کرەیدڵ: بارزانی و پەدەکە هۆکاری کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان بوون

54
0
هاوبەشی :

ڕۆژ نیوز

پێگەی زە کڕەیدڵ لە ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکارییدا ئاماژە بەوە دەکات، خیانەتی پەدەکە لە ئێزدییەکان لەپێناو بەرژەوەندییە جیۆسیاسییەکانی خۆی، هاوکاری چەتەکانی داعش بوو بۆ کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان و داگیرکردنی شنگال.

گۆڤاری جیهانیی ‘زە کڕەیدڵ’ ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاریی دەربارەی جینۆسایدی ٣ـی ئابی ٢٠١٤ـی سەر ئێزدییەکان لەسەر دەستی گرووپە چەتەکانی داعش بڵاو کردەوە و تیشک دەخاتە سەر خیانەتی چەکدارانی پەدەکە لە ئێزدییەکان.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی خیانەتی پەدەکە، کە بۆ بەرژەوەندیی و ئامانجە جیۆسیاسییەکانی خۆی ئاسانکاریی بۆ داعش کرد، ئیزدییەکان لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤ـدا کۆمەڵکوژ کران، هەروەها ڕەخنەی ڕاستەوخۆ لە خودی مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە دەگرێت لەمبارەیەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا، کە پشتی بە زانیاری نێو دۆسێی ڕێکخراوی قوربانییانی کوردستان و وتەی هاوڵاتیانی شنگال بەستووە، بە وردی سات بە ساتی ڕووداوەکانی ڕۆژانی پێش هێرشی چەتەکانی داعش دەگێڕێتەوە.

ئاماژە بەوە دەکات کە چۆن دوو ڕۆژ پێش هێرشی چەتەکانی داعش هێزەکانی پەدەکە ڕێگەیان نەداوە هاوڵاتییانی شنگال بچنە دەرەوەی شارۆچکەکە و چەکەکانیشیان لێ سەندوون و ئێزدییەکانیان لە چەک داماڵیوە و بەڵێنی درۆی پاراستنیان پێ داون.

هەروەها لە زاری شایەتحاڵێکەوە دەیگێڕێتەوە، کاتێک ئێزدییەکان داوایان کردووە چەکەکانیان بۆ بگەڕێننەوە تا پارێزگاری لە خۆیان بکەن، هێزەکانی پەدەکە سێ هاوڵاتی ئێزدییان کوشتووە.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە هێزەکانی پەدەکە خەڵکی شنگالیان لە شارۆچکەکەدا گەمارۆداوە و ڕێگەیان نەداوە جێی بهێڵن و پاشانیش بێ بەرگریی لە بەردەم چەتەکانی داعشدا جێیان هێشتوون.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، گۆڤارەکە ئاماژە بەوە دەکات پەدەکە لەپێناو بەرژەوەندییە جیۆسیاسییەکان خۆی و ئامانجەکانی بۆ داگیرکردنی شنگال و سڕێنەوەی ئێزدییەکان هاوکاریی و ئاسانکاریی بۆ چەتەکانی داعش کردووە.

هاوبەشی :