رەزا رەسایی زیندانی سیاسی کوردی یارسان لە سێدارەدرا

42
0
هاوبەشی :

رەزا رەسایی لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵذانی ژن، ژیان، ئازادی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە بێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی و بە بێ رەچاوکردنی مافی دوایین دیدار لە کرماشان لەسێدارەدرا.

بەپێی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە رەزا رەسایی، تەمەن ٣٥ ساڵ، لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان لەسێدارەدراوە.

جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە سیاسیە بە بێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و پارێزەرەکەی بووە و مافی ئەوەشیان پێنەداوە بۆ دوایین جار چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت.

بەرپرسانی زیندان لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بنەماڵەی رەساییان لە جێبەجێکردنی سزای ئەو بەندکراوە سیاسیە ئاگادارکردوەتەوە و رێگرییان کردووە لە گواستنەوەی تەرمەکەی بۆ شاری سەحنە و هەر لە شاری کرماشان تەرمەکە لە ژێر چاودێری چری هێزە ئەمنییەکان لە گۆڕستانی مینائاباد بەخاکسپێردراوە.

١٨ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی مەراسیمی یادکردنەوەی گیانلەدەستدانی سەید خەلیل عالی نەژاد لە کەسایەتیە دیارەکانی یارسانەکان لە سەحنە بەڕێوەچوو، بەڵام مەراسیمەکە گۆڕدرا بۆ خۆپیشاندان لە دژی کوژرانی ژینا ئەمینی و گرژی لەنێوان بەشداربووانی مەراسیمەکە و هێزە ئەمنییەکان هاتە ئاراوە و ئەوەبووە هۆی بەردەوامی خۆپیشاندان لەو شارە بۆ ماوەی چەند رۆژ.

رۆژی دواتر هەواڵی کوژرانی نادر بەیرامی سەرۆکی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سەحنە بڵاوکرایەوە و رۆژی ٢٤ ی تشرینی دووەم رەزا رەسایی لە بەشداربووانی مەراسیمەکە لە شەهریاری پارێزگای تاران دەستگیر و گواسترایەوە بۆ شاری سەحنەی کرماشان و تۆمەتی کوشتنی ئەو ئەفسەرە هەواڵگرییەی سوپای پاسدارانی خرایەپاڵ.

دوای نزیکەی ساڵێک مانەوە لە زیندان و ئەشکەنجەی دژوار، لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا رەزا رەسایی لەلایەن لقی دووی دادگای کرماشانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و لە کانونی یەکەمی هەمان ساڵدا دیوانی باڵای دادوەری سزاکەی پەسەند کرد و لە شوباتی ئەمساڵیشدا داواکاری تێهەڵچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی سزاکەی رەتکردەوە.

سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی رەزا رەسایی لەکاتێکدایە کە پێشتر ئەو زیندانیە سیاسیە لە دانیشتنی دادگادا رایگەیاندبوو، لە ژێر “ئەشکەنجە و هەڕەشەی دەستدرێژی” دانی بە تاوانێکدا ناوە کە ئەنجامی نەداوە.

هەر لەو دۆسیەدا شەش کوردی یارسانی دیکە بە ناوەکانی فەرهاد بەیک گەڕوسی، سەید رەسوڵ رەزەوی، سەید مەعسوم رەزەوی، ئارمین حەقی مەنجەق، پوریا مێنەتی مەنجەق تەپە، شجاع مێنەتی مەنجەق تەپە کە بەشدارییان لە مەراسیمی یادکردنەوەی سەید خەلیل عالی نەژاددا کردبوو، بە تۆمەتی ‘نانەوەی پشێوی و تێکدانی ئاسایشی گشتی’ سزای ساڵێک زیندان و ٧٤ لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندرابوو.

بە گوێرەی ئاماری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی ئێرانیش لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٣٠٩ کەس لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە لەسێدارەدراون، کە بەشێکی بەرچاویان لە هەردوو پێکهاتەی کورد و بەلوچن.

هاوبەشی :