مەترسی جینۆساید هێشتا بەردەوامە، دەبێت خۆسەری ئێزدییەکان مسۆگەر بکرێت

57
0
هاوبەشی :

سۆزدار ئاڤێستا، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی گشتیی کەجەکە ڕایگەیاند، مەترسی جینۆساید لە دژی ئێزدییەکان هێشتا بەردەوامە و داوای مسۆگەرکردنی خۆسەری شەنگالی کرد.

سۆزدار ئاڤێستا، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی گشتیی کەجەکە لە ١٠یەمین ساڵوەگەری فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بۆ چرا تیڤی قسەی کرد. هەڵسەنگاندنی سۆزدار ئاڤێستا بەمشێوەی خوارەوەیە:

” 74 ـەمین فەرمان، لە 3ی ئابی 2014 لە شەنگال دژی کۆمەڵگای ئێزدیمان ئەنجامدرا. پێش هەموو شتێک هێزی کۆمەڵکوژ کە بەشداربوو لە فەرمانەکەدا و بوونە هێزی نۆکەر و دەستیان لە فەرمانەکەدا هەبوو بە توندی شەرمەزار دەکەم. هەروەها گیانبەختکراوانی فەرمانەکە کە بە هانای گەلی شەنگالەوە چوون، بەڕێزدارییەوە بە بیردێنمەوە، لە کەسایەتی دڵشێر هەرەکۆڵ، عەگید جڤیان، هەڤاڵ نێرگز، ئەڤین دێریک، گەنجۆ هەولێری، هەروەها مام زەکی شەنگالی، هەڤاڵ بەشیر، هەڤاڵ سەعید، بەرخۆدان، زەردەشت، ئازاد و فەرماندەی شەنگال دژوار فەقیر، هەموو شەهیدانی ئازادی و شەهیدانی ئیزیدخان بە ڕێزدارییەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بە بیر دێنمەوە.

ئەم فەرمانە کەی ڕوویدا و کام هێز لەم فەرمانەدا بەشدار بوون و مەبەست چی بوو و چۆن ئامانجەکەیان بەدیهێنا؟ بە دڵنیاییەوە ماوەی ١٠ ساڵە لە هەموو لایەکەوە هەڵسەنگێندراوە. بەڵام هێشتا هەندێک شت هەن کە ڕوون نەبووەتەوە. ئێمە پێمان وایە بەرخۆدانی شکۆمەندانەی گەلەکەمان لایەنی تاریکی ئەو ڕووداوە ڕوون دەکاتەوە و لێپرسینەوە لەم هێزە بکوژانە دەکات. بەم بۆنەوە تێکۆشانی گەلی ئێزدیمان هێشتا بەردەوامە. سەرەتا سڵاو ئاراستەی دایکی شەهیدان و ژنانی بەرخۆدێری یەبەشە و یەژەشە و ئاسایشی ئیزیدخان و هەموو گەلەکەمان دەکەم کە لە هەموو کاتێکدا بەئەرکی خۆیان هەستاون. بەگیان و دڵەوە پیرۆزبایی تێکۆشانیان لێدەکەم کە نەیانهێشت ئەم فەرمانە ئەوجۆرەی دوژمنان پیلانیان بۆ دانابوو بگاتە ئامانجەکەی.

لە 1ی حوزەیرانی 2014، پێش ئەوەی موسڵ بکەوێتە دەستی چەتەکانی داعش، ئەو هێزانەی داعشیان پێکهێنا لە عەممانی پایتەختی ئوردن کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا. لەم دیدارەدا سعودییەکان، قەتەر، دەوڵەتی فاشیستی تورک و بنەماڵەی بارزانی-پەدەکە بەشدار بوون. بەگوێرەی ئەو بڕیارانەی لە عەممان دراون، هێڵی شەنگال – موسڵ، هەروەها بەشێکی زۆری دێریک و قامیشلۆ، ڕادەستی داعش بکرێت. ئەم بڕیارەیان بەشێوەیەکی فەرمی لەنێو خۆیاندا باس کرد و بڕیاریان لەسەر دا. ڕای گشتی ئەمە دەزانێت. لە بەهاری ساڵی ٢٠١٤ بنەماڵەی بارزانی لەسەر سنوورێک کە داگیرکەران لە نێوان ڕۆژئاوا و باشووردا دروستیان کردبوو، خەندەقێکیان هەڵکەند. ئەمە سەرەتای پلانی عەممان بوو. ئەوان دەیانویست کۆمەڵگای ئێزدی قڕ بکەن. لەلایەک ویستیان کۆنتڕۆڵی گەلی ئێزدی بگرنەدەست و باوەڕەکەیان لەناو ببەن، لەلایەکی دیکەشەوە ویستیان شۆڕشی نوێی ڕۆژئاوا سەرکوت بکەن. ئەمە ئامانجی سەرەکییان بوو. ئەوانەی خیانەتیان لەم گەلە کرد ماوەی ١٠ ساڵە بەردەوامن لە خیانەتەکانیان. وەک دەزانین دوای ڕووخانی دیکتاتۆری سەدام لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، کۆمەڵگەی ئێزیدی دەرفەتی ئازادییان بۆ هاتەپێش.

لە سەردەمی بنەماڵەی بارزانیدا تا ئێستا ٢ فەرمان بە سەر کۆمەڵگەی ئێزدییدا هاتووە

کۆمەڵگای ئێزدی چاوەڕێی ئەو ڕۆژە بوون تا بە ئازادی لەسەر خاکەکەیان بژین. ساڵی 2004 بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ سەید حەسەن، کە بیرۆکەی ڕێبەر ئاپۆی بە بنەما گرتبوو خۆی بە ڕێکخستن کرد. تا ساڵی 2014 بنەماڵەی بارزانی بەرپرسیارێتی شەنگالیان لەدەستدا بوو و ڕێگەیان نەدەدا پێکهاتەی ئێزدی خۆیان بەڕێکخستن بکەن. لە سەردەمی بنەماڵەی بارزانیدا 2 فەرمان بەسەر کۆمەڵگای ئێزدیدا هات. فەرمانی ساڵی ٢٠٠٧ و فەرمانی ساڵی ٢٠١٤. نەیانهێشت پێکهاتەی ئێزدی خۆیان بەرێکخستن بکەن و هێزی پاراستنی خۆیان بنیات بنێن و بەپێی کولتوور و ڕەسەنایەتی خۆیان بژین. بۆیە هەموو ڕۆژێک ئەندامانی ئەم بزووتنەوەیەیان دەگرت و بەربەستیان دەخستە بەردەمیان و نەیاندەهێشت ئاگادارییەکانیان بڵاو بێتەوە و بەربەست بوون لەبەردەم هەرجۆرە هۆشیارکردەنەویەکدا. هەروەها کاتێک مەترسی لەسەر شەنگال زیادی کرد، بزووتنەوەکەمان ویستی دەستوەردان بکات و ڕێگری لەو مەترسییە بکات. بۆ ئەمەش بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ دڵشێر هەرەکۆڵ، کۆمەڵێک گەریلای نارد بۆ شەنگال. ئەمەش ماوەیەکی کەم پێش فەرمانەکە ڕوویدا و بەشێک لەو هەڤاڵانە دەستگیرکران و خرانە زیندانەوە لەلایەن پەدەکەوە. لە ٣ی ئاب کە هێرشەکانی داعش دەستی پێکرد، پەدەکە گەلی شەنگالی بە دەستی بەتاڵ بۆ چەتەکان بەجێهێشت و خۆیان هەڵاتن. پێشتر چەکی خەڵکیان کۆ کردبووەوە و بەشێوەیەکی بێ کەرامەتانە هەڵهاتن.

پەدەکە ئێستاش درێژە بەم سیاسەتەی دەدات. حکومەتی عێراق و بنەماڵەی بارزانی پێکهاتەی ئێزیدییان نەپاراست. 10 ساڵ بەسەر فەرمانەکەدا تێپەڕیوە و لەماوەی ئەم 10 ساڵەدا هێرشەکان ڕۆژانە بەردەوامە لەسەر کۆمەڵگای ئێزیدی. ئەمەش ڕوون وئاشکرایە. فەرمانەکان لە ڕۆژی یەکەمەوە تا ئێستا درێژەی هەیە. لە هێرشەکانی سەر خانەسۆر شەهیدی لێ کەوتووتەوە و دەوڵەتی تورک هەموو ڕۆژێک بە فڕۆکە و تیرۆر بەردەوامە لە هێرشەکانی. ئەم هێرشانە بۆ کۆچبەر کردنی کۆمەڵگەی ئێزدی لەسەر خاکەکەیان دەکرێت، تا ئێستاش بەردەوامن. بۆ ئەوەی ڕێگری لە هێرشەکان بکرێت، بەرخۆدان بەرز کرایەوە. بە هۆی خیانەتەکانی بنەماڵەی بارزانییەوە، زیاتر شەهید دراوە هەتا هێرشەکان دەوڵەتی فاشیستی تورک.

قارەمانانی وەک سەید، دژوار، زەردەشت، بەرخۆدان، ئازاد، دڵدار، خەیری، بێریڤان و ئارینی ئیزیدخان کرانە ئامانج، چونکە لە بەرامبەر خیانەتدا وەستانەوە. چونکە خیانەتکاران ڕۆڵی ئەو هەڤاڵانەیان بە باشی هەست پێکردبوو کرانە ئامانج. حەز دەکەم لەم دەرفەتەدا کەمێک سەرنج بخەمە سەر کار و تێکۆشانی ئەو هەڤاڵانە.

هەڤاڵ سەید لە کاتی فەرمانەکەدا چیای شەنگالی بەجێنەهێشت. لەگەڵ بنەماڵەکەی، عەشیرەتەکەی، دەورووبەرەکەی، بەرەو چیای شەنگال دەچن و دەڵێت، ئەگەر هەمووان ئەم شوێنە بەجێبهێڵن، من بەو هێزەی کە لە ڕێبەر ئاپۆ وەرمگرتووە ڕووبەڕوویان دەبمەوە. بە تایبەتی زۆربەی لە ئەندامانی عەشیرەکانی ئەو سەردەمە. بنەماڵەی هەڤاڵ دژوار فەقیر، پێشمەرگەی پەدەکە بوون، ئەوان دەیانویست هەڤاڵ دژوار شەنگال بەجێبهێڵێت، بەڵام هەڤاڵ دژوار وتی ‘تا دوا هەناسەم لەگەڵ شەڕڤانانی ئازادیدا دەبم’. هەموو عەشیرەکان لە چیای شەنگال مانەوە و گەلەکەمان ڕۆڵێکی مێژوویی نواند. ئێمە وەک بزووتنەوەی ئازادی، ئەمەمان دەزانی و ئەگەر شەنگال بەجێبهێڵن قەد ناتوانن بگەڕێنەوە. بنەماڵەی بارزانی هەموو شتێکیان بۆ چۆڵکردنی شەنگال کرد. بە تایبەت لە مانگەکانی دەستپێکی فەرمانەکەدا، ڕێڕەوی نێوان ڕۆژئاوا و شەنگال کە دەیان کەسی تێدا شەهید بوون، لەلایەن پەدەکەوە دەستی بەسەردا گیرا و شەنگالیش گەمارۆدرا بۆ ئەوەی گەل خاکەکەیان بەجێبهێڵن.

لەو کاتەدا ئەوانەی لە شەنگال مانەوە بە پێشەنگایەتی سەعید و دژوار دەیانگوت: “دڵنیابە خاک دەخۆین، برسی دەبین، بەڵام دەستبەرداری شەنگال نابین. ئێستا باشتر تێدەگەین ئەو بڕیارە چەندە لە کاتی خۆیدا بە جێگە بووە. دونیا ئەمەی بینی، گەلی ئێزدی ئەم ڕاستیەی بینی. لە سەردەمێکی وەهادا، هەڵوێستێکی لەوشێوە بنەمای زۆر شتی ڕوون کردەوە. پێویستە گەلەکەمان باش لەم شتە تێبگات و کەس نەکەوێتە تەڵەوە. پێویستە بزانرێت تێکۆشانی ئێستا لەسەر چ بنەمایەک بەڕێوەچووە. بۆ نموونه ئه و هەڤاڵانەی کرانه ئامانج، چونکه لەبەرامبەر خواستەکانی ماڵ بارزانی دا سەریان دانەنواند. هەڤاڵ سەعید یەکێک لەوانە بوو. بنەماڵەی بارزانی لە مانگی ١٢ بە کاروانێک بەڕێکەوتن و چوونە چیای شەنگال. هەڤاڵ سەعید ڕۆیشتە پێشیان و وتی ئێوە بە چ ڕوویەکەوە هاتوونە ئێرە. شەرەف و کەرامەتمان هێشتا لە ژێر پێدایە بە هۆی ئێوەوە. بە چ ڕوویەکەوە هاتوون؟ هەمووان دەزانن هەڤاڵ سەعید بە هۆی ئەو هەڵوێستە شکۆمەندانەیەوە کرایە ئامانج. دەیان پلانیان دانا تا هەڤاڵ سەعیدیان کوشت. چونکە ئەم هەڤاڵانە فەرمانەکەیان ڕاگرت.

پێویستە عێراق هەرگیز نەکەوێتە داوی دەوڵەتی تورکەوە

لە ئەنجامی ١٠ ساڵ بەرخۆدان و تێکۆشان، شەنگال و دەوروبەری ئازاد کران و هێزی پاراستنی گەل بنیات نرا. ئەم هێزانەی یەبەشە یەژەشە و ئاسایشی ئیزیدخان لە ماوەی ئەم ١٠ ساڵەدا بە ئیرادەیەکی زۆرەوە بەرخۆدانیان کرد. بێگومان ئەوانەی، ئەمڕۆیان خوڵقاند کەسانێکی وەک شەڕڤانانی ئازادی، دڵشێر و عەگید بوون کە لە چیاکانی کوردستانەوە هاتبوون. لە سایەی فەداکارییەکانی یەژا ستار و هەپەگە و یەپەگە و یەپەژە شەنگالی ئەمڕۆ پێکهاتووە. لەو کاتەدا لە ٤ لاوە دەستوەردانیان کرد. ڕەنگە دەوڵەتان لەبەر بەرژەوەندی خۆیان ئەمە نەڵێن، بەڵام هەمووان ئەم ڕاستیەیان بینی. سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو کاتەدا حەیدەر عەبادی پیرۆزبایی لە بزووتنەوەی ئازادی کرد. گەلی هێژا و بە کەرامەتمان ئەگەرچی 10 ساڵ بەسەر برینی شەنگالدا تێپەڕیوە بەڵام ئازارەکانی ساڕێژ نەبووە، هەزاران ژن، منداڵ، گەنج هێشتا چارەنووسیان نادیارە. بۆ ئەوەی تۆڵەیان بکەنەوە، بێگومان ئەرکێکی گەورە دەکەوێتە سەر شانی هەموو بەش و توێژەکانی کۆمەڵگا. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە ڕوانگەی نەتەوەی دیموکراتیک 10 ساڵە لە شەنگال سەرەڕای هەموو سەختییەکان کۆمەڵگا بەڕێوە دەبات. شەنگال دەپارێزێت، سیاسەت دەکات، پێداویستییەکان پڕدەکاتەوە و درێژە بە تێکۆشان دەدات.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا کارێکی زۆر باش ئەنجامدرا. سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراق لە بەغدا بەڕێوەچوو. لە هەمان کاتدا گرووپ کارێکی ئازادی و دادپەروەری لە شەنگال بەڕێوەچوو. گەلەکەمان سەردەمی مەینەتی تێپەڕاندووە. ئێستا دەتوانێت خاوەنداری لە خۆی بکات و خۆی بەرێوە ببات. ماوەیەک بەهۆی هێزی داگیرکەرەوە ئازارێکی زۆری چێشت، بەڵام ئێستا کاتی لێپرسینەوەیە. بە واتایەکی تر باشترین وەڵام بۆ فەرمانەکە لەم کاتەدا تۆڵەسەندنەوەی شەهیدان و مسۆگەر کردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە. کۆمەڵگای ئێمە ئێستا زۆر باش هەست بەمە دەکات، دەزانێت ئەگەر خۆی بەڕێوە نەبات، ئەگەر نەتوانێت خۆی بپارێزێت، کەس یارمەتی نادات. هەر بۆیە زۆر گرنگە لە هەموو بوارەکاندا خۆبەڕێوەبەری و تێکۆشانی خۆی پێش بخات.

بەم بۆنەوە جارێکی دیکە بانگەوازی لە دەوڵەتی عێراق دەکەین؛ عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە. هەموو کۆمەڵگاکان، بیروباوەڕەکان، کولتوورەکان تێدا دەژین. بۆیە بەتەنیا هێشتنی گەلی ئێزیدی بەبێ پاراستن و بەرگریی، بۆ عێراق هیچ دەستکەوتێکی نابێ، بە پێچەوانەوە پێشێلکردنی کەرامەتە. بەشێک لەو بڕیارانەی کە بە هەڕەشەی دەوڵەتی تورک و بنەماڵەی بارزانی بەدەست هاتوون، خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق ناکات. پێکهاتەی ئێزیدی هیچ زیانی بە دەوڵەتی عێراق نەگەیاندووە و زیانی پێ ناگەیەنێت. سەرەڕای هەموو هێرشەکان، لەسەر خاکی خۆیان دەژین و هێرشیان نەکردە سەر هیچ کەس و لایەنێک. پێویستە عێراق لە بەرامبەر هەڕەشەکانی بنەماڵەی بارزانی تەسلیم نەبێت، بەتایبەتی نەکەوێتە داوی دەوڵەتی تورکەوە. کۆمەڵکوژ کردنی کۆمەڵگای ئیزیدی شەرمەزاری و بێ کەرامەتیە بۆ دەوڵەتی عێراق. ئەوەی پێویستە بکرێت، دانپێدانە بە پێگەی شەنگال لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە. ئەمەش بە دەستوور دەکرێت. نموونەی ئەمەش باشووری کوردستانە.

دەبێت کەس لە نێوان عێراق و بارزانیەکاندا بازرگانی بە گەلی ئیزیدییەوە نەکات

نابێت کەس کۆمەڵگای ئێزیدی بکاتە مەسەلەیەکی بازرگانی لە نێوان عێراق و بنەماڵەی بارزانیدا. لە پرۆسەی دواییدا یاری نوێ ئەنجام دەدرێن. ئێمە نامۆ نین بەم یارییانە. سەردەمێک لە ئەرمەنێستان و ئاڵمانیا ماوەی دە ساڵ قسەو باس لەسەر ئەوە دەکرا کە ئایا ئێزدییەکان کوردن یان نا. ئەوان دەیانەوێت هەمان شت لە عێراقدا بکەن. ئەمە رۆژەڤی پێکهاتەی ئێزدی نییە. حکومەتی عێراق پێویستە ڕێککەوتنەکەی 9ی ئۆکتۆبەر هەڵوەشێنێتەوە و ڕێککەوتنی هاوبەش لەگەڵ هێزی ئێزیدیدا لە شەنگال دەست پیبکات. ئەگەر کارێکی لەو شێوەیە بکرێت، دەبێتە داوای لێبوردنیان لە ڕوودانی فەرمانەکەدا. قەرەبووکردنەوەی ئەو کارەساتە بۆ شەنگال ئەوەیە کە دان بە پێگەی شەنگالدا بنرێیت و ئاشتی دیموکراتیک لە نێو ئەم کۆمەڵگایەدا دروست بکەیت. پێش هەموو شتێک با گەلەکەمان، گەلی ئێزدیی با کەس خۆی فریو نەدات؛ پێویستە وا بیر نەکرێتەوە کە فەرمانەکە کۆتایی هاتووە، سەردەمێک تێپەڕیوە. ئێستا هێشتا ئەو یارییانە دەبینین کە ئەنجام دەدرێن.

دەبینن کە بە سەرکردایەتی بنەماڵەی بارزانی چەتەکانی داعش لە باشوور جێگیر دەکرێن. ئێستا باشوور لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکدایە. لە بەرامبەر ئەمەدا بەرخۆدانێکی گەورەش هەیە. مەترسی کۆمەڵکوژیی هێشتا بەردەوامە. بۆیە پێویستە گەلەکەمان ئەمە بە باشی ببینێت. لە لایەک تێکۆشانی خۆی زیاتر بکات، لە لایەکی ترەوە خۆپارێزی بەهێزتر بکات. ژنان ماوەی ١٠ ساڵە لە شەقامەکانن. ئەوان پێشەنگایەتی بەرخۆدانێکی گەورە دەکەن و لە شوێن پێی بێریڤان و نازێیەکان درێژە بە تێکۆشان دەدەن. هەرچەندە فەرمانی زۆریان بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام کڕنۆش بۆ هیچ ستەمکارێک نابەن. لە هەمان کاتدا بوون بە هیوا بۆ هەموو گەلانی ستەملێکراو. دایکان، ژنان لێرە پێشەنگایەتی دەکەن. ئەوان لەسەر بنەمای بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ خۆیان بەڕێکخستن کردووە و تامی ئازادییان وەرگرتووە. دەڵێن ئەگەر پێشتر خاوەن ئەم بیرۆکانە ببوایین، ئەم شتانە ڕوویانەدەدا. ئێستا گفتوگۆی زۆر گرنگ لەسەر بنەمای بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەچێت.

لەناو کۆمەڵگادا تۆوی ڕق و جیاکارییان چاندبوو، مرۆڤەکان تەنانەت خواردنی دەستی یەکتریشیان نەدەخوارد. بەڵام ئێستا ژنانی ئێزیدی، عەرەب، تورکمان، سووریانی و عێراقی شان بە شانی یەکتر تێکۆشان دەکەن. ئەمەش لە سایەی بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ کە هێڵی ئازادی ژنانی پەرەپێدا بەرهەم هاتووە. لەمڕۆشدا ژنانی شەنگال پێشەنگایەتی ئەم تێکۆشانە دەکەن، بەرخۆدان بەرز دەکەنەوە. ئەمە زۆر گرنگە. گەنجانی ئێزیدخان لەسەر هێڵی بێریڤان و نازێ تێدەکۆشن. من باوەڕم وایە ئەم گەنجانە پێشەنگایەتی ئەم پرۆسەیە دەکەن. لە گۆڕستانی شەهیدانی شەنگالدا لە زۆربەی بیرو باوەڕەکانەوە شەهید هەیە. ئەمانە بناغەی خۆسەری دیمۆکراتیکی شەنگالیان بنیاتنا. بەم شێوەیە داوا لە کۆمەڵگای ئێزدیمان دەکەم ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات و هەموو شوێنێکن، دەبێت بە هەموو شێوەیەک خۆیان بەڕێکخستن بکەن و لەدژی هێڵی خیانەت، بە یەکگرتوویی گەلەکەیان و شەنگال بپارێزن.

گەلی شەنگالمان ئێستا وەک ساڵانی پێشوو نییە. ئێستا هێزی خۆیان هەیە و بە تێگەیشتنەوە خۆیان بەڕێوە دەبەن. ڕێگا و ئامرازەکانی تێکۆشان دەناسن، دەتوانن لەوە تێبگەن کێ دۆستە و کێ دوژمنە. ئەمە زۆر گرنگە. هەمیشە وتوویانە؛ ئازارە گەورەکان ئەنجامێکی گەورە بەدوای خۆیاندا دەهێنن. با هەمووان بزانن کە ئەم فەرمانە فەرمانی کۆتاییە. دیسان دووبارەی دەکەینەوە؛ ئەگەر گەلەکەمان بە بەرخۆدان و تێکۆشانی خۆی و بە بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ یەکێتی خۆی بنیات بنێت، خۆسەری خۆی دابمەزرێنێت، هیچ هێزێک ناتوانێت هێرش بکاتە سەری. با کەس خۆی فریو نەدات؛ با نەڵێین، ئێمە بە ٧٣ فەرمان لەناو نەچووین، بە فەرمانی ٧٤ئەمینیش لەناو نەچووین. ئەمەش ڕاستیەکە؛ بەڵام لەم پرۆسەی جەنگی جیهانی سێیەمدا، مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و هێزە هەژموونخوازەکان وڵاتان وێران دەکەن. لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان هەموو شتێک دەکەنە قوربانی. وەک چۆن ١٠ ساڵ لەمەوبەر گەلەکەمان گەلی ئێزیدی قوربانییان دا، ئێستاش دەبنە قوربانی. ئێمە لە پرۆسەیەکدا دەژین کە؛ زمان و کولتوور و کەسایەتی وەک بەفر دەتوێتەوە. بۆ ئەوەی فەرمانەکان بۆ هەمیشە کۆتایی پێ بهێندرێت پێویستە بەرخۆدان و تێکۆشانی زیاتر بکرێت. دیسان دەڵێم ئێمە قەرزداری شەهیدان و ڕێبەر ئاپۆ و گەلی بەرخۆدێرمانین کە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان. دوای ئەو فەرمانانەی کەبە سەر گەلی ئێزیدیدا هاتووە، ئەوە یەکەمجارە گەلی ئێزیدی دەگەڕێنەوە بۆ سەر خاکی خۆیان. لەسەر ئەم بنەمایە داوا لەگەلەکەمان دەکەم بگەڕێنەوە بۆ سەرخاکی پیرۆزی خۆیان و بە کەرامەت و دلسۆزییەوە لە خاکی خۆیاندا بژین.”

هاوبەشی :