دەوڵەتی داگیركەری تورک لە پێنج ساڵی ڕابوردودا بە هاوکاری پەدەکە، دەیان جار بە درۆن و فڕۆكەی جەنگی هێرشی كردۆتە سەر كەمپی مەخموور و کۆمەڵکوژیی ئەنجامداوە، پەدەكەش گەمارۆی خستووەتە سەر خەڵکی کامپەکە و ڕێگای لێگرتوون و ستەمی لێكردوون.

28
0
هاوبەشی :

 

لەم ڕاپۆرتەدا باس لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کامپی مەخموور لە ساڵی٢٠١٩ـەوە دەکەین.

لە ساڵی ١٩٩٤ـەوە خەڵکی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخموور کە زۆربەیان خەڵکی ناوچەی بۆتان بوون، بەهۆی زوڵم و ستەمەکانی دەوڵەتی تورکەوە ناچار بوون ڕوو لە باشووری کوردستان بکەن.

لەو ڕۆژەوە کە بوون بە پەنابەر تا ئێستا دەوڵەتی تورک بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکاتە سەر پەنابەران، دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە، چەندین جار گەمارۆی خستووەتە سەر خەڵکی کامپەکە و ڕێگای لێگرتوون و کۆمەڵکوژیی ئەنجامداوە.

بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٩ بەدواوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک تا ئێستا لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و بێفڕۆکەوانەوە خەڵکی کامپەکە دەکاتە ئامانج.

لە کۆتا هێرشیشدا دوێنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، کاتژمێر ٥:٠٠ـی ئێوارەی ماڵی دایکانی ئاشتیی لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخموور) بۆردوومان کرد، بەهۆیەوە سێ ژن بە ناوەکانی گوڵێ ئۆزەک، ئەدیبە پاکسۆی و عەزیمە کابول بەرکەوتوو.

کاتی هێرشەکە زۆر سەرنجڕاکێش بوو، ماوەی ١٢ ڕۆژە شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق ماڵ بە ماڵ لە کامپەکەدا دەگەڕان، هەر لەو ڕۆژەدا خەریکی گەڕانبوون بۆ ناسنامە، بەشەخۆراک و سەرژمێری کاری خۆیان بەڕێوەدەبرد، بەڵام سەرەڕای ئامادەبوونی نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق، دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر کامپەکە، بەڵام هێشتاش بێدەنگن.

هەروەها شوێن و کاتی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردودا بەم شێوەیەیە:

ڕۆژی ١٨ـی تەمووزی ٢٠١٩، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک بۆردوومانی کامپەکەیان کرد، لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا دوو کەس لە دانیشتووانی کامپەکە بریندار بوون.

ڕۆژی ١٥ـی نیسانی ٢٠٢٠، فڕۆکەی چاودێریی و سیخوڕیی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆردوومانی کامپی مەخمووریان کرد، لەم هێرشەدا سێ ژنی گەنج شەهید بوون.

ڕۆژی ١٥ـی حوزەیرانی ٢٠٢٠، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک بە سەختی بۆردومانی دەوروبەری کامپی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخموور، چیای قەرەچوخ و ناوچەی مشتەنور کرد، هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.

ڕۆژی ٥ـی ئایاری ٢٠٢١، دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر کامپەکە.

ڕۆژی ٣ـی ئەیلولی ٢٠٢١، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ناوەندی کامپەکەی بۆردوومانکرد، لە ئەنجامدا دایکێک و منداڵێک بریندار بوون و زیانی ماددی لە خانووەکانی دەوروبەریدا.

ڕۆژی ١ـی شوباتی ٢٠٢٢ فڕۆکە جەنگییەکان بە سەختی بۆردوومانی کامپی مەخمووریان کرد، لە ئەنجامدا دوو ئەندامی هێزی پاراستنی جەوهەریی شەهید بوون و خەڵکێکی زۆر بریندار بوون.

ڕۆژی ٢١ـی ئایاری ٢٠٢٢، ئۆتۆمبێلێک بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە سەنتەری کامپەکە بۆردوومان کرا، لە ئەنجامدا هاوڵاتییەک بە ناوی حاجی میرزا عەلی لە بۆردوومانەکەدا گیانی لەدەستدا.

ڕۆژی ٥ـی تەمووزی ٢٠٢٢، لە کامپی پەنابەرانی مەخموور لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکەوە هێرشی ئاسمانیی کرایە سەر ماڵێک، لە ئەنجامدا کەسێک بریندار بوو.

ڕۆژی ٢٩ـی ئابی ٢٠٢٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ماڵێکی لە کامپەکە بۆردوومان کرد، لە ئەنجامدا هاوڵاتییەک بە ناوی ئەبوزێت عەبدوڵا باوکی شەش منداڵ شەهید بوو.

لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک مزگەوتی کامپەکەی بۆردوومان کرد، لە ئەنجامی هێرشەکەدا ژنێک و دوو منداڵ بریندار بوون، زیانێکی زۆر بە ماڵەکانی دەوروبەری مزگەوتەکە کەوت.

لە ١٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ماڵێکی لە کامپی پەنابەرانی مەخموور بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا ژنێک بریندار بوو، هەروەها دەرگا و پەنجەرەی خانووەکانی دەوروبەریش شکێندرا.

ڕۆژی ١٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣، لە گوندی کانی کەندی سەر بە قەزای کۆیە، ئۆتۆمبێلی خێزانێکی خەڵکی کامپی ئاوارەکانی مەخموور بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆردوومان کرا، لە ئەنجامی ئەو هێرشە دڕندانەیەدا، گەنجێک بە ناوی دلۆڤان ئیشلەک شەهید بوو، هەروەها سێ ژنیش بریندار بوون، دیلۆڤان لە ٥ـی تشرینی یەکەمدا ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو و ئامادەکاریی ئەوەی دەکرد لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ هاوسەرگیریی بکات.

دواین جاریش، دوێنێ (١٠ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤)، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، کاتژمێر ٥:٠٠ـی ئێوارەی ماڵێکی لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخموور) بۆردوومان کرد، بەهۆیەوە سێ ژن بە ناوەکانی گوڵێ ئۆزەک، ئەدیبە پاکسۆی و عەزیمە کابول بە هۆی بۆردوومانەکە و دەنگی بەهێزەوە کاریگەربوون و هەروەها چەندین ترساون و دەرگا و پەنجەرەی زۆرێک لە ماڵەکان شکاون.

هاوبەشی :