ئێراق و شەڕی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست

14
0
هاوبەشی :

ئێراق و شەڕی
ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست

نوسینی: عادل عوسمان

ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست گڕی گرتووە. ئاگری شەڕ ھەموو جێگەیەکی گرتووەتەوە، کەس لە خۆی دڵنیا نییە. نازانن ئەمڕۆ تا بەیانی چیی ڕوو دەدات. ئاگرەکەی ئەوەندە گەرمە زۆرێکی ھەڵقرچاندووە و کردووە بە قەرەبرووت. ئەم شەڕە لە ساڵی ١٩٩٠ ی سەدەی ڕابردووەوە بە ھۆی داگیرکردنی ئێڕاقەوە بۆ کوێت دەستی پێکرد. یەکەمین پڕیشکی شەڕ سەدام حسەین بە داگیرکردنی کوێت لێیدا و سەری خۆی تێدا بە خواردندا.

ئەو شەڕە، شەڕی سێھەمی جیھانییە، ھەندێک لە تەنگبیرییانەوە لێی تێناگەن و بە و دەربڕینە تەنگاو دەبن.
ھەرچی بێت ئەمریکا بۆ ئەو شەڕە لە ڕوژھەڵاتی ناوەڕاستدا پڕۆژەیەکی ھەبوو، بە ناوی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی گەورە بوو. کە بە بۆچوونی خۆیان ھێنانی دیموکراسی بوو بۆ ناوچەکە، لە بەرامبەر بە سیاسەتی دیکتاتۆرییانەی ڕژێمە دیکتاتۆریەکان. بەڵام ئەم پڕۆژەیەی ئەمریکا تووشی لە دژ وەستانەوە ھات. لە لایەن دەوڵەت نەتەوە داگیرکەر و نۆکەرەکانی ئیمپریالیزمی جیھانییەوە. یەکێک لە ئاستەنگیەکانی ئەو پڕۆژەیەش تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد و ڕێبەرایەتیەکەی بوو. ھەربۆیە ھێزە ھەژموونگەراکانی جیھانی و دەوڵەتە گرێدراوەکانیان کەوتنە پیلانگێڕی لە دژی بەڕێز ئۆجەلان، بە نیازی ڕێگە خۆشکردن بۆ سەرخستنی پڕۆژەکەیان.
بەڵام دژ وەستانەوەی دەوڵەت نەتەوەکان و بە تایبەت دەوڵەتە داگیرکەرەکانی سەر کوردستان کاریگەری خراپی ھەبوو بۆ سەر ئاستەنگکردنی سیاسەتەکانی ئەمریکا. ئەگەر ھاتنە ناوەوەی ڕوسیا و چینیشی بخەینە سەر ئەوا شەڕەکە و ئاستەنگیەکان قورستر دەبن. ھەربۆیە دەوڵەتی تورک و ئێران سەرکێشی
بەڕێوەبردنی ئەو دژ وەستانەوەیەیان دەکرد. لە ڕێگەی ھێزە دەستکرد و پرۆکسیەکانەوە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستییان کردە گۆمی خوێن و گەلانی خۆشیان کردە قوربانی خواستە داگیرکاری و لەسەر پێمانەوەیان. بۆیە ئێران و تورکیا لە ڕێگەی حیزبە توند ئاژۆکانی وەک حەماس، حیزبوڵڵاکان، داعش، بەرەی نوسرە، قاعیدە و دەیان ھێزی گرێدراوەوە دەستێوەردانی گۆڕەپانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیان کرد.
لەو سەری ئەفریقاوە، تا کەنداو و تا قەفقاسیا گۆڕەپانی دەستێوەردانی ئەو دوو دەوڵەتە و ھاوکارەکانیان بوون. ئەمریکا لەو دۆخە تێگەیشت، ھەربۆیە شەڕەکەی بە ئاستی یەکلاکردنەوە گەیاندووە و ئاگری لە ھەمووان بەرداوە. بۆ ئەوەش چەند پڕۆژەیەکی ڕێگەی بازرگانی و ووزەی ھەیە و دەیەوێت بە بڕیارەوە بە سەرکەوتنیان بگەیەنێت. ئەگەر لەوە پێش ئێران و تورکیا و بە تایبەت تر تورکیا لە ناو پڕۆژەکانی ئەمریکادا جێگەیان دەگرت و نازیان دەکێشا. ئەوا ئێستە جیاوازە.
دەوڵەتی تورک، ئەرکی لە ناو بردنی گەلی کوردی پێ سپێردرابوو. بۆیە نازیشی دەکێشرا و وەک دەوڵەتێکی ناوچەیی پێگەی وڵاتێکی زلھێزی ناوچەیی وازی دەکرد. بە ھۆی ئەو زلھێزیەیەوە دەیتوانی چەندین کاری کۆمەڵکوژی ھێرش و داگیرکاری و فراوانخوازی بەڕێوەببات. ئەمە بۆی بووە بەھانەی ئەوەی کە پەلبھاوێژێت و پێ لە بەڕەکەی خۆی زیاتر ڕاکێشێت و ببێتە سەرئێشە بۆ ئەمریکا و ئامانجەکانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
گەیشتنە قەفقاسیا و لیپیا و شەڕ لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان و ھێرشی داگیرکاری، بە ھاوکاری و گڵۆپی سەوزی پەدەکە بۆ سەر باشوری کوردستان و ھێنانی سوپایەکی پڕ چەک و گەورە بۆ داگیرکردنی قەندیل و ھەرێمەکانی پاراستنی مەدییا و چاو سورکردنەوە لە یەنەکە و زۆنی سەوز و خواستنی ووزەی غازی ناوچەکە و ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراق بۆ دروستکردنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشە و خەرجییەکەشی لەسەر ئبراق بێت. مەترسی بوو بۆسەر پڕۆژەی ڕێگەی بەھارات و ڕێگەیەکی ڕانەگەیەندراوی ئەمریکی، کە بە باشوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان و ئەردەن و ئیسرائیلدا تێکەڵی ڕێگەی بەھارات دەبێتەوە.
بێگومان گەشەی زلھێزی و دەستێوەردان و فراوانخوازی ئێران و تورکیا لە ڕێگەی ھێزە پرۆکسیەکانی ناو ئێراق و سوریا و یەمەن و فەلەستینەوە ھەم مەترسی بۆسەر پڕۆژەکانی ئەمریکی و ھاوپەیمانەکانی درووست دەکرد، ھەم مەترسی بۆسەر ئیسرائیل و جولەکە دروست دەکرد. بۆسەرخستنی پڕۆژەکەی، ئەمریکیەکان بە پشت بەستن بە ئیسرائیل شەڕێکی ڕاگەیەندراوی بە ئامانج و بە نەخشە بەڕێوەدەبات. ئیتر ئەمریکیەکان پشت بە تورکیا و ھاوپەیمانە پرۆکسیەکانی دۆستی تورکیا نابەستێت و وەک زلھێزێکی ناوچەییش نازی ھەڵناگرێت. بەڵکو لە ڕێگەی ئیسرائیل، سعودی و ھاوپەیمانە نوێکانییەوە بە بڕیارە پڕۆژەکەی کە تووشی ئاستەنگ بوبوو سەربخات.
ھەر بۆیە ئێراق لە سەرەتای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە لە ڕێگەی کۆماری فیدراڵیەوە سەرەتای پڕۆژەکەی بوو، فراوانبوونەوەشی تورکیا، ئێران، سوریا، سعودیە و دەوڵەتانی تری ناوچەکەی دەگرتەوە. ئێراق بە ھۆکاری بوونی ھزری نەتەوەپەرستی عەرەبی و ئایینگەرای شیعەی تووندڕە و کەوتە ناو داوی تورکیا و ئێران و لە دژی ئەو کۆمارە فیدراڵیە وەستایەوە. ھێزە کوردییەکانی باشوڕیش بە ھۆی تەسکبینی و خۆ گرێدان بە تورکیا و ئێرانەوە نەیانتووانی بکەونە ھاوکاری کردنی بە فیدراڵی بوونی ئێراق و دروستکردنی کۆماڕێکی فیدراڵی کە ماف و حقوقی کوردانی تێدا دەستەبەر بکرێت.
کۆی ئەم ناکۆکیانە و خۆ گرێدان و ھاوپەیمانیانەی ناوچەکە ھاوسەنگییەکی دروستکردبوو، کە ئەمریکای تەنگاو دەکرد و مەترسی بۆ سەر ھاوپەیمانەکانی درووست دەکرد. ھەروەھا سەرکەوتنەکانی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد و بەرخۆدانی ئۆجالان لە ئیمراڵی و سەرکەوتنەکانی گەریلا، جارێکی تر لەبەریەک ھەڵوەشانی فاشیزمی تورک و گەورەبوونی کێشەکانی، پێویستی بە ئاڵوگۆڕی ھاھسەنگیەکانی ناوچەکە بوو.
بێگوومان ئەم شەڕەی ئەمجارە، شەڕی گۆڕینی ھاھسەنگیەکانە. بەو واتایەی کە چەندین ھێزی پرۆکسی ئایینی توندئاژۆ ئەستێرەیان لە ئاوابووندایە وەک چۆن ڕۆژانە دەیبینین، بەوەش چەندین وڵات لە دواساتەکانی تەمەنیاندا دەژین. دووان لەوانە تورکیا و ئێرانن. کە بۆ کوردان دەرفەتی گرنگن و ھیوابەخشن. بوونی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستانیش بێبەش نییە لە کاریگەری ئەو شەڕ و ھاوبەندی و گۆڕانکارییەی ھاوسەنگییەکان، کە جێگەی ھیوای زۆریش نیە و نیگەرانیەکان لە بارەیانەوە زۆرن. بۆیە ئەو مەترسییەی کە پەدەکە، ئێراق، تورکیا ئێران دەیھێننە سەر زمان، بێھۆ و لە خۆوە نییە. لێدان لە پەدەکە، تورکیا و ھاوبەشە ئێراقیەکەیان کە سەرۆک وەزیرانی ئێراقە بۆخۆی بەشێک لە گۆرانکاری ئەو ھاوسەنگیەیە.
ئیسرائیل، نوێنەرایەتی ھێزی ناوچەیی پڕۆژەی ئەمریکی دەکات و گڵۆپی سەوزی ئەمریکی بۆ داگیرسێنراوە. ساڵی ٢٠٢٥ یش ماوەیەکی کەمی ماوە و ئەمریکی و ھاپەیمانەکانیشییان بە بڕیارن بۆ سەرخستنی پڕۆژەکەیان. ھەربۆیە ئیسرائیلیەکان ئەمڕۆ ڕایانگەیاند شەڕەکەیان شەڕی مانەوەیە. ئەوەی بۆ کوردان گرنگە لە ناو ئەو ھاوسەنگییەدا گەیشتنە بە ئاستی یەکیەتی پراکتیکی نەتەوەیی و پاراستنی دەسکەوتە نەتەوەییە جۆراو جۆرە بە دەستھاتووەکان بۆ گەیشتنە بە دەستھێنانی ناسنامەی نەتەوەی دیموکراتیکی کوردان و گەیاندنی کوردان بە کەناری ئارامی.
بێگومان پێگەی ئێراق بە نسبەت خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە گرنگە. ھەر وەک چۆن پێگەی ھەرێمی کوردستانیش بە نسبەت ئێراق و تێکۆشانی نەتەوەیی کوردانەوە گرنگە. ھەربۆیە ھەردوو لایەن پێویستە بە ڕۆڵی خۆیان ھوشیار بن و ھەستیاریەکانیان بۆ کەسێتیەکی ئێراقی و کوردستانی وەرچەرخێنن و کۆتایی بە دۆخی شوێنکەوتوویی تورکیا ئێران بێنن. ئەو دوو وڵاتە جگە لە ڕەتاندنەوە و کۆیلە کردنی ئێراق و ھەژار کردن و کۆمەڵکوژ کردنی گەلانی ئێراق و ژینگە و سەرچاوە سرووشتییەکانی ھیچی تریان بۆ ئێراق پێ نیە. دەبا ئەمجارە قەوارەیەک لە ئێراق و کوردستاندا دروست بکەین کە سەرچاوەی ئارامی بێت بۆ کوردستان و ئێراق و بەوپێیەش خاوەن ڕۆڵ بێت لە دیموکراتیزە کردنی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا. چونکە دڵی دنیا لە ئێراق و کوردستاندا لێدەدات!

هاوبەشی :