دەم پارتی بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون لە گردبوونەوەکەی ١٣ ی حوزەیران

69
0
هاوبەشی :

وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر یاسای کۆڵۆنیاڵی بەرامبەر کوردان، بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون لە گردبوونەوەکەی ١٣ ی حوزەیران لە جولەمێرگ.

کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی

وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان لە ناوەندی گشتی دەم پارتی کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی بەست، دووپاتی کردەوە ڕەوشی جولەمێرگ سیاسەتی دژی کوردان و پێکهاتەکانی تری زیاتر بەدەرخست، پیشاندەری ئەوەیە لە کوردستان کۆڵۆنیاڵیزم پێشدەخرێت.

ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند سیاسەتی قەیوم مایەپووچ بووە، ئەوەی لە جولەمێرگ دەکرێت لە هیچ جێیەک هاوشێوەی نییە، دووپاتی کردەوە هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ محەمەد سدیق ئاکیش بە ناڕەوا و بە تۆمەتی “ئەندامێتی ڕێکخستن” ١٩ ساڵ و ٦ مانگ سزای بەسەردا سەپێنراوە، کەچی تا ٥ ی حوزەیران هیچ شتێک لەسەر ئەو نەبووە و پێشتریش کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ڕێگەی لە کاندیدبوونی نەگرتووە، گوتی: “ئەوان دەڵێن، دەتوانن کاندید بن، بەڵام ناتوانن ببنە هاوسەرۆکی شارەوانی. ئەمە چ یاسا و پەیڕەوێکە. یاسا و پەیڕەوەکان بەگوێرەی هێز و دەسەڵات جێبەجێ دەکرێن. دادگا بەسیاسی کراوە و خراوەتە ژێردەستی کەسێک”.

دۆغان ڕایگەیاند تاکە تاوانی سدیق ئاکیش ئەوەیە کاندیدێکی کوردە، هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگە، ئەگەر نا تاوانێکی نییە، گوتی: “بانگەواز لە بەرپرسان دەکەین ڕێز لە ئیرادەی گەلی جولەمێرگ بگرن، ئێمە لە ١٣ ی حوزەیران لە کاتژمێر ١٥:٠٠ لە جولەمێرگ گردبوونەوەیەکی مەزن ئەنجام دەدەین. بانگەواز لە هەمووان دەکەین بەشداری گردبوونەوەکە بکەن. هەروەها لە ١٤ ی حوزەیران لەبەردەم شارەوانی ئاکدەنیزی مێرسین کۆبوونەوەی گەل ئەنجام دەدەین. بانگەواز لە هەمووان دەکەین، بەشداری گردبوونەوە و کۆبوونەوەکان بکەن”.

هاوبەشی :