لە پەرلەمان ئاکەپەییەکان هێرشیان کردە سەر پەرلەمانتاران

28
0
هاوبەشی :

لە دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە جان ئاتالای، ئاکەپەییەکان هێرشیان کردە سەر پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) ئەحمەد شیک. هەروەها پەرلەمانتاری دەم پارتی گوڵستان کلیچ کۆچیگیت بریندار بوو.

هێرش لە پەرلەمان

لیژنەی گشتی پەرلەمان لەسەر داوای پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجامدا تایبەت بە جان ئاتالای کە مافی پەرلەمانتاریی لێ سەندراوەتەوە. هاوسەرۆکانی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان و تولای حاتەم ئۆغۆللاری، سەرۆکی گشتی جەهەپە ئۆزگور گوزەل بەشداری دانیشتنەکە بوون.

سەرەتا سەرۆکی پەرلەمان بەکر بۆزداغ مافی قسەکردنی دا بە پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) ئەحمەد شیک، پەرلەمانتارەکە ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی و گوتی: “هەرکەس لە ئێوە نەبێت پێی دەڵێن “تیرۆریست”، بۆیە بە جان ئاتالایش دەڵێن تیرۆریست. بەم قسانەتان ڕاهاتووین”.

بەهۆی ئەم قسانەوە سەرۆکی پەرلەمان بەکر بۆزداغ بۆ ماوەیەک دانیشتنەکەی ڕاگرت، پاش ناوبەرەکە دیسانەوە شیک هەمان قسەی دووبارە کردەوە، بۆیە دووبارە دانیشتنەکە ڕاگیرایەوە.

لەم کاتەدا ئالپای ئۆزالانی ئاکەپەیی هێرشی کردە سەر شیک. سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت هەوڵیدا دەستوەردان بکات، بریندار بوو.

دەم پارتی: لە دۆزە ڕەواکەمان بەردەوام دەبین

هاوسەرۆکانی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان و تولای حاتەم ئۆغۆللاری بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر هێرشی پەرلەمانتارانی ئاکەپە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە دەسەڵات چارەسەر لە هێرش و توندوتیژیی جەستەییدا دەبینێت، دەڵێت: “پەرلەمانتارە پیاوەکانی ئاکەپە هێرشیان کردە سەر پەرلەمانتارە ژنەکانمان، ئەمە شەرمەزارییە. ئەم هێرشە قبووڵنەکردنی ئیرادەی گەل و دەستدرێژی سیاسییە. سەرۆکی فراکسیۆنەکەمان و هیچ هەڤاڵێکمان بەرامبەر ئەم هێرشانە پاشەکشە ناکەن”.

هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە لەدەرەوە هێرشی توند دەکاتە سەر ئۆپۆزیسیۆن، ئێستە دەیەوێت هێرشەکە بگوازێتەوە بۆ نێو پەرلەمان، دەڵێت: “ئەو دەسەڵاتەی لە شەقام و گۆڕەپانەکان بەشێوەیەکی چەتەگەرایی و دڕندانە فەرمانی هێرشکردن دەدات، دەیەوێت ئەمە لەڕێگەی پەرلەمانتارەکانیەوە بگوازێتەوە بۆ نێو پەرلەمان. لە کۆبوونەوەی تایبەت بە گەڕاندنەوەی جان ئاتالای بۆ پەرلەمان، ئاکەپەییەکان بۆ بێدەنگکردنی ئۆپۆزیسیۆن و درێژەدان بە نادادی، لە کورسی پەرلەمانەوە هێرشیان کردە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆن. دووپاتی دەکەینەوە، بەرامبەر ئاکەپییەکان بەرخۆدان دەکەین. ئەم زیهنیەتەی هێرش دەکاتە سەر پەرلەمانتاران و مامەڵەی نادادپەروەرانە دەکات، شەرمەزار دەکەین. باجەکەی هەرچی بێت، بەردەوام دەبین لە دۆزە ڕەواکەمان و دۆزەکەمان لەپێناو دیموکراسی و دادپەروەری و ئاشتی”.

ئۆزەل سەردانی گوڵستان کلیچ کۆچیگیت‌ـی کرد

سەرۆکی گشتی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل سەردانی سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کیلیچ کۆچیگیتی کرد کە ڕووبەڕووی هێرشی پەرلەمانتارانی ئاکەپە بووییەوە. هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان و تولای حاتەم ئۆغۆللاری پێشوازیان لە ئۆزەل کرد. کۆبوونەوەکە لە هۆڵی فراکسیۆنی دەم پارتی ئەنجامدرا و ئۆزەل هیوای سەلامەتی بۆ گوڵستان خواست.

ئۆزەل جەختی کردەوە، ئەم هێرشانە قبووڵ ناکەن.

هاوبەشی :