قەرەیلان: پلانەکانیان لەبارەی دۆزی کۆبانێوە تێکچوون

153
0
هاوبەشی :

فوڕات نیوز

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە موراد قەرەیلان وتی، بەڕێوەبەرانی ئاکەپە-مەهەپە-ئەرگەنەکۆن سیاسەتی پاکتاو و قڕکردنیان بەرامبەر دیواری بەرخودان هەرەسی هێناوە، هەربۆیە لە دۆزی کۆبانێدا نەیانتوانی ئەو سزایە بسەپێنن، کە پلانیان بۆی هەبوو.

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە موراد قەرەیلان وەڵامی پرسیارەکانی رادیۆی دەنگی گەلی دایەوە. بەشی یەکەمی گفتوگۆکە بەم جۆرەیە:

گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ٣٨ مانگی تێپەڕاند، لەم دواییەدا وەزارەتی دادی تورک رایگەیاند، کە بۆ شەش مانگ سزای قەدەغەی دیدار سەپێندراوە. لەم بابەتەدا دەتانەوێت چی بڵێن؟

سەرەتا سڵاو ئاراستەی رێبەر ئاپۆ و هەموو خۆڕاگرانی زیندان دەکەم. لەمرۆماندا گرنگترین و سەرەکیترین کێشەی تورکیا و کوردستان سیستمی ئیمراڵییە. واتە گۆشەگیری و سیستمی قڕکردنی لەسەر کوردستانە. سیستمی ئیمراڵی، سیستمی شەڕە. ئەمرۆ دەزانرێت لە تورکیا و باکوری کوردستان گەل لەناو هەژاریدا دەژین، لە ناو برسێتی و هەژارییەکی قورسدان. سەرەکی ترین هۆکاری ئەوەش شەڕە. شەڕ لە سەر بنەمای سیستمی ئیمراڵی بەڕێوەدەبرێت. هەربۆیە سیستمی قڕکردن و ئەشکەنجە و گۆشەگیری لە ئیمراڵی هۆکاری هەژاری گەلانی تورکیا و کوردستانە. لەبەر ئەوەش سەرەکیترین کێشەیە لە تورکیا و کوردستانە.

تا شەڕ کۆتایی نەیات، هەژاریش کۆتایی نایات

بڕوانن؛ رژێمی ئاکەپە-مەهەپە خۆیشی دان بەوەدا دەنێت کە کێشە ئابوورییەکان زۆر دژواربوون و دەڵێت دامەزراوەکانی دەوڵەت سیاسەتی کەمکردنەوەی خەرجیەکان و سکهەڵگوشین جێبەجێ دەکەن. بەڵام کەمکردنەوەی خەرجیەکانی دەوڵەت، تێچووەکانی شەڕ ناگرێتەوە. واتە جگە لە تێچووەکانی شەڕ، تێچوو و خەرجیەکانی دیکە کەمدەکرێنەوە. لەبەر ئەوە ئەم رژێمە لە سەر بنەمای شەڕ لە دژی کورد دامەزراوە. هاوپەیمانی ئەرگەنەکۆنی ئاکەپە-مەهەپە لەسەر ئەو بنەمایە سازکراوە. هەموو داهاتی تورکیا بۆ شەڕ تەرخان کراوە. لەبەر ئەوەی بە شاراوە یاخود ئاشکرا هەموو داهات بۆ شەڕ تەرخان دەکرێت، لەمرۆدا گەل برسییە. سیستمی ئیمراڵی سەرچاوەی ئەم شەڕەیە، هەربۆیە کێشەکە کێشەیەکی بنچینەییە. تا ئەو کاتەی لە کوردستان شەڕ هەبێت و لە ئیمراڵی ئەو سیستمە بەردەوام بێت، ئابوری تورکیا ناکەوێتە سەر راستەرێی خۆی. لەهەمان کاتدا لە تورکیا سیستمێک لە سەر بنەمای دیموکراسی و یاسا ناچەسپێندرێت. هەموو کات یاساکانی قڕکردن، کۆلۆنیالیزم و شەڕ باڵادەست دەبن. لەم دۆخەدا لە یاساکاندا چی نوسرابێت، با نوسرابێت، لە کوردستان بەردەوام یاسای شەڕ بە بنەما دەگیرێت. هەربۆیە لەپێناو ئەوەی گەلانی تورکیا لەم هەژاریە رزگاریان بێت و لە تورکیا دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانی پێشبکەوێت، دەبێت بەر لە هەموو شتێک کێشەی کورد چارەسەربکرێت و سیستمی ئیمراڵی لەناوببرێت و ئازادی رێبەر ئاپۆ و گەلانی کوردستان دەستەبەر بکرێت. بەم جۆرە گەلان لە ناو سنوورەکانی تورکیادا، دەتوانن لەسەر بنەمای یەکسانی بژین، تاکە رێگە ئەوەیە.

گۆشەگیری لە چوارچێوەی سیاسەتی قڕکردندایە

وەک دەزانرێت دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی ئەم بێ یاساییە پەردەپۆش بکات، هەوڵی جیاجیای گرتووەتەبەر. هەموان دەزانن کە رێک ٣٨ مانگە، هیچ کەس زانیاری لە بارەی ئیمراڵییەوە نییە. وەک چۆن لە یاساکانی تورکیادا جێگەی نییە، لە یاسا جیهانییەکانیشدا جێگەی نابێتەوە. واتە ئەوان بە دەستی خۆیان یاساکانی خۆیان پێشێل دەکەن. هەموو کات لەناو چەند مانگدا دەڵێن، ‘بڕیارماندا بە سەپاندنی قەدەغەی دیدار لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەکان’. ئایا لە سەر چ بنەمایەک بریاریان داوە؟ بێگومان ئەوانە هەمووی گەمە و خەڵەتاندنن. هەر پێویستیش نییە مرۆڤ باس لەوە بکات. ئەوەی گرنگە ئەو سیاسەتەیە کە بەڕێوەدەبرێت. ئەمڕۆ لە کوردستان سیاسەتی قڕکردن بەڕێوەدەبرێت و لەبەر ئەوەش ئەم سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەیە بەردەوامە. لە دژی ئەوە دەبێت تێکۆشانێکی بەهێز بەڕێوەببرێت.

بەرپرسیارێتی هەموومانە کە لە دژی گۆشەگیری تێبکۆشین

ئەمرۆ وەک دەزانرێت لە دژی ئەم سیستمە ئەشکەنجەکار و قڕکەرە، هەڵمەتێک لە ئارادایە. ئەو هەڵمەتە بەردەوامە. بەتایبەتی دایکانی کوردستان و ئەو هەڤاڵانەی لە زیندانەکان بە شێوازی جیاجیا بەرخودان دەکەن، من بەڕێزەوە سڵاو لە هەموو ئەوانە دەکەم کە بەشدارییان لەم هەڵمەتەدا کردووە. دەبێت ئێمە تێکۆشانمان لە دژی سیستمی ئیمراڵی گەشتر و بەهێزتر بکەین. ئەو بەرپرسیارێتیە لەبەردەم ئێمەدایە و ئێمە هەمووان بەرامبەر بەوە بەرپرسیارین. دەبێت هەموانیش بەرامبەر بەوە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و بە گوێرەی ئەوە بجوڵێنەوە. ئەمرۆ ئەو هەڵوێستەی رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی گرتوویەتیەبەر و تێکۆشانی ئەو، تێکۆشانی گەلەکەمان و گەریلا گەیشتووەتە ئاستێک. لەم چوارچێوەدا هەڵمەتەکە سیستمی قڕکەر-فاشیستی تەنگەتاو کردووە. بۆ وەرچەرخان و تێکشکاندنی ئەم سیستمە دەبێت تێکۆشان زیاتر بەهێز بکرێت.

وەک بزوتنەوەکەتان ئێوە مانگی ئایار وەک مانگی شەهیدان پێناسە دەکەن و زۆر گرنگی پێدەدەن. بەم بۆنەوە جی دەڵێن لەبارەی راستی شەهیدان؟

راستە؛ مانگی ئایار مانگی شەهیدانە. ١٨ی ئایار رۆژی شەهیدبوونی هاوڕێ حەقی کارەریش رۆژی شەهیدانە. لە کەسایەتی هاوڕێ حەقی کارەردا سەرجەم شەهیدانی شۆڕشی کوردستان بە بیردەهێنمەوە و بە رێزەوە بەژنی خۆم لە بەردەمی یادی ئەوان دادەنەوێنم. ئەو بەڵێنەی بەوامنمان داوە، جارێکی دیکە دووبارە دەکەمەوە. ئێمە پابەند دەبین بە هاوڕێیەتی ئەوان و خەونەکانی شەهیدانمان دەهێنینەدی. بۆ ئەوەی یادی ئەوان لە تێکۆشانی ئازادیدا بە زیندوویی رابگرین، چیمان لە دەست بێت ئێمە دەیکەین و تا سەر رێگەی ئەوان دەگرینەبەر.

وەک ئێمە رامانگەیاندووە، مانگی ئایار وەک مانگی شەهیدان بۆ ئێمە گرنگە. نەک هەر بۆئێمە، بۆ شۆڕشی تورکیاش مانگێکی گرنگە. لە بزوتنەوە شۆڕشگێڕیەکانی تورکیا چەندین پێشەنگ لەم مانگەدا شەهیدبوون. دەنیز گەزمیش، یوسف ئاسڵان، حسێن ئینان، ئیبراهیم کایپاکایا، سینان جەمگیل و زۆر شۆڕشگێڕی پێشەنگی دیکە لەم مانگەدا شەهیدبوون. ئیتحاد و تەرەقی لە ٦ی ئایاری ١٩١٦ ژمارەیەکی زۆر رۆشنبیری عەرەبی لە سوریا و لوبنان لەسێدارەدا و تیرۆری کرد، واتە مانگی ئایار بۆ گەلی عەرەبیش گرنگە.

ئەڵقەیەکەی گرنگ لە زنجیری شەهادەت

هەڵبەتە لە کوردستان جێگەی تایبەتری ئەم مانگە هەیە. چەندین ئەڵقەی گرنگی شەهادەتی گرنگ، لەم مانگەدا دروستبوون. ١ی گوڵان هەڤاڵ عەبدولقادر چووبووکچوو لە فەلەستین شەهید بوو. دیسان لە ١ی گوڵان ڕۆژی شەهیدبوونی فەرماندەی مێردین هەڤاڵ سەبری (محەمەد ئەمین ئەسڵان) و فەرماندەی گارزان جەلال هۆجا (ڕەمەزان کاپلان)ە. ٢ی گوڵان ڕۆژی شەهیدبوونی هەڤاڵ محمەد کاراسوونگوور و ئیبراهیم بیلگینە. فەرماندەی جودی حەمزە ئەرمەنی و فەرماندەی ئامەد ئازاد سیسەر، چەکدار ئامەد و هەڤاڵەکانی لەم ڕۆژەدا شەهیدبوون. ٩ی گوڵان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شیرین ئەلمهوولی، فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەرییان و فەرزاد وەکیلی بە لە سێدارەدان شەهیدبوون. ١١ی گوڵان ڕۆژی شەهادەتی هەڤاڵ هۆزان مزگینە، ١٣ی گوڵان لە باشووری کوردستان ڕۆژی شەهادەتی لەیلا قاسم و چوار هاوڕێگایەتی کە لە بەغداد شەهیدبوون. ١٦ گوڵان ڕۆژی شەهیدانی هەولێرە. لە کەسێتی ساڵح، هێیلین و ئۆزانانەکاندا چەندین هاوڕێمان لەم ڕۆژەدا بەرخۆدانیان کرد و شەهیدبوون. ١٧ی گوڵان لە زیندانی ئامەد ڕۆژی شەهادەتی هەر چوار (فەرهاد کوورتای، مەحمود زەنگین، ئەشرەف ئانیک و نەجمی ئۆنەر)ە. ١٨ی گوڵان وەک ئەوەی دیاریمان کرد، ڕۆژی شەهیدبوونی هاوڕی حەقی کارەر و ڕێزان ئامەدە. ١٩ی گوڵان هەڤاڵ خەلیل چاڤگوون و موسلوم باران شەهید بوون. ٢٠ی گوڵان پێنج هەڤاڵی ترمان بە پێشەنگایەتی هاوڕێ سابری گۆزوبویوک و خدر (محەمەد یەشیللەر) دا، لە بۆزۆڤای شەهیدبوون. ٢٥ گوڵان ڕۆژی شەهادەتی هەڤاڵ جەمشید، ساری عومەر و سوڵتان یاڤووزە. هەر لە هەمان ڕۆژدا لە قەیسەرییە هەڤاڵ هێرش و نادۆک چالاکیەکی فیداییان ئەنجام دا و شەهیدبوون. ٢٧ی گوڵان ڕۆژی شەهادەتی قاسم ئەنگین و هەڤاڵانێتی. بە کورتی لە مانگی گوڵاندا چەندین شەهادەتی گرنگمان هەیە. لە کەسێتی هەموو ئەم هەڤاڵانەدا جارێکی تر بە رێزدارییەوە هەموو شەهیدان یاددەکەمەوە.

شەهید سەرچاوەی هێزە

هەڵبەت بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە مرۆڤ چۆن نزیکی حەقیقەتی شەهیدان ببێتەوە. بێگومان لە مێژووی هەر بزووتنەوەیەکدا ماناداری شەهادەت هەیە. بەڵام شەهادەت لای ئێمە جێگەیەکی زۆر تایبەتتری هەیە. بزووتنەوەمان لەسەر بنەمای زیندوو ڕاگرتنی یادی شەهیدان گەیشت بە ئاستی پارتایەتی. ئەو کاتەی حەقی کارەر شەهید بوو، ڕێبەر ئاپۆ گووتی، ‘ئیدی خوێن ڕژا، گەڕانەوە نیە’ و بۆ یادکردنەوەی هاوڕێ حەقی بەرنامەی پارتایەتی ئامادەکرد. پەکەکە بەم شێوەیە دامەزرا. پەکەکە بۆ زیندوو هێشتنەوەی یادی شەهیدان دامەزرا. لەبەر ئەم هۆکارە پەکەکە بووە بە پارتی شەهیدان.

پەکەکە بۆ ئەوەی تێکۆشانی شەهیدان بەردەوام پێبدا، یادکردنەوەیان بە زیندووی بهێڵێتەوە و ئامانجیان پێکبهێنێت دروستبوو. پارتی شەهیدان بە شێوەیە دروستبوو. لە تەواوی مێژووماندا هیچ کاتێکی شەهیدانمان نەبوون بە هۆکاری نیگەرانی؛ هەموو کاتێکی بوونە زامنکردنی بەهێزبوون. بە کورتی شەهیدانمان بۆ ئێمە سەرچاوەی هێزە. تەڤگەرمان بۆ یادکردنەوەی هەر هەڤاڵێکمان کە شەهیدبووە، هەنگاوی نوێی دەستپێکردووە. وەک ئەوەی هەڤاڵ خەلیل چاڤگوون لە هیلوان شەهید بوو، بۆیە لە هیلوان بەرخۆدانێکی مەزن و مێژووی لە سەر بنەمای ئەو شەهادەتە پێشدەکەوێت. دیسان لە زیندانەکاندا شەهادەتی هاوڕێ مەزڵوم، کەمال، خەیری و فەهاد پێکدێن؛ لەسەر بناغەی یادکردنەوەی ئەو هەڤاڵانە بڕیارداری قۆناغی ١٥ی ئاب زۆر باشتر مسۆگەر دەبێت. دوای شەهیدبوونی هاوڕێ عەگید؛ بۆ یادکردنەوەی هەڤاڵ عەگید ئارەگەکە (سوپای ڕزگاری گەلی کوردستان) دامەزرا.

ڕۆحی فیدای لە ناو پەکەکەدا بە گوڕ دەبێ

لە بنەمادا لە ڕۆژی دەستپێکمانەوە هەتا ئەمڕۆمان هەموو کاتێک بەم شێوەیە پێشکەووتوە.دوژمنان هەموو کاتێک بۆ ئەوەی تەڤگەرمان قەڵس بکەن هێرشییان کردووە و خواستیان بووە شەهیدمان بکەن، بۆیە تەڤگەرمان هەر شەهادەتێکی کردووە بە ئەڵقەیەکی بەهێز بۆخۆی و لەسەر ئەم بنەمایە دەرکەوتنی نوێی کردووە بە بنەمانی خۆی. ئەمە لەسەرەتادا وابووە و هەروایش دەمێنێتەوە. لە ئێستاشدا چ لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا، چ لە باکووری کوردستان لە چیاکاندا و دیسان لە شەڕی تونێلەکاندا بە هەمان ڕۆحێتەوە تێکۆشان بەڕێوەدەچێت. لە ناو پەکەکەدا رۆحی فیدای بەم شێوەیە بەهێزبوو. یانی لە پەکەکەدا شەهادەت بەم شێوەیە. بۆ ئەمەش دەڵێین، “شەهیدانامان ڕابردوو، ئێستا و داهاتوومانە” و وەک سەرچاوەی هێزمان دەیانبینین. لەبەر ئەمە، هەنگاونان لە هێڵی شەهیداندا بۆ هەر هاورێیەک و لە هەمانکاتدا بۆ هەر وڵاتپارێزێک ئاماجێکی سەرەکییە. سەرچاوەی هێزی تەڤگەرمانە. پێویستە بەم شێوەیە نزیکی حەقیقەتی شەهیدان ببینەوە. لەسەر ئەم بنەمایە بوونی شەهیدان بەردەوامی پێدەدری ئێمەیە. پارتمان پارتی شەهیدانە. شەهیدانمان لە پارتی پەکەکەماندا حەقیقەتێکی زیندوون و هەموو کاتێک پێشەنگانی نەمرمانن. لەسەر ئەم بنەمایە جارێکیتر دەیڵێمەوە ‘شەهید نامرن’.

دۆزی کۆبانێ ئەنجامدرا و لە ناو ڕای گشتییدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێ. دادەوەری تورک بە سەدان سزای بۆ سیاسەتمەدارانی پێشووی هەدەپە بڕایەوە. لەسەر ئەم بابەتە دەتانەوێ چیبڵێن؟

وەک ڕوونە، ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپە-ئەردۆغان بۆ ئەوەی قڕکردن لە کورستاندا ئەنجام بدات وەک هاوپەیمانێک لە دژی کوردان هاتنە ئاراوە. بە دەربڕینێکی تر، ئەم ڕژێمە فاشیست-قڕکەرە دامەزرا بۆ ئەوەی تەڤگەرمان تەسفیە بکات و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان لەباربەرێ. لەبەر ئەمەیە سیستەمی گۆشەگیری لە ئیمراڵی هەیە. دیسانەوە شەڕێکی بەرفراوان لە دژی گەریلا بەم ئامانجەوە ڕێکدەخرێت. لە ساڵی ٢٠١٦دا ڕەوتی بەرەوە سیاسەتی کوردی یاسایی-دیموکراتیک و شەپۆلی دەستگیرکردنیان لەسەر ئەم بنەمایە پێکهات. لەسەر ئەم بنەمایە هاوسەرۆکانی هەدەپە، پەرلەمانتار، هاوسەرۆکی شارەوانی، چەندین بەرپرسی هەدەپە و سۆسیالیستانی تورکیا کە پشتگرییان لە دۆزی ئازادی کوردان دەکرد کرانە ئامانج؛ هەموویان خرانە زیندانەوە. بەم شێوەیە ویستییان گەلەکەمان بێدەنگ بکەن. ئەم دەستگیرکردنە لە بنەمادا بۆ ئەوە ئەنجامدراوە. گەر سەرنج بدەن ئەم چەند ساڵە هیچ ئیدیعانامەیەکی تۆمەتبارکردن ئامادەنەکراوە و بە شتێک تۆمەتبارنەکران، لە پێشدا دەستگیرکران، دواتر تاوانبارکردنیان بۆ دادەتاشن. لەسەر ئەم بنەمایە دۆزی کۆبانێ وەک تاوانبارکردنی ئەوان دەبینین. دیاریکراوە کە لەو ڕووداوەدا بە گشتی ٣٧ کەس گیانیان لەدەستداوە. کاربەدەستانی هەدەپە بە هۆکاری کوشتنی ئەوانە تۆمەتبارکران. بۆ ئەمەش پلانیان داڕشت کە ٣٨ سزای قورسی هەمیشەیی بۆ هەر یەک لەوانە ببڕنەوە.

نەیتوانی ئەو سزایانەی پلانی بۆ داڕێژرا بوو بیسەپێەنن

ئەگەر ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپە-ئەرگنەکۆن بگەیشتانە ئارمانجی خۆیان، واتە ئەگەر توانای لەناوبردنی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستانیان هەبوایە؛ ئەگەر توانای ئەوەیان هەبوایە بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ وهەڤاڵانی لە زیندانەکاندا و بەرخۆدانی گەریلا و هەڵوێست و چالاکییەکانی گەلەکەمان لەناوببەن، سزایەکی قورستریان بە زیندانیانی هەدەپە دەدا. بەڵام چی ڕوویدا؟ ئەوان نەیانتوانی شکست بە تەڤگەری ئازادیمان بێنن؛ هێرشی زۆر گەورە دەستی پێکرد. لە بەرامبەر هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی ڕێبەر ئاپۆ، بەرخۆدانی گەریلا کە بە ڕۆحێکی فیداییانەوە پێشکەوت، هەڵوێستی وڵاتپارێزی گەلەکەمان و ئەوەی نەیانتوانی بزووتنەوەی دیموکراتیکی یاسایی کورد و بزووتنەوەی دیموکراتیکی چەپ لە تورکیا لاواز بکەن و بەر لە هەوڵەکانی پلانی تەسفیەکردن گیرا. بەو هۆکارانەوە دەسەڵات نەگەیشتە ئامانجی خۆی و ئیتر نەیانتوانی ئەو سزایانەی پلانی بۆ دانا بوو جێبە جێ بکات.

ئەڵبەت بەرگرییەکان کاریگەر بوون، بەڵام دۆخێکی گونجاو نەبوو ئەو سزایە بدرێت. بۆیە ڕژیم نەیدەویست بەبێ سزا لە دادگا بێنە دەرەوە، ئەمەش بە مانای داننان بە شکستەکانیان دێت. هەر بەو بۆنەوە سزای بێ بنەمایان بۆ بەرپرسانی هەدەپە دەرکرد کە هیچ بنەمایەکی یاسایییان نییە. بۆ نموونە ئەم کەسانە سەرەتا بە چی تۆمەتبار کران؟ گوتیان: ئێوە کەستان کوشتووە. بەڵام لە سەر ئەو کەسانە کە کوژرا بوون سزا نەدران. بە ڕاکێشانی تۆمەت لێرە و لەوێ و بە وتنی ‘ئێوە ئەندامی ڕێکخستنن’ و هتد، ئەم بڕیارەیان بە سەر بەرپرسانی هەدەپە دا سەپاند.

ئەردۆغان دەبوو سزا بدرایە

ئەگەر یاسایەکی بێلایەن هەبوایە، نەک سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و نەک بەرپرسانی دیکەی هەدەپە لەسەر ناڕەزایەتییەکانی ٦-٨ی تەشرینی یەکەم بۆ کۆبانی سزا دەدران، بەڵکوو ئەوەی سزا دەدرا ئەردۆغان بوو، چونکە ئەردۆغان لە سەردانی بۆ عەنتاب وتی کۆبانی کەوتووە و دەڕوخێت. ئەم قسانە تووڕەیی کۆمەڵگای لێکەوتەوە و ڕژانە سەر شەقامەکان. کۆمەڵگا لە دژی هێرشەکانی داعش ویستی پشتیوانی گەلی کۆبانی بکات. لەبەر ئەم هۆکارەش ​​داوایان لە تورکیا دەکرد سیاسەتی گەمارۆدانی کۆبانی ڕابگرێت. بەکورتی کۆمەڵگا لە دژی داعش و پشتیوانی لە بەرخۆدانی کۆبانی هاتنە سەر شەقامەکان و چالاکیان ئەنجامدا. بەڵام ئەردۆغان دەستووری بە پۆلیس کرد تەقە بکەن و بکوژن. بە واتایەکی تر هەم تاوانبار و هەم تۆمەتبار خودی تەیب ئەردۆغانە. هەم ئەجێندای دروست کرد و هەم کاتی گەل هاتنە سەر شەقامەکان دەستووری تەقە کردنی دەرکرد.کەواتە بەرپرسانی هەدەپە نە بەشدارییان لە پێکدادانەکاندا کرد و نە دەستووری پێکدادانیان دا، ئەوەی لە هەر دوو لاوە تاوانبار و تۆمەتبارە خودی ئەردۆغانە.

ئەو بەشەی پەیوەندی بە حزبوڵاوە هەیە ناڕوونە

بابەتێکی تر دەرکەوتنی حزبوڵایە لەو کاتەدا. بۆچی و چۆن لەو کاتە دەرکەوتن؟ ئایا کەسێک زیانی پێ گەیاندبوون؟ ئەو کەسانە کێن کە هانی حزبوڵایان دەدا بۆ ئەوەی هێرشی گەل بکەن؟ کێ فەرمانی کردبوو بە چەکەوە بێنە ناو شەقامەکان؟ ئەمانەش بابەتی لێکۆڵینەوەن. چونکە ئەوەندەی ئێمە بزانین کەس مەبەستی بە ئامانج کردنی حیزبوڵای نەبووە. گەل بە گشتی دەیانویست پشتگیری کۆبانی بکەن. ئەمە ئامانجی گەل بوو، بەڵام کێ هانی دا و ئەو ڕووداوانە بۆچی ڕوویاندا؟ ئەم بەشەیە هێشتا ناڕوونە.

ئەردۆغان بە ئاشکرا درۆ دەکات

هەروەها لە هەندێک شوێن بەکرێگیراوان دەچوونە شەقامەکان و تەقەیان لە گەل دەکرد. کەسانێکیان شەهید کرد. لە هەمان کاتدا ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەلایەن پۆلیسەوە شەهیدکراون کەم نییە. کاتێک پۆلیس گەلەکەمانی کۆمەڵکوژ کرد، گەلی وڵاتپارێز بە تووڕەیی و ڕقێکی زیاترەوە ڕژانە شەقامەکان. گەلەکەمان بەم شێوەیە شەهید کران. بە ڕێز و حورمەتەوە هەموو ئەو کەسانەی کە لەو بەرخۆدانەدا شەهید کران بەبیر دێنمەوە. بەڵام ڕژێمی ئاکەپە و خودی ئەردۆغان بەرپرسیاری سەرەکی هەموو ئەم ڕووداوانەن. ئەوان خۆیان تاوانیان ئەنجامداوە، بەڵام دەیانەوێت بە دۆسیەی کۆمباسی کۆبانی ئەندامانی هەدەپە تاوانبار بکەن. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر تەیب ئەردۆغان وتی: “ئەوان لە دژی دەوڵەت ڕاپەڕین، ئەوان تاوانبارن.” بە ئاشکرا درۆ دەکات، شتێکی وا بوونی نەبوو.

لایەنی کوردی گرژییەکانی کەمکردەوە

کەواتە کێ گرژییەکانی کەمکردەوە؟ بە هەوڵی ڕێبەر ئاپۆ گرژییەکان کەم بووەوە. دیسان بزووتنەوەکەمان و ئەندامانی هەدەپە بەو ئاراستەیە هەوڵەکانیان بەکار هێنا. چونکە لەو کاتەدا لە لایەک بەرخۆدانی کۆبانی هەبوو و لە لایەکی دیکەش پڕۆسەی دانوستان بەردەوام بوو. بەم شێوەیە لایەنی کوردی گرژییە پەرەسەندووەکانی کەمکردەوە. تەیب ئەردۆغان خۆی ئەمە دەزانێت، بەڵام ئێستا ڕاستییەکان پێچەوانە دەکاتەوە و بە ئاشکرا درۆ دەکات و دەڵێت “لەبەر ئەوە ڕوویداوە، چونکە ئەوان دژی دەوڵەت ڕاپەڕین”. بەڵام لە ڕاستیدا خۆی باش دەزانێت کە وا نییە.

ئەوەی کە تاوانی ئەنجامداوە خودی ڕژێمە

لە بنەڕەتدا پلانیان بۆ لەناو بردنی تێکۆشانی ئازادیخوازی کوردستان و هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد دانابوو، هەروەها سزای قورسیان بەسەر بەرپرسانی هەدەپەدا سەپاند بۆ ئەوەی گەل بترسێنن و چیتر کەس باسی کورد و کوردستان نەکات و لە پێناو دیموکراسی و ئازادییدا تێکۆشان نەکات. هەمووان دەزانن کە دوایین بڕیارەکانیان هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و ئەم بڕیارانە بە هیچ شێوەیەک دادپەروەری بەکار نەهاتووە. لە ڕاستیدا دەسەڵات بەم شێوەیە خۆی نیشان دا. خۆڕاگری گەلەکەمان و نەدۆڕانی تێکۆشانی ئازادیخوازی کوردستان پلانەکانی ڕژێمی فاشیستی پووچەڵ کردەوە. ئەوە ئەندامانی هەدەپە و گەلی کورد نین کە تاوانەکانیان ئەنجامداوە، بەڵکوو ئەوە خودی ڕژێمی فاشیستە.

درێژەی هەیە…

 

هاوبەشی :