فەلسەفەی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ بە هەموو جیهاندا بڵاودەکەنەوە

42
0
هاوبەشی :

ئەندامی کەژار وەریشە مورادی بەر لە دانیشتنی دادگا نامەیەکی بۆ رای گشتی بڵاوکردبووەوە و تیایدا رایگەیاندبوو: “ژنان ئاراستەی مێژووی ئەم وڵاتە دەنەخشێنن و فەلسەفەی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ بە جیهاندا بڵاودەکەنەوە”.

دانیشتنی دۆسیەی ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) وەریشە مورادی کە بڕیاربوو لە ٢٨ی ئابدا لە لقی ١٥هەمینی دادگای شۆڕشی ئیسلامی بەڕێوەبچێت، بە هۆی ئامادەنەبوونی نوێنەری داواکاری گشتیی و راوێژکاری دادگا دادوەر عەموزادە دواخرا.

وەریشە مورادی بەر لە دانیشتنەکە نامەیەکی بۆ رای گشتیی نوسیبوو، باسی لەوەکردبوو کە ئەو بە نوێنەرایەتی ئەو ژنانەی تێدەکۆشن دەچێتە بەردەم دادگا و تا کۆتایی داکۆکی لە روانگەی خۆی دەکات.

نامەی وەریشە مورادی کە بۆ رای گشتی نوسراوە بەمجۆرەیە:

“من وەریشە مورادی لە ئابی ٢٠٢٣ کاتێک لە کرماشانەوە دەچومە سنە، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە گیرام و لە زیندانی سنە و بەشی ٢٠٩ ی زیندانی ئێڤین بۆ ماوەیەک رووبەڕووی لێپرسینەوە و ئەشکەنجە بوومەوە. لە ٢٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ منیان رەوانەی بەشی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین کرد. ئەشکەنجە درا و ئاشنام بە ئازاری ئەو ژنانەی تووشی تەنگوچەڵەمە دەبنەوە. کاتێک کە لە بەشی ژناندا مامەوە، من لەگەڵ ئەو ژنانەی زۆر چیرۆکی ناخهەژێنیان هەبوو پەیوەندیم دانا. من لەگەڵ ژنانم و هەموو ساتێکی خۆم لە گەڵ ئەو ژنانەی قوربانی پیاوسالارین تێپەڕدەکەم. سیستمێکی کۆمەڵایەتی، نەریت و مێژووی خاوەن سوپایەکی کۆلۆنیالیستە کە دەڵێت ‘بەهەست لە ژێر پێی دایکانە’ و ‘بەهەشت’ تەنیا لە چوارچێوەی خزمەتکردنی ژنان بەکاردەهێنێت. ئەوانەی لە دژی سیستم وەستاونەتەوە و لە دژی سیاسەتی کۆلۆنیالیستی و جینۆسایدی ژنان تێدەکۆشن ئێمەین.

پیری زانا وتبووی، “ژنان یەکەم نەتەوەی داگیرکراون”. ئێمەش وەک گەلی ئەم نەتەوەیەی داگیرکراوە؛ زمان، ئایین، نەتەوە، باوەڕیمان چی دەبێت با ببێت، ئێمە گیانێکین لە جەستەیەکدا. لە دژی ئەو زیندانانەی کە مامەڵەی نامرۆڤانە و ستەمکارانەی تێدایە، لایەنی مرۆیی ئێمە وەک چرۆ دەکرێتەوە، هێزی ژنانی ئێمە لە تاقیکردنەوەی مرۆڤایەتیدا بە سەربەزیەوە هاتووەتە دەرەوە. . لەم کاتەدا مێژوو هەڵدەگەڕێتەوە. ئەو ‘نەتەوەیەی یەکەمجار داگیرکرا’ خۆی رادەستی شمشێری چارەنوس ناکات و تێکۆشانی ژنان لە مێژوودا دەگاتە ئاستێکی دیکە. ئێمە پێکەوە شان بە شانی یەکتر لە دژی ئەوەی روودەدات بە یەکڕیزیەک کە تەنیا ژنان دەتوانن نیشانی بدەن، بەرەنگاری پێشهاتەکان دەبینەوە. ئێمەش مرۆڤین، ئاوات، نەریت، پەروەردە و جوڵەمان جیاوازە. هەرکاممان سەرباری جیاوازیەکانمان لە هەمان کاتدا لە بەرامبەر ستەمدا “کۆ”ین و یەک رۆح و یەک هەڵوێست و یەک روانگە و یەک هاوارین لە بەرامبەر ناژیانی سەپێندراو.

ئیرادەی ئەوەمان هەیە کە ئەم ژیانە ئاوێتەی ئازادی بکەین، رژدین کە تاجی ئازادی لە سەر سەری ئەم ژیانە دژوارە دابنێین. ئەم یەکانگیریە جوانەی کە بە درێژایی ئەزمونی یەکساڵەی رابردوو بینیمان، پێکەوە سازمان کرد. ئێمە بناغەداڕێژەری شێوازێکی ژیانین کە لە ئێمەی ژنان و لە هەمان کاتدا لە مرۆڤایەتی دزرابوو. دوژمنانی مرۆڤایەتی، پیاوسالاری چاویان لە دەسەڵات بڕیوە، دەسەڵات چاوی بڕیوەتە سودی زیاتر، تائێستا مرۆڤایەتیان گەیاندووەتە دۆخێک کە چیتر نەک لەگەڵ هاوچەشنەکانی، بەڵکو لەگەڵ ئاژەڵ و رووەک و دارستان و سروشتیش کەوتووەتە دژایەتی و ئەمەش لە سەرەتاوە لە رێگەی دوژمنایەتیکردن لەگەڵ ژنان دەستیپێکرد. ئێمە سەرەتای ئەم لادان و بەلاڕێداچوونەمان دۆزیەوە و سوورین لەسەر ئەوەی ژیان بخەینەوە سەر ڕێڕەوی خۆی. بە دڵنیاییەوە وەک ئادرنۆ دەڵێت “ژیانێکی پڕهەڵە ناتوانرێت سەرڕاست بکرێتەوە” و ئێمە “ژیانێکی دروست و چاک، ناوازە و ئازاد” دەخوڵقێنین.

هەبوونمان، ژیانمان، هەناسەکێشانمان لە ناو ئەم دیوارانەی جێگەی مشتی هەزاران تێکۆشەری لەسەر نەخشێندراوە، لەو پێناوەدایە. هەر هەڵوێستێکمان، هەر هەڵسوکەوتێکمان، هەر کردارێکمان، بە ئاراستەی ئەم یەکانگیربوونە و یەکریزیەیە، کە بە دەوری ئەوینمان بۆ “ژیانی ئازاد” شێوەگیر بووە. نادادگا سزا دەردەکات، گوشار دەکات، سیستمی زیندان لەناو سنووردارکرابووندا سنووردارترمان دەکات. کاربەدەستان رەفتاری لە پێشدا بەرنامە بۆداڕێژراوی ئازاربەخشیان نیشان دەدەن، بەڵام ئێمە کە ئاگاداری ئەم بابەتەین، ئێمە کە درک و زانینمان بەرامبەر سەردەم هەیە، ئێمە کە دەزانین ئەوانە لە ژێر گوشاری جەماوەری و مرۆیی کەوتوونە چ بارودۆخێکەوە، لە راستەڕێی خۆماندا دەچینە پێشەوە. ژنان بەم جۆرە مێژووی ئەم نیشتمانە دروست دەکەن و بەم جۆرە مۆری “ژن، ژیان، ئازادی” بە جیهاندا بڵاودەکەنەوە و ئەو مۆرە لە ژینای خۆیان دەدەن.

بە درێژایی ئەم رێگەیە، بە لەبەرچاوگرتنی پێویستی یەکگرتوویی هەنگاو دەنێین و منیش بەشێک لەم کۆمەڵگە زیندانیکراوەم. رۆژی ٤ی ئاب وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر سزای نادادپەروەرانەی دژ بە شەریفە محەمەدی و پەخشان عيزیزی، رامگەیاندبوو کە ناچمە بەردەم نادادگا و نەچووم و بەرگرینامەکەم ئاراستەی رای گشتی کرد. وتم چونکە ئەم نادادگایە بۆ ژنانێکی بەنرخی لەم جۆرە، سزای لەم چەشنە دەردەکات، منیش ناچمە بەر ئەو دادگایە. دانیشتنەکەی ٤ی ئاب دادگاییکردنی من نەبوو، دادگایی سەرجەم ئەو ژنانە بوو کە لە پێناو ژیاندا جەنگاون، لەبەر ئەمەش دەرفەتێک بوو تا من بە نوێنەرایەتی ئەم کۆمەڵە زیندانیە و لە سۆنگەی مرۆڤایەتی و هاوڕێیەتیمان ناڕەزایەتی بەرامبەر بەم سزایە دەربرم.

ئەگەر لە بری من هەر ژنێکی دیکەی هەڵگری ئەم بیرکردنەوەس بوایە، بەم جۆرە هەنگاوی دەنا. دانیشتنی دادگاکەم دواکەوت و ئێستا لە جارێکی تر لەبەردەم بەڕێوەچوونی دانیشتنێکی دیکەدام. بڕیارم داوە ئەم جارە وەک کەسێک کە فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادی”م تێکەڵ بە ژیانم کردووە، بە ئیرادەی خۆم و بۆ سەلماندنی رەوایەتی خۆم و بەرزڕاگرتنی یادی سەرجەم ئەوانەی گیانیان لە پێناو داواکاری ژیانی ئازاد لە دەستداوە، لەبەردەم دادگا ئامادەبم. ئەگەری هەیە دەرفەتی قسەکردنم پێنەدرێت، ئەگەری هەیە کە تەنیا هاتن و رۆیشتنم بۆ دادگا وەک بەشێک لە بەناو پرۆسەی دادگا تۆمار بکەن، دەزانم کە ئەم فرت و فێڵە یاساییانە بە سانایی ئەنجام دەدەن، بەڵام هەروەک چۆن نەرۆیشتنم پرسێکی کەسی نەبووە، رۆیشتنیشم بابەتێکی کەسی نابێت. من بە نوێنەرایەتی ئەم تێکۆشەر و ئازادیخوازانە لە بەردەم دادگا ئامادە دەبم. چ مافی قسەکردنم پێبدرێت یان خود نەدرێت، وەستان و ئامادەبوونم لەوێ هێمای ئیرادەم، ئیرادەمان بۆ مافخوازی و دادخوازی و یەکسانی خوازیە. ئێمە لە هەرشوێنێک بین، یەک هەڵوێستمان هەیە و ئەوەش مرۆڤایەتی و ئازادی و جوانییە. چ ئەو کاتەی لە جوانترین سروشتدابووم و چ ئەو کاتەی لە دۆزەخی شەڕ بەرامبەر تاریکی داعشدابووم، چ ئەو کاتەی ئازادانە تێدەکۆشام، چ ئێستا کە لە کۆت و زنجیری سیستمێکی نایاساییدام، لەسەر هەڵوێستی ئازادیخوازی خۆمم و لەسەر ئەو هەڵوێستەش دەمێنمەوە. دەبێت هەڵوێستی ژنانە مۆری کۆتاییبێت لە تێکۆشان دژی ستەمی پیاوسالاری و سەرکەوتن بکاتە دیاری مرۆڤایەتی.

مرۆڤایەتی سەردەکەوێت

ژن، ژیان، ئازادی

وەریشە مورادی بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین”.

هاوبەشی :