ھێرشە داگیرکاریەکان و شەڕی تایبەت

90
0
هاوبەشی :

ھێرشە داگیرکاریەکان و
شەڕی تایبەت

نوسینی عادل عوسمان

٢٠٢٤/٦/١٩

لە ھەر سەردەمێکی شەڕدا، سوود لە جۆراوجۆری بوارەکانی شەڕی داگیرکردن، تایبەت، دەرونی، ڕەگەزی، ئابوری، ڕۆشنبیری، ئایینی و… دەبینن. بوارەکانی شەڕ زۆرن، گۆڕەپانەکانی جۆراوجۆرن. داگیرکاریش، خاوەنی ئەزمونی درێژو مێژووییە. ھەروەھا خاوەنی لێکۆڵینەوە و شرۆڤەی شێوازە بەکارھاتوو، بەکارھێنراوەکانی داگیرکاریە. ھەربۆیە خاوەنی سەدەھا و بگرە ھەزارەھا ناوەندی ھزری و بە دواداچوونە. بۆ ئەو خاک و نیشتیمان و ووڵات و شارانەی کە تێی دەکەوێت. تایبەتمەندیەکانی ھەر ناوچەیەک بۆخۆیندنەوەی داگیرکاری گرنگی خۆی ھەیە. لەبەر ئەوەی نیشتیمان، ناوچە تایبەتمەندی گشتی و خۆجێی ھەیە و دەتوانرێت کاریگەری ناوچەیەک ببێتە ھۆکاری پێشەنگی و ناوەندی بوونی بەرخۆدان و سەرکەوتن بەسەر داگیرکەر، یان نەھێشتنی جێگیربوونی داگیرکاری. ھەر بۆیە خاڵێک دەتوانێت ببێتە ھۆکاری ناجێگیری و سەرئێشە بۆ داگیرکەر و خەو لە چاو زڕاندنی.
لە دۆخی داگیرکاری سەر کوردستان و دابەشکردنی بۆ چوار پارچە و ھەر پارچەیەش بۆ چەندەھا بەش، ھۆکارەکەی ئەو جیاوازیە ناوچەییە. شەڕ لەسەر ئامەد، پێشەنگی سلێمانی، جیاوازی ناوی سنە، قامیشلۆ، لە ناو ئەم شارانەشدا جیاوازی ناوچەیی بۆخۆی ھەڵگری ناسینی چۆنیەتی داگیرکاری و شێوازی بەرخۆدانیشە بەرامبەر داگیرکەر. بێگومان کاتێک سیستەمی دەوڵەت نەتەوە بە دەزگا دەبێت، لە خۆوە کوردان بێ ناسنامە و بێ نیشتیمان ناکەن. ئینگلیزەکان لە لێکۆڵینەوە و شرۆڤەی ئەم دۆخەدا ڕۆڵی گرنگیان بینیوە و بناغەی سیستەمێکیان داڕشتوە، کە بتوانن بۆ چەند سەدەیەک بەردەوامی پێ بدەن. بۆیە ئەو سیستەمەی بنیاتیان ناوە، ھەلومەرجە زھنیەکان، کۆمەڵایەتیەکان و ناوچەییەکانیان بۆ لەبەرچاو گرتوە. تەنانەت بوونە ڕەگەزی و جوگرافیەکانیشیان شیکردوەتەوە، تا بتوانن و بزانن چۆن داخڵی ناوچەکە ببن. بۆیە چەندین لێکۆڵەر و سیخوڕیان لە وێنەی کرێکار، مەیتەر و دکتۆر و مژدە بەخشدا ناردوەتە ناوچەکە و کەڵەکەی زانیاریە جۆراو جۆرەکانیان کردوە. لە ڕێگەی ڕاپۆرتە نھێنی و ئاشکراکانیانەوە. یاداشتە بە چاپگەیەنراوەکانی ئەو گەڕیدانە مشتێک لە خەرمانی ڕاپۆرتە شاراوە و نھێنیەکانیانە. ھەربۆیە ئەو داگیرکاریە و بنیاتنانی دەوڵەت نەتەوەیە نە لە خۆڕابووە، نە بێ زانیاری بووە، نە کاتی و کورت مەوداش بووە و ھەیە.
لەناو ئەم داگیرکاریەدا ڕۆڵی شەڕی تایبەت، بەتایبەت دەستبردن بۆ پێچ و برغوەکانی بیرکردنەوە زۆر گرنگ و پڕ بایەخە. ھەتا ڕۆڵی لێکۆڵەڕەوەکانی سەدەکانی ١٧ و ١٨ نەناسین و ڕۆڵی کۆمپانیای ھیندی ڕۆژھەڵاتی نەزانین، ناتوانین لە دامەزراندنی بناغەکانی ئەم سیستەمە تێبگەین. پەیوەست بەمەشەوە ناتوانین لە ڕۆڵی ھێشتنەوەی قەڵەمڕەوی ئیمپڕاتۆڕیەتی عوسمانی بۆ سەد ساڵ، وەک پیاوە نەخۆشەکە تێبگەین و نەخشەڕێژکردنی دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچەش تێبگەین و دروستکردنی نەتەوەی تورک و دەوڵەتەکەی و پێگەی عیراقی دروستکراویش بە بوونی کوردەوە تێبگەین.
ئێراق ڕۆڵی کلیل دەبینێت لە ناوچەکەدا، لەبەر ئەوەی لانکەی بنیاتنان و خۆراک پێدانی سیستەمی دەوڵەتە. ھەربۆیە ڕۆڵە مێژوویەکەی لەبەرچاوە. لە یەکەمین داڕشتنی خانەکانی دەوڵەتەوە ئێراق ڕۆڵی ناوک دەبینێت. واتە ڕۆڵی ئەو پەیوەستی ڕیخۆڵەیە دەبینێت کە منداڵ بە دایکەوە دەبەستێتەوە. بۆیە ئێراق وەک ئەو ناوکە گرنگە بۆ درێژە پێدانی دەوڵەت و سیستەمی چینایەتی دەسەڵاتدارەتی. ھەروەھا ئێراق شوێنی پێشکەش کردنی نمونەی نامۆ و نوێ و بێھیواکەرە. لە باشترین حاڵەتدا، ئەگەر سیستەمی جیھانی و ھەژمونگەرا ویستبێتی نمونەیەک پێشکەش بکات، ئەوا شێوازە ئەزمونیەکەی لە ئێراقەوە دەستپێرکردوە، وەک چۆن سیستەمی دەوڵەتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستانی خستە ناوبواری ئەزمونیەوە. بێگومان سیستەمێکی لەو شێوەیە بەگوێرەی دەوڵەت باڵادەستی و ھەژمونیەتی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریە، نەک بە گوێرەی کۆمەڵگە. بۆیە شەڕە داگیرکاری و دەوڵەتیەکان لە ئێراقدا لەو پەڕی بێ بەزەیی و توندوتیژیدا بەڕێوەدەبرێت.
بێگومان بۆ بەڕێوەبردنی ئەو شەڕە شەڕی تایبەت لە بواری زھنیەتتدا گرنگترین مەیدان دەبێت. بەتایبەت زھنیەتی لێدان لە (ھیوا). کوشتنی ھیوا، واتە کوشتنی خود، کوشتنی پێکەوەیی و کۆمەڵگە بوون. ئەو شەڕەی سەرمایەداری دەیکات، شەڕە لە دژی کۆمەڵگەبوون. گرنگترین شوێنی بەرخۆدان و مانەوەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی و خاک و نیشتیمانی کوردستانە. بەھۆی پێگە سروشتی و مێژووییەکەی کوردستانەوە بوەتە دواپێگەی مانەوەی کۆمەڵگە و بەرخۆدان بەرامبەر سەرمایەداری و سیستەمەکەی. لێرەوەیە لە گرنگی شەڕی تایبەت لە کوردستان و لە دژی کوردان تێدەگەین، کە چۆن بێھیواکردن گەورەترین و کوشندەترین بابەتی داگیرکاری زھنی و خودیە. داگیرکردنی بابەتی لە شکاندنی ھیوا و بێ ئەنجامی مێژووییەوە دەبێت. بۆیە ھیوا دەکرێت ئەو ئەستێرە درەوشاوە بێت کە مرۆڤی ئازاد بە خۆری ئازادی دەگەیەنێت.
لێرەوە ڕۆڵی ڕۆشنبیری لە بنیاتنان، یان شکاندنی ھیوادا گرنگی خۆی ھەیە. داگیرکەر لە ڕێگەی دەزگا ڕۆشنبیریەکانیەوە چەند قۆناغ لە بواری ڕۆشنبیریدا بەڕێوە دەبات.
یەک لەوانە: سیاسەتی ئینکار و نەبوونە. دۆزی کورد کێشەیەکی دروستکراوی لێدانە لە بوونە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکەی. ھەربۆیە سیاسەتی ڕۆشنبیریش لە نەناسن و ئینکاری نەتەوەیی و نیشتیمانیەکەیەوە دامەزراوە. تورکیا بە نمونە و ئێرانی ئاریانی وەک نمونەی دووەم.
یەکێکی تریان: ئەگەر سیاسەتی ڕۆشنبیری ئینکار، ڕۆڵی نەبوو، پەرەدان بە ڕۆشنبیری بێھوایی لە ڕێگەی ھونەر، سینەما، ھۆنراوە، نوسەر، چیرۆک و ڕۆماننوسسەکانەوە. ئیراق و ھەرێمی کوردستان نمونەکەیەتی. دەنوسن، دەڵێن، باس لە زوڵم و ستەم و نادادی دەکەن، چەردەیەک لە ناڕێکیەکان پێشکەش دەکەن، بەڵام وەک قەدەری بە باڵابڕاو دەیناسێنن و بەھەشتی ڕزگاری بە ئولگوی خۆرئاوایی و خۆرئاواگەرایی نیشان دەدەن. بۆیە کاتێک دێنە سەر شرۆڤەی ناڕێکیەکان دەستدەبەن بۆ نیشاندانی ئازار و خوێن و فرمێسکێکی زۆری ڕژاو، بەڵام بەھەدەرچوو، چونکە لە چوارچێوەی دەسەڵات و ھێزدا شیدەکەنەوە و دەسەڵات و ھێزیش بە خێڵەکی، دز و گەندەڵ دەناسێنن و ھیوای چارەسەری دەمرێنن، بە ھۆکارێکی سادە، کە کۆمەڵگە ناناسن و پشت بە ئاڵوگۆڕو ھوشیاری کۆمەڵایەتی نابەستن. ئاخر ئەم داماوانە لە قوتابخانە فەرمیەکانی بە دیسپلینکراوەی دەوڵەتدا کە ھەر ئینکاری کردوە، زیندانی کردوە و کوشتویەتی پێگەیشتوون. لە ڕۆمانەکانی مارکیز و خۆفۆ و پۆفۆوە دنیایان بینیوە و ئەو زانیاریانەی پێیان دراوە، وێنەی دەرکەوتنی مانگ و شمشێرە لە ناو خوێنی ڕژاوی نەیارەکاندا. ئەوان بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی بەرخۆدان و شەڕی سیستەمی دەسەڵات دەوڵەت و جڤاتە کۆمەڵایەتیەکانیان نەبیستوە. بۆیە کاتێک سەیری بزوتنەوەی سپارتاکۆس، خوڕڕەمیەکان، باتنیەکان، کۆمۆنەی پاریس، بەردەرکی سەرا، پارکی گەزێ، کۆچی بەکۆمەڵی مەریوان، کۆچی بە کۆمەڵی حەقەییەکان، شەڕی قەندیل و ھاوکاریە فریاگوزاریەکانی لافاوەکان و ژینگەییەکان دەکەن، نایناسن و لەدژی دەوەستنەوە، چونکە دەوڵەتی لەپشت نیە و بە دەزگانەبوە. دەکەونە شەڕ لەدژی بە دوو ھۆکار، یەکیان: دەوڵەتی لەپشت نیە و خاوەنی زھنیەتی کۆمەڵگەیە.
دووەمیان: لەژێرناوی خێڵەکی و بناماڵەییدا. لە کاتێکدا ئەوانەی ئەوان وەک ھوشیاری و ڕۆشنبیری دەرخواردی خەڵکی دەدەن ھاوردە و دەرەکیە. بێگومان ئەوەی ئەوان دەیکەن لە شکاندنی ھیوادا گرنگترین بەشی ھاوکاری شەڕی تایبەتی داگیرکەرانە و کەوتنە داوی غەفڵەت و خزمەتکاری دوژمنە. داگیرکاری بابەتی پرسێکی گرنگ و گەورەیە کە لە باشوری کوردستاندا پێویستە ھەڵوەستەی گەورەی لەسەر بکرێت و شرۆڤە بکرێت.
کەوتنە داوی دوژمن، یەکێک لە بوارە گەورەکانی ووتنەوەی ڕۆژەڤەکانی ئەوان و دووبارە و چەند بارە کردنەوەیانە بە ناوی ڕەخنەگرتنەوە، یان کەوتنە داوی ڕۆژەڤە ڕۆژانەیی و دەرەکیەکانی وەک پشتیوانی شەڕی غەززەی حەماس، ڕاگەیاندنی شەڕی بەعەرەبکردنی بەشێک لە ئێزدیەکان، یان قوربانی کردنی ئاژەڵ بە ناوی ھاوکاری ھێزە دەرەکیەکان. بۆیە ئەم بابەتانە داگیرکردنی زھنیەتی تاکی کوردە لە لایەن نەخشەدانەرانی شەڕی تایبەتی داگیرکەری کوردستان و لابردنی سەرنج لەسەر کێشە و قەیرانەکان و چارەسەری دۆزی ئازادی. کاتیک دۆزی ئازادی و ناسنامەی ئازادی کورد بە چارەسەری گەیشت، تەواوی کێشە دروستکراوەکان، وەک پولی دۆمینە بەدوای خۆیدا دەڕمێنێ.
بۆیە کاتێک سەیری ھونەر، گۆرانی، سینەما، شانۆ، ھۆنراوە، چیرۆک و ڕۆمانەکان دەکەین جگە لە پەردەیەکی بێھیوایی و شکاندنی ھیوا ھیچی تری لە ناخوێنینەوە. سەیری بەختیار عەلی، شێرزاد حەسەن، مەریوان، فاروق، نەبەز… بکە جگە لە پەخشکردنی چەڕدەیەک لە فرمێسک و خوێن ھیچیتریان لێ ھەڵناکڕێنیت ( لەم بیابانەدا ھیچ سەوز نابێت… ھیچ!) جگە لە بێھیوایی و شکاندنی ھیوا و نەبینینی ئەو ھیوا و ئامانجە مەزنەی گەلێک و ئینکار کردنی چی تری تێدایە! هەربۆیە ئەم ڕۆشنبیریەی ئێرە دەنگدانەوەی زایەڵەی هەژموونی خۆرئاواییە، کە بەرامبەری بێ دەسەڵات و دۆشداماوە.
بۆیە دەڵێم “با بێ ھیوا نەبین و خۆمان لە ناو فرمێسکدا نەخنکێنین، بەڵام چارەیەکیش بۆ ئەم دۆخە پێویستە.” ئەوەی دەتوانێت چارەسەری ئەو ھیچە بکات، گەڕانەوەیە بۆ دەرچوون لە بیرکردنەوە تەسکە خۆرئاوایی و نمونەسازیە خۆرئاواییەکان، بەڵکو بینینی حەقیقەتی بنیاتنانی ژیانی ئازدا و ئە و پنتانەی کە بنیاتنراون، لە چەشنی خۆبەڕێوەبەری شەنگاڵ، خۆرئاوای کوردستان، بەرەوپێشچونە گەورە زھنی و کۆمەڵایەتیەکانی باکوری کوردستان و ئەو بەرخۆدانە مێژووی و نەتەوەیی و دیموکراسیەی ئیمراڵی کە بەرامبەر شەڕ و کوشتار و سیاسەتی ئینکار دەکرێت. کاتێک کۆمەڵگەی باشور خۆی بە داگیرکراو و بەڕێوەبراوی شەڕێکی تایبەتی بابەتی زانی ئەوکات ھیواکان لە ناو خوێن و فرمێسکدا ناخنکێن، بەڵکو دەبنە ھیوای ھەڵھاتنی خۆری ئازادی و پاراستنی ڕەنج و خوێن و قوربانیەکانی گەل و سەرکەوتنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و بوونە نمونەی ئەو ژیانە ئازادەی کە وەک ژیژەک و چۆمسکی و دەیان کەسیتر دەڵێن؛ ئەگەر شەرەفەتێک مابێت، ئەوا ڕۆژئاوای کوردستانە کە دەبێت بە ھەموومان بیپارێزین. ھەربۆیە ئێستە کوردی ئازاد بوەتە پێشەنگ و ھیوا بۆ مرۆڤایەتی و بۆ جیھانی ئازاد و
بەو بۆنەیەشەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و بیرمەندان و ئازادیخوازانی جیھان دەکەم، بە ھۆی گیان لەدەستدانی بیرمەند و فەیلەسووف “نوام چۆمسکی”ەوە.
سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکار و سەرهەڵگرتوانی لە ئاودا نقومبووی کۆمەڵکوژکراوی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش دەکەم بۆ هۆی ئەو کۆمەڵکوژیەی دەریاکانەوە. کە ئەو سەرهەڵگرتنەش بەشێک لە شەڕی تایبەت و دەستهەڵگرتنە لە بەرخۆدانێکی شکۆدار و بە ئامانج و کۆمەڵایەتی.

هاوبەشی :