بەیاننامەی کۆمەڵەی کوردانی ئەمریکادژی داگیرکاریی و پەلامار و ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کوردستان و کووشتنی ھاوڵاتیان
دەقی بەیانامەكە:
بەیاننامەی کۆمەڵەی کوردانی ئەمریکا
دژی داگیرکاریی و پەلامار و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کوردستان و کووشتنی هاوڵاتییان
هێرش و پەلامار و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر هاوڵاتیی مەدەنی کارێکە دژی بنەماکانی مافی مرۆڤ و یاسایە نێودەوڵەتییەکان، بەجۆرێك سەدان هاوڵاتی لە منداڵ و ژن و گەنج و پیاو بوونەتە قوربانی و شەهید بوونە. ئاشکرایە کە کێشە و ناکۆکییەکان، چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستادا، بۆ پاوانخوازی و داگیرکاری و دەستکەوتی ئابووری بووە. ئەو هێرشانەی دەوڵەتی داگیرکەر و فاشیستی تورکیا، کە هەموو سنوورێکی سیاسی و مرۆڤایەتی و یاسا نێو دەڵەوتییەکانی بەزاندووە، گەیشتووەتە ئاستێك کە بەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی تەنیا بەهۆی ناسنامەی کوردبوونەوەیە. ئەمەش دەکەوێتە خانەی رەگەزپەرستی، کە دژ بە بەهای پێکەوەژیانی ئاشیانەیە لە ژینگەی دیموکراسیدا. دەوڵەتی تورکیا هیچ بەهانەیەكی نییە بۆ هێرشەکانی؛ نە لە ناوەوە و نە لە دەرەوەی سنوری وڵاتەکەیدا. ئەوەی دەوڵەتی تورکیا دەیکا پیادەکردنی سیاسەتێکی قێزەوەنانەیە بۆ داپۆشینی شکستە ناوخۆیییەکانی وڵاتەکەیەتی. هێرشە سەربازییە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بە بەکارهێنانی درۆنی پێشکەوتووی سەربازی، بۆ سەر کوردستان و کوردستانیان و هاوڵاتییان، بە پشتیوانیی گروپە ترۆریستییەکان و بەکرێگیراوەکان، گەیشتووەتە ڕادەی پەلاماردانی هاوڵاتیانی بێتاوان و رۆژنامەنووسان. ئەوەی ڕوو دەدا ئەنجامدانی تاوانی جەنگە بە سوودوەرگرتن لە لاوازیی دەوڵەتی عێراق لە پاراستنی سەرەوەریی ووڵاتەکەی. لێرەدا کە دەبینین دەوڵەتی عێراق هیچ ئیدانە و ڕەتکردنەوە و بەرگرییەکی نییە، گومانمان بۆ ئەوە دەچێ کە دەوڵەتی عێڕاق بەشێك بێ لەو پلانە دژ بە هاوڵاتییانی کوردستان. لە هەمان کاتیشدا، بێدەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتداران و تەنانەت حزبە سیاسییە کوردستانییەکانیش لە باشووری کوردستان، گومانی ئەوە درووست دەکات کە بێدەنگبوونیان یان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە کەسیی و بنەماڵەیی و حزبییەکانی خۆیانە، یانیش ئەوانیش بەشێکن لەو پلانە. ئەوەیش نەك نیشانەی لاوازی و بێهەڵوێستییە، بەڵكوو خیانەتە بەرانبەر بە گەل و خاك. ئەوەی دەوڵەتی تورکیا دەیکا، ئەمە جگە لەوەی تاوانی جەنگە، بەزاندنی سنووری ووڵاتێکی تری سەربەخۆیە کە نوێنەرە لە نەتەوە یەکگرتووەکان. دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی خاکی وڵاتێکی تر. دژ بە یاسای نێودەوڵەتی و بەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
کۆمەڵەی کوردانی ئەمەریکا، کە ڕێکخراوێکی قازانجنەویستی ڕێگەپێدراوە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەموو ئەو هێرشانە ئیدانە دەکات. ئێمە کار دەکەین بۆ ناساندنی تاوانەکانی داگیرکاری و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکیا وەك خۆی لە ئەمەریکا و لە نەتەوە یەکگرتووەکان. داوا لە تەواوی کوردانی تاراوگە و ناوخۆی وڵات دەکەین، لە ڕێگەی چالاکیی مەدەنی جۆراوجۆرەوە، لە ئاست ئەو تاوان و داگیرکارییە بێدەنگ نەبن.
کۆمەڵەی کوردانی ئەمەریکا
٧ی ٩ی ٢٠٢٤