زیندانیانی سیاسیی ئازاد بکەن دەرگای ئیمرالی بکەنەوە، تفەنگەکان بێدەنگ دەبێت”

48
0
هاوبەشی :

نوسینی: بەهرۆز حسێن

دەوڵەتی تورکیا بە ڕەنگێک دژایەتی ماف و ئازادیی تاک بە تاکی کورد دەکات، وێنەی نییە لە هیچ سەردەمێکی مێژووی ئیمپراتۆرە زلهێزەکانی جیهان، ئەوەتا تۆ لەسەر دەنگدان بە دیموکراسیەت بچیە زیندان.

زیندانەکان ڕۆژ بە ڕۆژ پڕ دەبن لە دەنگی ئازاد و داکۆکی کار لە ماف و دادپەروەری بۆ دۆزی کورد، بێکاریی بۆ تاکی کورد ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیاد بووندایە، دایکانی کورد لە چاوەروانی نان و ئازادییدان و دەرگاکانیان بۆ منداڵەکانیان لەسەر پشتە بەحسرەتی گەڕانەوەن تا بۆنیان بکەن.

دەرگای ئیمرالی داخراوە ژووری تاکەکەسی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هێشتا تەنگە و لە ڕووی تەندروستییەوە هیچ هەواڵێک نازانرێت، هەرجارەو بە بیانوویەک تێڕوانینی ئیمرالی دەشاردرێتەوە لە گەلی کورد.

هەر کاتێک دەوڵەتی تورکیا شکستدەهێنێت، بۆ شاردنەوەی شکستی دەوڵەت، یەکێک لە سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان _عێراق خودی بارزانی دەهێنێتە قسە و داوایان لێدەکات، ڕەخنە ئاراستەی پارتی کرێکارانی کوردستان بکات، چونکە تورکیا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئابووریی بەرەو ڕووخان دەچێت، بوون بە دۆستی چین و ڕووسیا، هاوکاریی گرووپە تیرۆرست و توندرەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینن ئەمە هۆکارە بەوەی متمانەی نێونەتەوەی لە دەست بدات.

پێشکەوتنی سیستەمی خۆسەری دیموکراتیک لە ڕۆژاڤا و باکووری سووریا، دەوڵەتی تورکیا لەگەل ئەوەی لە ڕووی سیاسەتی ناوخۆی شکستیهێناوە، لە ڕووی سەربازیی بەرامبەر بە شۆڕشگێرانی کورد لە چیاکانی کوردستان بە چەکی کۆمەڵکوژ و بەکارهێنانی چەکی ناتۆ ویستی بە گازی کیمیایی گەریلاکانی کوردستان کۆتایپێبێنێت، لە بەرامبەردا گەریلا بە مۆدێلی نوێی سەربازیی خۆی نەک دەوڵەتی تورکیا بەڵکو ناتۆی شەرمەزاریی مرۆڤایەتی کرد .

فاشیزمی دەوڵەت هەموو یارییەکانی خۆی بەکارهێنا بەوەی قەندیل لە گەل داببرێت نەیتوانی، ویستی دورگەی ئیمرالی لە بیر تاکی کورد بەرێتەوە، بەڵام ئەمرۆ ئیمرالی قوتابخانەیە بۆ گەلی کورد و مرۆڤایەتیی، ویستی ڕۆژاڤا بسرێتەوە نەک هەر نەیتوانی بەڵکو ئێستا باکووری سووریا بووەتە مۆدێلێکی نوێ لە مێژووی مرۆڤایەتی.

شکستی فاشیزم زۆرن، بەڵام ڕووداوەکانی ناو شەقامی تورکیا هێشتا ئەو ڕاستییەمان پیشاندەدات کە مرۆڤی ئازادییخواز یان دەبێت برۆن بۆ زیندان یان بۆ چیاکان یان بۆ دەرەوەی تورکیا، پارێزگارییکردن لە دۆزی کورد و زمان و کەلتوور و ماف و دیموکراسیەت قورسییەکەی بۆ هەمان سەردەمی ئەقڵیەتی سوڵتانە عوسمانییەکان دەگەرێتەوە، کە چۆن گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیان کۆمەڵکوژ و بەرەو لە ناوچوون دەبرد، ڕاستینەی ئەوەش پەیوەستە بە پەروەردەی قوتابخانە لە تورکیا و سیستەمی پەرلەمانی تورکیا هیچ تروسکاییەک لە ڕووی لۆژیکییەوە نابینرێت بۆ مرۆڤ و بۆ پێکەوە ژیان، بۆیە ئەوە ڕاستییە گەلی کورد بە پشتبەستن بە فەلسەفە و پارادیگمای ڕێبەر ئۆجالان دەست لە تێکۆشان بۆ ئازادیی خۆی و گەلانی ژێردەستە هەڵناگرێت و بەرخۆدان بووەتە خۆراکی ژیانی ڕۆژانەی گەلی کورد .

ڕەوایەتیدان و چاوساغی بۆ لەشکری تورکیا لە باشوور و جێگیر بوونیان پەیوەستە بەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێچەوانەی هەموو بەها ئەخلاقی و شکاندنی سەروەری قانوون و سیستەمی عێراق و هەرێم، هەروەها شکاندنی شکۆی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە و بێرێزیە بە دەستوری هەرێمیش، ئەگەر سەرجەم حزبەکان لەم دۆخەدا لەسەر داگیرکاریی کۆنەبنەوە و سنوور بۆ دەوڵەتی تورک دانەنێن، چاوەروانی لەوە خراپتر بکەن.

پرۆسەی ئاشتیی لەم دۆخەدا بە بەبێبوونی ئازادیی زیندانیانی سیاسیی و ئازادیی فزیکی ڕێبەر ئۆجالان و چارەسەری پرسی سیاسی کورد لە تورکیا لە دەرەوەی ڕامیاریی ئۆجالان لوولەی تفەنگەکان بە گەرمی دەهێڵێتەوە.

هاوبەشی :