قەرەیلان: دوژمن وەڵامی پێویست وەردەگرێت

330
0
هاوبەشی :

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، موراد قەرەیلان، ڕایگەیاند، ڕەنگە لە ڕۆژانی داهاتوودا هێرشی داگیرکاری لە مەتینا، شاخی بەهار، لەسەر هێڵی خاکورک – خنێرە دەست پێ بکات و وتی: “لەو باوەڕەداین دوژمن وەڵامی پێویست وەردەگرێت.”

دوژمن وڵامی پێویست وەردەگرێت

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، موراد قەرەیلان، وەڵامی پرسیارەکانی ڕادیۆی دەنگ گەلی دایەوە. بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکە بەم شێوەیەیە:

پەیوەست بەو شەڕەی لەئێستەدا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەڕێوەدەچێت، چ دەڵێن؟ ڕەوش و ئاستی شەڕەکە چییە؟

ئەمڕۆ ئەو شەڕ و بەرخۆدانەی لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا دەقەومێت، لە مێژووی کوردستان و مێژووی شەڕی جیهاندا نموونەی نەبووە. ئێستە ئەو بەرخۆدانەی لە چیای شەهید مونزوری سەر بە چیای ئێف ئێم، لە چیای جودی، چیای ئامێدی ئەنجام دەدرێت، پێی ناوەتە ساڵی سێیەمەوە. ئەم بەرخۆدانە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، واتە لە ناوچەی حەفتانینەوە تا خواکورک لەشێوەی شەڕێکدا بەڕێوەدەچێت. دەوڵەتی تورک لە بنەڕەتدا دەیەوێت بە دروستکردنی ناوچەی پارێزراو زەوییە ستراتیژییەکانی باشووری کوردستان داگیر بکات. هەروەها گەریلا بەرخۆدانێکی مێژوویی لە دژی ئەم هەوڵە بەڕێوەدەبات. ئەم بەرخۆدانە ٤ ساڵە بەردەوامە و بەتایبەتی ٣ ساڵە لەسەر بنا‌غەی بەرخۆدانی تونێلەکان، لەڕێگەی تیمە نیمچە گەڕۆکەکانەوە لە گۆڕەپانەکانی شەڕ لە زاپ و مەتینا و ئاڤاشین بەردەوامە. ئەمە بەرخۆدانێکی مێژووییە و لە چوارچێوەی ئەم بەرخۆدانەدا ئەم چوار هەرێمەی ناوم هێناون، هاتوونەتە پێشەوە. وەک ئاماژەمان پێدا، ئەم شەڕە ئێستا پێی ناوەتە ساڵی سێیەمەوە. لە مێژووی شەڕی کورددا درێژترین و مێژووییترین بەرخۆدان بەرخۆدانی قەڵای دمدمە. بەرخۆدانی قەڵای دمدم ساڵێک زیاتر درێژەی کێشاوە، شەڕەکان بەشێوەی نابەردەوام و پچڕ پچڕ قەوماون. هەڵبەت چەکەکانی ئێستەش وەک هی ئەوسا نین. بۆیە دەڵێین ئەو شتانەی ئەمڕۆ دەقەومێن، ئەو بەرخۆدانەی ڕابەرایەتی دەکرێت، لە مێژووی کورددا یەکەم جارە و پێشتر بەرخۆدانێکی لەم شێوەیە نەکراوە. ئەم بەرخۆدانە لەڕووی مێژووی مرۆڤایەتیشەوە، گوزارشتە لە شتێکی نوێ. سوپایەکی مەزنی خاوەن چەک و تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو و مۆدێرن، وەستێنراوە و بەرامبەر بەرخۆدان دەکرێت. ئەمە نائاساییە. ڕاستە ناتوانین ئەم بەرخۆدانە نیشانی ڕای گشتی جیهان بدەین. تەنانەت پیشانی هەموو کوردستانیشی نادەین. بەڵێ، ڕەنگە هەوڵێکی چاپەمەنی ئازاد هەبێت، من ڕێز لە ڕەنج و هەوڵی ئەوان دەگرم. هەوڵێکی مەزن دەدەن. بەڵام بەداخەوە نەمانتوانیوە ئەم بەرخۆدانە بە ڕای گشتی بناسێنین.

دوو ڕەهەندی دیکەش هەن. یەکەم، ڕێبازی شەڕەکە، چۆن سێ ساڵە بەردەوامە و دووەم سوپای مەزنی ناتۆ وەستێنراوە- ئەمە ڕەهەندی هەرە سەرنج ڕاکێشە. دووەم، لێرە چەکی قەدەغەکراو بەکاردێت. چەکی کیمایی، چەکی ئەتۆمی تاکتیکی و هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو بەکاردێت. بڕوانن، ئیستە بەهۆی کەمی کاتەوە ناتوانم بە فراوانی بە وردی بۆتان ڕوون بکەمەوە، بەڵام کاتێک ڕۆژانە بەدواداچوون بۆ پێشکەوتنەکانی ئەو گۆڕەپانانە دەکرێت، ئەم ڕاستییە بە ڕوونی دیار دەبێت. بۆ نموونە لە یەک ڕۆژدا لانی کەم ٩-١٠ جار بە شێوازی جودا هێرش دەکرێتە سەر چیای شەهید مونزور. واتە بۆردومانی بەردەوام هەیە. ئایا گەلەکەمان لە کوردستان یان ئەوروپا هەست دەکات شەڕێکی هەمیشەیی ٢٤ کاتژمێری لە چیای شەهید مونزور هەیە؟ نا، گەلەکەمان دەڵێت “هەڤاڵان بەرخۆدان دەکەن” بەڵام چۆن بەرخۆدان دەکەن! تەنانەت هەندێک لە هەڤاڵانمان دەڵێن “دوژمن هێشتا دەستی پێنەکردووە، ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشکردنە سەر مەتینا”. بەڵام گەورەترین شەڕ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی زاپ و شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بەردەوامە. لە مێژوودا مرۆڤ بەدەگمەن شەڕی وەهای بەرچاو کەوتووە. مەسەلەن تۆ دەبینی، لەهەمان ڕۆژدا بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر گازی کیمایی بەسەر چیایەکدا دەبارێنرێت؛ بۆمب ئەتۆمی تاکتیکی بەکاردێت، بێ پچڕان تانک بۆمب دەهاوێژێت، تۆپ دەهاوێژرێت، بە درۆن تەقەمەنی دەخرێتەخوار، بە فڕۆکەی شەڕ بۆردوومان دەکرێت. واتە لەمیانی هەمان ڕۆژدا هەموو جۆرە چەکێک بەرامبەر ئەم گۆرەپانانە بەکاردێت. لە زاپ بەم شێوەیە شەڕێکی بەهێز بەردەوامە.

ئێستە ئەو شەڕەی لەسەر بناغەی سەڕی تیمە پسپۆڕەکان لەسەر زەوی و ناو تونێلەکان ئەنجام دەدرێت، لاپەڕەیەکی نوێی لە مێژووی شەڕدا لاپەڕەیەکی نوێی کردۆتەوە. بەڵام ئێمە هەموو کەسێکمان لەم ڕاستییە تێ نەگەیاندووە. بێ گومان گەریلاکانی ئازادی کوردستان بێجگە لەم شێوازە تاکتیکییانە، لەوێ بە ڕۆحی فیداکاری داستانیان ئافراندووە، بوێری و جەسارەت کچ و کوڕانی گەنجی کوردستان دەبێتە بابەتی ڕۆمان. مرۆڤ هەرچی بڵێت، ناتوانێت ئەم بەرخۆدانە شرۆڤە بکات. شەڕی ئیرادەیە و لەنێویدا ئایدۆلۆژیا و بوێری هەیە، هەروەها بە ئافرێنەرییەکی مەزنەوە قووڵکردن و پێشخستنی هونەری شەڕ شایەنی باسە. هەردوو تێگەکە لەنێو ئەم شەڕەدا هەن. خۆی ئەگەر وا نەبێت، ٤ ڕۆژیش توانای بەرخۆدان نابێت. کێ دەتوانێت بەرامبەر ئەم کیمیایی و بۆردوومان و تۆز و دووکەڵە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەرخۆدان بکات! ئەمە شتێکی نوێیە لە جیهاندا. لێرە ئیرادەیەک هەیە. لەم شەڕەدا دەبینرێت، ئیرادەی مرۆڤ دەتوانێت چی بکات. بێگومان شتی تریش زۆرن، بەڵام هەموو کەسێک بەباشی لەم ڕاستییە تێنەگەیشتووە. لەم خاڵەدا کێشەی تێگەیاندنمان هەیە. ناتوانین بە باشی گوزارشت لە خۆمان بکەین.

بەکورتی گەریلاکانی ئازادی کوردستان بەو بەرخۆدانەی کە ئەمڕۆ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و باکوری کوردستان ئەنجامی دەدەن، بەو ئیرادەیەی کە ڕابەرایەتی دەکەن، بەو فیداکارییە پێشیان خستووە، بەو بوێریی و لێهاتووییەی هەیانە سەلماندویانە کە هێزی لەشکست نەهاتوون. سەرەڕای چەکی قەدەغەکراو، ئەوەندە چەک بەکاردەهێنرێت، سەرەڕای ئەوەی کە دەیان هەزار سەرباز و سیخوڕ و چەتە لەم شەڕەدا بەشدارن، ئەو ئەنجامەی کە بەدەستهاتووە بە دڵنیاییەوە هێزی لەشکست نەهاتووی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان نیشان دەدات. بەڵام لە هەمان کاتدا دەیسەلمێنێت کە ئیرادەی مرۆڤ دەتوانێت چی بکات.

لێرەدا شتی هەرە گرنگ ئەوەیە: ئێمە ڕووبەڕووی دوژمنێکی پیلانگێڕ و دووڕووین. سەرەرای هەموو دەرفەتە مادییەکانی بەردەستی، ئەو هەموو چەک و سیخوڕ و لایەنگر، لەگەڵیدا هەبوونی چەتە کوردەکان، کەچی ترسنۆکانە چەکی قەدەغەکراو بەرامبەر گەریلاکانی ئازادی کوردستان بەکاردەهێنن.

بەتایبەت لە هەفتەیی ئاخیردا،دوژمن هەموو ڕۆژێک چیای شەهید مونزور (چیای ئێف ئێم)ی بە چەکی قەدەغەکراو و گازی کیمایی کردۆتە ئامانج. جار بە جار تەقینەوەی مەزن دروست دەکەن و ژەهر بڵاودەکەنەوە. ئەمەش وەک ئەتۆمی تاکتیکییە. هەڤاڵانمان دژی ئەمە بەرخۆدان دەکەن.

بۆ نموونە، لە تونێلەکانی گوندی سیدا هەڤاڵان بە تەنیا شەڕ دەکەن و مێژوویەک دەنووسنەوە. چارەنووسی ئەو هەڤاڵانە هەرچییەک بێت، بوێری و ئازایەتی خۆیان سەلماندووە. ئەوان بەسەر بەرخۆدانی قەڵای دمدمیان تێپەڕاندووە. دوژمن هەموو جۆرە چەکێک لە دژی ئەوان بەکاردەهێنێت. لەم دواییانەدا عێراق پاسەوانی سنووری خۆی کە هێزەکانی پەدەکەشی تێدایە هێنایە نزیک ئەو شوێنانە. ئەوان لەوێ یارمەتی دەوڵەتی تورک دەدەن. بەداخەوە دەوڵەتی تورک چەکی کیمیاوی لە دژی ئەو گەریلا بەرخۆدەرانە بەکاردەهێنێت، تەنانەت ئەگەر ئەوان بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەستیان هەبێت لەم تاوانانەی دەوڵەتی تورکی فاشیست، بێگومان بە شێوازی جیاواز هاوکاری دەکەن.

ئێستا دەوڵەتی تورک لەو شوێنانەی داگیری کردووە لە هەفتانین و زاپ، هەرچەندە نەیتوانیوە هەموو ئەو ناوچانە داگیر بکات. لەوێ بنکەی سەربازی دروست کردووە. دەوڵەتی تورک ناتوانێت لە دۆڵ و نزماییەکاندا بمێنێت، چونکە لە گەریلا دەترسێت. لەم جۆرە شوێنانەدا ئەو هێزانەی کە پێیان دەوترێت هێزی پاسەوانی سنووری عێراق وەک هاوکارەکانی جێگیر دەکات. بۆ نمونە ناوچەکانی وەک کەشانە و پیربەلا و شەرانش لە هەفتانین کە ئەو هێزانە تێیدا جێگیر بوون، بەم شێوەیەن. لە زاپ دەیانەوێت بەهەمان شێوە هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە ناوچەکانی وەک ڕەنچپراخا جێگیر بکەن. هێزەکە ئامانجێکی دیاری هەیە. ئەویش یارمەتیدانی دەوڵەتی تورکە. ئێستا ئەرکیان پێسپێردراوە لە هەر شوێنێک ئیمکانی هێرش کردن هەبێت لەوێ بڵاوەیان پێبکەن.

لە جیهاندا دۆخێکی وەها ئاڵۆز نییە

بێ گومان ئەمە نموونەیەکی نوێیە. ڕەنگە هیچ نموونەیەکی تر لە جیهاندا هاوشێوەی نەبێت. بە واتایەکی تر سوپای بێگانە هاتووە و خاکەکەی داگیر دەکات، ئەویش بە هێزی سەربازی خۆیەوە دەیانپارێزیت، پاسەوانیان بۆ دەکات. ڕەنگە لە جیهاندا نموونەیەکی وەها نەبێت، یان زۆر کەم بێت. بەداخەوە هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لەم پێگەیەدان و بەرگری لە سوپای تورک دەکەن. هەروەها سوپای تورک ئەو سوپایەیە کە خاکی کوردستان و عێراقی داگیر کردووە و بۆ هەمووان شتێکی شاراوە نییە. بە کورتی لەوێ دۆخێکی زۆر ئاڵۆز هەیە.

ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە کە بەرخۆدانێکی مێژوویی لە ئارادایە و ئەم بەرخۆدانەش بەردەوامە. کەس لە بەرامبەر هێرشەکانی دوژمن پاشەکشە ناکات و بەرخۆدان بەرز دەکرێتەوە. ئەگەر ئەم بەرخۆدانه نەبووایه، داگیرکاریی لە هەموو هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بڵاو دەکردەوە، بەڵام بەم بەرخۆدانه ڕێگری لێدەکرێت. ئەگەرچی تا ڕادەیەک دەیەوێت هێرشی داگیرکاری نوێ لە هەندێک ناوچەی دیکە پەرە پێ بدات. لە ڕاستیدا لە هەرێمی مەتینا لە ١٦ی نیسان بەدواوە پلانی هەیە بە شێوازێکی نوێ پێگەی بەربڵاوی خۆی لە ناوچەکاندا فراوانتر بکات. هەوڵ دەدات لە شوێنە داگیرکراوەکاندا پێشڕەوی بکات. هەروەها پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێرشەکانیان بۆ سەر مەتینا فراوانتر بکەن. بە هەمان شێوە گومان دەکرێت کە هێرش بکەنە سەر شاخی بەهار. ڕەنگە هێرشی داگیرکاری بۆ سەر هێلی خاکورک-خنێرەش بکەن. ئەم ئەگەرانە لە ئارادایە. دەبێ ئەمە بزانین؛ ئەگەر بەرخۆدانەکانی سێ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام نەبوایە، دوژمن هێرشی داگیرکەری زۆر بەرفراوانتری ئەنجام دەدا. ئەگەر لەم شوێنە نوێیانەشدا بە هەمان شێوە بەرخۆدان بەرز بکرێتەوە، زیاتر لە شەڕەکەدا گیروودە دەبن. ئێمە لەو باوەڕەداین دوژمن وەڵامی پێویست وەردەگرێت جا لە مەتینا بێت، شاخی بەهار بێت یان خنێرە. بەرخۆدانی ئەو شوێنانە تەواوکەری بەرخۆدانی گشتی بەهێزتر دەکات و بەم شێوەیەش گەمارۆی دوژمن لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا قووڵتر دەبێتەوە. بۆیە ئێمە لەو باوەڕەداین بەرخۆدان بەرەو قۆناغێکی زۆر نوێتر، بەربڵاوتر و بەهێزتر دەڕوات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، بەکرێگیراوانی باکووری کوردستان دەهێنرێنە بەرەکانی شەڕ. وەک هەپەگە ئێوەش سەبارەت بەو مەسەلە ڕاگەیاندراوتان بڵاو کردەوە، بەڵام دەوترێت گواستنەوەکان بەردەوامن. لەم دواییانەدا بەکرێگیراوێک کوژرا. لەم بارەیەوە چی ئەڵێن؟

وەک پێشتر باسمان کرد؛ دەوڵەتی تورک بەتەنها ناتوانێت شەڕی گەریلا بکات، کارێکی قورسە. هەر بۆیەش بەدوای کەسانێکدا دەگەڕێت کە لە پێناویدا شەڕ بکەن و بمرن. ئێستا لە باشور لەم بوارەوە کار دەکەن. لە باکوریش هەمان هەوڵیان هەیە. لە باکور کوردستان بەکرێگیراو بەکار دێنن. ئەم بەکرێگیراوانە لە ڕووی یاساییەوە پابەندن بە بەرگریکردن لە گوندەکانیان. لە ڕاستیدا ناویان گوندپارێزە. بەڵام سوپای تورک لە شوێن سەربازە پێشکەوتووەکانی بەکاریان دەهێنێ وەک بەشێک لە سوپا دەیانناسێنێت. هەرچەندە یاساکە وەک جارانە، دەیانخاتە هێڵی پێشەوە و ناچاریان دەکات هێرش بکەنە سەر ئەو ئامانجانەی مەبەستیەتی. سەیر بکەن؛ ئێستا تەنها لە شوێنەکانی وەک بۆتان و گەڤەر نایانهێنێت. بەڵکوو دەیانەوێت لە هەموو ناوچەیەکی باکور کوردستانەوە بەکرێگیراوان بۆ باشووری کوردستان بهێنن و لەگەڵ ئێمە شەڕیان پێبکەن. لە ڕاستیدا چەند ساڵێکە ئەو کارە دەکات، بەڵام ئەمساڵ زۆر زیاتر جەختی لەسەر ئەو کارە کردووتەوە، لەبەر ئەوەی سەربازەکانی لە شەڕدا ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە.

بەم کارانە دیسان دەیانەوێت کورد لە گەڵ کورد تووشی شەڕ بکەن. بۆ نموونە ئێستا لە چەولیک و سێرت و مێردین و هتد بەکرێگیراویان هێناوە. لە مەتینا، زاپ، هەفتانین جێگیریان کردووە و شەڕیان پێدەکات. هەر بۆیە ئێمە وەک هەپەگە بانگەوازیمان کرد. دیارە دوژمن دەیەوێت شەڕەکەی بکاتە شەڕی کوردان. دەیەوێت کورد بە دەستی کورد شکست بهێنێت. بە هیچ شێوەیەک نایەوێت سەربازەکانی بمرن. لە ئێستادا بە تەکنەلۆژیا شەڕ دەکات و هەندێک سەربازی بەکرێ گرتووە و پارەیان پێدەدات، بەڵام دەیانەوێت “کورد” بکێشنە ناو شەڕەکەوە. لێرەدا بینیمان؛ سەرەتا هەوڵیان دا سەربازە عێراقییەکان بەکار بێنن و ڕاستەوخۆ بیانخەنە ناو شەڕەوە. بەهەمان شێوە هەوڵی زۆریان داوە پێشمەرگە بەشداری شەڕی ڕاستەوخۆ لە گەل ئێمە بکەن و بەردەوامیش لە هەوڵدان. بێگومان تا چەند سەرکەوتووە لەم بوارەدا بابەتێکی ترە، بەڵام هەوڵەکانی بەم ئاراستەیە درێژەی هەیە. ئێستا زیاتر دەیەوێت بەکرێگیراوان بەکاربهێنێت.

سوپا بەکرێگیراوەکان دەخاتە هێڵی پێشەوەی شەڕەکە. بۆ نمونە دەیانهێنێ بۆ مەتینا و لەسەر شاخەکان نیشتەجێیان ناکات. نا، دەیەوێت بەکرێگیراوەکان بچنە ئەو شوێنە مەترسیدارانەی کە خۆی ناتوانێت لەوێ بمێنی. پێم وایە ساڵی ڕابردوو بوو، ڕەستەیەکم لەم بارەیەوە بەکارهێنا، بەڵام ڕۆژنامەکان سانسۆریان کرد. بەڵام ئەمە ڕاستیەکی کوردستانە. ئێستا دەوڵەتی تورک دەیەوێت کورد بەدەست کورد شکست بهێنێت. کەسێک کە وەک خۆی هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکە بکات دەتوانێت ئەو وێنەیە ببینێت کە بۆچی هێشتا گەلی کورد بە ژێردەستی ژیان دەکات. تۆ چ کارێکت هەیە لە بینگولەوە دێیت لە مەتینا شەڕ دەکەیت؟ ئایا تۆ پارێزەری گوند نیت؟ لە ڕووی یاساییەوە دەبێت بەرگری لە گوندەکەت بکەیت. لێرە چی دەکەیت و لەدوای چی دەگەڕێی؟ ئێستا ئەوەی لە سێرت هاتووە کوژراوە، چۆن مردووە؟ چونکە خستوویانە هێڵی پێشەوە. سەربازەکان ناتوانن بۆخۆیان بێنە پێشەوە، بۆیە بەکرێگیراوان دێنن و دەیانخاتە هێڵی پێشەوە. لە ڕاستیدا ئەو وشەیە کە سانسۆر کراوە چی بوو؟ من وتبووم “کوردێک بۆ ئافەرینێک دەتوانێ ٧ تەنەکە پیسی مرۆڤ بخوات”. بە واتایەکی تر ئەگەر دوژمن بە “کوردێک” بڵێت، “ئافەرین تۆ زۆر بەهرەمەند، زۆر ئازا، زۆر بەهێزی” و وەک نیشانەی دەستخۆشی دەست بە پشتی دا بێنێت، دەتوانێت ئەو کەسە (کورد) بە هەر شوێنێک و ئامانجێک کە بیەوێت ئاراستەی بکات ) ئەمە ڕاستییەکە. وابزانم بەم شێوەیە ئەم کەسانەیان بەکار هێناوە.بە دڵنیاییەوە وتویانە: تۆ پیاوێکی بەتوانا و ئازایت” و دەستیان بە پشتی دا هێناوە. ئەویش چووەتە هێڵی پێشەوە و بەمشێوەیە خۆی بەکوشت داوە، ڕاستی دەبێت لەو کارانە خۆیان بە دوور بگرن.

دووبارە بانگەوازی ئاراستەی هەموو بەکرێگیراوەکان کرا

دووبارە بانگەوازی لە هەموو بەکرێگیراوەکان دەکەم. ئەگەر لە گوندەکەت بمێنیتەوە کەس هێرشت ناکات. پێشتر ئەمەمان ڕاگەیاندووە. ئێمە دەزانین ئەمڕۆ گەلەکەمان لە چ بارودۆخێکدایە. هەروەها دەزانین پاسەوانی گوندەکان چۆن بوون بە بەکرێگیراو. هەر بۆیە ئێمە بەکرێگیراوان ناکەینە ئامانج. لە باکور یان باشور نابێت لە دژی ئێمە بەشداری هێرشەکان بن، نابێت لە هێڵی پێشەوەی سوپادا بن. ئێوە لە باکور ڕانەوەستاون و دێنە باشور و شەڕ لەگەڵ ئێمە دەکەن. ئەمە قبوڵکراو نییە. ئەمە شەڕی کورد لە گەڵ کوردە. ئەو قارەمانانەی لەوێ بەرخۆدان دەکەن، ڕۆڵەی ئەم گەلەن. ئەم گەنجە فیداییانە و بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک گیانیان لە پێناو گەلەکەیاندا بەخت دەکەن. بۆچی لەگەڵ ئەم فیداییانە کە بۆ پاراستنی گەلەکەیان تێکۆشان دەکەن شەڕ دەکەیت؟ ئایا گوناهـ نییە؟ ئایا ئەمە زوڵمێکی گەورە نییە؟ کەواتە بۆ چی بەشداری شەڕ لە گەڵ ئێمە دەکەن، نابێت بەشداری شەڕ لە باشوور و ڕۆژئاوا بن. ئەمە بانگەوازی منە بۆ هەموو پارێزەرانی گوندەکان.

هەروەها بانگەوازیم بۆ کۆچەر و بنەماڵەی بەکرێگیراوەکانە. هیچ بنەماڵە و خانەدانێک، هیچ عەشیرەتێک نابێت ڕێگە بدات بەکرێگیراوێکی گرێداراوی خۆیان بێتە باشور یان بۆ شەڕکردن لەگەڵ گەریلاکان ڕووکاتە شاخەکان، ئەوان دەبێت دژایەتی ئەمە بکەن. بە تایبەتی داوا لە بنەماڵەکان دەکەم. بانگەوازی من بۆ هاوسەری بەکرێگیراوان و ژنانی کوردە. ژنان وەک پیاوان تێوەنەگلاون. بەڵکوو پیاو چووەتا سەربازی، چووە قوتابخانە و لە زۆر ڕووەوە لە گەڵ دەوڵەت تێوەگلاوە. ژن بەو شێوەیە نییە. پاک و خاوێن ماوەتەوە، بۆیە دەبێت ژنانی ماڵەوە ناڕەزایەتی نیشان بدەن. دەبێت کوڕ و کچانیان ناڕەزایەتی بنوێنن. پێویستە بڵێن ئێمە لەسەر خوێنی قارەمانان ژیان قبوڵ ناکەین. پێویستە بڵێن: ئێمە نامانەوێت بەو پارەیەی کە لە ڕژاندنی خوێنی کوردانەوە بە دەست هاتووە بژین. بەرامبەر ئەم خیانەتە دەىێت لە بنەماڵەکاندا هەڵوێست سەر هەڵبدات. ئێمە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیین. بۆیە پێویستە ئەم پرسە لەناو بنەماڵەکانیشدا شەڕی لەگەڵ بکرێت. تێکۆشانی ژنان دەبێ تێکۆشانی گەنجان بێت. کوڕانی گەنج و ژنان دەبێ لەم بوارەدا دەست بە تێکۆشان بکەن. بۆ لە باکوور نامێنن و دەچنە باشووری کوردستان و شەڕ لەگەڵ گەریلا دەکەن؟ پێویستە کۆمەڵگاکەمان لە بەرامبەر ئەو مەسەلەدا ڕەنگدانەوە و کاردانەوەی نیشان بدات. خێڵ، عەشیرەت و بنەماڵەکان دەبێ کاردانەوە نیشان بدەن. دەبێت بەم شێوەیە گوشاری کۆمەڵایەتی دروست بکەین. دەبێت بزانن دەوڵەتی فاشیستی تورک دەیەوێت کورد بە دەستی کورد بە کوشتن بدات و بە ڕژاندنی خوێنی کورد بە دەستی کورد دەیانەوێت شکست بە تێکۆشانی کوردان بهێنن، دەبێت ئێمە دژی ئەو پیلانانە ببینەوە و ئەم یارییە هەڵوەشێنینەوە. پێویستە هەموو وڵاتپارێزان و ئەوانەی ڕوانگەی کوردستانی بوونیان هەیە، بەرامبەر بەم یارییانە بێدەنگ نەمێنن و کاردانەوە نیشان بدەن.

هاوبەشی :