کەجەکە بانگەوازی ئاراستەی بەغدا کرد: لەو هەڵەی کردووتانە پاشگەز ببنەوە

27
0
هاوبەشی :

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە ئاماژەی بەوەکرد، کە رێککەوتنی نێوان ئەنقەرە و بەغدا بە واتای ‘رێککەوتنە لەگەڵ داعش’ و داوای لە حکومەتی عێراق کرد دەستبەجێ لەو هەڵەیە بگەڕێنەوە و پاشگەز ببنەوە.

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەوەی خستەڕوو، کە لە ماوەی دوو هەفتەدا بە هۆی هێرشە تیرۆریستی و داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکەوە ٧ کەس تیرۆرکراون و رایگەیاند، رێککەوتنی نێوان ئەنقەرە و بەغدا جگە لە ‘ داگیرکەری و تیرۆر’ هیچ شتێکی دیکەی لێناکەوێتەوە.

لە ماوەی دوو هەفتەدا ٧ مرۆڤمان بە هێرشی تیرۆریستی و داگیرکەری کوژراون

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لە ماوەی دوو رۆژی دواییدا لە ناوچەی برادۆست و راپەڕین لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستی سوپای تورکی داگیرکەردا هاووڵاتیانمان بەدیع کەمال محەمەد، موزەفەر حسێن خدر، محەمەد موزەفەر حسێن و موبین موزەفەر حسێن شەهیدبوون. بەر لە دوو هەفتەش لە ناوچەی شارەزور لە هێرشێکدا لە دژی خەباتکارانی پێشەنگی راگەیاندنی ئازاد گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین شەهیدبوون. لە ٣١ی ئابدا حەکیم لوقمان لە ئیستەنبوڵ تەنیا لەبەر ئەوەی بە کوردی قسەی کردبوو لەلایەن ئەو رەوە و تاقمە فاشیستیانەی ئاکەپە-مەهەپە بەخێویان دەکەن، بە شێوەی دڕندانە تیرۆرکرا. واتە لە ماوەی ٢ هەفتەدا ٧ مرۆڤمان لە ئەنجامی هێرشە تیرۆریستی و داگیرکەرییەکانی تورکیا شەهیدبوون. بەم بۆنەوە ئەو هێرشە تیرۆریستیانە شەرمەزار دەکەین، سەرەخۆشی لە گەلی وڵاتپارێزی کوردستان، بە تایبەتی بنەماڵەی شەهیدان دەکەین.

رێکەوتنەکە تەنیا تیرۆر و کۆمەڵکوژی لێکەوتەوە

ئەو شەهیدبوونانە رێک دوابەدوای واژۆکردنی رێککەوتنەکەی تورکیا عێراق لە ١٥ی ئاب هاتنە ئاراوە. دیارە کە ئەو رێککەوتنە جگە لە تیرۆر و کۆمەڵکوژی هیچی دیکەی بۆ گەلی کورد و گەلانی عێراق بەدواوە نابێت. مەبەستی تورکیا لە بەرەوپێشچوون، ئارامی و گەشەی ئابوری لە عێراق تیرۆر و کۆمەڵکوژیە. ئاشکرایە کە رێککەوتنی نێوان عێراق و تورکیا، هیچ پێشکەوتنێکی لێناکەوێتەوە، تەنیا کۆمەڵکوژی و تیرۆری بەدواوە دەبێت. دەستەواژەکانی گەشەی ئابوری، سەقامگیری ئەمنی، ئارامی، پەروەردەو بوارەکانی دیکە جگە لە شاردنەوە و پەردەپۆشکردنی ئەو تیرۆر و کۆمەڵکوژیە، هیچ واتایەکی دیکە هەڵناگرن.

لە رێگەی رێکەوتنەکەوە سەرلەنوێ داعش زیندووکرایەوە

ئەنجامێکی دیکەی رێککەوتنی نێوان ئاکەپە-مەهەپە-پەدەکە و حکومەتی عێراق لە هەرێمی بەهدینان دەبینرێت. لەوێ ئەو چەتانەی پێشتر ئەندامی داعش بوون و چەتەی جیهادیستی توندڕەو بوون لە ژێر چەتری سوپای تورکیای داگیرکەردا لە بەهدینان جێگیرکراون و بە ئاسانی دەجوڵێنەوە. لە رۆژانی رابردوودا دیمەنەکانی ئەو چەتانە لە راگەیاندنەوە بڵاوکرانەوە کە بە جموجۆڵ و هەڵسوکەوتیاندا دیارە کە داعشن. لە رێگەی ئەو دیمەنانەوە ئەو راستیانە پشتڕاستکرانەوە، کە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە گۆڕەپانی شەڕ چاودێری دەکەن و بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە، بەڵام میدیای شەڕی تایبەتی ئاکەپە-پەدەکە هەوڵ دەدات ئەو راستیە پەردەپۆش بکات. سوپای تورکی داگیرکەر لە ساڵی ٢٠٢١ەوە ناوێرێت لە بەرامبەر گەیلا شەڕ بکات و ناوێرێت بکەوێتە تونێلەکانی شەڕی گەریلاوە، بۆیە ئەو چەتانە بۆ ئامانجەکانی خۆی بەکاردەهێنێت. ئەو چەتانە کە لە ئەنجامی تێکۆشانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، پێشمەرگە و سوپای عێراق و بە بەخشینی قوربانی زۆر کوردستان و عێراق لەئەوان پاککرایەوە، ئێستا وەک ئەنجامێکی ئەو رێککەوتنەی نێوان حکومەتی عێراق و تورکیا بە شێوەیەکی فەرمی دەگەڕێندرێنەوە بۆ کوردستان و عێراق. حکومەتی عێراق لە رێگەی ئەو رێککەوتنەوە هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە-داعش-پەدەکە، داگیرکردنی عێراق لە لایەن تورکیا و داعش، سەرلەنوێ زیندووکردنەوەی داعش و جێگیرکردنیان لە عێراق و کوردستانی پەسەند کردووە و رەوایەتی پێداوە.

هاوبەشی :