37
0
هاوبەشی :

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژن “ڕۆژین'” سەبارەت بە بڕیارەکەی ڕژێمی ئێران لەبارەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

لە بەیاننامەکەدا باس لەوەکراوە: بەهۆی ئەو سیاسەتە جەنگیانەی کە لە سەردەمی ئێمەدا زیاتر دەبن، کۆمەڵگە لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە زانیاری هەیە، فشارەکانی ڕژێمە تۆتالیتارییەکان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان لە زیادبووندایە، بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێ سنووری نێودەوڵەتی، زۆرێک لە حکومەتەکانی جیهان بە سیاسەتی سەرکوتکردن، گرتن، دەستبەسەرکردن و کوشتنی ڕۆژنامەنووسان ڕێگری لە مافی وەرگرتنی زانیاری کۆمەڵگە دەکەن.

ئاماژە بەوە کراوە، یەکێک لەو وڵاتانەی زۆرترین فشار و دەستگیرکردنی تێدایە ئێرانە، دوای سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” کە لە ساڵی ٢٠٢٢ دەستیپێکرد، هێرشێکی نوێ بۆ ژنان و چالاکوانان دەستی پێکرد ڕژێمی ئێران ڕۆژی ٢٣ی تەمووز سزای لەسێدارەدانی بەسەر ڕۆژنامەنووس پەخشان عەزیزی و چالاکوان شەریفە محەمەدی سەپاند، مەسعود پیزشکیان سەرۆک کۆماری نوێ سیاسەتەکانی لەسێدارەدان و فشار و توندوتیژی لە ئیبراهیم ڕەیسی وەرگرتووە.

لەکۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، وەک کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژن “ڕۆژین” دەمانەوێت ڕایبگەیەنین ئێمە لەگەڵ ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسانەداین کە دژی سیاسەتەکانی سزای لەسێدارەدانی ئێران دەجەنگن و دەستبەرداری داواکارییەکانیان نین، لەگەڵ هەموو ئەو ژنانەشداین کە خەبات بۆ ئازادی خۆیان دەکەن، لە کەسایەتیی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدیدا سڵاو لە ڕۆژنامەنووسانی بوێر و ژنە تێکۆشەرەکان دەکەین، کە مل بە فشارەکانی دەوڵەتە فاشیست و ستەمکارەکان نادەن، داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەین بە هۆشیاری ئەوەی کە “تێکۆشان لە دژی سزای لەسێدارەدان ئەرکێکی مرۆڤانەیە”، هەنگاو بنێن بۆ ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان.

هاوبەشی :