ئەوان دەڕۆن، ئێمە دەمێنینەوە چالاكوان سياسي ريبوار فتاح (لەیادی ڕژانی خوێنی قەڵەمێکی تر)

55
0
هاوبەشی :

نوسینی: ريبوار فتاح

مانگێک،هەموو هەفتەیەک، هەموو ڕۆژێک و هەموو ساتێک خوێن و ستەم و ئازاردان و دڵشکانی هەزاران مناڵ و پیر وپەککەوتە و گەنج، کەلـلە سەرەکانمان پڕ دەکەن لە بۆنی غەدر،لە هەموو شوێنیک دیمەنی تراژیدیایی ساردبوونەوە و تۆرانی ئەو گەنجانەی خەون بە ئازادیی و کۆمەڵگایەکی بێ چین و چەوسانەوە دەبینن، چاوەکانمان پڕ دەکەن لە توڕەیی.

دیمەنی ڕفاندن و لەخوێن هەڵکێشانی ئازادییخوازان و ڕۆژنامەنووسان خەریکە دەکەن بە دیمەنی ئاسایی،هەرچی رژێمی فاشستی بەعس نەیتوانی ئاسایی بکاتەوە، ئەمان بە زوڵم و زۆرداریی خەریکە ئاسایی دەکەنەوە، لە خاکفرۆشتن و تەسلیمکردنەوەی نەیارانی سیاسیی ڕژێمە دکتاتۆرەکانی ناوچەکە و هۆنینەوەی چیرۆکی گاڵتەجاڕانە بۆ ئەوانەی ناڕازیین لەم دەسەڵاتە چەتەگەرییە، داهێنانی زۆر تازەیان هێنایە کایەوە و هەرگیز لەمێژووی هیچ دەسەڵاتێکی ستەمکار و فاشیست وێنەی نەبووە.

دەسەڵاتی چەتە و مافیا، ڕووی دەممان لە ئێوەیە و دەپرسین، زەڕەیەک لە جەستەی دیموکراسیی ماوە کەڵبەتان لێ گیر نەکردبێ؟ دەنگێکی ئازاد ماوە بۆ بەردەم پەتی سێدارەتان نەبردبێ؟ پارووی سەر سفرەی ماڵە هەژارێک ماوە بۆ گەورەکردنی سکی خۆتانتان نەبردبێ؟ کامە مانگ و هەفتە و ڕۆژی ساڵ هەیە دەیان دایک و باوکتان داغان نەکردبێ ؟
هەر ڕۆژە وهەر مانگە و هەر هەفتەیەک، یادی قارەمانێک دەکەینەوە، لە خوێنی ڕژاویان ڕادەمێنین و دەڵێین، ئاخۆ کەی ئەم جۆگەلەی خوێنە وشک دەکات؟ پەتی ئەم زۆردارییە کەی دەپچڕێ؟، گەلۆ هێشتاش دەرفەتێک ماوە بۆ ئەستورکردنی گوریسی زۆردارییان؟.
یادی وەدات-ە و دەیان پرسیار لە خۆمان و لەوان و لە دەروبەرمان دەکەین و کەمترین وەڵام وەردەگرینەوە، بەڵام هەم ئێمە و هەم ئەوان دەزانن، کە ئاشی ئەم زۆردارییە بە خوێن دەگەڕێ، بۆ هاڕینی بەردەوام، دەبێت وەداتەکان، سەردەشتەکان، سۆران، کاوەکان و شوکری زەینەدینەکان بکوژرێن، ئەگەر نا ئەم ئاشە لەکار دەکەوێ .
گولـلەیان نا بەدەمی سەردەشتەوە تا کەسی تر باسی دەسەڵاتی خێڵەکی و بنەماڵەیی و دواکەوتووییان نەکات، سینگی کاوەیان هەنجن هەنجن کرد، تا کەسی تر باسی ئەو هەموو دزیی و گەندەڵییە لەناو سینگیدا هەڵنەگرێ، جەستەی وەداتیان شین و مۆرکردەوە، تا چیتر کەسی تر باسی ڕاکێشانی جەستەی ئەم دەسەڵاتە شکستخواردووە نەکات بەدەستی کۆمەڵێک چەتەی نەزان .

ساڵیادی تیرۆری وەداتە و بیرم دەچێتەوە بۆلای گەنجە ئازا و نازدارەی هەولێر، بۆلای وشە تیر ئامێزەکانی، کە دڵی دەسەڵاتی کون کرد، یادی وەداتە و دەچمەوە باوەگوڕگوڕ، بیر لەو ئاگرە دەکەمەوە کە سۆران لە هەناوی مافیاکانی بەردا، چوار ساڵی تەواو بەسەر تیرۆری وەداتدا تێدەپەڕێت و بە شێروانە دەڵێم، کاوەت وەک خۆت پەروەردە کرد، ئێستا لەپاڵ ناوی تۆدا ناوی کاوە دەهێندرێت.
یادی وەدات حسێنە و دەنیز فورات سوێند دەدەم، هەستێتەوە و دیمەنێک لە ناشرینیی ئەم دەسەڵاتەشمان بۆ تۆمار بکات، ڕوو لە شەنگال دەکەم و بە ئاگری سنە دەڵێم، بەدەستی چەتەکانی داعش خوێنی تۆ بە دۆڵی شیلۆدا قەتماغەی بەست، وەلێ هەر لەو شەنگالەی دوا وێستگەی بەرخۆدانیی تۆدا، گروپێکی بەناو کورد، خوێنی نۆژیان ئەرهانیان ڕشت!، ئێستا ئەزانی چەند بەسوێیە ئەم زامە؟.
دەچمەوە بۆ ١٣ی ئاب و بۆ گەڕەکی ماڵتا، بیر لە کیای سیراتۆی ڕەش و ئۆپترای ڕەنگ سپی دەکەمەوە، تێناگەم چۆن ڕەش و سپی بوونە هاوڕێ و سەرئەنجام ڕەش سەرکەوت و بوو بە تورەکە و کرا بە سەری وەداتدا، بیر دەکەمەوە و ڕقم لە کیا و ئۆپترا دەبێتەوە، هەر کە دەیانبینم، ساتی ڕفاندنەکەی وەداتم بیر دێتەوە.
بە زەحمەت دەتوانم بەرگە بگرم، کاتێک بیر لەو هەموو ئەشکەنجەیە دەکەمەوە کە لەسەر جەستەی وەدات تاقیان کردەوە، دار نەما لە جەستەیدا نەیشکێننەوە و ئەو دەیوت نـــــــــا، قایشەکانی دەستیان دەپچڕان و ئەو بە دەنگێکی بەرزتر دەیوت نـــــــــا، ماندوو دەبوون و بۆ پشوویەک دەستیان بە جگەرەکێشان دەکرد و لەسەر جەستەی ئەو دەیانکوژاندنەوە، بەڵام هەر دەیوت نــــــا …. نـــــــا، یەکە بەیەکەی پەنجەکانیان شکاند، ئەویش بە خەیاڵ دەچووە زیندانی ئەوینی تاران و سەرێکی لە شیرین عەلەمهولی دەدا، دەیبینی جەلادەکان نینۆکی پەنجەکانی شیرین دەردەهێنن و ئەویش هاوار دەکات ئازادیـــــــی، ئەویش هێز و ئیرادەی لە شیرین وەگرت و بەدەم هاوارەوە دەیقیڕاند نــــــــا… نـــــــا، من سیخوڕیی ناکام، نە دەبمە سیخوڕ و نە واز لە ڕاگەیاندنی ئازاد دێنم، نا من نابمە سیخوڕ .
نازانم بۆ لەو ڕۆژە گەرمەی هاوینی ئەو ساڵەدا کارەبا نەدەکوژایەوە، تا ئەوەندە بەدوای یەکدا کارەبایان لێنەدایە؟، گۆشتیان لە جەستەی کردەوە، قۆناغە تفەنگیان تێدا شکاند، شیشیان کرد بە چاوەکانیدا، ئەویش بە قوڕگی وشک هەڵهاتووی، بەو وزەیەی کە تێیدا مابوو، هەر دەیوت نـــــــا..!

بەردەوامم لە بیرکردنەوە و دەپرسم، ئەبێ موختاری گەڕەکەکە قومێک ئاوی دەرخوارد دابێت، ئەوکاتەی فڕێیاندا و داوای ئاوی لەو کرد؟، بیردەکەمەوە ئەبێ چ ڕازێکی لای ئەو کردبێ و چەندە پاڕابێتەوە، تا بە ئەمانەتەوە دوایین وشەکانی بۆ بگوازێتەوە و
چیرۆکەکەی وەک خۆی بگێڕێتەوە؟!
دەزانم وەدات، ئەو کاتەی دوایین هەناسەت دەدا، زەردەخەنەت دەکرد و دەتوت، سەردەشت دەنگە دلێرەکەی قەڵا، هۆ دەنگە ئازادەکەی شێروانە، لاوە خوێن گەرمەکەی کەرکوک، لە کێلیا شەداوە بەرەو ئێوە هاتم، میواندارییم بکەن، بەر لەوەی کۆتا هەناسەش بدەی بە دایە گوڵێ و مەمیخان-ت دەوت دەستی دایە سێوێ و دایە سنەوبەر و دایە شازادە بگرن و بۆنی خۆشتان بپرژێنن، فرمێسکەکانتان بسڕن و گۆڤەند بگێڕن، ئێمە ڕێگای حەقیقەتمان گرت، بووین بە شکۆی مرۆڤایەتیی، بووین بە مێژوو و هەرگیز لەبیرناکرێن..
ئەوانەشی ئەو کارە قێزەوەنەیان کردە مێژووی خۆیان، کە وەک مانگەشەو دیارن، بۆ هەتا هەتایە بە ڕیسوایی دەمێننەوە و دەکەونە بەر نەفرەت و ناڕەزایەتیی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، زوو یان درەنگ ئەمە ڕوودەدات، ئێمە لەخوێنی بەناحەق ڕژاویان هەرگیز خۆشنابین.

هاوبەشی :