هەموواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی لە عێراق دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی مافەكانی ژنان و منداڵان.
لە ئاریان تیڤی وەرگیراوە
ڤێدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بارەی هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسیی لە عێراق، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، نیگەرانین لە پێشنیازەكانی هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسی عێراق، چونكە ئەم هەموواركردنەوە دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی مافەكانی ژنان و منداڵان.
دەشڵێت، داوا لە عێراقییەكان دەكەن بەشداریی لە گفتوگۆیەكی مەدەنییانە بكەن و بە تەواوی ڕێز لە ئازادیی ئایین، بیروباوەڕ و مافەكانی ژنان و منداڵان بگرن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەموواركردنەوەی پرۆژە یاسای باری كەسی كرد، بەشێكی زۆری پەرلەمانتاران دژی پرۆژە یاساكە وەستاونەتەوە، لە هەمانكاتدا توڕەیی شەقام و ڕێكخراوەكانی تایبەت بە داكۆكیكردنی لە مافەكانی ژنانی بەدوای خۆیدا هێنا.
هەروەها، لە ئێستادا ڕێگە نادرێت پرۆژە یاساكە تێپەڕێنرێت، بەوپێیەی یاساكە كۆمەڵێك بڕگەی تێدایە پێشێلی مافەكانی ژنان و منداڵان و ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان دەكات كە عێراق واژۆی كردوون.