نامەی وەریشە مورادی بۆ رای گشتی ‎داعش سەر دەبڕێت و کۆماری ئیسلامی سەرەکان لە دار دەدات

61
0
هاوبەشی :

نامەی وەریشە مورادی بۆ رای گشتی

ژنە چالاکوانی کورد وەریشە مورادی کە تۆمەتی بەغی یاخود یاخیبوونی چەکداری ئاراستەکراوە و لە زینداندایە لە نامەیەکدا رایگەیاندووە، کە لە دژی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر شەریفە محەمەدی و پەخشان عەزیزی ئەمرۆ ئامادەنەبووە کە بەشداری لە دووەم دانیشتنی دادگا بکات.

وەریشە مورادی چالاکوانی کوردی خەڵکی شاری سنە و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) کە لە ١٠ی گەلاوێژی ساڵی رابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە نزیک سنە دەستبەسەرکرا و دواتر تۆمەتی بەغی یاخود یاخیبوونی چەکداری ئاراستەکرابوو، رایگەیاند، لە دژی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر دوو ژنە چالاکوانی کورد شەریفە محەمەدی و پەخشان عەزیزی ئامادەی دووەم دانیشتنی دادگا نەبووە کە بڕیاربوو ئەمرۆ بەڕێوەبچێت.

وەریشە لە بەشی ژنانی زیندانی ئێڤینی تارانەوە نامەیەکی ئاراستەی رای گشتیی کردووە کە دەقەکەی بەم جۆرەیە:

“داعش سەر دەبڕێت و کۆماری ئیسلامی سەرەکان لە دار دەدات؛

سزای نادادپەروەرانەی لەسێدارەدان بۆ چالاکوانانی ژن (شەریفە محەمەدی و پەخشان عەزیزی) لەماوەی کەمتر لە مانگیک، دانپێدانانی کۆماری ئیسلامییە بە ناکارامەیی و داماوی سیاسیی خۆی. خۆ نواندنی دەوڵەتی نوێ بەوەی بەهێزە، دروستکردنی کەشی ترساندن و تۆقاندن و پەرەپێدان بە سەرکوت لە سەروبەندی ساڵیادی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی هیچ نییە جگە لە وەهم و خەیاڵێکی بەتاڵ. لەم چوارچێوەدا من بە تاوانی ژنبوون، کوردبوون و پەیجوری بۆ ژیانی ئازاد، تۆمەتی بەغیم ئاراستە کراوە. ئێستاش دوای تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر بە دەستبەسەری راگرتنم، لە ریزی چاوەڕوانی بۆ بەڕێوەچوونی دووەم دانیشتنی دادگام لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی دادوەر سەلەواتی لە رێکەوتی ١٤ی گەلاوێژ (٤ی ئاب). هەرچەندە دەزانم کە ئامادەنەبوونم لە دانیشتنەکە رەنگە بە نەبوونی خواست بۆ بەرگری لە خۆکردنم لێکبدرێتەوە، بەڵام وەک ناڕەزایەتیەک بەرامبەر دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ هاوڕێکانم شەریفە محەمەدی و پەخشان عەزیزی، ناچمە بەردەم دادگا و بەهیچ جۆرێک دادگایەک بە فەرمی ناناسم کە سزای دادپەروەرانە دەرنەکات.

‌زۆر جار لە دۆخی دژوار و لە لێپرسینەوەکاندا بەرگرینامەی خۆمم خستووەتەڕوو، بەڵام ئەمجارەیان لەم نامەیە بەرگرینامەی منە کە ئاراستەی خەڵک و کۆمەڵگەی هەمووکات وشیار و ئاگا و ئازادیخوازی دەکەم . داوایان لێدەکەم من و چالاکیەکانم بە گوێرە دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەڵسەنگێنن و داوەری بکەن لەبارەمەوە.

ژیان لە سەدەی ٢١ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هێزە هەژمونگەرا جیهانیەکان و دەوڵەت-نەتەوە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە هەوڵ دەدەن بەهاکان و کولتورەکان زەوت بکەن و خوازیاری داڕشتنەوەی هەژموونی خۆیان لەسەر ئەو بنەمایەن، بە واتای ژیانە ە جوگرافیایەک پڕ کاولکاری و کوشتار کە هەموو رۆژێک شایەتی جینۆساید، یەکدەستکردن و تواندنەوە و لکاندنی زۆرەملێیە. ژیان لە کوردستانیش بە واتای ژیانێک بە بێ بوونی گەرنتی یاسایی، ئابوری، سیاسی، پەروەردەیی و ..، بە دەربرینێکی دیکە واتە بێکاری، هەژاری، هەڵاواردن، دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان و کوشتنی کۆڵبەرەکان (شەهیدانی نان)!

ناسنامەی تاک و هەلومەرجێک کە راستەوخۆ تیایدا دەژی، باشترین بزوێنەر و رێنمایە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی ستەم و هەروەها مرۆڤە چەوساوەکانی دیکە، تا پێکەوە و بە هاوڕێیەتی لەگەڵ ئەوان، لەپێناو گۆرینی دۆخ و دۆزینەوەی رێگە چارەی پرسەکان و کێشەکان هەوڵەکانی بخاتەگەڕ. من وەک ژنێکی کورد پشتم بە مێژوو، کولتور و ناسنامەی خۆمەوە بەستووە، لە کاتێکدا بەردەوام هەلومەرج بە ئاراستەی نامۆبوون لە ناسنامە و هەڵاتن لە خۆمان شکڵی گرتووە. گەلێک کە لەژێر چەوساندنەوە، هەڵاواردنی لێکەوتەی سیستمی نەتەوەگەرە، رەگەزگەرا و ئایینگەرا بووە و لە ئەگەری خستنەڕووی گوتاری ناسنامەخوازی، باوەڕمەندی و چینایەتی لە ناوچەکە سەرکوت کراوە و تۆمەتی بێبنەما و ئەمنیەتی ئاراستەکراوە و رووبەڕووی دەستبەسەری، زیندان، ئەشکەنجە و سێدارە کراوینەتەوە. ئەم دۆخە من و زۆرکەسی وەک من دەگرێتەوە کە لە هەلومەرجی نایەکسانی کۆمەڵایەتی، ئابوری، سیاسی و پەروەردەییدابووین، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێمە لە پێگەی تاک وکۆمەڵگا- خوازیاری تێپەڕبوونی لە ئۆبژەبوون و لە هەمان کاتدا داوای هەبوونی خۆمان کردووە.

هەڵبەت خستنەڕووی ئەم بابەتانە بە واتای دەمارگرژی کوێرانە بەرامبەر بە پرسی ناسنامەی پشت ئەستور بە شێوەی نەتەوەگەرایی نییە، بەڵگوو وشیاری ناسنامەییە، چونکە باش ئاگاداری ئەوەم کە نەتەوەگەرایی توندڕەوانە هەموو کەس بەرەو فاشیزم دەبات. ئەم بابەتە رێک هەمان راستی تاڵە کە رووبەڕووی بووینەوە، ئێمە وەک ئۆبژە دانراوین کە توانای دەربڕینی خۆمان نەبێت و لە ئەگەری دەربڕینی ناسنامەی کۆمەڵایەتیمان رووبەڕووی سرینەوە ببینەوە.

بە درێژایی ئەو ساڵانەی خۆمم ناس، نەمتوانی و نەمویست کە بەرامبەر بە بەها کۆمەڵایەتیەکان بێمبالات و بێهەڵوێست بم. مانەوەم لە دامێنی زاگرۆس – کە هەر لەوێ گەورەبوون- بەسەر جێهێشتنی ئەوێ و ژیانی رەنگاڵەیی لە رۆژئاوا هەڵبژارد. برینی زۆرم بەرکەوت و برینی زۆر کەسیشم ساڕێژکرد. دوو رێگەم لەبەردەم بوو: یان ئۆبژەبوونی هەنوکەیی و بەرگەگرتنی ژیانی تێکەڵ بە ستەمم بە بێ هیچ خۆڕاگرییەک قەبوڵ دەکرد، یاخود راستی هەبوونی خۆم دەدۆزیەوە، کەواتە لە بری “نەفرەتکردن لە تاریکی مۆمێکم داگیرساند!”.

لەسەرەتای قۆناغی خوێندکاریم، وەرزشکاربوون. هەوڵەکان بۆ ژیانێکی بارگاوی بە ناسین و وشیاری منی خستەسەر رێڕەوێک کە دوای ئەوەی بەرژەوەندی گشتیم بەسەر بەرژەوەندی کەسیدا هەڵبژارد. لە ئەنجومەن، رێکخراوە ناحکومیەکان و گروپە خوێندکارییەکان لەپێناو ژنان، منداڵان، مێرمنداڵان، قوربانیانی مادەی هۆشبەر، هۆگرانی وەرزش لە جینە کەمدەرامەتەکان و ئەو کەسانەی لە خوێندن دابڕابوون، چالاکیم کرد. لەهەمان کاتدا کە راهێنەر و پشتیوان بووم، لە خوێندکارەکانمەوە فێری خۆڕاگری بووم. هەروەها چالاکی لەگەڵ گروپە جیاجیاکان بووە مایەی ناسینی زیاتر و روونتری جۆر و رەهەندەکانی هەڵاواردن و تێگەیشتنی زیاتر لەو راستیەی کە ریشەی تەواوی کۆیلایەتیەکان، لە کۆیلایەتی و پێگەی کۆمەڵایەتی ژناندا داکوتراوە. ئەمەش بووە پاڵنەرێک بۆ هەوڵدانی زیاتر لە پێناو بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاری خۆم و کەسانی دیکە، ناسین و شرۆڤەی راستی کێشە و ئاڵنگاییەکانی خێزان و کۆمەڵگا و لە هەمان کاتدا هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە.

دوای ماوەیەک لەگەڵ هزر و ئەندێشەیەک ئاشنابووم، کە خوڵقێنەری ئەو هزر و ئەندێشەیە ئێستا ٢٥ ساڵە کە باجی گەڕان بە دوای “چۆن دەبێت بژین” بە ژیان لە گۆشەگیری رەها لە زیندانی تاکەکەسی دوورگەی ئیمراڵی دەدات. هزر و ئەندێشەیەک کە بۆ دەربرینی ناسنامەی تاک و کۆمەڵگا نکۆڵیلێکراوەکەی، رێگەچارەی نەک لە دەوڵەت-نەتەوەگەرایی، بڵاوکردنەوەی رق و داڕشتنەوەی سنوور بەڵکوو لە سەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پارێزگاری لە ناسنامە نکۆڵیلێکراوەکان و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان دەبینێت. ئەندێشە و هزرێک کە لە هەناوی راستینەی کۆمەڵگاوە هەڵقوڵاوە و توێژەکانی ستەمی ئاشکراکردووە و ئێستاش باس لە ئەڵترناتیڤ و جێگرەوە دەکات. مۆدێلێک لە ژیانم هەڵبژارد کە بڕوای بە سنووری رەقی سیاسی، تاک زمانی، تاک نەتەوەیی، تاک کولتوری، تاک ئایینی و شرۆڤەی راستەوخۆ لە مێژوو نییە و پشتی بەوانەوە نەبەستووە، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ کۆمەڵگا فرەڕەنگەکان کە بە لەبەرچاوگرتنی تەواوی جیاوازییەکان، ئایین و باوەڕەکان، گەلان، گوزارشت لە خۆی دەکات.

بە ناسینێک کە لەم هزر و ئەندێشەیە –هزر و ئەندێشەی ئاپۆیی- بەدەستم هێنا، چالای و لێکۆڵینەوەکانم لە رێگەی ئەندامبوون لە کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) تەواوتر کرد.

لەم چوارچێوەدا لە هەندێک شوێنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگیم بە کۆمەڵناسی ژناندا. تێگەیشتن کە ژنان برین و زامی هاوبەشیان هەیە، کەواتە رێگەی رزگاربوونیشیان دەکرێت هاوئاراستە و هاوبەش بێت و چالاکی هاوبەش بکەن.

هێرشی داعش بۆ سەر رۆژئاوا (باکور و رۆژهەڵاتی سوریا) بووە مایەی ئەوەی لە لایەکەوە زیاتر لە ئامانج و چییەتی هەنگاوەکانی هێزە تاریکپەرستەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێبگەم و لەلایەکی دیکەوە تێگەیشتنێکی وردتر لە پێگەی جیۆپۆلیتیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییەکانی هێز لە نێوان هێزە چالاکە سیاسیەکانی ناوچەکە بەدەستبهێنم و وەک چالاکوانێکی ژن لە پێویستی بەشداری چالاکانە و فرەلایەنە بە ئاراستەی چەسپاندنی سەقامگیری، ئاشتی و دیموکراسی لە ناوچەکە تێبگەم. هەربۆیە چوومە شاری کۆبانێ، ئەو شوێنەی کە هێزە تیرۆریستیەکانی داعش باسیان دەکرد کە نوێژی جەژن لە مزگەوتی ئەوێ بکەن.

بانگەواز و دروشمی ئەوان بەبیرهێنەرەوەی “سەری بڕواوی ژنان و منداڵ” و هەلهەلەی ئێمەش بەبیرهێنەرەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” بوو. ئێمە لە راستیدا لەگەڵ سەربازانی خوداوەندەکانی سەرزەوی دەجەنگاین کە ئێستا ناوەکەیان ببووە داعش! هێزێک کە ئەرکی تەختکردن و هەموارکردنی رێگەی جێبەجێکردنی پلانێکی دۆزەخی بۆ یەک سەدەی داهاتوویی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێسپێردرابوو و ئامرازێک بوو بۆ لەناوبردنی تاکە دەرچە و تروسکایی هیوا کە بەرووی گۆڕانکاری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گیرۆدەی شەڕ کرابووەوە.

ئەم هێزە تیرۆریستیە بە شێوەیەکی چاخەکانی ناوەڕاست (شێوەی دواکەوتووانە) بە دەربڕینی خۆیان بانگەشەی ئیسلامیان هێنایە بەرباس و بۆ دروستکردنی خەلافەت و حکومەتی ئیسلامیان ژیانی گەلانیان بەرەو لەناوبردن برد. هیچ دەوڵەتێک رووبەڕووی ئەم هێزە تیرۆریستیە نەبووەوە.

دەوڵەتی تورک بۆ پشتیوانی تەواوەتی لە هێزەکانی داعش سنوورەکانی خۆی بەرووی ناردنی هاوکاری لۆجستیکی و سەربازی بۆ ئەوان کردبووەوە. هێزەکانی هاوپەیمانانیش کە تا دوایین سات و داگیرکرانی کۆڵان بە کۆڵانی کۆبانێ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی داعش، تەنیا سەیرکەربوون، ئەوان سەیری کۆمەڵکوژی گەلی کۆبانێ و شەنگالیان دەکرد، رێک وەک غەززە! داعش هەزاران ژنی ئێزدی سەربری، هەزاران ژنی ئێزی بەدیلگرت و وەک دەستکەوتی شەڕ فرۆشتنی. بەڵام لەپەنای بێدەنگی دەوڵەت-نەتەوەکان، شایەتی هاواری هێزە ئازادیخوازە جەماوەرییەکان لە سەرتاسەری جیهانبووین، کە هاودەنگ لەگەڵ کۆبانێ وشەنگال راپەڕین، لەماوەیەکی کورتدا خۆیان گەیاندە ئەوێ و بەشدارییان لە شەڕی دژ بە داعش کرد. لە درێژەدا، هێزە هەژمونگەراکان ناچاربوون بە دەمامکی مرۆڤدۆستیەوە خۆیان وەک رزگاریدەر ومەسیحی هاوچەرخ نیشان بدەن، کە گوایە فریادڕەسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دانیشتوانەکەی ئەووێن! بێ ئاگا لەوەی کە ئەم دەمامکە دەمێکبوو داکەوتبوو و خەڵک خۆیان برینی خۆیان ساڕێژ دەکرد.

سەدەی ٢١ سەدەی داواکاری کۆمەڵگا و گەیشتن بە گۆڕانکاری ریشەیی لە پێکهاتە و ئەقڵیەتی دەوڵەت-نەتەوەیە کە لە رێگەی دیموکراتیزەکردن و شۆڕشەوە بگەنە ئامانج. چیتر سەردەمی سوژەبوونی دەوڵەتەکان و ئۆبژەبوونی کۆمەڵگاکان بەسەر چووە. چیتر مێژوو و کولتوری دەوڵەتی ناتوانێت لە رێگەی ئایدۆلۆژییەکانی نەتەوەگەرایی، ئایینگەرایی، رەگەزگەرایی و پۆزیتیڤیستیەوە کۆمەڵگاکان سڕ بکات. ئیتر سەردەمی شوانی دەوڵەت و بەمێگەلکردنی کۆمەڵگا تەواو بووە. رۆژئاوا (باکور و رۆژهەڵاتی سوریا) ئەزمونێکە کە گەشە و ئیرادەی جەوهەری کۆمەڵگە نیشان دەدات، بەڵام ئەم ئەزمونە بەرهەمی چەندین ساڵ هەوڵ لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری کۆمەڵگە و بەتایبەتی ژنان بوو.

ژنی وشیار واتە کۆمەڵگایەکی وشیار، و کۆمەڵگای وشیار واتە بردنە ژێر پرسیاری پیرۆزییەکانی سیستەمی سەرمایەداری. واتە بەشداری ئیرادەی جەوهەری گەل لە قۆناغەکانی ئاشتی و دۆزینەوەی چارەسەریدا و واتە ئامادەبوونی چالاکانەی کۆمەڵگا لە بوارە کۆمەلایەتیەکان، ئابووری، پەروەردەیی و سیاسی. لێرەدابوو کە تێگەیشتنێکی قوڵتر لە هەبوونی ژنان لە ژیان و پەیوەندییان لەگەڵ ئازادییەوە هەستم پێکرد. بوونی من لە خەندەقەکانی دژ بە داعش هاوکاتە لەگەڵ ئەو ڕۆژانەی کە ئەم هێزە هەموو تواناکانی بۆ داگیرکردنی کۆبانێ بەکارهێنا.

کاتێک گەل لەسەر سنووری تورکیا و سوریا قەڵغانی مرۆییان دروستکرد، من یەکێک بووم لەو هەزاران کەسەی کە بەهۆی “منداڵانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە” بۆ ئەوێ ڕاکێشرام. دوای برینداربوون نەمتوانی بەشداری کەشوهەوای شەڕی ئەوێ بکەم بۆیە گەڕامەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەژار بۆ درێژەدان بە چالاکییە پەروەردەیی و توێژینەوە کۆمەلایەتیەکانم ئەمە لە کاتێکدایە کە شەڕی دژی داعش بووەتە هۆی ئەوەی ناوی من بخرێتە لیستی تیرۆرکردنی هێزە هەواڵگرییەکانی تورکیا، بۆیە بوونی من لە ڕۆژئاوا یان هەرێمی کوردستان یەکسان بوو بە هەڕەشەی کوشتن لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە.

لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە کەژاردا لەڕێگەی کارکردن لەبواری کۆمەڵناسی ژنان و خوێندنی مێژووی نەنووسراوی ژنان لەجوگرافیای سیاسیی ئێراندا بەدوای ئاسەوارەکانی کۆمەڵگایەکی دایک ناوەنددا بەدوای وەڵامێک بۆ ئەو کێشەیە بووم کە بۆچی ژمارەی خۆکوشتن و کوشتنی ژنان لەشوێنێکدا کە پێشتر شوێنی خواوەندەکان بووە گەیشتووەتە لوتکە؟

ڕۆژی ١٠ ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە پۆلیس ڕێگای سنە – کامیاران دەستگیرکرام، تەقەکردن، شکاندنی جامەکانی ئۆتۆمبێلەکە، ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی جەستەیی لە کاتی دەستگیرکردندا و شەڕی دەروونی و لێپرسینەوە لە زیندانی تاکەکەسیدا (ئەشکەنجەی سپی) دوور لە چاوی کامێراکان بۆ ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوە و دەستدرێژییە نائەخلاقییەکانیان تۆمار نەکرێت و لەبەردەم کامێرا سزا دان و سوکایەتیکردن بە ئیرادەم هەموو ئەو گوشارانەی کە لە ماوەی 13 ڕۆژ لە ئیتلاعاتی سنە بەسەرمدا سەپێنراوە بەشێکن لەو گوشارانەی بەسەرمدا هێنراوە. بە دڕندە ناویان دەبردم پێیان دەوتم ژن بوونت لەدەستداوە بۆچی ناگریت؟ ئاخرین جار کر گریاویت چ کاتێ بوو؟ دوایین جار چ کاتێ گوڵت بۆن کردووە؟

پاشان گواستراومەوە بۆ بەشی 209 لە بەندیخانەی ئەوین و لەوێ بۆ ماوەی چوار مانگ و نیو لەژێر گوشارێکی زۆردا لێپرسینەوەم لەگەڵدا کرا، لەوانە ئەشکەنجەی زۆر قورس، سیناریۆی ناڕێک و هەڵخەڵەتێنەر، هەڕەشەی کوشتنی کەسایەتی، دانپێدانانی زۆرەملێ و… سەرئێشەی زۆر و برینداربوونی بەردەوام و ئازاری مل و پشتم خراپتر بوو. بە واتایەکی تر، وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران هەمان ئەو کارەی کرد کە لەوانەبوو هێزە هەواڵگرییەکانی تورک بە سەر منیان بهێنابایە. لە ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢ گواترامەوە بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین. لە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی تاران بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە گروپە بەرهەڵستکارەکان” و “بەگی” تۆمەتم ئاراستە کرا. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە بۆچی شەڕ لە دژی هێزێکی تیرۆریستی وەک داعش هاوتایە بە شەڕ لە دژی کۆماری ئیسلامی؟ کەواتە بانگەشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ شەڕ لە دژی داعس دەچێتە کوێی مێژووەوە؟! داعش سەرمان دەبرێت و کۆماری ئیسلامی سەرمان لەدار دەدات. هیچ زانستێکی سیاسی-یاسایی توانای لێکدانەوەی ئەم دژوازی و ناتەباییەی نییە. کەواتە با وشیاربین.

بەدرێژایی یەک ساڵی دەستبەسەری کاتی، تەنیا لەماوەی سێ مانگ و نیویدا مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵەم هەبوو. ئەوەی دیکەی یان لە ژووری تاکەکەسیدابوون یان وەک ئێستا لە بەشی ژنان، بەڵام بە دۆخی تاکەکەسیەوە. دوای تێپەڕبوونی ١٠ مانگ لە دەستبەسەری لە نێوان ٢٥ و ٢٧ی گوڵان لە زیندانی ئێڤین، بە بێ لەبەرچاوگرتنی و سەرنجدان بە ئەزمون و کارنامەکەم، منیان لە ریزی داعشدا دانا و بە تیرۆریست ناودێریان کردم و وتیان دەبوایە لەلایەن دەوڵەتەوە وەک بەرگریکاری حەرەم بچوویتایە بۆ سوریا. کەواتە بەپێی ئەم پێناسەیە، هەموو ئەوانەی لەسەر بنەمای ئەرکی مرۆیی چوون و دژی داعش شەریان کردووە، دەبێت تیرۆریست بن!

لەماوەی سێ مانگی رابردووشدا هەوڵیاندا تۆمەتی نوێم بۆ دابتاشن، ئەمە جگە لە بیستنی بانگەشەی بێبنەما و پوچەڵ، لێپرسینەوە تەڵقینی و تاقەتپڕوکێن، سوکایەتی، هەڕەشەکردن بە لەسێدارەدان، هاندان و گوشار بەمەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ، بەشێک لە کێشە و پرسەکانی ئەم ماوەیە بوو. ئێستا نزیکەی سێ مانگ بەسەر دوایین لێپرسینەوەدا تێپەڕیوە، نە پارێزەران مافی سەرلەنوێ خوێدنەوەی پەڕاوەکەیان هەیە و نە منیش مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەرانم هەیە! ئێستاش لە قۆناغی قەدەغەی پەیوەندی و چاوپێکەوتندام.

ئێستا بە ئاوڕدانەوە لە رابردوو و ئەو رێگەیەی پێواومە، بەرگریی لە کردەوەکانم دەکەن، چونکە لە هیچ شوێنێک و هیچ کاتێکدا بچوکترین زیانم بە گیان و ماڵی کەس نەگەیاندووە و تاکە تاوانم ئەوەیە کە بەرامبەر کۆمەڵگا هەستم بە بەرپرسیارێتی کردووە. هەروەها بەرگریی لە خەباتم لە دژی هێزە تیرۆریستیەکانی داعش لە کۆبانێ دەکەم، تاکۆتاییهاتنی هەموو جۆرە ستەمێک لە دژی ژنان، لە کوردستانەوە تا بەلوچستان و لە ئێرانەوە تا ئەفغانستان، تاگەیشتن بە ئامانجەکانی ژن، ژیان، ئازادی درێژە بە تێکۆشان دەدەم.

لە کۆتاییدا رایدەگەیەنم، بە درێژایی یەک ساڵی رابردوو هیچ شتێک نەبووەتە مایەی ئەوەی بچوکترین ڕاڕایی و دڕدۆنگی لە مندا لەبارەی ئەرکە مرۆییەکانم بەرامبەر کۆمەڵگا و بەتایبەتی ژنان دروست بووبێت و هەرگیزیش دروست نابێت.

من ژنێکی کورد و دانیشتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستم کە تەنیا بۆخۆم نەژیاوم، بۆ ئازادی کۆمەڵایەتی دانیشتوانی ناوچەکە، ئەوەی لە توانامدابووە ئەنجامم داوە و لەمەودواش ئەنجامی دەدەم، چونکە ژیانی ئازاد و بەهامەند، شایەنی ئەوەی گیانی لەپێناودا بەخت بکرێت. دەبێت ژیان بە شێوەیەکی باڵا و واتادار بژین و بە ئازادی بیڕازێنینەوە، یاخود هەرگیز نەژین”.

هاوبەشی :