ئیراقی درۆزن پەدەکەی خائین و نەتەوەیەکی خەڵەتاو

78
0
هاوبەشی :

 

نوسینی: هەڵمەت زاگرۆس

ھێرشی داگیرکاری تورکیا بۆ باشوری کوردستان و باکوری ئیراق، لە دوای ئەو سەردانە زۆرانەی شاندە ھەواڵگڕی و سەربازی و دوا سەردانی ئەردۆغان دێت بۆ ئیراق و ئەو ڕێککەوتنە سەربازی، ئاسایشی، ئیستخباراتی، ھەواڵگری و بازرگانیانەوە دێت. بۆ ھێرشی داگیرکاری ئەمجارە. ھیچ ھێز و لایەنێکی ئێراقی بە حکومەت و لایەنە سیاسیەکانەوە چ لە ئاستی ئیراقی و عەرەبی، چ لە ئاستی حکومەتی ھەرێم و کوردی ناتوانن شانی خۆیانی لێ خاڵی بکەن و نابەرپرسیارانە خۆیانی لێ دەرباز بکەن، بەوەی کە ئاگایان لێی نیە و ناتوانن بەرەنگاری دەوڵەتێکی گەورەی وەک تورک بکەن. کێشەکەش بەو شێوەیە نە شرۆڤە دەکرێت نە ڕاستی نیشان دەدرێت.
ڕێککەوتنی ژورە داخراوەکان، بە ئاسانی لێی تێناگەیت، تا لە پانتاییەکی فراوان و کاتێکی کورت یان درێژ مەودادا چاوەڕوان نەکەیت. ھەر بۆیە ھێرشی ئەمجارە ئیراقیش تێیدا بەشدارە و پەیوەندی بە دۆخی “ھیلاک کردنی سەگەوە ھەیە” لە لایەن وڵاتە زلھێز و بەرژەوەندپەرستە ناوچەیی و جیھانیەکان و بەکارھێنانی سەگە لاوازەکانەوە کە شوێن ھەر پشی پشیەک دەکەون بۆ مانەوە لە کورسی دەسەڵاتدا.
ئیراق کە یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان لە ڕووی ھێزی ووزە و کەرەستەی خاوی سروشتیەوە و لانکەیەکی گرنگی مێژووی شارستانیەتی دەوڵەتیشە. بۆیە پێگەکەی وای لێکردوە کە گەمارۆ بدرێت بە ھەندێ خاڵی لاواز و دەوڵەتی نەیار. شەڕی کورد لەلایەن دەوڵەتی ئیراق، شەڕی ئێران و ئێراق، داگیرکردنی کوێت و بەردەوامی شەڕی کەنداو ھەتا ئێستا، داگیرکردنی ئیراق لە لایەن ئەمریکاوە لەژێر بەندی (مەجلیسی ئەمنی نیودەوڵەتی) دەستێوەردانی تورکیا، ئێڕان، سعودیە. ھەموو ئەوانە ئیراقیان لەبەریەک ھەڵوەشاندوە و پارچە پارچە کردوە و لاواز و بێھێزیان کردوە. بەو ھۆیەوە نە دەوڵەت و حکومەتی خاوەن ڕۆڵ و ھێزی ھەیە، نە پارتی سیاسی و ڕێکخستنی خاوەن کەسایەتی تۆکمەی ھەیە کە پشت بە کلتور و مێژوو شارستانیەتی ئیراق ببەستێت. بۆیە حکومەتی ئێراق لە دۆخی کەسایەتی و پارتیەتی ملکەچ و گوێڕایەڵدایە بۆ زلھێزە ناوچەیی و جیھانیەکان. ئیراق گۆڕەپانی پێکدادان و یەکلاکردنەوەی ناکۆکیە جیھانیەکانە. بۆیە ناتوانێت خاوەن بڕیاری خۆی بێت.
ئەگەر سەیری دەوڵەت و حکومەتی ئیراق بکەین، ھیچی دیار نیە. دەوڵەتی قوڵ یاخود شاراوە ھەموو شتەکان بەڕێوە دەبات. دەوڵەتی شاراوەش بە ھۆی فرە ھێزی لە ئیراقدا دەبێت بە ڕێککەوتن بڕیارەکان بدات و ئاراستەی حکومەت دیاری بکرێت. تەماشای سەرۆک کۆمار بکە وەک بتێکەو لەسەر کورسیەک دانراوە، چی دەرخوارد بەن ئەوە دەخوات. سەرۆک وەزیران، دۆخی لە سەرۆک کۆمار باستر نیە. لە ناو براوەی شیعەکاندا ڕێکدەکەون لەسەر کەسێک کە کاروباری دەوڵەتی شاراوە لە بەرژەوەندی شیعە و لایەنە ناکۆکەکان بەڕێوەببات. کەسێتیەکە بە ڕێککەوتن لەسەری لە ناو ماڵی شیعەدا دادەنرێت. خۆی خاوەنی ھێزی سیاسی، دەسکەوتی ھەڵبژاردنی نیە، وەک خێرپێکەر دایدەنێن و دەبێت بڕیاری ماڵی شیعە کە ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنە ناکۆکان دەکەن جێبەجێبکات. بەھۆی پێگەی لاوازیەوە، ھەر بەھێزێک شتێکی پێ بڵێت ئامادەی ملکەچیە. ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو پێگەی سەرۆک وەزیران ئاڵوگۆڕ پێدەکات، بڕیاردەرەکانیش، دەوڵەتانی زلھێزن، بۆیە بۆ پاراستنی پێگەکەی کاربۆ ئەوانی تریش دەکات کە تکاو ڕجای مانەوە، یان بڕیاری مانەوەی بۆبدەن.
ئیران خاوەنی باڵادەستیە لە ئێراقدا، لەبەر ئەوەی سەکتەرە گرنگەکانی حکومەت و جێبەجێکردن بەدەستی ماڵی شیعیەوەیە و ئەویش درێژکراوەیەکی باوەڕی لەگەڵ ئێراندا ھەیە. بۆیە تورکیاش دەیەوێت ھەمان ڕۆڵی، ئەگەر زیاتر نەبێت لە ئێرانی لە ئیراقدا ھەبێت. بۆیە ئەو پێگە لاوازەی حکومەت و سەرۆک وەزیران بۆخۆی بەکاردێنێت و ھەندێ ئەنجامیشی بەدەستخستوە. بێگومان ئەم ھێرشانە لە ناو ئەو لاوازی و ئامانجانەدا بە ئاگاداری ھەموان بەڕێوەبراوە. ھەر بۆیە حکومەتی ئیراق ئەگەر بڵێ ئاگام لێی نیە، ئەوا درۆیەکی ڕووتە و ڕاست و دروستی ئەوەش، بەوە دەردەکەوێت، با بێت و ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ تورکیادا ئاشکرا بکات و بە ڕای گشتی نیشانبدات و بگەیەنێت.
لایەکی تری ھەرە گرنگ لەم داگیرکاری و ھێرشانەدا، سیاسەتی دەوڵەت نەتەوەی نکوڵی کەری فاشیزمی تورک و شۆڤێنیزمی عەرەبە بەرامبەر بە دۆزی کورد و بە کێشە کردنی و چارەسەر کردنی بە ئەقڵی نکوڵی و کۆمەڵکوژی. بۆیە ئەو دوو ڕوانگە فاشستی و شۆڤێنیستیەی تورک و عەرەب ھاندەرە بۆ ئەو لەشکرکێشیە. دەوڵەتی ئێراق لە دۆخێکی خراپدایە و ئاڵوگۆڕێکی تێکەوتوە کە دەستورێکی فیدراڵی نیوە و ناچڵی لێ بەرھەمھاتوە. کە ھەندێ ماف و دەسکەوت بۆ کوردان جێگیرکراوەو بە ھەندێ مافی دەستوری و یاسایی گەیشتوە. ئەو فاشیزم و شۆڤێنیزمەی تورک و عەرەب کە مافی گەلی کورد بە ڕەوا نازانن، ئەوەش بە زیادە بۆ گەلی کورد لە باشوری کوردستان دەزانن. بۆیە دەبینیت نیوەی خاکی باشوری کوردستانیان لە چوارچێوەی ناوچەی جێگە ناکۆک لەژێربەندی دەستوری ماددەی ١٤٠داناوە و دانی پێدا نانێن و ھەر ڕوژە لە ژێر بیانویەکدا ھێرش دەکەنە سەر دەسکەوتە لەرزۆکەکانی گەلی کورد لە باشور و ھەموو بەشەکانی تری کوردستان. ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئێران لەدژی تێکۆشانی گەلی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا لەژێرناوی پاراستنی سنور، بەپەندانی حکومەتی ھەرێم لەژێر ناوی ڕیفراندۆم و ھێرش بۆسەر گەریلاکانی کوردستان و ھەرێمەکانی پاراستنی میدیا لەو چوارچێوەدایە کە ڕەوایەتی بە مافی گەلی کورد نادەن و نایەنەوێت دۆزی کورد کە وەک کێشە بە ناوێی دەکەن لە ڕێگەی ئاشتی و دیموکراسیەوە چارەسەر بکرێت.
بێگومان لەم پەیوەندەدا ڕۆڵی ھێزە کوردیەکانی ھەرێمی کوردستانیش نەرێنی و خراپە، بە تایبەت پەدەکە، ڕۆڵێکی بەکرێگیراوی خراپی خزمەتکاری بۆ داگیرکەرانی کوردستان ھەیە. لەو چوارچێوەیەدا خزمەت بە سیاسەتی نکوڵی و فاشیزم و شۆڤێنیزمی تورک و عەرەب دەکات و نوێنەرایەتی میللیگەرای سەرەتایی کورد و ھێڵی بەکرێگیراوی دەکات. بۆیە لەبری ئەوەی ببێتە ھێزی چارەسەری دۆزی کورد. دەبێتە ھۆکاری قوڵکردنەوەی کێشەکە و بونە بەشێک لە کێشەکە بە چارەسەر نەکراوی.
چارەسەری دۆخی کورد، بە ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک ڕێگە ھەرە بێ زیانەکەیە. بەڵام بە ھۆی کوردایەتی کلاسیک، فاشیزمی تورک، شۆڤێنیزمی عەرەب و پانئیسلامیزمی ئێرانەوە بە دۆخی کێشەیەکی خوێناوی و قورس گەیشتوە. کێشەی کورد لە ڕێگەی ھێرش، داگیرکاری، گۆڕینی سنور و دیمۆگرافی، ڕێککەوتنی نھێنی و ژێربەژێرەوە نە کۆتایی دەێت نە بە چارەسەری دەگات. چونکە ھوشیاری نەتەوەی دیموکرات و ماف و ڕەوا بوونی گەلی کورد بە ئاستی ھێزی پاراستنی ڕەوا و جەوھەری گەیشتوە و بوەتە ڕێگەو ڕێبازی چارەسەری لە ڕێگەی گەلانی ناوچەکەوە.
ناڕەزایەتی گەلان لە دەوڵەت و حکومەتەکان، لە ڕێگەی دەنگدان و ھەڵبژاردنەکانەوە نیشانەی بێزاری خەڵک و گەلانە بەرامبەر بە سیاسەتی دەوڵەت و کۆمپانیا و بازرگانیەکانیان. بۆیە دۆخی ناوچەکە لە لێگەڕی چارەسەری کێشەکان و سنوردانان بۆ دەسەڵاتە فاشست و ملھوڕەکانە. ئیراق، ئێران، سوریا و تورکیا کە نوێنەرایەتی دەوڵەت نەتەوەی نکوڵیکەر و داگیرکەری کورد دەکەن، لە دۆخی ھەرە لاواز و پڕ کێشەی خۆیاندان. کە گەلانی خۆشیان خستوەتە ناو ھەژاری برسیەتی، بێکاری، کوشت و کوشتارەوە. بۆیە گەلانی خۆشیان بێزاربوون لەو سیستەمەی بەسەریانەوە زاڵکراوە.
کوردان خاوەنی ئارادایمی تێکۆشانی ئازادین و پێشەنگی گەلانی ناوچە دەکەن بۆ ئازادی و ڕزگاربوون لەو ئێش و ئازارانە. بۆیە دەوڵەتەکانی ناوچە ھاتونەتە پاڵ یەک بۆ ڕێگری لە پارادایمە دیموکراتیکەو پاراستنی سیستەمە دز و قازانجپەرست و گەندەڵەکەیان. ئەو دۆخە پێویستی بە ھوشیاری کۆمەڵایەتی گەلان و تاک بەتاکی کۆمەڵگەکانە بە کورد و عەرەب و تورک و فارس و ھەموو پێکھاتەکانی ترەوە.
ئەوەی دەتوانێت بەر بە ئێش و ئازارەکان بگرێت؛
١-ھوشیاری گەلانە بە پارادایمی نەتەوەی دیموکرات و ژینگەپارێز. ھەروەھا
٢- کەوتنە ناسینی جیاوازی ھێزە کۆمەڵایەتی و سیاسی و حیزبیەکانی قوڵکردنەوەی قەیران و ڕێگری لە دیموکراتیزەبوون و ھێزە کۆمەڵایەتیە چارەساز ھێنەکان.
٣-خۆڕێکخستەکردن لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوا، وەک ھێزی پاراستنی جەوھەری و ناسنامە جیاوازەکان.
٤-ناسینی جیاوازیەکان و داننان بە ھەبونی جیاوازی و قبوڵکردنی…
ئەوانە ھەندێ دەستنیشانکردن و ناسینی ئەم دۆخە و بەشداری کردنی ھێزەکانی ناوخۆیی و ناوچەییە لەم ھێرش و داگیرکاریەی ئەم جارەدا. کە مەترسیدار و پڕ ئازارە. بۆیە پێکەوەبوون، ھەستیاری، بەشداری و ڕێگری لەو داگیرکاریە نەک بەھانە ھەڵناگرێت، بەڵکو خۆ گێلکردن و خۆپارێزی لە ژێرھەر بەھانەیەکدا بوونە ھاوکاری فاشیزم و کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی ژینگەیە. دەبینیت دەوڵەتی تورک ئەمجارە گوند چۆڵ دەکات، ڕەز و باخ و ژینگەی باشور دەسوتێنێت، بە چەکی کیمیاوی و فسفۆڕی ئەتۆمی تاکتیکی خاک دەسوتێنێت و بێ بەرھەمی دەکات. بۆیە لە کۆتایی ئەمانەشدا کۆمەڵکوژی جەستەیی دەکات.
ھاتنی شاندی ئەمنی ئیراقی بۆ لای پەدەکە و چونی بۆ گۆڕەپانەکانی شەڕ لە بادینان ھی بەدواداچونی شەڕ نیە! بەڵکو پێکەوە ئەو دوو لایەنە لە ڕێگەی ڕێککەوتنی پاراستنی سنورەوە دەیانەوێت گەریلا گەمارۆ بدەن و لەژێر ناوی سوپای ئیراقدا ڕێکەوتنی ئاسایشی سنور جێبەجێ بکەن و بە سوپا و چەکدارەکانی پەدەکە و چەتەکانی تورکیا ڕێککەوتنەکەیان سەربخەن. بۆیە دۆخەکە ئاسایی نیە و ھیچ ڕاستگۆییەک نە لەلایەن ئیراقەوە ھەیە نە لەلایەن پەدەکەوە ھەیە. ئەم دۆخە ئاڵۆزکاوەی موچە و گرفتەکانی، کچەمۆدێل و دەستبەسەر کردنەکانیان، ئۆپۆزیسیۆن و دروستکردنی پارتی دەستەمۆی زیاتر، ئاشکراکردنی دزی و گەندەڵی و ھەڵدانەوەی دۆسیەی کۆن و نوێ، کارەبا و کێشەی ئاو ھەموی بۆ خەڵەتاندنە و لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتی گێلکردنی خەڵک و کۆمەڵگەدا بەڕێوەدەبرێت.
بۆیە گرنگە، کۆمەڵگە بە ھەموو چین و توێژەکانیەوە، خۆی لەو گێلیە و کەوتنە داوی پیلانەکانی شەڕی تایبەت و ھێزە کوردیەکان و ڕۆشنبیرە بەدناوەکان و قیڕەقیڕکەرە بازرگانەکان و قوڵکەرەوەی کێشەکان ڕزگار بکات و بەرچاوی خۆیان ڕۆشن بکەنەوە و لەگەڵ تێکۆشانی ئازادی گەلی کورددا ئاوێزان بن و بۆ چارەسەری دیموکراتیک و ڕاگرتنی ھێڵی بەکرێگیراوی و خیانەت و داگیرکاری ئامادەکاری بکەن و پاراستنی جەوھەری بە بنەمابگرن. ھیچ ھێزێکی چەکداری ئەو لایەنانەی باسم کرد ھاوکاری ڕاگرتنی داگیرکاری نین، بەو ھۆکارەی کە؛ ھەردەنگێکی ناڕازی سەرکوت دەکەن و ھیچ زانیاریەکی بەرەکانی شەڕ و بەرخۆدان و لێدانی گەریلاکانی کوردستان بە گوێی کەسدا نەک نادەن، بەڵکو ڕێگری دەکەن لە نیشاندانی سەرکەوتنەکانی ھێزی پاراستنی جەوھەری و ڕەوای گەل.
تاجی سەرکەوتن لەسەردەستی گەریلاکانی کوردستان و پشتیوانی گەل و بەشداری کردنی لە بەرخۆداندا لەسەری گەلی کورد دەنێین و ڕۆحی شەھیدان ئاسودە دەکەین و دەگیرکاری و خیانەت کۆتایی پێدەھێنین.

هەڵمەت زاگرۆس

هاوبەشی :