موختار موسەوی، نازانین عێراق لەگەڵ توركیا لەسەر چی ڕێككەوتووە و ئەو نۆ بڕگەیە چییە؟ كە واژۆیان كردووە.

23
0
هاوبەشی :

عێراق هیچ دەستكەوتێكی كرداری لە ڕێككەوتنەكانی لەگەڵ توركیا بەدەستنەهێناوە، هاوكات توركیا بەردەوامە لە بۆردوومان كردنی خاكی عێراق و هەرێم، شارەزایانی سیاسییش دەڵێن: نازانین عێراق لەسەرچی ڕێككەوتنی لەگەڵ توركیا كردووە، توركیا سوود لە ناسەقامگیریی بارودۆخی جیهان وەردەگرێت و هێرش دەكات.

موختار موسەوی، چاودێری سیاسیی ڕایگەیاند، هێرشەكەی توركیا لەدوای سەردانەكەی شاندی سەربازیی عێراق بۆ ئەنقەرە فراوانتر بووە، هەروەها نازانین هەردوولا لەسەر چی ڕێككەوتوون و ئەو نۆ بڕگەیە چییە؟ كە واژۆیان كردووە.

دەشڵێت: پێشتر شتی وا ڕووی نەداوە لە هەموو ئەو ڕێككەوتنانەی كە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ واژۆ كراون، هەر ڕێككەوتنێك كرابێت ناوەڕۆكەكەی ڕوون و ئاشكرا بووە.

هەندێک لایەنی کوردی لەم هێرشانە سوودمەندبوون، گرنگی بە سەروەریی ئەم وڵاتە نادەن

عەلی موسەوی، شرۆڤەكاری سیاسیی ڕایگەیاندووە، توركیا لە مێژە بە هەڵپەرستی ناسراون، بەو پێیەی كە سوود لە هەلومەرجی جیهانی وەردەگرن بۆ فراوانكردنی هێرشەكانیان.

باسی لەوەشكرد، هەندێک لایەنی کوردی لەم هێرشانە سوودمەندبوون، گرنگی بە سەروەریی ئەم وڵاتە نادەن، تەنها گرنگی بە بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانیان دەدەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، دەبێت ڕێگریی لە دەستدرێژییەكانی توركیا بکرێت و هەڵوێستێكی ڕوونی حكومەت هەبێت، نازانین هۆكاری ئەم ترسە چییە لە وەستاندنی دەستدرێژییە بەردەوامەكانی توركیا هەیە.

جێگای ئاماژەیە، دەوڵەتی تورك ڕێز لە سەروەری عێراق ناگرێت و ٤٠ كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی هەرێم و عێراقەوە، بنكە و بارەگای نوێی دامەزراندووە و بەنیازی چۆڵكردنی نییە، ئەمەش بەپێی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەكان پێشێلكردنی سەروەری عێراقە، تا ئێستا هەردوو حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم و عێراق هەڵوێستێكیان دژی ئەو داگیركارییەی دەوڵەتی تورك نییە.

هاوبەشی :