لە پەرلەمانی تورک دەم پارتی قەیومیان شەرمەزارکرد و پێیان ووتن: لە شوێنێک بینووسن، ئێوە شکست دەهێنن

79
0
هاوبەشی :

پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە پەرلەمان کۆبوونەوە و دژی زەوتکردنی شارەوانی جولەمێرگ چالاکیان ئەنجامدا، سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کلیچ کۆچیگت بە ئاکەپەی گوت: “لە شوێنێک بینووسن، ئێوە شکست دەهێنن”.

لە پەرلەمان قەیوم شەرمەزارکرا

فراکسیۆنی دەم پارتی دژی دانانی قەیوم لە شارەوانی جولەمێرگ لە پەرلەمان دەستیان بە چالاکی کرد.

پەرلەمانتاران پانکارتی “شارەوانی ئێمەن، ڕێگە نادەین بە دەستبەسەرداگرتنیان” بەرزکردەوە. سەرەڕای هۆشدارییەکانی سەرۆکی پەرلەمان، پەرلەمانتارانی دەم پارتی کورسییەکانیان جێنەهێشت، سەرۆکی پەرلەمان ١٠ خولەک دەرفەتی بەخشی بۆ پیشاندانی ناڕەزایەتی، هاوکات هەندێک پەرلەمانتاری جەهەپەش پشتگیریان نیشاندا.

سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کلیچ کۆچیگت ڕایگەیاند ئەمە ٨ ساڵە ئیرادەی گەلی کورد پشتگوێ دەخرێت، گوتی: “ئەو حکومەتەی ٨ ساڵە وڵات بەڕێوەدەبات بە کوردان دەڵێت: “ئێوە هاوڵاتی نین، یەکسان نین”.

کۆچیگت رایگەیاند بەرامبەر دەسەڵاتێک وەستاوین کە دوژمنایەتی هەموو شتێکی کوردان دەکات، گوتی: “ئێمە ڕووبەڕووی زیهنیەتێک دەبینەوە، پیلانگێڕی دوای پیلانگێڕی دەئافرێنێت. ناهێڵن کورد ببێتە سەرۆک شارەوانی و ئەندام و پەرلەمانتار”.

لەکۆتاییدا کۆچیگیت گوتی: “هەرگیز ڕادەست نابین، ئێوە شکست دەهێنن. بە ڕۆحی گەزی، بە یەکگرتنی کۆبانێ، بە هەڵوێستی ڕاستی هەڤاڵانمان، بە کینەی ڕۆڵەکانمان، بە تێکۆشانی ژنان بۆ یەکسانی و ئازادی، بە تێکۆشان ئێوە شکست دەهێنن، ئەمە لە شوێنێک بنووسن”.

پاش کۆتایی هاتنی دەرفەتەکە، سەرۆکی پەرلەمان داوای کۆتایی هێنان بە چالاکییەکەی کرد، پەرلەمانتاران درووشمی “قەیوم دەڕوات”یان بەرزکردەوە و درێژەیان بە چالاکیدا، بۆیە سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی دواخست بۆ سبەینێ.

چالاکی پەرلەمانتاران لە پەرلەمان تا درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت.

هاوبەشی :