارەد بەسەر توێژەری کۆمەڵایەتیدا کە یارمەتی لێقەوماوانی داعشی دەدا -کە کۆماری ئیسلامی خۆی بانگەشەی ئەوە دەکات کە دژی ئەوانە دەجەنگێت- و گوشار خستنە سەر پەخشان و بنەماڵەکەی بە زیندانیکردنی ئەو و زەوتکردنی مافە سەرەتاییەکانی، نیشاندەری قین و ڕق لێبوونێکی ئاشکرایە.
ئێمە نیگەرانین لە دەرئەنجامەکانی ئەم بڕیارە. ئێمە ئەم حوکمە وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ڕاپەڕینی ژنان لە دژی ئەو ستەمە ناڕەوانەی بەسەریاندا سەپێندراوە، دەبینین.
دەنگ هەڵبڕینی ئێوە پێش ئەوەی درەنگ بێت، کاریگەر دەبێت.
ڕەیحانە ئەنساری
گۆڵڕۆخ ئیرایی
سەکینە پەروانە
ناهید خوداجوو
نەسرین خزری جەوادی
وریشە مورادی
مریەم یەحیەویی
بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین
خەزەڵوەری ۱۴۰۳ – تشرینی دووەمی ۲۰۲۴»