بەسێ هۆزات: مادام داوای ‘ئاشتی لە ناوخۆ’ دەکەی، فەرموو لە ئیمراڵییە!

15
0
هاوبەشی :

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەسێ هۆزات پەیوەست بە سڵاوی شێفی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی لە ئەندامانی دەم پارتی بە وتنی ‘بە دوای یارییەکی نوێوەوەن’ شرۆڤەی کرد و روو لە لایەنە پەیوەندیدارەکان وتی، گەر خواست و نیازێکتان هەیە ‘فەرموون ئەوە لە ئیمراڵییە’.”

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەسێ هۆزات بەشداری بەرنامەیەکەی تایبەتی مەدیا خەبەردا هەڵسەنگاندنی بۆ ڕووداوەکانی ڕۆژەڤ کرد.

هەڵسەنگاندنەکەی هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەسێ هۆزات بەم شێوەیە:

“ساڵی ٢٦هەمینی پیلانگێڕییمان تەواوکرد، دەکەوینە ناو ٢٧هەمین ساڵەیەوە. لەسەرەتادا هێزە پیلانگێڕەکان شەرمەزار و بەنەفرەت دەکەم. بە ڕێزداری و پێزانینەوە سڵاو لە بەرخۆدانی ٢٦ساڵەی ڕێبەر ئاپۆ دەکەم بەڕاستی ڕێبەر ئاپۆ لە نێو بارودۆخێکی زۆر سەختی ئیمراڵیدا بەرخۆدانێکی بەشکۆی پێشخست. لە دەوری ئەم بەرخۆدانەی ڕێبەر ئاپۆیش بەرخۆدانێکی گەورەی گەل و گەریلا پێشکەوت. ئەنجامی زۆر گرنگ دروستبوو، بەردەوامیش دەبێت. لەم ڕووەوە خۆشەویستی و سڵاوم بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەنێرم.

لە کەسێتی شەهیدانی ‘ئێوە ناتونن ڕۆژەکانمان تاریک بکەن’دا بە ڕێز و پێزانینەوە هەموو شەهیدانی ئازادی و شۆڕشمان یاد دەکەمەوە. لە مانگی تشرینی یەکەمدا چەندین پیلانگێڕی پێکهێنران و درێژکراوەی پیلانگێڕی نێونەتەوەیین. هەروەها لە بەرامبەردا لەم مانگەدا چەندین بەرخۆدان پێشخران. ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەوڵەتی تورک هەموو داگیرکارییەکانی خۆی لە دژی سەریکانی و گرێ سپی دەستپێکرد. ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ ڕێککەوتننامەی شەنگال مۆرکرا و کە بۆ شەنگال بە مانای فەرمانێکی نوێ دێت. لە دوای ئەو ڕێککەوتننامەیەوە هێرشی سەر ئێزدییەکان زیاتر بوو. دیسان لە ١٠ی تشرینی یەکەمدا کۆمەڵکوژی گار-ی ئەنقەرە هەیە. لەم کۆمەڵکوژییەدا زیاتر لە سەدان مرۆڤمان گیانیان لەدەستدا. هەموویان بە ڕێزداری و پێزانینەوە یاد دەکەمەوە. سەدان مرۆڤ بریندار بوون، لە نێو کۆمەڵگەی تورکیادا دەرگای بە ڕووی کارەساتێکی گەورەدا کردەوە. ئەم هێرشە بە هاوکاری داعش ئەنجامدرا. دەوڵەتی تورک، ئاکەپە-مەهەپە ڕاستەخۆ بە بەکارهێنانی داعش بەشداری ئەم هێرشە بوون. وەک چۆن ئەوەی لە ڕۆژئاوادا داعشییان لە دژی کوردان بەکارهێنا، لە شەنگال لە دژی ئێزدییەکان بەکاریانهێنا، لە ناوچەکە و جیهانیشدا بەکاریانهێنا، لە تورکیادا لە دژی هێزە سۆسیالیست و دیموکراتیکەکان، لە دژی تەڤگەری ئازادی کورد، لە تورکیا و سەرانسەری جیهاندا بەکاریانهێنا.

لە مانگی تشرینی یەکەمدا بەرخۆدانی گەورە ئەنجامدرا

دیسان لە نێو ئەم مانگەدا هەڵبەتە چەندین سەرهەڵدان پێشخرا، ٦-٧ی تشرینی یەکەم لە باکوور سەرهەڵدانی کۆبانێ هەیە و بە سەدان هەزار مرۆڤ بەشداریبوون. لە ئازادکردن و ڕزگارکردنی کۆبانێدا ڕۆڵی کاریگەرییان هەبوو. دەوڵەتی تورک لەوێیش ڕۆڵی بە حیزبولکۆنترا بەخشییەوە. چەندین گروپی چەتەی ئەرکدار کرد و بە شێوەیەکی دڕندانە دەیان مرۆڤیان لێ کوشتین. دیسان لەم مانگەدا چەندین سەرهەڵدانی ژن بوونی هەیە، لە دەستپێکدا گوڵناز کارتاش، هەروەها غوربەتلی ئەرسۆز، ڕۆژین گەودا، گوڵناز ئەگە، چیچەک کورتالان، ناگیهان ئاکارسەل. لە کۆبانێ ئارین میرکان لە ساڵی ٢٠١٤دا چالاکی فیدییان ئەنجامدا و ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لە بەرخۆدانی کۆبانێ کرد، بە رۆحی بەرخۆدانی ئارین میرکانەوە کۆبانێ سەرکەوت. بەڕاستی ئەم مانگە پڕە لە شەهادەتی گەورە. هەروەها پلانی هەڵوەشاندنەوەی ٣٠ی تشرینی یەکەمیش لەم مانگەدا پێکهێنرا. مانگی تشرینی یەکەم مانگێکە هەم پڕە لە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی، پیلان و هێرش، هەمیش مانگێکە بە تێکۆشانی گەورە لە دژی پیلانگێڕی تێپەڕییوە.

ڕێبەر وەک هەڕەشەیەک بیندرا

هەڵبەت پەیوەست بە پرسیارەکەی ئێوەش؛ پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا لە دژی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە پێکهێنرا. ڕێبەر ئاپۆ لەلایەن هێزە نێونەتەوەییە هەژموونخوازەکانەوە وەک ئاستەنگییەکی گەورە دەبینرا. دەستوەردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بابەتی باسوخواس بوو. هەرخۆی ئەم دەستوەردانە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەستپێکرابوو، هاوکات دەستپێکی کاتی شەڕی سێهەمی جیهانییە. یانی بە هەڵوەشاندنەوەی سۆڤییەت جەنگی سێهەمی جیهانی دەستپێکرد، لە دوای هێرشەکانی سەدام حوسەین بۆ سەر کۆیت دەستوەردانەکانی ئەمریکا بە سەختی بەردەوام بوو. پیلانگێڕی نێونەتەوەییش لە قۆناغێکی کاریگەری شەڕی سێهەمی جیهانیدا پێشخرا، ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ قۆناغێکی کاریگەر بوو. لەو پرۆسەیەدا بە هێزترەوە دەستوەردانەکان لە دژی عێراق لە ڕۆژەڤدا بوو، ئامادەکاری بۆ تەسفییەکردنی سەدام دەکرا. هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتداری سەدام لە ئامانجدا بوو، دەستوەردان لە ئەفغانستان لە ڕۆژەڤدا بوو. هەموو ئەم دەستوەردانەنانە کە لەدژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پلانی بۆ دارێژرابوو لە ڕۆژەڤدا بوون. ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری پەکەکە لە پێش ئەو پلانانەدا وەک ئاستەنگ دەبیندرا. چونکە لە ناوچەکەدا تێکۆشانێکی گەورە بە پێشەنگایەتی پەکەکە بەڕێوەدبردرا، تێکۆشانی ئازادی کورد و گەلان هۆشیاری و ڕووناکی ئاشکرا دەکرد. هەڵبەتە بۆ ئەمەش گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە لە تێکۆشانێکی گەورەدا بوون. لە سەرانسەری ناوچەکەدا کاریگەرییەکی گەورەی درستکردبوو. ئەمەش وەک ئاستەنگی، ترس و هەڕەشە دەبیندرا. بۆیە لە بەرانبەر ڕێبەر ئاپۆ پیلانگێڕییەکی لەم شێوەیە پێکهێنرا. بەم شێوەیە لە کوردستاندا رێگە لەبەردەم هێڵی هاوکاری-خیانەت کرایەوە. دەخوازرا ئەم هێڵە لە کوردستاندا سەروەربێت. هێزە هەژموونخوازەکان ویستییان سود لەمە وەربگرن، لەم ڕووەوە پیلانگێڕییەکی لەم شیێوە پێشخرا.

پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ پیلانگێڕی تێکشکاند

هەڵبەتە لە دژی ئەم پیلانگێڕییە تێکۆشانێکی گەورە پێشخرا. لە هەموو جێگەکان بە هەموو تەمەنەکانەوە، لە هەر چوار پارچەی کوردستان گەلەکەمان هەستایە سەرپێ و بەدەیان مرۆڤ چالاکی فیداییان ئەنجامدا. لە ساڵانی دواتردا پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ ئەم پیلانگێڕییەی بەتاڵکردەوە. ئەو تەڵەیەی لەسەر گەلان دانرابوو ئاشکراکرد. بە ئاشکراکردنی ئەو پلانانە و بەتاڵکردنەوەی پیلانگێڕی، تێکۆشانی ئازادی لە کوردستان و ناوچەکەدا کاریگەرییەکانی زیاتر بوو، تەڤگەر گەورەتر بوو. وەک دەرنجامیش شۆڕشی ڕۆژئاوا پێکهات. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا رێگەی بۆ شۆڕشی دیموکراتیکی کردەوە. لەم ڕووەوە زەمینەیەکی بەهێز بونیادنرا. لە کاتێکدا دۆخەکە ئاوا پێچەوانەبووەوە، پیلانگێڕی نێونەتەوەیش بە نوێکردنەوەی خۆی بەردەوام بوو. یانی ئەم هێرشانە بەردەوام بوو، یانی لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ەوە بەتایبەت بۆ ئەوەی پەکەکە لەناوخۆیدا تەسفییەببێت، ویسترا هێڵێکی هاوکاری و خیانەت پێشبخرێت. لەو سەردەمەدا لەگەڵ چەند کەسێکدا کە لە ناو پەکەکەدا بوون چاوپێکەوتنیان کرد و بەم شێوەیە ویستییان پەکەکە تەسفییە بکەن. هێڵی خیانەتی ناوخۆیی و تەسفیەگەرای لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ەوە پێشکەوت. لە ساڵی ٢٠٠٣دا خواسترا لەناو تەڤگەردا کودەتایەک پێکبهێنن و بەم شێوەیە تەڤگەر بەدەستبخەن. سەرکێشی ئەمەش ئەمریکا، ئاکەپە و پەدەکە کردی. بۆ ئەوەی ئەم هێزە لەناوەوە دەستوەردانی پەکەکە بکەن، کەوتنە ناو هاوکارییەوە. هەڵبەتە ئەمەش بەتاڵکرایەوە. لە دژی ئەمەش ڕێبەر ئاپۆ، تەڤگەرمان و گەلەکەمان تێکۆشانێکی بەهێزی بەڕێوەبرد. تەسفیگەرایش لەناوبردرا و پوچەڵکرایەوە.

پەدەکەش لەسەرەتاوە لەناو پیلانگێڕییدا بوو

هەرخۆی پەدەکە هەر لەسەرەتاوە لە نێو ئەم پیلانگێڕییەدا بوو. هێزە ئیمپرالیستی و سەرمایەدارەکان ڕۆڵێکی وایان دا بە پەدەکە و خواستییان هەموو کوردان بخەنەژێر کۆنترۆڵی هێڵی خیانەت-سیخوڕی. تورکیاشیان کرد بە مۆدێل و خوستییان لە ڕێگەی تورکیاوە دەستوەردانی لە هەرێمەکەدا پێكبهێنن. بۆیە بە پیلانگێڕییەک ڕێبەر ئاپۆیان گرت و ڕادەستی تورکییان کرد. بەڕاستیش پیلانگیڕییەکی زۆر قێزەونییان لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا لە دژی گەلی کورد و گەلانی هەرێمەکە پێکهێنا. وەک ئەوەی وتم، بەو بەرخۆدانەی کە ڕێبەر ئاپۆ لەناوەوەدا پێشیخست، پرۆژەی چارەسەری، پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک، پرۆژەی سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک لەسەر بنەمای ئازادی ژن بە تەواوەتی پیلانگێڕی بەتاڵکردەوە. لەبەرئەوە ئامانجی ئەم پیلانگێڕییە لەناوبردنی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بوو، بە تەواوەتی تەسفییەکردنی پەکەکە بوو، گەلی کوردیش دواچاری قڕکردنی گەورە بکرێتەوە. بەڵام نە ڕێبەر ئاپۆ لە ڕووی جەستەییەوە لەنابردرا، نە پەکەکەیش تەسفیەکرا، نەک وەک ئەوەی پێشبینیان دەکرد گەلی کورد بە قڕکردنی گەورە تێپەڕبکرێت. هەر بۆیە ئەم پیلانگێڕییە بە بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ، گەریلا، گەل و ژنان بەتاڵکرایەوە. دەتوانین بەم شێوە دەستنیشانی بکەین.

پیلانگێری دەستەوەردان بوو لە لێگەڕینی چارەسەری ناوخۆیی تورکیا

هەڵبەتە ئەمەش زۆر بە کاریگەر بوو. لە قۆناغی پەرەسەندنی پیلانگێڕییدا، ئاگربەستی یەکلایەنەی ڕاگەیاندبوو. دوای چارەسەری پرسی کوردی لە ناو تورکیادا کردبوو. لەم ڕووەوە ڕاگەیاندراوێک درابوو، هەڵبەت ئەم ڕاگەیاندراو، ئەم لێگەڕینە خۆبەخۆ پێشنەکەوتن. لەناو سوپای تورک، لەناو دەوڵەتی تورکیشدا هەندێک هەوڵدان و لێگەڕینی بۆ چارەسەری پرسی کورد هەبوو. پەیوەیست بەمەشەوە پەیام لە ڕێبەرێتیمانەوە درا. ڕاگەیاندنی ئاگربەستیش لەسەر ئەم بنەمایە بوو. لە ناو دەوڵەتی تورکدا، لایەنێکی سوپا سەرکێشی ئەمەی دەکرد، لە ناو سوپاشدا هەندێک جەنەراڵ سەرکێشی کرد، دەیانویست کێشەکانی کورد لەسەر ئاستی سیاسی چارەسەر بکەن. ڕێبەرێتیش لەسەر بنەمای دەرفەت پێدان بڕیارێکی ئاوای ئاگربەستی دا. بۆیە لە ڕاستیدا لەوکاتەدا پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دەستوەردان بوو لە هەوڵدانێکی لەو شێوەیەیی ناو دەوڵەتی تورک. قۆناغی گۆڕینی ستراتیژی و پارادیگما لە ڕاستییدا لە ناو ساڵانی ٩٣-٩٥ دەستیپێکرد، بەڵام قۆناغی هەر کاریگەی ساڵی ٩٨ بوو. دیموکراتیکبوونی تورکیا لە سودی هێزە هەژموونخوازەکان نەبوو. هەموو ئەو هەوڵانەیان وەک ئاستەنگی و هەڕەشە دەبینی. گەر لە تورکیادا شەڕ کراوەتربێت، ئەو کاتە دەتوانن بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاری بهێنن، بتوانن زۆر بە ئاسانی کوردان بەکاربهێنن، بەوشێوازەی دەیانەوێت بیخەنە خزمەتی خۆیەوە. بوونی شەڕیان لە هەرێمەکەدا بە گونجاوتر دەبینی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان، بەم شێوەیە بە ئاسانتر بتوانن بەرژەوەندییەکانی خۆیان فەراهەم بکەن. یان لە سەردەمی بوڵند ئەجەڤیتدا هەندێک جەنەراڵ لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا چاوپێکەوتنیان کرد. یانی ئەوکاتە بۆ چارەسەری پرسی کورد هەوڵدان و لێگەڕین هەبوو.

پیلانگێڕیی نوێدەکرێتەوە و درێژەی پێدەدرێت

بەڵام دواتر لە ١١ی سێپتەمبر (ئەیلول)ی ٢٠٠١ دوای هێرشی قاعیدە بۆ سەر ئەمریکا، دەستوەردان لە ئەفغانستان هاتە ئاراوە. لە هەموو جیهان هێرش لە دژی تیرۆریزم دەستیپێکرد. تورکیا ویستی سود لەوە وەربگرێت و بیقۆزێتەوە، هەربۆیە بەتەواوەتی کۆتایی بەو پرۆسەیە هێنا. واتە بە تایبەتی لە سەردەمی ئەجەڤیتدا، لەو رووەوە گەڕان و پەیجوری هەبوو. واتە بەدواداچوون و گەڕانی جددی هەبوون. دواتر خۆی لە خۆیدا ئەو دیدارانە راگیران و ئەجەڤیتیشیان لە سەرکار لادا و لەبری ئەو ئاکەپەیان هێنا. دوای ئەوەش تا دەهات ئاکەپە سیاسەتێکی لیبراڵی دەگرتەبەر کە بەم جۆرە هەمووان دەکاتە بەردەنگ. خۆی دوای ئەوەی بەتەواوەتی بەسەر دەوڵەتدا زاڵ بوو سیاسەتی قڕکردنی خستەکار. لە ساڵی ٢٠١٤شدا پلانی روخاندنی گرتەبەر. دوای ٩ی تشرینی ١٩٩٨ پیلانگێری بەردەوام خۆی نوێکردەوە و بەم جۆرە بەردەوامبوو، هێرشی هەمەلایەنەی قڕکردن بەردەوام بوون. لەدژی ئەوە هەڵبەتە بەرخودانی گەورەش پێشخرا، ناوەندی ئەو بەرخودانەش بە دڵنیاییەوە رێبەر ئاپۆ بوو. پیلانگێری نەگەیشتە ئەنجام و سەرکەوتوونەبوو. بەرخودان و تێکۆشان پیلاگێری پوچەڵکردەوە.

هەڵمەتی ئازادی بووە مایەی رۆشنگەری

ئەو هەڵمەتەی بە پێشەنگایەتی دۆستانمان دەستیپێکرا و ساڵێکی پڕکردووەتەوە، زۆر خەباتی بەنرخی تێداکراوە. ژمارەیەکی زۆر کۆنسێرت، کۆربەند، کۆنفڕانس، سمینار سازکراون، پارێزنامەکانی رێبەرایەتی دەخوێندرێنەوە، رێپێوان سازدەکرێت، هەروەها لەلایەنی یاساییەوە چەندین کار و خەبات کراون، نامە نێردراون، راگەیەندراوی ئەو دامەزراوانەی نامەیان بۆ نێردرابوو، بڵاوکرانەوە، ٦٩ براوەی خەڵاتی نۆبڵ بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کرد. نامەیان بۆ رێکخراوە پەیوەندیدارەکان نارد. بەشداربوونی سەندیکاکان هاتەئاراوە، لە بەریتانیا ولە سکۆتلاند و لەم دووایەشدا لە ئیسپانیاوە، واتە لە زۆر ناوچەی جیهانەوە چەندین چالاکی ئەنجامدران، بیرۆکە و پارێزنامەکانی رێبەرایەتی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. بەراستی ئەوەش رێگەی لەبەردەم رۆشنگەرییەکی بەرچاوکردەوە. بووە مایەی ئەوەی ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ بناسێندرێن. لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی خاوەنداریی بەرفراوان لە پرسی ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ کرا. هەڵمەتی ‘ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ، چارەسەری بۆپرسی کورد’ بەجیهانیبوو.

ئەمەش ئەنجامێکی زۆر گرنگی بەدوای خۆیداهێنا. لە ئەنجامی ئەم خۆڕاگری و تێکۆشانە، کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا کۆبووەوە و بەمەبەستی ڕاستکردنەوەی سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەدان لە ئیمراڵی، بۆ نەهێشتنی ئەم دۆخە تاوانکارییە مۆڵەتی ساڵێکیان بە تورکیا دا. ڕاشیگەیاند، بە پێچەوانەوە بڕیاری سەرەکی جێبەجێ دەکرێت. بێگومان ئەمانە هەموویان لە ئەنجامی ئەم تێکۆشانە هاتنە ئاراوە. ئەمانە وەک پێویست گرنگ بوون. لەم قۆناغەی ئێستا پێی گەیشتووین، هەڵمەتەکە یەک ساڵەی خۆی پڕ کردووە. دەستپێشخەری ‘ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەر بۆ پرسی کورد’ پێدەنێتە ساڵی دووەمەوە. بێگومان هاوڕێکانمان کە دەستپێشخەرییان کردووە، هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ساڵە دەکەن، دوورنما و پلان بۆ ساڵی داهاتوو دادەڕێژن. ئێمە پێمان وایە ساڵی داهاتوو پلانێکی زۆر بەهێزیان دەبێت.

گرنگترین قاچ و کۆڵەکەی ئەم هەڵمەتە کوردستانە، تێکۆشانێکی کۆمەڵایەتییە، تێکۆشانێکی سیاسییە، تێکۆشانێکی دیپلۆماسییە، تێکۆشانێکی یاساییە. لە ماوەی ڕابردوودا تێکۆشان بەو ئاراستەیە گەیشتووەتە ئاستێک. لە باکووری کوردستان ڕێپێوانەکانی ئازادی، چالاکیەکانی دەنگ بدە و چالاکییەکانی ئێشکگریی دادپەروەری بەرەوپێشچوون، لە کۆلن ڕێپێوانێک هەبوو. ئێستا پلانی مانگی تشرینی دووەم دووبارە ئامادەکراوەتەوە. لە ١٣ی تشرینی یەکەمدا گردبوونەوەیەک لە ئامەد هەیە و خەباتێکی هاوشێوە لە ئەستەنبوڵیش پلانی بۆ دانراوە. هەموو ئەمانە گرنگ و واتادارن. لە ڕۆژاوا گەل هەمیشە لە بەرخۆداندان. هەرچەندە لە هەندێک ناوچەدا رۆتینی و لاوازیش بێت، بەڵام لە چوار پارچەی کوردستان تێکۆشانێکی بەردەوام هەبوو. بێگومان بەرخۆدانی گەریلا بەشێکی گرنگ بوو. لە یەک ساڵدا گەریلا بەرخۆدانێکی زۆر بەهێزیان ئەنجامدا و چالاکی زۆر بەهێز بە ئەنجام گەیشتن. لەم قۆناغەدا رۆڵی یەژاستار یەکلاکەرەوە بوو و هێزەکانی یەژاستار چالاکیی زۆر بەهێزیان ئەنجامدا.

بەرخۆدانی کۆمەڵایەتی دەبێت بەردەوام بێت لە گەشەکردن

بە بۆنەی دووەمین ساڵوەگەڕی هەڵمەتەکەوە سڵاو و ڕێزی خۆمان ئاراستەی هەموو دۆستان، گەل، وڵاتپارێزان و گەریلاکانی ئازادیی کە بە ڕێز و دڵسۆزییەوە پەرەیان بە هەڵمەتەکە دا دەکەین. لەو باوەڕەدام کە پرۆسەی داهاتوو زۆر سەرکەوتوو دەبێت، ڕاستە ئەنجامە گرنگەکان بەدەست هاتوون، بەڵام هێشتا پرۆسەکە تەواو نەبووە. چونکە مەبەست لەم هەڵمەتە ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کوردە. لەم کاتەدا ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی جەستەیی ئازاد نەکراوە و پرسی کورد لە ڕووی سیاسی و دیموکراسیەوە هێشتا بێ چارەسەر ماوەتەوە. هاوکات شەڕی جینۆساید بەشێوەیەکی سەرتاسەری بەبێ پچڕان بەردەوامی هەیە.

بەم مانایەوە هەڵمەتەکە دەچێتە ساڵی دووەمی خۆیەوە، پێویستە لە ساڵی داهاتوودا بە هێزێکی زیاترەوە لەسەر بنەمای ئەو زەمینەیەی کە بەدەست هاتووە بەردەوام بێت و دەبێ و بە دڵنیاییەوە سەربکەوێت. من لەوباوەڕەدام.

ئەمساڵ ئەنجام و دەستکەوتی زۆر گرنگ بەدەست هاتن. ڕێبەر ئاپۆ بوو بە ڕێبەرێکی جیهانی و لە سەرانسەری جیهاندا پشتیوانییەکی زۆر بەهێزی لێکرا. پێویستە لەسەر ئەم بنەمایە، بەهێزتر پەرە بە هەڵمەتەکە بدەین. دەبێت بەرخۆدانی کۆمەڵایەتی لە هەموو شوێنێکدا بەردەوامی بێت و بەبێ پچڕان لە گەشەکردندا بێت.

بەرخۆدانی کۆمەڵایەتی لە تێکۆشانی یاسایی، سیاسی و تێکۆشانی دیپلۆماسیدا کاریگەرییەکی زۆری دەبێت. گەلەکەمان ئەمە دەبینێت و لێی تێدەگات. دبێت باکوری کوردستان و تورکیا وردە وردە ببنە ناوەندی تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و گەشە بکەن. چونکە ناوەندی هێرشە کۆمەڵکوژییەکان باکوری کوردستانە و بەشێوەیەکی سەرتاسەری بەڕێوە دەچێت. ناوەندی ئەم کۆمەڵکوژییە باکوری کوردستان و بە تایبەت زۆر بەچڕی لە ئیمرالی شەڕی تایبەت دژی گەلی کورد بەڕێوە دەچێت. هێرش دەکرێتە سەر زمان، کولتوور و سروشتی کوردستان. لە ڕێگەی مادەی هۆشبەر و لەشفرۆشییەوە لەدژی گەنجان سیاسەتی جینۆساید بەڕێوە دەچێت. هەروەها لە دژی ژنانی کورد و منداڵانی کورد هەمان شت دەکرێت. نموونەی نارین ڕوونە لە پێش چاوە. کەواتە هێرشێکی زۆر چڕ و سەرتاسەری لە ئارادایە.

بەم مانایە پێویستە گەلەکەمان لە باکور کوردستان و هێزەکانی دیموکراسی تورکیا بە هێزەوە بەشداری هەڵمەتەکە بن و دژی هێرشەکانی شەڕی تایبەت لە هەموو شوێنێکدا پەرە بە بەرخۆدانی خۆیان بدەن.

ئەمەش بۆ ڕۆژئاواش یەکێکە. ڕۆژئاوا دەبێ بتوانێ بە خێراییەوە پەرە بە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی خۆی بدات. ڕۆژئاوا زیاتر لە نان و ئاو پێویستی بەم شتەیە. لە سەر ڕۆژئاوا ‌هێشتا ھەڕەشە بەردەوامە. شۆڕشی ڕۆژئاوا لە مەترسییەکی گەورەدایە. بەدڵنیاییەوە دەوڵەتی تورک بەنیازە ئەو ناوچانەی کە لە ڕۆژئاوا ماون، بە پێ دەرفەت بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. لەم ڕوانگەیەوە دەبێ گەلەکەمان بەرخۆدانێکی ىێ وێنە نیشان بدات. ئەم بەرخۆدانە تەنیا بە هاتنە سەر شەقام و ڕێپێوان بە دی نایەت. پێویستە گەلەکەمان لەسەر بنەمای خۆپاراستن لە تەمەنی حەوت تا حەفتا ساڵییەوە بۆ هەر ئەگەرێ بەڕێکخستن بکرێت و بتوانێت بەرگری لە خۆی بەهێز بکات. تەنانەت دەبێت یەک کەسی بەبێ ڕێکخستنی، بە بێ پاراستن لە هیچ شوێنێک نەمابێت و لەو چوارچێوەدا تێکۆشان بەرز بکرێتەوە.

هیچ گۆڕانکارییەک بەبێ تێکۆشان بەدەست نایەت

لەگەڵ ئەم ململانێیە یاساییەدا گرنگی بە خۆیەوە دەبینێت. ساڵی پار ئەمەمان بە ڕوونی بینی. تێکۆشان لەم ئاراستەیەدا لە ماوەی هەڵمەتەکەدا کاریگەری و ئەنجامێکی بەرچاوی هەبوو. بێگومان دەبێت بە چڕی ئەم تێکۆشانە درێژە پێبدەین. ئەنجوومەنی ئەوروپا و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و CPT و ئەو هێزانەی داڕێژەری پیلانەکەن هەموویان لەم سیاسەتە کۆمەڵکوژییانەدا هاوبەشن. بەتایبەتی بەرپرسیارن له سیستەمی ئەشکەنجه و گۆشەگیریی ئیمرالی.

لەم ڕوانگەیەوە، دەبێت بە چڕی تێکۆشانی یاسایی، سیاسی، دیپلۆماسی و تێکۆشانی کۆمەڵایەتی لە دژی ئەم هێزانە بەردەوام بێت و ئەنجامەکان بە دەست دەکەوێت، بەوشێوەیە ناچاریان دەکەین یاساکان جێبەجێ بکەن. هاوکات پێویسته ڕێککەوتننامه نێونەتەوەییەکان جێبەجێ بکەن و حکومەتی تورکیا ناچار به جێبە جێکردنی یاساکان بکەن، ئەمەش بە تێکۆشان دەکرێت چوونکە هیچ دەستکەوتێک بە بێ تێکۆشان بەدەست نەهاتووە.

تورکیە لە ناوچەکەدا لە هەوڵی هەژمونی خۆیە

شەڕ بە هەموو هێزەوە بەردەوامە. بەڕاستی شەڕێکی چڕ و بەربڵاو لە ئارادایە. هێرشی زۆر چڕ و بەرخۆدانێکی بەرز و بەهێز لە ئارادایە، بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای زاپ. مەتینا، خواکورک و خنێرە بەرخۆدان و چالاکییەکانی گەریلا زۆر بەهێزەوە لە ئارادایە.

دەوڵەتی داگیری تورک پلانی هەیە هەموو ئەو ناوچانە داگیر بکات و وردە وردە دەسەڵاتی خۆی بەسەر باشوردا دەسەپێنێ. بەردەوام وتوومانە؛ ئەم حکومەتە بە داگیرکاری و لکاندنی باشور کوردستان و ڕۆژئاوا و گەیشتن بە سنوورەکانی پەیمانی میساقی میللی هەوڵ دەدات هەژموونی خۆی بەسەر عێراق و سوریادا دابمەرزێنێ. ئامانجی ئەوەیە ببێتە خاوەن هەژموون لە ناوچەکە. ئەمە ستراتیژی و سیاسەتی بنەڕەتی حکومەتی تورکیایە. داگیرکردنەوەی سنوورەکانی میساقی میللی لەسەر بنەمای جینۆسایدی کورد و چەسپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکە ستراتیژی سەرەکی ئەوانە. لەم ڕۆانگەوە بە بەردەوامی درێژە بەم شەڕە دەدات.

دەوڵەتی تورک بچێتە هەر شوێنێک لەوێ شەڕ دەست پێدەکات. ئێستاش هەر وەک خۆیەتی. ٤-٥ ساڵە هێزێکی زۆری لەسەر هەندێک ناوچە جێگیر کردووە، تەکنیکێکی زۆری کۆکردۆتەوە، لە ئاسمان و زەوینەوە هێرش دەکات، مادەی کیمیایی بەکاردەهێنێت، هەموو شتێکی قەدەغە بەکاردەهێنێت. بەڵام بەرخۆدانێکی مەزن لە تونێلەکانی ئەو ناوچانە بەرێوە دەچێت. لە ئێستادا دەوڵەتیی داگیرکەری تورک هیچ جۆرە دەسەڵاتێکی لە ڕۆژئاوای زاپ، مەتینا، خاکورک و خنێرە نییە. لێرەدا دۆخێکی بەتەواوی شەڕ لە ئارادایە. هاوکات بەرخۆدانێکی گەورەی گەریلاش هەیە. لەسەر ئەم بنەمایە یادی هەموو ئەو هەڤاڵانەی لەو بەرخۆدانانەدا شەهید بوون بە ڕێزداریی و منەتەدارییەوە بەبیر دێنمەوە. هەروەها سڵاو و حورمەت ئاراستەی هەموو ئەو هەڤاڵانەمان دەکەم کە بە درێژایی هێڵی بەرخۆدان بە شێوەیەکی فیدایی بەرەنگاری دوژمن دەبنەوە و درێژە بە تێکۆشانیان دەدەن.

پەدەکە لە هێرشە داگیرکاری و دابڕاندنی باشوورەوە لەم شەڕە کۆمەڵکوژییانەدا بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداری دەوڵەتی تورکە. بۆ نمونە لە ئێستادا بازرگانانی پەدەکە لە دهۆک، ئامیدی و زاخۆەو لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕێککەوتوون و لە هاوکارییەکی چڕدان و خەریکی دروستکردنی شوێن و جادە و بنکەن بۆ سوپای تورک. وەک پڕۆژەی بازرگانی لە هەموو بوراێکەوە، زانیاری و هەواڵگری، پشتگیری لۆجستی و هتد لە بەردەوامن لە هاوکارییەکانیان. سەرجەم هێرشەکان بە پشتیوانی چالاکانەی پەدەکە ئەنجام دەدرێن. لە ڕاستیدا ئێستا لە دۆخی خیانەتدا نوقم بووە.

هیچ متمانەیەک بۆ حکومەتی عێراق نەماوە

هێرشەکان دوای ڕێککەوتنی عێراق و پەدەکە و تورکیا چڕتر بوونەوە. پێشتر هێرشی توند دژ بە خەڵکی مەدەنی ئەنجامدراوە. عێراق بە بەشداریکردن لەم هێرشانە و سیاسەتی داگیرکاری و دابڕاندنی خاکی باشوور و فراوانخوازییەکانی دەوڵەتی تورک، بە کرداری لەبەرچاوی وڵاتانی جیهاندا شەرعییەتی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا و بوو بە هاوبەشی. دەوڵەت و حکومەتی ئێستای عێراق لە لایەن گەلی کورد، عێراق و گەلانی هەرێمەکەوە که هیچ پێگە و متمانەیەکی نەماوە. بەو کردەوەیە گەورەترین زیانی بەگەلی عێراق گەیاند. هەروەها بووە هۆی تووڕەیی و ڕق و کینەیەکی زۆر لای گەلی کوردەوە.

ئێستا وەک دیارە نائارامی عێراقی گرتووتەوە. مەیل و لایەنی جیاواز لە ناو حکومەتدا سەری هەڵداوە. دیارە بەم شێوەیە ئەم حکومەتە ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ خۆی ڕابگرێت. ئەوان زیانێکی گەورەیان بە گەلی کورد و کۆمەڵگای عەرەبی گەیاندووە. ئەڵبەت لە هەموو شوێنێک لە دژی ئەمە هەم لە باشوری کوردستان و هەم لە باکوری کوردستان تێکۆشان بەردەوامە. شەڕ بە هەموو هێزەوە بەردەوامە. بەرخۆدانێکی گەورەش لە ئارادایە، هاوکات شەهیدبوونیش ڕوودەدات.

داگیرکارییەکانی ئیسرائیل و داگیرکارییەکانی تورکیا کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکە دەکەن

لە ئێستادا جەنگی جیهانی سێیەم بە تەواوی لە ناوچەکە بەڕێوە دەچێت. شەڕ وردە وردە قوڵتر و فراوانتر دەبێتەوە. هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و غەززە نابێت تەنیا بە غەززە و لوبنان ببەسرێتەوە. هێرشەکانی داگیرکاری تورکیا بۆ سەر کورد و کۆمەڵکوژییەکانی نابێت تەنیا بە کورد و کوردستانەوە ببەسرێتەوە بەڵکوو کاریگەری لەسەر هەموو ناوچەکە هەیە.

ئەم جەنگە جەنگێکی جیهانییە و ناوەندەکەی لێرەیە. لە ئێستادا جەنگی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تادێت چڕتر و قووڵتر دەبێتەوە. دەبێت بەم شێوەیە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. زلهێزەکان، ئەمەریکا، بەریتانیا و ئەوروپا لە پشت ئیسرائیلن. ئیسرائیل به پشتیوانی ئەو هێزانەوەیە هێرشەکانی دەست پێکردووە. لە ڕاستیدا، چەمکێک و ستراتیژییەک جێبەجێ دەکرێت. بەڵام لە ئێستادا، ئیسرائیل جێبەجێکاری هێرشەکەیە. دەبێت بەم شێوەیە ببینرێت. ئامانجی ئەو هێرشانەش ئێرانه. ئەم دۆخە ئێران و ڕژێمی ئێران دەکاتە ئامانج. لەم ڕووەشەوە ئیسرائیل بە پشتیوانی ئەمریکا و بەریتانیا و ڕۆژئاوا وردە وردە کاریگەری و هێزی خۆی لە ناوچەکەدا پەرە پێ دەدات، هێزە هەژموونخوازەکان هەوڵ دەدەن ناوچەکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و خۆیان سەر لەنوێ دابڕێژنەوە.

تورکیا و ئێران گورزیان بەرکەوت

بەڕاستی حیزبوڵا گورزی قورسی لێی دراوە. گورزێکی کوشندەی بەرکەوتووە. بێگومان هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی ئەستەمە، بنکەیەکی کۆمەڵایەتی جددی هەیە. بەڵام ڕوونە کە گورزێکی قورسی لێی دراوە بەو مانایە لە ئێرانیش دراوە. هەروەها حەماس گورزێکی کوشندەی بەرکەوتووە. لێدانی حەماسیش بە لێدانی تورکیا دەبینرێت. لە هەمان کاتدا گورزێکە لە ئێرانیش دراوە.

بە دڵنیاییەوە تورکیە لە پشت هێرشەکەی حەماسەوەیە کە لە ٧ی تشرینی یەکەم بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدرا. تورکیە ڕۆڵی گەورەی بینی لە پەرەپێدانی هێرشێکە، لەسەر بنەمای تێکدانی پرۆژەی ڕێڕەوی وزە کە لە هێندوستانەوە تا ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی، قوبرس و ئەوروپا بەردەوام دەبێت. هێزەکانی دیکەش ڕۆڵیان هەبوو. بەڵام تورکیا ڕۆڵێکی زۆر بەرچاو و یەکلاکەرەوەی هەبوو. دوای ئەوە ویستی لە ڕێگەی حەماسەوە بچێتە ناو هاوکێشەکەوە. دواتر هەموو شتێکی کرد بۆ بەرقەرارکردنی ئاگربەست. هیچ کام لە هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون.

هاوبەشی :