کەجەکە: ئێمە دەبێت لە دژی لەناوبردنی ژینگە بوەستینەوە

88
0
هاوبەشی :

کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کەجەکە ڕایدەگەیەنێت، هەر شوێنێکی کوردستاندا ڕووبەڕووی لەناوبردنی ئیکۆلۆژی ببێتەوە، پێویستە ببێتە بابەتی تێکۆشان و لە دژی هەڵوێست بگیرێتەبەر.

کەجەکە، دەبێت دژی لەناوبردنی ژینگە ببینەوە

کۆمیتەی ئیکۆلۆژیی و کۆنفیدرالیزمی کۆمەڵگای کوردستان (کەجەکە) ڕایگەیاند، لەناوبردنی بەرفراوانی ژینگەیی لەلایەن حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە، درێژەپێدەری ئەو کاولکارییە فیزیکی و کولتوورییەیە کە بەسەر گەلی کورددا سەپێنراوە، کە بەهۆی ستراتیژی شەڕەوە زیاتر پەرەی سەندووە. هەروەها ڕایگەیاند که بەم عەقڵیەتە دەیانەوێت کوردستان چۆڵ بکەن و پێکهاتەی دانیشتوانەکەی بگۆڕن.

لە ساڵی ١٩٧٢، ٥ی حوزەیران وەک ڕۆژی جیهانی ژینگە ڕاگەیەندرا. هەرچەندە ئەم ڕۆژە بەهۆی ئەو گرنگییەی کە بە ئیکۆلۆژی دراوە ڕاگەیەندراوە و ماوەی ٥٢ ساڵی ڕابردوودا ئیکۆلۆژی زۆرترین باسی لێوە کراوە، بەڵام زۆرترین زیانی پێ گەیشتووە. لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەکان لە سەر مرۆڤایەتی و ئیکۆلۆژی، تێکچوونی ژینگەش پەرەی سەندووە. لەبری ئەوەی لە دژی قەیرانی ژینگەیی هەنگاو بنێن، دەرفەتی زیاتر بۆ کارەساتی ژینگەیی کراوەتەوە. ئەو بەڵێنانەی لە کۆنفرانسەکانی کەشوهەوا کە تا ئێستا گیراوە، جێبەجێ نەکراون. کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کەجەکە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژینگە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هێزە هەژموونخوازەکانی سەرمایەداری بە ڕێوشوێنە بەربڵاوە دژە ئیکۆلۆژییەکانیان هەڕەشە لە داهاتووی ژینگە دەکەن و ڕێگا بۆ کارەساتی نوێ خۆش دەکەن. هەروەها کەجەکە بە ئاماژەدان بەوەی کە بەها پیرۆزەکانی ئیکۆسیستەم و مرۆڤایەتی بە ڕێگەی تاڵانکردنی بەردەوام و بەربڵاوەوە لەناو دەچن بۆ بەرژەوەندی کەمینەیەک کە لەسەدا یەکی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە تێپەڕاندنی ژمارەی پێوانەیی پلەی گەرمی و کارەساتی کەشوهەوا لە هەموو ساڵێک سەبارەت بە بەرفراوانی و دەرئەنجامەکانی ئەم کاولکارییە هۆشداری دەدەن.

لەناوبردنی ژینگە وەکوو چەکێک بەکاردێت

کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کەجەکە بە ئاماژەدان بەوەی کە لەناوبردنی بەرفراوانی ئیکۆلۆژی لەلایەن حکوومەتی ئاکەپە-مەهەپە لە کوردستان و تورکیا وەک ئامرازێک بۆ سیاسەتی فاشیستی و میلیتاریستی جێبەجێ دەکرێت، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو وێرانکارییە ئیکۆلۆژییەی کە کاریگەری لەسەر جوگرافیای هەموو کوردستان کردووە لە عەفرینەوە تا بادینان، لە بۆتانەوە تا سەرحەد و ڕۆژهەڵات بەربڵاو بووەتەوە، لە چوارچێوەی درێژەدان بە کاولکاریی فیزیکی و کولتووریی کە بەسەر گەلی کورددا سەپێندراوە و کۆمەڵكوژی کۆمەڵایەتی کە بە ستراتیژی شەڕەوە پەرە پێدراوە، جێبەجێ دەکرێت. کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کەجەکە لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەیدا دەڵێت: “ئەو گوندانەی کوردستان کە پێشتر سووتێنران و چۆڵکران، ئەمڕۆ لەژێر ئاوی بەنداوەکاندا لە چاڵ نران”. هەژاری، کۆچکردن و دوور خستنەوەی مرۆڤەکان لە گوند و ماڵ وحاڵی خۆیان، لەناوبردنی دەرفەتەکانی ژیان بە ڕێگەی کۆمەڵکوژی دارستانەکان و دروستکردنی دەیان بەنداو، هەڵکەندنی هەزاران کانگاو و دروستکردنی وێستگەی کارەبایی و لەناوبردنی ژینگە، سیاسەتی دژە کشتوکاڵی دەسەپێنن. دەیانەوێت بەهەشتی کوردستان کە گەلی کورد، بەرامبەر هەموو هێرشێکان وەستاونەتەوە چۆڵ بکەن و دانیشتوانەکەی بگۆڕن. ئەم وێرانکارییە کە لەژێر ناونیشانی ئارامیدا هەوڵی بەڕەوا بوونی دەدرێت، ئەمڕۆ نەک هەر کوردستان و گەلی کورد، بەڵکوو گەلانی ناوچەکەش بە شەڕ، وشکەساڵی و لێکەوتەکانی ڕووبەڕووی هەڕەشە دەکاتەوە. دەوڵەتی تورک لە پلانە کاولکارییەکانی دژ بە ژینگە وەکوو چەکێک لە پیلانە داگیرکارییە فاشیستیەکانی بەکاریدەهێنێت.

لە هەوڵی تێکدانی یەکپارچەیی جوگرافیای کوردستانن

هەرچەندە سروشتی کوردستان لە ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ بووەتە قوربانی دوژمنایەتی، کوشتار و شەڕە وێرانکارییەکان دژ بە گەلی کوردستان، بەڵام قەد وەک ئەمڕۆ ڕووبەڕووی وێرانکاری زاڵمانە و فرە ڕەهەند نەبووەتەوە. لەم ڕووەوە کوردستان قەد هەمان چارەنووسی گەلی کورد نەبووە. شاخەکان، خاک و سروشتی کوردستان کە لە هەموو هێرشەکاندا گەلی کورد لە باوەش دەگرێت و بەرگری لێدەکات، ڕووبەڕووی وێرانکارییە. سروشتی ئەویش وەک گەلی کورد وەکوو دوژمنێک لەناو دەبەن. شارەکانی کوردستان لەژێر گەمارۆدان و یەکپارچەیی جوگرافییان بە وێرانکردنی ئیکۆلۆژی بە ئامانجی فاشیستی و کۆمەڵکوژییەوە وێران دەبێت. کوردستان بەو بەنداوانەی کە جوگرافیای کوردستان پارچە دەکەن، وێستگەکانی وزەی خۆر لە ڕوحاوە تا بۆتان و سەرحەد، ناوچەی نوێی گەڕان بەدوای نەوت، سیاسەتی دژە کشتوکاڵی، کانگا، کۆمەڵکوژی دارستانەکان، سەرهەڵدانەوەی شەڕ، هێرشی سەربازی و بوردومانە بەردەوامەکان, ڕووبەڕووی هێرشی داگیرکاری چڕ و هەمەلایەنە بوەتەوە.

ئەوان دەیانەوێت گەلی کورد لە سەر ڕەگ و ڕیشەی خۆی دەربێنن

هەروەها تێکدانی ژینگە هێرشێکە بۆ سەر پارادایمی ئیکۆلۆژیی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان. هێزە داگیرکەرەکان کە بە تەماعی ئازادی، زمان، کولتوور و هەموو بەها مەعنەوییەکانمانن، بە گەمارۆدانی جوگرافیای کوردستان کە تا ئەمڕۆ لە ناویدا ژیاوین، بە گەمارۆدان و پڕۆژەی تاڵانی ژینگەیی، مەبەستیان ئەوەیە ڕەگ و ڕیشەی گەلی کورددا لەم خاکە دەر بێنن. هەموو بەهاکانی وڵاتەکەمان کە شوێنێکی دێرین و هەزاران ساڵەیە، ڕووبەڕووی تەماعی داگیرکاری بوونەتەوە. وەک لە ڕۆژئاوا، گەنم و دار کە تاکە سەرچاوەی داهاتی خەڵکن، لەناو دەچن و ئاویان بەسەردا دەگیرێتەوە. لە باکور و باشور و ڕۆژهەلاتی کوردستان بە ملیۆنان دار و دارستان لەلایەن سەربازانی تورکەوە دەبڕدرێن و دەسوتێندرێن.

بە ڕۆژانی سەمبۆلیک، لەناوبردنی ژینگە ڕاناگیرێت

بەم دۆخەوە بۆ کوردستان ڕۆژێکمان نییە وەک ڕۆژی ژینگە و هەروەها بۆ جیهان ئاهەنگ بگێڕین. بەپێچەوانەوە لەو ڕۆژانەداین کە دەبێت هەست بە ئازار بکەین، پرسیار بکەین و لە بەرامبەر کۆمەڵکوژییە فرە ڕەهەندەکانی وێرانکردنی ژینگە، هاواری سروشت و کارەساتەکان هەنگاو بنێین. قەیرانی ئیکۆلۆژی کێشەیەک نییە کە بە ڕۆژانی سەمبولیک چارەسەر بکرێت. ئەو وێرانکارییە ئیکۆلۆژییەی کە ڕوودەدات، پێویستی بەوەیە کە هەموو ڕۆژێک ببێتە ڕۆژی ئیکۆلۆژی و بۆ ژیانی ئیکۆلۆژی بگەڕێتەوە. تێکۆشانی ئیکۆلۆژی تەنیا لە ڕێگەی ڕێکخستنە ئیکۆلۆژییەکانەوە بەڕێوە ناچێت، بەڵکوو تێکۆشانی هەمووانە. ئەوەی پێش بەم قڕکردنە دەگرێت، تێکۆشانی کۆمەڵایەتی بەڕێکخستنی، جەماوەریی ژینگەییه که دەبێت له سەر ئاستی جیهاندا بەڕێوه بچێت.

ئەو شوێنانەی وێران دەکرێن پێویستە ببنە شوێنی کاردانەوە و تێکۆشان

هەروەک ڕێبەر ئاپۆ وتی: “تێکدانی ژینگە هۆکارێکە بۆ ڕاپەڕین، تێکۆشانی ژینگەیی بەرزترین ئاستی وڵاتپارێزییە. ئەمە گەورەترین ئەرکی ویژدان و مرۆڤایەتیمانە گوێ لە هاواری سروشت بگرین و بکەوینە هەوڵدانەوە. لە ئەنجامدا لە هەر شوێنێک دارستانەکانمان ببڕدرێن، لە هەر شوێنێک کێڵگە و ئاومان دەستبەسەردا بگیرێن، لە هەر شوێنێک بەنداو و وێستگەی کارەبا و کانگا دروست بکرێن، پێویستە ئەو شوێنانە ببنە هەرێمی تێکۆشان و ببێتە پێگەیەکی بەرخۆدان و لەوێ بەرگری لە خۆمان و ژیانمان بکەین، هەر هەنگاوێک کە بۆ تێکۆشانی ژینگەیی دەینێین، هەر نەمامێک کە دەیچێنین، هەر کار وچالاکیەک کە پێکی دەهێنین شوێنێکە بۆ ژیان. وەک ئاکبەلێن و جولەمێرگ، کاردانەوە نیشان بدەین. هەر شوێنێک کە لە کوردستاندا لەناوبردنی ئیکۆلۆژی ڕوودەدات، پێویستە بکرێتە ناوەندی هەڵوێست و تێکۆشان. پێویستە ئەوانەی بە بەنداو، ئاو، خاک و مێژوومان دەدزن و دەست بەسەر زەوی و شاخەکانماندا دەگرن لە دژیان کاردانەوە و هەڵوێستی جدیی نیشان بدەین.

ئێمە بەرپرسیارێتیمان لە ئەستۆدایە

ئێمە بەرامبەر بەو سروشتەی کە ملیۆنان ساڵە بۆ ئێمە دایکایەتی کردووە بەرپرسیارێتیمان هەیە، هەروەها بەرامبەر مێژوو و نەوەکانی داهاتوو. هەروەها بەرامبەر بە گەل و هەموو ئەو گەلانەی کە ئەو بەهایانەیان لە خاکی کوردستاندا کە شۆڕشی کشتوکاڵی تێدا ڕوویدا خوڵقاند، بەرپرسیارین. ئێمە بەرامبەر حەسکیف کە بەهۆی بێدەنگیمانەوە کەوتە بن ئاوەو، بۆ ئەو ڕووبارانەی کە لە بەنداوەکاندا ڕاگیراون و ئازادی و بەرهەمەکانیان دزرا، بۆ ئەو دارستانانەی کە کۆمەڵکوژ کران، بۆ ئەو شاخ و خاک و دانەوێڵە و گیایانەی کە دەستیان بەسەردا گیراوە بەرپرسیاریەتمان هەیە.

هاوبەشی :