بەسێ هۆزات: دەوڵەتی تورک دەیەوێت سەودا لەسەر ڕێبەرێتیمان بکات
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەسێ هۆزات ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک داوای قەرەبوو دەکات بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گوتی: “ئەم نامەردییە ڕەت دەکەینەوە. ڕێبەرێتیمان هەرگیز نابێتە بابەتی سەودا و مامەڵە”.
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەسێ هۆزات ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک دەیەوێت گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکاتە بابەتی سەودا و مامەڵە، گوتی: “ئێمە نزیکایەتی و سیاسەتی وەها بە قێزەون دەبینین. نزیکایەتی وەها بە توندی ڕەت دەکەینەوە و شەرمەزاری دەکەین. ڕێبەرێتیمان هەرگیز نابێتە بابەتی سەودا و مامەڵە. هەرگیز قبووڵی ناکەین. پێوەری دیموکراتیکبوون دژایەتی گۆشەگیری ئیمراڵییە”.
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەسێ هۆزات پەیوەست بە گۆشەگیری ئیمراڵی و هێرشی داگیرکاری وەڵامی پرسیارەکانی مەدیا خەبەری دایەوە.
هەڵسەنگاندنەکانی هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەسێ هۆزات، بەم جۆرەیە:
“٢٦ ساڵە ڕێبەرێتیمان لەژێر سیستەمی قڕکردندایە، بەرخۆدانێکی مەزن ئەنجام دەدات. لەدەوری ئەم بەرخۆدانەش، بەرخۆدانێکی شکۆمەندی گەل و گەریلا و زیندان هەیە. ٢٦ ساڵە ڕێبەرێتیمان بەدەستی دەوڵەتی تورک بەدیلگیراوە. سیاسەتی دیلگرتن بەڕێوەدەبەن. لەم ڕۆژانەی دوایی هەندێک زانیاریمان پێگەیشت. بە گرنگی دەزانین بۆ ڕای گشتی بڵاوبکەینەوە. ئێستە بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەی باوەڕپێکراو هاتوون، کەسانی نزیک لە ئەردۆگان دەڵێن “ئەگەر ئەم شتەمان بۆ بکەن، ڕێگە دەدەین براکەی ئۆجالان و دواتریش پارێزەران چاویان پێ بکەوێت، بەڵام بۆ ئەوەی ڕێگە بەم چاوپێکەوتنە بدەین، سەرەتا پێویستە ئەم شتە بکەن. واتە ئەم قەرەبووە یان ئەو قەرەبووە بدەن”. بەم شێوەیە زانیاری جۆر بە جۆر دێن. سەرچاوەکانی ئەم زانیارییانە باوەڕپێکراون. ئەو کەسانە دەناسین کە ئەم زانیاریانە ڕادەگەیەنن. لە نزیکەوە دەیانناسین. ساڵانێک لەگەڵ ئەردۆگان سیاسەتیان کردووە. هەڵبەت ئەمە زۆر گرنگە، مەبەستمان ئەم ڕەوشەیە. دەمانەوێت ڕای گشتی لێ ئاگادار بکەینەوە.
بەڕاستی سیاسەتێکی نامەردانە لەسەر ڕێبەرێتیمان ئەنجام دەدەن. ڕێبەرێتیمان دەیگوت، من بارمتەم بەدەستی دەوڵەتی تورکەوە. ڕەوشی خۆی وەک بارمتە پێناسە دەکرد. ساڵانێکە نزیکایەتیی لەم جۆرە هەن، هەردەم باسمان کردووە. گوتومانە ئەمە سیاسەتی هەڕەشە و سیاسەتی سەودا و مامەڵەیە، سەودایەکی نوێ دەکرێت. یانی ئەو نموونەیەی هەموو ئەم شتانە ڕوون دەکاتەوە، ئەم نموونەیە. واتە ڕەوشی ڕێبەرێتیمان دەکەنە بابەتی سەودا و مامەڵە. سیاسەتێکی وەها نامەردانە، بەڕاستی هیچ سنوورێکی ئەخلاقی و یاسایی ڕەچاو ناکات. هەڵبەت ئێمە نزیکایەتی لەم جۆرە، سیاسەتی لەم جۆرە تەواو بە قێزەون دەبینین و ڕەتی دەکەینەوە. شەرمەزاری دەکەین، من بەڕوونی ئەمە دەستنیشان دەکەم. بە هیچ شێوەیەک نابێت ڕێبەرێتیمان ببێتە بابەتی سەودا و مامەڵە. هەرگیز قبووڵ ناکرێت. لە یاسای تورکیاشدا هاتووە، مافێکی سرووشتی و یاسایی و ڕەوایە کە ڕێبەرێتیمان چاوی بە بنەماڵە و پارێزەرانی بکەوێت. ئەمە لە یاسای نێونەتەوەییشدا نووسراوەتەوە. تورکیا ئەم پەیمان و یاسا نێونەتەوەییانەی واژکردووە. ئێستە مافی سرووشتی و یاسایی و ڕەوای ڕێبەرێتیمان دەهێنن و دەیکەن بە بابەتی سەودا و مامەڵە، “ئەگەر ئێوە ئەم شتە و ئەو شتە بکەن، ڕێگە دەدەین چاوی بە براکەی بکەوێت”. لەمە نامەردانەتر نابینیتەوە.
ئەمە مافی ڕێبەرێتیمانە، مافی یاسایی و مرۆڤانە و سرووشتی و ڕەوایە، ناکرێت ببێتە بابەتی سەودا. واتە سنوورەکانی خۆیان ناناسن. کەواتە با ئەمە ڕوون بکەینەوە. ئێستا بێگومان ئەمە گرنگە. دەمەوێت ئەمە بە تایبەتی بۆ ڕای گشتی تورکیا ڕوون بکەمەوە. ئێستە لە تورکیادا چەندین ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدار و نووسەر هەن کە بانگەشەی پاراستنی سەروەری یاسا دەکەن، خەبات بۆ یاسا دەکەن، خۆیان بە کەمالیست، چەپ یان سۆسیالیست پێناسە دەکەن، بەرگری لە بەهاکانی کۆمار دەکەن و خۆیان وەک ڕۆشنبیر پێناسە دەکەن. یاسا و دادپەروەری و دیموکراسی لەلایەن جڤاکی تورکیاوە وەک مافێکی سەرەتایی مرۆڤ پێناسە دەکرێت. کەواتە لەم بارەیەوە چ دەڵێن؟ ئێستا لە ئیمراڵی یاساکانی تورکیا و یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل کراوە. ٢٦ ساڵە لە ئیمراڵی سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەدان هەیە. لە ماوەی ٤ ساڵی ڕابردوودا سیستەمێکی گۆشەگیری ڕەها هەبووە. ئێستە ئەم کارە لە هەموو تورکیا بڵاوبووەتەوە. ئێستە لە هەموو زیندانەکان گۆشەگیری و ئەشکەنجە هەیە. واتە سزاکانیان تەواو بووە، ئازاد ناکرێن. مرۆڤی نەخۆش هەن، بەهۆی نەخۆشی سەختەوە لە زیندانەکان گیان لەدەست دەدەن. مرۆڤی تەمەن ٧٠ و ٨٠ و ٨٥ ساڵی لە زیندانەکان ڕادەگیرێن. کۆرپە بچوکەکان لە زیندان گەورە دەبن. ئەو نادادییەی لە ئیمراڵی پێشخراوە، ئێستە لە هەموو تورکیا بڵاوبووەتەوە. ئەمە بەتوندی لەسەر سیاستمەدارانی کورد و شۆڕشگێڕان پیادە دەکرێت. ئێستا ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەی خۆیان بە چەپ و دیموکرات و پارێزەری یاسا و دادپەروەری دەناسێنن، لەبارەی ئەمەوە چی دەڵێن؟ دەتوانن چی بڵێن؟ ئەگەر هیچ نەڵێن، ئەوکات چ پەیوەندییەکیان بە ڕۆشنبیریی و نووسەرییەوە هەیە؟ هیچ پەیوەندییەکیان پێیەوە نییە. ئێستە ئەوانەی بەرامبەر ئەم نادادیەی ئیمراڵی، ئەم سەودا قێزەونانە، ئەم سیاسەتە قێزەونانەی سەر ڕێبەرێتیمان، دەنگی خۆیان هەڵنابڕن، مرۆڤ ناتوانێت پێیان بڵێت ڕۆشنبیر. ناتوانێت پێیان بڵێت سیاسەتمەداری گەل یان ئۆپۆزیسیۆن. نابێت پێیان بگوترێت پارێزەری دیموکراسی و دادپەروەری و مرۆڤایەتی. ئیمراڵی بڕوانامە و پێوەرە. لە نزیکایەتییان بەرامبەر ئەم سیاسەت و نادادی و نایاساییەی لەسەر ڕێبەرێتیمان پیادە دەکرێت، دەردەکەوێت مرۆڤ چەندێک ڕۆشنبیر و چەپە. واتە ئەمە پێوەرەکەیە.
پێوەری پاراستنی یاسا و دادپەروری و دیموکراسی لە ئیمراڵییە. پێوەر، نزیکایەتییە دژی سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی سەر ڕێبەر ئاپۆ. هەڵبەت ئەمە دەریدەخات هەڵمەتی ئازادی چەندە گرنگ و پێویستە. ئەمانە هەموو ڕاستیدا بەرئەنجامی هەڵمەتەکەیە. ڕژێمی فاشیست بەرامبەر ئەم تێکۆشانە لە ناڕەحەتیدا دەژی. ئەوەندە تەنگەتاو بووە و هاوسەنگی لەدەستداوە. واتە نازانێت چی بکات. بەتایبەت پارێزەران خەباتێکی گرنگ دەکەن و تێدەکۆشن. ئێستە ڕەوشی ڕێبەرێتی و سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمراڵی، بووەتە ڕۆژەڤی نەتەوە یەکگرتووەکان. بووەتە ڕۆژەڤی کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا. دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاش مانگی ئەیلول کۆدەبێتەوە و ئەم ڕەوشە هەڵدەسەنگێنێت. دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ساڵانێکە گوتویەتی ڕەوشی ئیمراڵی ئەشکەنجە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە. هەرچەند ئەمە دەزانێت، ساڵانێکە دامەزراوەی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجە (سی پی تی) و کۆنسەی ئەوروپا تەنها تەماشا دەکەن. تەنها تەماشاکردنیش بەس نییە، بەڵکو هاوکاری [سیستەمی ئیمراڵی] دەکەن. ئێستە ئەم تێکۆشانەی دەکرێت، بووتە هۆی ئەوەی ئەم دامەزراوەیە ئەم ڕەوشە بکاتە ڕۆژەڤ. نابێت مرۆڤ چاوەڕێی ئەمە بێت. ئەم خەبات و تێکۆشانە زۆر گرنگە. پێویستە مرۆڤ تا کۆتایی ئەم تێکۆشانە بەردەوام بکات. چونکە لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا، بە ڕاستی بەها مرۆڤایەتییەکان دەکوژرێن. ئەمە هێرشێکە بۆ سەر بەهاکانی مرۆڤایەتی. هێرشە بۆ سەر ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری و یاسا و هەموو بەها مرۆڤایەتییەکان. بە هیچ شێوەیەک، بە هیچ جۆرێک نابێت دەستبەرداری تێکۆشان بین. تا کۆتایی تێدەکۆشین، واتە بێگومان ئەنجامێک بەدەست دەهێنین.
هەروەها تێکۆشانی جڤاکی هەستیارییەکی بەرچاوی ئافراند، خاوەندارێتیکردنی ئافراند. پێویستە مرۆڤ بێ وەستان لەمە بەردەوام بێت. ئێمە هەردەم دەڵێین ڕەوشی ڕێبەر ئاپۆ و پرسی کورد ئاوێتەی یەکترن، واتە مرۆڤ ناتوانێت لەیەکتریان جیا بکاتەوە. ڕێبەر ئاپۆ، ڕێبەری گەلی کوردە. بەردەنگی چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کوردە. بەم شێوەیە، نزیکایەتی بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ، نزیکایەتییە بەرامبەر گەلی کورد. نزیکایەتییە بەرامبەر هەڵوێستی گەلی کورد. هەر جۆرە پێشکەوتنێکی ئەرێنی لەم ڕووەوە، پێشکەوتنە بۆ چارەسەری پرسی کورد. چارەنووسی چارەسەری پرسی کورد و چارەنووسی ڕێبەر ئاپۆ، پێکەوە گرێدراون. بۆیە دەبێت لە هەموو جێگەیەک تێکۆشان بکەین. تێکۆشان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، پێویستە لە هەموو جێگەیەک ببێتە چەقی تێکۆشان. لەبەرامبەر ئەم سیاسەتانەی قڕکردن کە ئیمراڵی بووەتە ناوەندەکەیان، پێویستە لە هەموو جێگەیەک تێکۆشانێکی بەهێز بکەین. ئەگەر بەشێوەیەکی بەهێز و بێپچڕان درێژە بەمە بدەین، بێگومان دەگەینە ئەنجامێک”.