داگیرکاری چۆن سەرناگرێت

136
0
هاوبەشی :

نوسینی: عادل عوسمان

پاراستنی ڕەوا، یەکێک لە هەرە چەمکە گرنگەکان و مافە بێ چەندووچونەکانی مرۆڤ، زیندەوەر، گژوگیاو بونەوەرەکانە. ئەوەی توانای جوڵەی هەبێت و ببزوێت لە بەرامبەر کاریگەریە دەرەکیەکاندا خۆی دەپارێزێت و ئەوەش مافێکی ڕەوا و سروشتیە کە جگە لەمرۆڤی زۆردار هیچ بوونەوەرێکی تر ڕێگری لەو مافە سروشتیە ناکات. لە سوڕی ژیاندا هاوسەنگیەکیش هەیە، کە دەتوانرێت بە ڕاگرتنی هاوسەنگی سروشتی نێوان بونەوەر و زیندەوەرەکان بەناوێ بکرێت، لە ڕێگەی خۆراکپێدانی یەکتریەوە. بۆ نمونە کرمەکانی زەوی چەندە پێویستن بۆ شیکردنەوە و شێدارکردن و شیتەڵ کردنی زەوی زۆربوونیشیان دەبێتە هۆکاری زیان. هەربۆیە لە ڕێگەی باڵندەو هەندێ گیاندارەوە ئەو زۆربوونە لە شێوەی خۆراکدا هاوسەنگ دەکرێت. واتە کرمی زەوی هەم سودی هەیە هەم زیان و لەڕێگەی بەخۆراکبوونی بۆ باڵندە و زیندەوەرانی تر ئەو هاوسەنگیە ڕادەگیرێت، یان شیتەڵبونەوەی خۆی لە ناو زەویدا. زۆر نمونەی تر هەیە کە دەتوانین سودی لێببینین. وەک گوڵ بەو ناسکیە و دڕکەکەی بۆ خۆپاراستن.
بەڵام کاتێک دەستێوەردانی ئەو هاوسەنگیە لە ڕێگەی دەرمانە قڕکەرەکانەوە بکرێت، ئەوا کۆمەڵێک هاوسەنگی تر تێکدەچێت و سروشت و ژینگەش بە شێوەی جیاواز خۆی دەپارێزێت. جا پاراستنی سروشتی زیانەکانی زیاتر و کاریگەرترە بۆسەر ژیانی مرۆڤ. لەبری ڕاگرتنی هاوسەنگی سروشتی لەلایەن مرۆڤەوە بۆ ژینگەکەی خۆی ئەوە سروشت دەکەوێتە پاراستنی هەبونی خۆی و تۆڵەی خراپکاریەکانی سەری دەکاتەوە. لەوانەیە باوەڕیەکی واهەبێت بڵێن خۆ سروشت قاچ و دەم و مێشکی نیە بەچی دەتوانێت خۆی بپارێزێت؟ ئێمەش دەڵێین، ڕەشاباکان، تۆفانەکان، زەمین لەرزەکان، گەرما و سەرماکان چین؟ هۆکارەکانی ڕودانەکانی ئەمانە چین؟ هەروەها لە تێگەیشتن لە مرۆڤەوە لە ڕووی پێکهاتە و هۆشمەندیەوە دەتوانیت وەڵامی ئەو پرسیارەی زیندوێیتی سروشت و ژینگە تێبگەین و بدەینەوە. کاتێک هوشیاری مرۆڤ شیدەکەیتەوە، لێشاوێک لە زانیاری و ئەزمون لە ژیانی مرۆڤدا هەیە، کە تەنیا ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوەی ڕووتی مرۆڤ نیە! بەڵکو کۆی ئەزمونی لێشاوی ووزەیی گەردونیە کە لە مرۆڤدا بوەتە تێگەیشتن و پراکتیک.
بۆیە پاراستن یەکێک لە هەرەبنچینەییترین هێزی ڕاگرتنی ژیان و هاوسەنگیە ژینگەیی و گەردونیەکان. کاتێک مرۆڤ بوە ئەو دڕندەیەی کە بیری لەوە کردەوە مرۆڤەکانی تر و دەوروبەر بە بەهانەی نەشیاو بۆ کۆمەڵێکی تر بەکاربێنێت. ئەو هاوسەنگیە ژینگەییە تێکچوو، ئەوانی تری بەکارهێنراو کەوتنە پاراستنی خۆ. بۆیە پاراستن مافێکی ڕەوا و سروشتی بوونی هێرشبۆکراوە. کاتێک سەرمایەداری و سیستەمی چینایەتی و پەرەدان بە جیاوازیە چینایەتیەکان لەسەر باڵادەستی و ژێردەستی، ئۆبژە و سۆبژە دەستی پێکرد، ئیتر پاراستنیش بوە پێویستی مانەوە. بۆیە هێزەکانی هێرشبەر بۆ ئەوەی ڕابگیرێت پێویستبوو لەبەرامبەریاندا خۆ بپارێزرێت. هەربۆیە ڕێکخراوبوون بوە پێویستی پاراستنی بەهەیبەت تر، کۆمەڵگەبوون سەرچاوەکەی پاراستنە. پاراستنی سروشتی کاردانەوەیەکی سۆزدارانەی بونەوەرە بەرامبەر هێرشکەر، بەڵام لە ژیانی مرۆڤدا بوە ڕێکخستنی هۆشمەندانەی وەستانەوە بەرامبەر داگیرکاری و هێرش. مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت لە بەرامبەر هێرشی داگیرکاری خۆی بپارێزێت پێویستی بە هێز هەیە، هێزیش بەبێ هۆشمەندی و ڕێکخستن لاسەنگ دەبێت. هەربۆیە بۆ پاراستن، ڕێکخستن و بەهێزبوون پێویستی سەرکەوتنە.
لێرەوە دەچمە سەردۆخی گەلی کورد و ئەم ڕۆژانەی ژیانی گەلی کورد و ئەو هێرشە داگیرکاریانەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ستاتۆ سیاسیەکەی و ڕۆڵی ڕێکخستن و حیزبە سیاسیەکانی هەرێم و ستاتۆی حکومەتەکەی و گەلی کورد لە باشوری کوردستاندا. ئەگەر سیاسەتی داگیرکاری هەبوو ئەوا پاراستنیش یەکێک لە پێویستیەکانی بەرخۆدانە بەرامبەر بە داگیرکاری. بەڵام ئەگەر بەرخۆدان نەبوو، یان دیارنەبوو زوڵاڵ نەبوو ئەوا داگیرکاری بە ئاسانیر دەتوانێت ئامانجەکانی بەدیبێنێت. لە کاتێکدا ئەگەر ستاتۆ سیاسیەکە و حیزبەکان هاوکاری بوون بە پراکتیکی یان بێدەنگە لێکردن یان ڕێگری کردن لە دەنگی ناڕازی تر و لە دەنگی ناڕازی گەل ئەوا ئەو داگیرکاریە ئاسانتر سەردەچێت. بۆیە بۆ هەریەکێک لە ئەگەرەکان وەڵامی پێداویستی بێکاریگەرکردنی فشارەکان و داگیرکاری هەیە.
لە دۆخی هەرێمی کوردستاندا، کە لە ئێستەدا لەژێر لێشاوێکی زۆری هێنانی سوپا و هێزی داگیرکەری تورکدایە، پێویستی بەرخۆدانێکی گەورەی گەلەری، ڕێکخستنی و حیزبی هەیە. کە بتوانێت داگیرکەر ڕابگرێت و شەڕی ئەو داگیرکاریە بکات. شەڕ لە دژی داگیرکاری نەک مافێکی سروشتی و ڕەوایە، بەڵکو شەڕی پاراستنی نیشتیمان، کەرامەت و ئیرادەیە. لەم دۆخەی ئێستەدا هەرکەس بەرامبەر داگیرکەری تورک شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی پێشنەخات، بیەوێ و نەیەوێت هاوکاری بێ ئەملاو ئەولای داگیرکاریە. جا هەر بیانوویەکی هەیە بێ بەهایە. ئەم ستاتۆی هەرێمی کوردستانە ئەمڕۆ لەنێوان دوو حیزبی سیاسی (ئەگەر ئەو ناوە شیاوبێت بۆیان) هەرێمی کوردستاندا دەستی بەسەرداگیراوە و بە ئاستی مردوویەک گەیەنراوە. تەنیا قەپاغێکی ماوە بۆ ڕەوایەتی دان بە هەندێ کاری حیزبی و بەڕێوەبردنی سیاسەتی داگیرکاری. بە تایبەت پەدەکە هاوکارێکی گەورەی پرۆسەی بەجێبوونی سوپای داگیرکەری تورکە. یەنەکەش لە بەرامبەر داگیرکەری تورکدا قوربانی داوە، لە ژێرفشاردایە، بەڵام کەموکوڕ و شەرمنانەیە. بۆیە پێویستە ئەم سیاسەتە بە ئاشکرایی لەگەڵ گەلدا هاوبەشی پێبکرێت و بەرپرسیارەتی مێژوویی خۆی پێکبێنێت. ناکرێت تۆ پاگەندەی نیشتیمانپەروەری و ووڵاتپارێزیت هەبێت و شەرمن و ڕێگربیت لە داگیرکاری و دەنگهەڵبڕین لەدژی. گەلان پێکەوە لە دژی زوڵم و ستەم و داگیرکاری سەرکەوتوون، ئەو هێزە سیاسیەی دەیەوێت پێشەنگی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی دیموکراتیک بکات، پێویستە پشت بە گەل و کۆمەڵگە ببەستێت و ببێتە هێزی پێشڕەو و هەرە ڕێکخراوی بەرخۆدان و تێکۆشان.
لەم چوارچێوەیەدا گەل مافی پاراستنی ڕەوا و سروشتی خۆی بەکاردێنێت. هیچ هێزێک لەژێر هیچ ناوێکدا مافی ڕێگری لە پاراستنی خاک و نیشتیمان و نەتەوەکەی نیە! ئەوەی ڕێگری دەکات، ڕەوایەتی بە داگیرکاری دەدات. بۆیە ئەگەر حکومەت و دامەزراوەکانی حکومی هەبوە ئەوا هێزی سەربازی حیزب زیادەیە و ئامانجی نادیار، یان بەدەرکەوتوی لەپشتە! بەکارهێنانی هێزەکانی حیزب لە بری دامەزراوەکانی حکومەت، یەکێک لە هەرە پڕکێشەکانی هەرێمی کوردستان و وەستانەوەیە بەرامبەر بە مافی ڕەوای خۆپاراستن و بەرگری لە خاکی کوردستان و وەستانەوە بەرامبەر داگیرکاری و هاتنی بە لێشاوی سوپای تورک. بۆ هێزە چەکدارەکانیش پێویستە لە چوارچێوەی پرسی ووڵاتپارێزیدا بەخۆیاندا بچنەوە و ئەو کابوسی دەستبەسەردا گرتن و تیرۆر و ڕەشەکوژیە ناوخۆییە ڕابگرن و ببنە بەشێک لە هێزی پاراستنی گەل و بەشداری تێکۆشانی شۆڕشگێڕی گەلەری ببن و لە هیچ هێز و حیزب و لایەکی قبوڵنەکەن کە لە پێناوی ئەجندای داگیرکاری و وەستانەوە لەبەرامبەر بەرخۆدانی گەلدا بەکاربهێنرێن.
بۆ پارتە سیاسیەکانیش، کاتێک دامەزراوەی حکومەت هەبوو، پێویست نیە هێزەکانی خۆیان لە بری دامەزراوە حکومیە پاراستنیەکان لە بەرامبەر گەلدا بەکاربێنن. بەڵکو پێویستە ئەو هێزانە بخرێنە خزمەتی پاراستنی گەل و نیشتیمان و لە شەڕی ئازادیدا هاوبەش و پێکەوەبن لەگەڵ گەلدا. کاتێک حیزبی تر هەبوو لە ژێر ناوی فرەیی و یاساییدا فەرمیەتی وەرگرتبوو و لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەواشدا بوونی خۆی ئیسپاتکردبوو، پێویست نیە ڕێگری لێبکرێت. بۆیە لە دۆخی هەرێمی کوردستاندا هەندێ حیزبی سیاسی ڕۆڵی هەرە نەرێنی دەگێڕن کە پێویستە هێزە ووڵاتپارێزەکان و گەل پێکەوە ئەو ڕۆڵە خراپکاریە ڕاگرن و لەبەرامبەر پاراستنی نیشتیمان ڕەنج و کلتوری بەرخۆداندا ببنە یەک. ئەوەی دەتوانێت داگیرکاری ڕابگرێت، لێدانە لە هێڵی خیانەت و دەستگرتن بەسەر ڕەنجی تێکۆشانی گەلدا بەناوی خۆوە. هەربۆیە پاراستنی ڕەوا مافی بێ چەندوچوونی کۆمەڵگەی باشورە و پێویستە هەموو حیزب و پێکهاتە و تاکێک وەک مافی سروشتی پاراستن بەکاری بێنێت و بەشداربێت لە بەرخۆدان و شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی.
داگیرکەری تورک و هاوکارەکانی بە هێزی پاراستنی گەل و شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی هەم ڕادەگیرێت هەم تێکدەشکێنرێت. ئەم داگیرکاریە وەک هیچ هێرش و داگیرکاریەکی تر نیە. دەنگ هەڵنەبڕین بەرامبەری ڕەوایەتی داگیرکاری ئەرێنی دەکات. شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا توندوتیژی نیە، بەڵکو مافی پاراستنی سروشتیە بەرامبەر هێزی بکوژ و کۆمەڵکوژکەری داگیرکاری و هاوکارەکانی. لە هەڵدانی بەردی منداڵێکەوە، تا پێڵاو بارانکردنی دوژمن، تا نان پێنەدانیان و ڕەشکردنیان، تا دوعای پیرە پیاو و وەستانەوەی بەکۆمەڵ دژی سوپای داگیرکەر ، تاشەڕی گە❤️‍🔥ر🌹یلا و شەڕڤان و پێویستیشی کرد شەڕ ئەوا هەموی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی و بەکارهێنانی مافی پاراستنی ڕەوایە. هەربۆیە ئەمجارەی داگیرکاری دەوڵەتی تورک زیاتر هاربوەو پەلاماری گوند و ڕەز و باخ و خەڵک دەدات. ئیتر بۆ کۆمەڵکوژیش کراوەیە و بەردەوام کۆمەڵکوژی سروشت و ژینگە و هێزەکانی پاراستنی گەل دەکات. بۆیە قۆناغی شەڕی داگیرکاری پێی ناوەتە قۆناغی بێ باکی دوژمن و کۆمەڵکوژکردن. نەبوونی دەنگی ناڕازی ئەو کۆمەڵکوژیانە ئەرێنی دەکات و بوێری بەداگیرکەر دەدات بۆ هێرش و داگیرکردن و کۆمەڵکوژکردن. بۆیە ڕاگرتنی ئەرکی:
#هەموو پارتە سیاسیەکان، ڕێکخراوە پیشەیی و سیاسیەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوە ئایینی و کەسایەتیە دیموکراتیک و ووڵاتپارێزان، چەپەکان، یاساناسان، هونەرمەندان، ژنان، گەنجان و تاک بەتاکی ئەم کۆڵگەیە یە کە بەرامبەر بەداگیرکاری چییان پێدەکرێت لە وەستانەوە لەدژی بیکەن و بۆ یەک ساتیش ڕانەوەستن. هەرکەس لە ئاستی خۆیەوە بەتاک یان بەکۆمەڵ چی پێ دەکرێت، پێویستە بیکات. هەر دەنگێک واتای وەستانەوەیەکی مەزنە بەرامبەر هێرش و داگیرکردن و ڕەوایەتی داگیرکەر دەخاتە ژێر لێپرسینەوەوە. ئەگەر ئەو بەرخۆدان و تێکۆشانە ڕێکخراوو بە کۆمەڵتر بکرێت کاریگەریەکەی چەندان قات زیاتر دەبێت و دەبێتە هێزی پشتیوان و کاریگەر بۆ بە بەرخۆدان و شەڕی پاراستنی هێزەکانی پاراستنی گەل.

بۆیە دەرەنگ نەبوە و دەنگ هەڵبڕە، چۆن پێت دەکرێت. دەنگت عەرشی زۆرداری و داگیرکاری دەلەرزێنێت. هەموو ڕێگریە جۆراوجۆرەکانیش ترسە لەو لەرزینی عەرشە و هاوکاری داگیرکاریە. بێدەنگی مەرگە و هاوکاری کۆمەڵکوژیە! نابێت بێدەنگیمان ببێتە ڕەوایەتی دان بە داگیرکاری. دەنگهەڵبڕە، ڕۆژی مەردایەتی، خاوندەرکەوتن و بەرپرسیارەتیە. بێهیوایی مردنی لەسەرخۆیە! پاراستنێک هەیە و دەبێت فراوان و گەورە بکرێت

هاوبەشی :