تۆڵەی ٣ی ئاب بە ڕێکخستن و خۆپاراستنی ژن دەکرێتەوە
کۆردیناسیۆنی کەژەکە بەبۆنەی ١٠هەمین ساڵوەگەڕی فەرمانی ٣ی ئابی سەر شەنگال ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی: ” تۆڵەی ئەم کۆمەڵکوژییە بە ڕێکخستن و خۆپاراستنی ژن دەکرێتەوە.”
کۆردیناسیۆنی کەژەکە بەبۆنەی ١٠هەمین ساڵوەگەڕی فەرمانی ٣ی ئاب کە ساڵی ٢٠١٤ بەدەستی چەتەکانی داعش بەسەر شەنگالدا هێنرا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. کەژەکە ڕایگەیاند ژنان لە هەموو گۆڕەپانەکانی ژیاندا ڕێکخستنبوونی خۆیان بەهێز بکەن و ئەمنیەت وئاسایشی شەنگال و ئێزیدخان مسۆگەر بکەن.
ڕاگەیاندراوەکەی کەژەکە بەم شێوەیە: “١٠هەمین ساڵوەگەڕی هێرشی هێزە کۆنەپەرەستانی داعش لە سەر شەنگال؛ لە کەسێتی نوژیان ئەرهان، بێریڤان شەنگالی، ئارین شەنگالی، دایە گولی، دایە ئەرزان، جەیلان، مام زەکی، دلشێر هەرەکۆڵ، ئەڤین دێرک، عەگید جڤیان، نوژین سێرت، هێلین مێردین، بەرخۆدان، زەردەشت، سەعید حەسەن، دژوار فەقیر، دڵگەش ڕۆژهەڵات و گەنجۆ هەولێرییدا هەموو هاوڕێیانمان کە لە شەڕی پاراستنی کەرامەتدا شەهیدبوون بە ڕێزداری و پێزانینەوە یاد دەکەینەوە. کە وەک دەروێش و عەدولی سەردەم، نەک بە تەنها لە شەنگال، بەڵکو چاند و بەهای هەرە دێرینی مرۆڤایەتیشیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە کۆمەڵکوژی ڕزگار کرد. هیوای ژیانی ئازادییان گەیاندە سەرکەوتن. بەڵێنمان بۆ پێکهێنانی شەنگالێکی خۆسەر بە ئیرادەی خۆی، خۆی بەڕێوەببات، نوێ دەکەینەوە.
داعش کە بەرهەمی زلهێزە هەژموونەکانی جیهانە، هێرشی کردە سەر بەها مرۆییەکان و ویستی بە ناوی ژیانەوە هەموو شتێک کۆمەڵکوژ بکات. ئەم هێزانەی کە ساڵی ٢٠١٤ هێرشیان کردە سەر شەنگال، دەیانویست گەلی ئێزیدیمان کە ڕەگی سەرەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جوگرافیای میزۆپۆتامیایە بەناوی ژیانەوە پاکتاو بکەن.
ژنانی شەنگال هیوای ژیانێکی ئازادیان لە جیهاندا بڵاوکردەوە
لەم هێرشە دڕندانەیەدا ژنانی شەنگال زۆرترین زیانیان بەرکەوت. هەزاران ژن و منداڵ لە بازاڕەکاندا وەک غەنیمەتی شەڕ فرۆشران، کوژران و بەهەزاران کەس ئاوارە بوون و تا ئێستا چارەنووسی هەزاران ژن و منداڵ نادیارە. هێرشی چەتەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ ئەوەی سەلماند کە هەر گەلێک هیچ بەرگری و ڕێکخستنێکی خۆی نەبێت، ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبنەوە و ئەم مەترسییە هەمیشە لەبەردەمیاندایە. لەسەر بنەمای ئەم ڕاستییە، ژنان و گەلی ئێزدیمان لە ڕووداو و مێژووی دوای کۆمەڵکوژییەکە ئەو ئەزمونەیان وەرگرت و هێزی بەرگریی خۆیان بنیاتنا و خۆیان بەڕێکخستن کرد. ژنان گەیشتنە ئەو قەناعەتە کە فەرمان و کۆمەڵکوژی چارەنووسیان نییە، هێز و ورەیان لە ئایدۆلۆژیی ڕێبەر ئاپۆ وەرگرت و هەستان و بەرخۆدانیان کرد. بە گەیشتن بە بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ و بیری هەزاران ساڵەی گەلی ئێزیدی، دەستیان کرد بە ڕێکخستنی ژیانێکی ئازاد. ئەو ژنانەی بەڕێگەی تاژێ خۆیان بەڕێکخستن کرد و ئیرادەی خۆیان نیشان دا، لەگەڵ یەژەشە پاراستن و سروشتی خۆیان مسۆگەر کرد. کاتی ئەوە هات کە ژنان بە بەردەوە بەرامبەر تانکەکان بوەستن و ئەو خەندەقانەی کە هەڵکەندرابوون بە دەست پڕ بکەنەوە و کاتی ئەوە هات کە چەک هەڵبگرن بۆ بەرگریی کردن لە خۆیان و شەنگال. ژنانی شەنگال بە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ، هیوای ژیانێکی ئازادیان بە هەموو لایەک و گەلانی جیهاندا بڵاوکردەوە.
لە یادی ١٠ هەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژیەکەدا پێویستە لێپرسینەوە لەو هێزانە بکرێت کە بەشدارییان لەم کۆمەڵکوژییەدا کردووە. پێویستە ئەم کۆمەڵکوژییە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک تاوانی جینۆساید بناسرێت. داعش و هاوبەشەکانی و هێزەکانی وەک دەوڵەتی تورک و پەدەکە بە تاوانی جینۆساید دادگایی بکرێن. سەرەتا پێویستە پەدەکە دادگایی بکرێت کە بە هێزی سەربازی خۆی گەلەکەمان و شەنگالی ڕادەستی داعش کرد. هەروەها دەوڵەتی فاشیستی تورک دەبێ لێپرسینەوەی لێبکرێت کە پاڵپشتی لە کۆمەڵکوژیی چەتەکانی داعشی کرد لە ساڵی ٢٠١٤ و دوای ئازادکردنی شەنگال بەردەوامە لە کۆمەڵکوژی ئیزدییەکان. پێویستە هەموو گەلەکەمان بە تایبەت ژنان و ناوەندەکانی دیموکراسی ئەم دۆخە ببەنە بەردەم دادگاکانی نێونەتەوەیی و دۆسیەکانی پەیوەست بەو کۆمەڵکوژییە بخەنە بەردەست دادگاکان. هەروەها حکومەتی عێراق کە لە کاتی هێرشەکەدا بەرەنگاری داعش نەبووەوە و هیچ خاوەنداری لە گەلی شەنگال نەکرد، پێویستە دان بە خۆبەڕێوەبەری و ئیرادەی گەلەکەماندا بنێت.
بەڕێکخستن کردنی ژنان واتە مسۆگەر کردنی شەنگال
لە ١٠یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی شەنگالدا، داوا لە گەنجان و ژنان و هێزە دیموکراتیکەکان دەکەین کە شەنگال و دەستکەوتەکانی بپارێزن، لە بەرامبەر خیانەتەکەی پەدەکە کە لەسەر هێڵی هاوکاری و پێشەنگایەتی سەربازی خزمەت بە داگیرکاری دەوڵەتی تورک دەکات لە کوردستان، تێکۆشانی خۆیان بەهێزتر بکەن. بۆ بنیاتنانی پارادایمی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژی و ئازادی ژنان بە واتای بەرەنگار بوونەوە دژ بە کۆمەڵکوژی و فەرمانەکان تێکۆشانی خۆیان بەرز بکەنەوە. تۆڵەی ئەم کۆمەڵکوژییە بە ڕێکخستن و پاراستنی ژنان دەکرێتەوە. ئەو ژنانەی کە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕێکخستنی خۆیان بەهێزتر دەکەن، ئاسایش و ئەمنیەتی شەنگال و ئیزیدخان مسۆگەر دەکەن.”