بە قسەی کێ؟

175
0
هاوبەشی :

هاوژین زیبا

سەرخانە فكریی و كەلتوورییەكانی سیستەمی پیاوسالاریی ماوەی هەزاران ساڵە بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵ دەدات ئەو باوەڕە لە ناخی مرۆڤدا بچەسپێنێت كە ژن (ڕەگەزی مێ) لە زۆرینەی ڕەهەندە بایۆلۆجیی و توانا جەستەیی و ئەقڵییەكاندا
چەندین پلە لە خوار پیاوەوەیە.

– هەر لەم ڕووانگەیەشەوە زمان بە جۆرێكی جیاواز لە پیاو ئاماژە بۆ ژن دەكات، وەکو زەعیفە، ماڵەوە، حورمێ، ئافرەت، عەورەت، لاواز، بێ ئیرادە…تاد.
ئەمانە لە زمانی كوردییدا ئاماژەن بۆ ژن.

– جیاكردنەوەكە لە هەندێك زماندا هێندە تۆخ و پڕڕەنگە كە ڕاناوی بەكار هێنراو بۆ ژن جیاوازە لەوەی كە بۆ پیاو بە كار دەهێنرێت. وەك ئەوەی ژن مرۆڤ نەبێت!

– پێداگریكردن لەسەر داتاشینی وەهمی جیاواز گەلێك ئامانجی ئاشكراو و نهێنی لە پشتەوەیە كە هەرە گرنگەكەیان درێژەدانە بەچەوساندنەوەی جێندەریی.

– ئەقڵییەتی باو لە كۆمەڵگەی پیاوسالارییدا بە ژن دەڵێت زەعیفە، واتە هەم لە ڕووی جەستەییەوە لاوازە، بۆ نموونە كەمتر بەرگەی نەخۆشی دەگرێت و هەم زیهنیشەوە لاوازە.

ئایا ئەم بۆچوونە ڕاستە؟

– بەقسەی كێ ژن زۆرتر نەخۆش دەكەوێت و زووتر دەمرێت؟
بێگومان كاریگەرییەكانی دووگیانیی و سكوزا و منداڵ بەخێوكردن و ڕاپەڕاندنی دەیان ئەركی ناو ماڵ و مەحرومكردن لە خۆراكی پێویست و پەستاندنی لە ژێر سترێس و راکەڕاکی بێئەژمار كاریگەریی زۆر خراپیان لەسەر جەستە و تەندروستیی و ژیانی ژنان هەبووە کە دیارە ئەوانە گشتیان هۆكاری دەرەكیین و پەیوەست نین بە سرووشتی جێنەتیكی ژنەوە.

– سەڕەڕای ئەو دۆخە ناهەموارە زەبرگیرە دژ بە ژن بەپێچەوانەوە، ئامار و توێژینەوەی زانستیی و دیاردە سروشتییەكان شتێكی دیكەمان پێ دەڵێن:

– توێژینەوەی زانستیی بەردەوام لەچەندین سەنتەری جیهانیدا كە بیست ساڵ لەمەوبەر دەستی پێكرد دەیسەلمێنێت کە ژن، تێكڕا ٥-٦ساڵ زیاتر لە پیاو دەژی و هەروەها ژن، بە پێچەوانەی پیاوەوە کە تەنیا توانای راپەڕاندنی یەک ئەرکی هەیە، دەتوانێت هاوکات لەگەڵ چەندین سەرەداودا مامەڵە بکات، كە ئەمە لەڕووی بایۆلۆجییەوە هێزە نەك لاوازیی.

– مەسەلە تەنیا تەمەندرێژیی و ڕاپەڕاندنی ئەرک و بەرپرسیاریەتیی بێکۆتایی نییە. دروستكردنی منداڵ گەورەترین هێزە کە تا ئێستا من دەنووسم هێشتا کرێدیتەکەی بە ژن نادرێت و تەنانەت لە جیاتی ئەوەی شانازی پێوە بكرێت وەك عەیبە لێی دەڕوانن دەكەن.
سیستەمی باوکسالاریی و پیاوسالاریی دۆخێکی وایان رەخساندووە کە ژنی دووگیان لە خۆی شەرم بكات.
ئەوانەی ئەو زیهنییەتەیان هەیە لە بیریان چووەتەوە كە ئەوانیش لە زكی ژنێكی دووگیاندا بوون و لەوێوە هاتوون!
رەنگە وا بیر بكەنەوە خۆیان بە پرینتەر راکێشراون!

– توێژینەوەكان دەڵێن ژن كلیلی دەرگای نهێنییەكانی تەمەندرێژییە. نەك هەر ئەوە، بەڵكو لە ساڵە زۆرەكانی تەمەندا بڕیاری كۆتایی جێندەر دەیدات.

– لە كۆی٤٣ كەس كە تەمەنی هەر یەكەیان سەد و دە ساڵی تێپەڕ كردووە، چل و دووكەسیان ژن بوون. بە هەر پێوەرێك لێكی بدەیتەوە ئەمە مانای وایە تەمەندرێژیی و ڕەگەزی ژن زۆر پەیوەندییان بەیەکترەوە هەیە.
لێكۆڵینەوە لە شێوازی ژیانیشیان هیچ خاڵێكی هاوبەشی نیشان نەداوە جگە لەوەی كە هەموویان ژنن.

كەواتە بە قسەی كێ ژن زەعیفەیە؟!

هاوبەشی :