تەڤگەری ئازادیی لە یادی شەهیدانی زارگەلی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

36
0
هاوبەشی :

لە نۆیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی زارگەلی دا، نەفرەت لەشەڕو داگیرکاریی دەوڵەتی فاشستی تورکیا دەکەین، لەم یادە خەمناکەدا تەواوی شەهیدانی بناری قەندیل و بادینان و هەموو ئەو هاووڵاتییانەی بەهۆی بۆمباران و شەڕانگێزیی دەوڵەتی تورکیا شەهید بوون، بە رێزەوە یاد دەکەینەوە.

لەرۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لە رێکەوتی ١/٨/٢٠١٥ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی ئەردۆغانی تاوانکاری کورد کوژ، لە گوندی زارگەلی بناری قەندیل، سەر بە شارۆچکەی وەرتێ کۆمەڵکوژییەکیان ئەنجامدا، کەبووە ھۆی شەھید بوونی ھەشت هاووڵاتیی سڤیل و دەیان برینداری لێکەوتەوە و چەندین خانوو ئوتۆمبێلی هاووڵاتییانی ئەو گوندە سوتان و خاپورکران.

دەوڵەتی تورک، رۆژ نییە تاوان و کۆمەڵکوژیی و تیرۆر لەدژی خاک و خەڵکی کوردستان ئەنجام نەدات، وەک ئاشکرایە لەئێستادا بەهاوکاریی هێڵی خیانەت، هێرشێکی فراوانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دەست پێکردوە، خاک و ژینگەی وڵاتەکەمان وێراندەکات و رۆژ نییە تاوانی دژبە مرۆڤایەتیی ئەنجام نەدات. لەو هێرشانەدا ئامانجی دەوڵەتی تورک ئاشکرایە کە داگیرکاریی و پاوانخوازیی و چۆڵکردنی ئەو ناوچانەیە لە خەڵکە وڵاتپارێز و ئازاکەی، بۆ ئەوەی بەتەواوی ھەژموونی داگیرکاریی خۆی لە باشوری کوردستان و عێراق بسەپێنێت، گرنگترین ناوچە ستراتیژییەکانی کوردستان کە بۆ کوردان سەرچاوەی بوون و ژیانە داگیر بکات و هزری ئازادییخوازیی کوردان لەناو ببات.

ئەمڕۆ تەنها گەریلای ئازادیی کوردستانە کە وەک کێوە سەرسەختەکانی کوردستان، رووبەرووی ئەو دوژمنە وەستاوەتەوە، ئەرکی هەر کوردێکی خاوەن ویژدان و رەسەنە، پشتیوان و خاوەن هەڵوێست بێت، لەبەرامبەر ئەو داگیرکارییە، ئەوەتا بەچاوی خۆمان دەبینین سوپای داگیرکەری تورکیا، تەنھا لەو دەڤەرە بەدەیانجار ماڵ و ئوتۆمبێلی هاووڵاتییانی کردوەتە ئامانج، لەرێگەی کورتەک و دۆڵی باڵەیان و بناری قەندیل و بادینان، بەدەیان هاووڵاتیی و ژن و منداڵی شەھید کردوە، لە کونەماسی، چەمچەماڵ، مەخمور و شیلادزێ و ناوچەکانی دیکە هاووڵاتییان دەکاتە ئامانج. بەسەدان هاووڵاتیی لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان بوونەتە قوربانیی، بەسەدانیش بریندار و کەمئەندام بوون، بەدەیان گوند چۆڵکراون و روخاون، پرۆژەی ئاو و کارەبا و رەزوباخ سوتێندراون، ئەوە لەکاتێکدایە نەحکومەتی ھەرێم نە پەرلەمان و نەحکومەتی عێراق، تائێستا ھەڵوێستێکی جددییان نەبووە.

لە بەرامبەر ئەو بۆمباران و کۆمەڵکوژیی و پێشێلکارییانەی سوپای تورکیای داگیرکەر، بەتایبەت دەسەڵاتدارانی حکومەتی ھەرێم، بەردەوام ئەوداگیرکاریی و کۆمەڵکوژییانەیان پەردەپۆش کردوە، مافی ئەو خەڵکەیان کردوەتە قوربانیی بەرژەوەندییە حیزبیی و ئابوورییەکانیان، جگەلەوەش ناڕەزایەتییەکانی گەلیان سەرکوتکردوە.

ئێمە لەسەر خاکی خۆمانیین، ئەوە فاشیزمی تورکیایە یاساشکێنیی دەکات و هاووڵاتییانی سڤیل شەھید دەکات، ئەوەی تورکیا دەیکات، دژ بە ھەموو یاسا و رێسایەکی مرۆڤایەتیی و نێو دەوڵەتییە. پێویستە دەنگی نارەزایەتییمان لەگەڵ ھەموو ئازادییخوازان، لە دژی ئەو داگیرکاریی و کۆمەڵکوژییانەی فاشیزمی تورکیا بکەینە یەک، خۆمان بۆ ئەو دۆخە نوێیە ئامادەبکەین کە دوژمنان بەسەر ناوچەکەماندا سەپاندویانە.

شەهیدکردنی هاووڵاتییان، داگیرکاریی و پێشلکردنی سەروەریی وڵات، ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت، ھەر ھێز و لایەنێک بیانو پاسا و بۆ ھێرشی داگیرکەران بهێنێتەوە، مانای خیانەتە لە گەل و نیشتمان و پێویستە ریسوابکرێت. لە ساڵیادی ئەم کۆمەڵوژییەدا، داوا لەتەواوی کەسایەتیی و ھێزە نیشتمانییەکانی عێراق و کوردستان دەکەین، جیاوازییەکان وەلا بنێن و خاوەن ھەڵوێستبن لە بەرامبەر ئەو ھێرش و کۆمەڵکوژییانەی دەوڵەتی تورکیا دا.

لێرەوە بەپێویستی دەزانیین، لەسەر مەزاری شەھیدانی کۆمەڵکوژیی گوندی زارگەلی و شەھیدانی کورتەک و بناری قەندیل کە بە بۆردومانی و فڕۆکەی تورکیا شەھید کراون سەرەخۆشیی خۆمان لە تەواوی بنەماڵەی شەھیدان بکەین و بەڵێننیان پێئەدەین بەردەوام دەبین لە تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەکانیان، ریسوایی و شەرمەزاریی بۆ خیانەتکاران و داگیرکەرانی کوردستان.

بژی بەرخۆدانی گەلی کورد بژی کوردستانی ئازاد

نەمری بۆ شەھیدان

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان

ئەنجومەنی هەرێمی راپەڕین

٢٠٢٤/٨/١

هاوبەشی :