دەهەمین کۆنگرەی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە دەستی پێكرد

21
0
هاوبەشی :

ئەمڕۆ شەممە ٢١ ئەیلولی ٢٠٢٤ ، لە هۆڵی سەردەم شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، دەهەمین کۆنگرەی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە، بە بەشداری نوێنەرانی پەیەدە لە ناوچە جیاوازەکان و هاوسەرۆکانی ئەنجوومەنی خۆبەرێوەبەریی و چەندین کەسی دیکە بە درووشمی “پێکەوە بۆ پێکهێنانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، چەسپاندنی ئیدارەی خۆبەرێوەبەریی و بنیاتنانی سووریایەکی دیموکرات”، دەستی پێکرد.

لە كۆنگرەكەدا ٧٠٠ ئەندامی نوێنەر لە هەموو ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە لە شاری حەسەكە بەشداری کۆنگرەی پەیەدەن و كۆنگرەكە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

کۆنگرەکە بە خولەکێک وەستان بەبێ دەنگی بۆ ڕێزلێنان لە خوێنی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان دەستی پێکرد، پاشان ئاسیا عەبدوڵا، هاوسەرۆکی پەیەدە وتەیەکی پێشکەش کرد.

لە هۆڵی کۆنگرە چەندین پانکارت کە لەسەری نووسراوە “ڕزگارکردنی هەرێمە داگیرکراوەکان مسۆگەرکردنی چارەسەرییە سیاسییە ئاڵۆزییەکانی سووریا و یەکێتی خاکەکەیەتی”، “پارتەکەمان پارتی شەهیدان و ڕەنجە”، ” تێکۆشانی خۆمان درێژە پێ دەدەین”، “شەهید پێشەنگی مەعنەویی و سیمبولی ژیانی هەمیشەییمانە”، “فەلسەفەی ژن ژیان ئازادیی مسۆگەری کۆمەڵگەی ئەخلاق و سیاسەت و دیموکراتیکە” هەڵواسراون.

لە هۆڵەكەدا وێنەی پێشەنگانی پەیەدە “شیلان کۆبانێ، زەکەریا، جوان، فواد و جەمیل” کە لە کۆمەڵکوژیی ساڵی ٢٠٠٤ شەهیدبوون هەڵواسراون.

شایەنی بەبیرهێنانەوەیە، یەکەمین کۆنگرەی پەیەدە بە بەشداری ١٨٥ ئەندام لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠٠٣ لە چیاکانی کوردستان بەڕێوەچوو، هەر لەو کۆنگرەیەدا بۆ یەکەمجار بڕیار لەسەر دامەزراندنی پەیەدە درا.

هاوبەشی :